لەلایەن لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە ڕاگەیەنراوە کە “وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن ئێمەوە هێڵی سوورە و ئەگەر ئەو وەزارەتەمان پێنەدرێت، ئەوا بەشداری حکومەت ناکەین”. ئەمە بەرنامەی ڕاستەقینەی بزوتنەوەی گۆران بۆ دەسەڵات و حکومەت دەخاتەڕوو. گۆڕانکاری و ریفۆرم و دادپەروەری وئازادی کە دروشمەکانی ئەم بزوتنەوەیەن لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆدا خۆی دەردەخا. بەڵام ئایا دەوری وەزارەتی ناوخۆ کە پێکهاتوە لە پۆلیس وئاسایش لە واقیعدا چیە وچۆن گۆڕان بەم دەزگایانە دەتوانێ ئەو دروشم وبەرنامەی گۆڕانکاری سیستەم ودەسەڵات دروست بکا؟ لە ٢٢ساڵی تەمەنی حکومەت و دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکاندا وەزارەتی ناوخۆ و پێکهاتەکانی وەسیلەی سەرکوت وپێشیلکاری و پاراستنی دەسەڵاتی میلیشیایی وگەندەڵی بوون . لەسەرکوتی خۆپیشاندان و گرتن وزیندانی کردنی ئازادیخوازان تاکو هێرش بۆسەر حزبە نەیارەکانی دەسەڵات و کوشتنی ڕۆژنامەنوس وخۆپیشاندەر بوە. دەزگاکانی پاراستن و زانیاری و دژەتیرۆر هەمیشە وەزارەتی ناوخۆیان وەک دەمامکێکی ڕەسمی خۆیان بەکارهێناوە بۆ بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی یەکێتی و پارتی لەسەر خەڵکی ناڕازی و نەیارە سیاسیەکانیان داویانە بەپێی ڕێنوێنی و زانیاری و جاسوسی ئەم دەزگا نهێنیانەی دەسەڵات. دەزگاکانی ئاسایشی پارتی و یەکێتی کاریان گرتن و ڕاونان و زیندانی کردن و هێرشکردنە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان وخەڵکی ناڕازی بوە و پێشێلکاری مافی مرۆڤ ونانەوەی ترس وتۆقاندنی خەڵک وفڕاندن و زیندانی کردنی بێ مۆڵەتی دادگا کاری ئەم دەزگایانە بوە . بەکورتی سەرجەم پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ کاریان سەرکوتی ئازادی و تێکشکانی ناڕەزایەتی بوە بەرامبەر بەدەسەڵات ولەم ڕێگایەوە پارتی ویەکێتی توانیویانە درێژە بە حوکمڕانی خۆیان بدەن. هەربۆیە بودجەی ئەم دەزگایانە لە بودجەی وەزارەتە خزمەتگوزاریەکان زیاتر بوە. بەشیێکی سەرەکی لە بزوتنەوەی گۆڕان و ڕۆڵی نەوشیروان مستەفا لە دروستکردنی دەزگای زانیاری و ئاسایشی یەکێتیدا مێژوویەکی دورودرێژی هەیە و لەم هەڵبژاردنەی دوایی ئەیلولی ٢٠١٣دا نفوزی ئەم بزوتنەوەیە لەم دەزگایەدا خۆی نیشاندا. ئەم بزوتنەوەیە دەزانێ کە ئەگەر بیەوێت لە کوردستاندا بچێتە دەسەڵاتەوە دەبێت ئەم دەزگایەی بەدەستەوە بێت کە وەک میلیشیاییەکی ئەمنی کاردەکا. ئەمە گرنگی ئەم دەزگایەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان کە وەک هێڵی سووری بەرنامە و دەرگای چونە ناوحکومەت ودەسەلات سەیری دەکا. شەریک بوون لەدەسەڵاتێکی میلیشیایی بەبێ بونە خاوەن وەزارەتێک کە بەشێک لەم میلیشیایەی لەژێردەستدا بێت مومکین نیە. پڕوپاگەندەی کردنی ئەم میلیشیا ئەمنیانە بە هێزێکی نیشتمانی تەنیا کاڵایەکی بێ ئەرزشە و لەواقیعدا هیچ کام لەهێزە ئەمنیەکانی یەکێتی وپارتی ناچنە ژێر دەسەڵاتی گۆڕانەوە وگۆڕان وەزارەتی ناوخۆی بۆ سازدانی میلیشیایی ئەمنی تایبەت بەخۆیەتی تاکو بتوانێ ببێتە بەشێک لە حاکمیەتی میلیشیایی کوردستان. پاکێجەکانی بزوتنەوەی گۆڕان وئیسلامیەکان لەم هێڵی سورەی وەزارەتی ناوخۆی گۆڕاندا هیچ بەهایەکیان نیە و ئەوانە تەنیا زەڵاتەیەک بوون بۆ ئەم ژەمە سەرەکیەی پڕوپاگەندەی گۆڕینی دەسەڵات و سیستەم. ئایا گۆڕان بە وەزارەتی ناوخۆ وەزعی ئابوری خەڵکی کوردستان باش دەکا و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پۆلیس وئاسایش ودەزگای جاسوسیەوە پێشکەش دەکا؟