رۆژى نیشتمانى ... دیار کوردە

بۆچى ئێمە رۆژى نیشتمانیمان نیە؟ ئایا ئەو رۆژەى دەوڵەتى (کوردستان) رادەگەیێندرێت، دەبێت بە رۆژى نیشتمانى؟ یان ئەوەش خەونێکەو ئەو نەوەیە بەهۆى دەستوپێ سپیەتى سەرکردەکان دەیبەنە ژێرگڵ. راپەرینەکەى بەهارى ١٩٩١ چ پێگەیەکى هەیە لە نێو دیرۆکى ئێمە، دەشێت بکرێتە رۆژى نیشتمانى؟ یان بیرى نەتەوایەتى لە زهنى خۆماندا بسرینەوەو بیر لە بە (دوبەى) بوون بکەینەوە!

دەشێت بەم شێوەیە رۆژى نیشتمانى بناسێنین: رۆژێکى دەستیشانکراوە، کە رۆژێکى مێژووى و تایبەتە بەو وڵاتەو خەڵکەکە یادى دەکەنەوە بەشێوەى جیا جیا, زۆربەى رۆژى نیشتمانى گەلانى جیهان هاوکات دەبێت بە رۆژى سەربەخۆیی وڵاتەکەیان،  یاخود روداوێکى مێژووى گرینگى پەیوەست بە نیشتمانەکە. هەندێک وڵاتیش هەن زیاتر لە رۆژێکى نیشتمانیان هەیە بۆ نمونە (پاکستان) سێ رۆژى نیشتمنیان هەیە و بە هەمان شێوە ئەم سێ یادە بەرز رادەگرن.

بۆ ئێمەى (کورد) کە رۆژى راگەیاندنى دەوڵەتى ( کوردستان)مان نیە، دەشێت رۆژى نیشتمانیمان هەبێت. یان دەبێت چاوەروانى راگەیاندنى دەڵەتى (کوردستان) بکەین، لە دیدى من شەرت نیە رۆژى نیشتمانى پەیوەست بێت بە رۆژى راگەیاندنى دەوڵەت و سەربەخۆیی، چونکە گەلێک لە وڵاتان رێکەوتنى رۆژى نیشتمانیان هاوکات نیە بە رۆژى سەربەخۆییان وەک (کامیرۆن، یەمەن، ئەرژەنتین، بەریتانیا) و زۆرێک لە وڵاتانى تر. کە هێندێکیان ئەو رۆژانەیان دەستنیشان کردووە کە شۆرشى وڵاتەکەیان دەستپێکردووە و یان رۆژى بوون بە هەرێمێکى سەربەخۆ، بەشێکیشیان ئەو رۆژەیان دەستنیشانکردووە کە شێوەى حوکمرانى وڵاتەکەیان تێدا گۆراوە وەک لە پاشایەتى بۆ کۆمارى. (بەریتانیا) کە یەکێکە لەو وڵاتانەى رۆژى سەربەخۆیی نیە، وەک لە هەندێک دەقدا هاتووە کە رۆژى فەرمى لە دایک بوونى شاژن وەک رۆژێکى نیشتمانى دەناسرێت و یادى دەکرێتەوە. لەمەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە دەشێت ئێمەش رۆژێکى نیشتمانیمان هەبێت و بە رۆژى (کوردستان) بناسرێت و هەموو (کورد)ێک لەسەرانسەرى جیهان ئەو رۆژە بەرز رابگرن و بە رۆژى (کوردستان) بناسرێت.

چونکە ئێمە وڵاتێکى بەش بەشکراوین، بۆیە دەبێت زۆر بە هەستیاریەوە ئەو رۆژە دەستنیشانبکرێت کە هەموو پارچەکانى ترى (کوردستان) لەسەرى کۆک بن و ئەمەش دەکرێت کۆنگرەى نیشتمانى کوردستان بریارى لەسەربدات.

راپەرینە مەزنەکەى بەهارى ١٩٩١ لە باشورى (کوردستان)، دەستکەوتێکى مێژوویە بۆ ئێمەى، بەڵام من پێم وانیە گونجاوبێت بۆ رۆژى نیشتمانى کوردستان مەبەستم رۆژى (کوردستان)، چونکە ئەگەر چى ئەم راپەرینە دژى حکومەتى فاشستى ئەوساى (عێراق)بوو، بەڵام دوواى ئەم راپەرینە (کوردستان) بە شێوەیەکى رەسمى نەبووە هەرێمێکى سەربەخۆ یاخود وڵات. چونکە لە راپەرینە مەزنەکەى بەهارى ١٩٩١ (کوردستانیان) بە هاوکارى بەرەى (کوردستانى) لە دژى رژێمێکى دیکتاتۆ و فاشیستى وەک (بەعس) راپەرین و راوەدوویان نا بۆ سنورى دەرەوەى باشورى کوردستان. بۆیە ئەمە دەستکەوتێکى مێژوویی و پر بایەخە بۆ دیرۆکى ئێمەى (کورد) و دەبێت پەرلەمانى (کوردستان) دانیشتنێکى تابەت بکات بەم رۆژەو بۆنە نیشتیمانیانە.

 بەداخەوە لەم چەند ساڵەى دوواى خەریکە هەستى نەتەوایەتى نامێنێت و ئەو رۆژانەش دەکرێتە دەستکەوتێکى حزبى و هاوڵاتیانیشیان تێوە گلاندووە لەم هەرایە، کە ئەمە یەکێکە لە مەترسیەکان کە دەبێت (کورد) خۆى لێ بەدووربگرێت و چیتر بەهۆى بەرژەوەندى حزبى و تایبەتى ئەم دەستکەوتانە نەکرێنە قوربانى و نەوەى نوێش لەو جەنگە ساردە نەگلێنن.

 (کوردستان) ئەوەندەى پێویستى بە بەهێزکردنى بیرى نەتەوایەتى هەیە لە نێو ناخى نەوەى نوێدا، نیو ئەوەندە پێویستى بە (دووبەى) بوون نیە، چونکە کاتێک هەستى نیشتمانى بەرەو نەمان دەچێت، ئەگەر وڵات لە بەهەشتێک خۆشتربێت بەرەو داروخان و پوکانەوە دەچێت.

 

Related Articles