بێگومان دیارە هیچ کام لەو ڕیفۆرمە ئابوری وسیاسی و کۆمەڵایەتیانەی بزوتنەوەی گۆڕان وەک بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی بانگەشەی بۆ دەکرد هیچیان هێڵی سوور نین . ئەم گۆڕانکاری و ریفۆرمانەی لەبەرنامەی ئەم بزوتنەوەیەدا مەرجی بەشداریکردنی حکومەتێک نابێ کە گۆڕان دەیەوێ و تەنها وەزارەتێکی خاوەن میلیشیایمەرج و گرێی بەشداریکردنی ئەم ئۆپۆزسێۆنەیە لەدەسەڵاتدا. کاتی خۆیەتی ئێستا تیوریسیونە دیموکراتیەکانی گۆڕان کە پێیان وابوو سەرکەوتنی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی لە هەڵبژاردندا دەبێتە قۆناغی گواستنەوە لە سوڵتانیزمەوە بۆ دیموکراسی، وەڵامی خەڵک بدەنەوە کە گۆڕان بەم وەزارەتە ئەمنیە میلیشیاییەوە سیستەمی سیاسی کوردستان دەگۆڕێ بە دیموکراسی؟بۆچی گۆڕینە دیموکراسیەکەیان لە ڕێگای وەزارەتێکی ئەمنی و عەسکەریەوە دەبێ نەک گۆڕینی شێوازی دەسەڵات و بەرنامەی ئابوری و سیاسی حکومەتەوە؟خەڵکی ناڕازی دەنگی بە گۆڕان دا تاکو ئەم هێزە بکاتە خاوەن دەزگای سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان؟گۆڕان بە پۆلیس و ئاسایشەوە چ کارێکی جیاواز لە سەرکوتی ئازادیەکان و پاراستنی دەسەڵات و داهاتی حزبەکانی ناو حکومەت و چینی سەرمایەدارانی کوردستان دەکا؟لە خۆپیشاندانەکانی سبەینێدا کە دژ بەنەبونی ئازادی و خزمەتگوزاریەکان درێژەی دەبێ وەزارەتی ناوخۆی گۆڕان بە پۆلیس وئاسایشەکانی چ فەرمانێک دەدا جیا لە فەرمانی ڕێگرتن لە ناڕەزایەتیەکان وپێشێلکردنی ئازادیەکان؟ خەڵکی کرێکارو چینە هەژارەکانی کوردستان هیچ کات لەسایەی دەزگایەکی پۆلیسی و ئەمنی نهێنی حزبە دەسەڵاتدارەکاندا ناتوانن بە ئازادی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بێ مافیەکانیان بگەن وبەپێچەوانەوە فەلسەفەی دروستکردنی دەزگای پۆلیس وئەمنی وسەربازی پیشەیی وسەروو خەڵکی بۆ ڕاگرتنی سیستەم ودەسەڵاتێکە کە لەسەر بنەمای چەوسانەوە و سەرکوتی خەڵکی کرێکار وهەژار دامەزراوە. گۆڕینی وەزیرێکی پارتی بەوەزیرێکی گۆڕان هیچ لە بەرنامە و ناوەرۆکی ئەم هێزە عەسکەری و ئەمنیە سەرکوتگەرە ناگۆڕێت وئەگەر ئەم وەزارەت وهێزە دەسەڵاتی ئەم حزبانە نەپارێزێ ئیتر پێویستی بونی خۆی لەدەست دەدا. یەکێتی وپارتی کە هێزی ئەمنی و سەربازی خۆیان هەیە و لەژێرناوی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمدا کاری سەرکوتی سەربەخۆی خۆیان لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەن . ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ بەگۆڕانیش بدەن ئەوا دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەو کارەی لەسەردەمی عوسمانی حاجی مەحمودی یەکێتیدا بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەڵک بۆ ئاو کارەبا و سوتەمەنی و دژ بە پێشێلکردنی ئازادیەکان دەکرا، ئێستا ئەم کارە بەناوی عوسمان یان مستەفای گۆڕانەوە ئەنجام دەدرێ. ئەمە جێبەجێکردنی وەعدی پەیامی شەقامی ئارامی نەوشیراون مستەفایە بە مەسعود بارزانی. بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو سازدانی هێزێکی میلیشیایی ئەمنی و سەربازی ڕەسمی خۆی بەناوی وەزارەتی ناوخۆوە ئامادەی بینینی ئەم دەورەیە وهەربۆیە هەموو هێلکەکانی دەنگدەرانی خۆی خستۆتە سەبەتەی ئەم وەزارەتە عەسکەریەوە. ئەمە گۆڕینی دەسەڵاتی دوومیلیشیاییە بە دەسەڵاتی سێ میلیشیاییە وهێشتنەوە وپاراستنی سیستەمە میلیشیاییەکە . گۆڕینی ڕاستەقینەی ئەم سیستەمە بەبێ هەڵوەشانەوەی ئەم دامودەزگا ڕەسمی ونهێنیانەی ئەم حزبانە مومکین نیە وهەڵوەشانەوەی دەزگای ئاسایش وپۆلیسی نهێنی وپیشەیی زامنی ئەوەیە کە ئاڵوگۆڕ لەسیستەمی دەسەڵاتێکدا بکا کە چیتر ئەم حزبانە بەهێزی چەکداریان نەتوانن خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن. ئەگەر چەک هەڵگرتن بۆ پاراستنی گیانی خەڵک وئاسایشی هاوڵاتیان پێویست بێت پێویستە هەموو کەسێک لە شوێنی ژیان و کاریدا مافی ئەوەی هەبێ کە بەشداری لەم ئەرکی پاراستنە گشتیەدا بکا ومافی چەکداربون مافێکی گشتی بێ ومافی جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی سەربازی و ئەمنی بسپێردرێ بە ئەنجومەن وشوراکانی خەڵک وبەپێی یاسا بەڕێوەببرێ. ئەم هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیە لەهەمان کاتدا گێڕانەوەی بەشێکی گەورەی بودجەی دزراوی خەڵکیشە کە بۆ ئەم وەزارەت و دەزگاسەرکوتگەرانە سەرف دەکرێ . سەرەڕای ئامانجی ئاشکرای سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دروستکردنی هێزی چەکداری ڕەسمی و حکومی ئەم حزبەیە بۆ سەپاندنی بەشی خۆی لەدەسەڵاتێکی میلیشیاییدا بەلام ئەم بزوتنەوەیە ئیدعای بێ لایەنکردن وقەدەغەکردنی کاری سیاسی لەناو هێزەکانی ناو ئەم وەزارەتەدا دەکا. وەزارەتی ناوخۆ بەشێ لە دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی یەکێتی وپارتیە وسڕینەوەی ناسنامەی حزبی لەم وەزارەتە وەک دروستکردنی دارستانێکە بەبێ دار. هەڵبژاردنەکانی ئەم دوواییە نیشانی دا کە تا بوونی ئەم هێزە پیشەیی ومیلیشیاییانە هەبێ کارکردنی حزبی لەناویاندا هەیە وگۆڕانیش خۆی کاری سیاسی لەناو ئەم هێزانەدا کردوە تا دەنگیان پێداوەوئەمە بەتاڵی ئەو ئیدعایەی خۆی دەسەلمێنێ کە قەدەغەی کاری سیاسی لەنێوهێزی چەکداردا دەکا وئەمە خۆی لەڕاستیدا هەمیشە هەوڵێکی دەسەڵاتداران بوە بۆ پاوانکردنی سیاسی ئەم هێزە سەربازیانە لەلایەن خۆیانەوە وهیچ حزبێکی بورژوازی ناتوانێ بەم پەیامەی خۆی وەفاداربێ. ئەوەشی سبەینێ گۆڕان وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری گشتی بەکار دەهێنێ نەک حزبی ئەویش بەجیا لەوەی کاروبارەگشتیەکە سەرکوتی خەڵکە نەک پاراستنیان لەدەسەڵات بەڵام بە تەجروبەی خاوەندارێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەسەردەمی دانای ئەحمەد مەجیدی سەرکردەی گۆڕاندا ئاشکرابوو کە چۆن بۆ کاروباری گۆڕان ئەو پۆستە بەکاردەهێنرا. هەربۆیە هێڵی سووری گۆڕان بۆ وەزارەتی ناوخۆ چ وەک جێگەی ئەم وەزارەتە لە ژیانی خەڵکدا وچ وەک جێگای لە دروستکردنی هێزێکی میلیشیایی ئەنی تردا لە کوردستان ناوەرۆکی ڕاستەقینەی بەرنامەی حکومەتکردنی دژی خەڵکی بزوتنەوەی گۆڕان دەردەخا و هاوشێوەیی و هاوناوەرۆکی ئەم حزبە لەگەڵ یەکێتی وپارتیدا لە سیستەمی دەسەڵاتدا نیشان دەدا . هەربۆیە پێکهێنان یان نەهێنانی حکومەت و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ سازدانەوەی دەورەیەکی تر لە شەرعیەتدانەوەیە بە دەسەڵاتی میلیشیایی وهیچ لەوەزعی سیاسی وئابوری خەڵک و بەدیهێنانی مافەکانیان ناگۆڕێ . ڕێگای گۆڕێنی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە بەدەسەڵاتێکی جەماوەری ونوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ئیرادە و خواستی ئازادی ویەکسانی جەماوەری ژێردەستە وناڕازی بکا ئەمڕۆ دەبێتە ببێتە بەدیل وکاری ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر.