پروپاگەندە بۆ سەلماندنى درۆکان، درۆى گەورەترى پێویستە.؟...دیار کوردە

 

 

 

 

لە هەموو هەڵبژاردنێک هەر لیستێک ئازادە چۆن بانگەشە بۆ خۆى دەکات و چۆن دەنگ کۆ ئەکاتەوە، بەڵام هاوڵاتى بەرپرسە لەو دەنگەى ئەیدات و دەبێت دەنگ بە لایەنێک بدات کە چاوەروانى ئەوەى لێبکرێت خزمەتى نیشتمانى و بەرژەوەندیە گشتیەکان دەکات، نەک لە برى ئەوە تێبکۆشێت بۆ وەدەستهێنانى دادى کۆمەڵایەتى و دەستکەوتى مەزن بۆ گەلەکەى خەریکى پارەکۆکردنەوەو شەرە پۆست بن لەگەڵ یەکترى.

دەنگدەرى ژیر، دەزانێت دەنگ بە کام لایەن دەدات و ناکەوێتە ژێر کاریگەرى پروپاگەندە درۆینەکانى لایەنە سیاسیەکان.ئەوانەى ئێستا خەریکن خۆڵ دەکەنە چاوى هاوڵاتیان و خەریکن بۆ کۆکردنەوەى تەنها دەنگێک بە دەیان درۆ هەڵدەبەستو بەڵێنک دەدەن کە نەک ناتوانن بیهێنەدى بەڵکو ناتوانن بیخەنە نێو ئەجێنداى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانیش.زۆرێک لە کاندیدەکان بەهاریان هێناوەتە چۆکان و خەریکن بە جێى هەرچى دەزگاى خزمەتگوزارى و ئەمنى ئەو شارە هەیە دەپەیڤن و راست و چەپ بریار بەڵین ئەدەن.من تێناگەم ئەوە لە بێ ئاگایی و نەزانینانە یان هەر بەراستى بە گەمژە لە هاونیشتیمانیانیان گەیشتوون؟
رابردوو گەواهى داهاتوو بۆ هەر کەس و لایەنێک ئەدات، کاندید هەیە بەرێوبەرێکى فاشیل بووە، نەیتوانیوە لە دەزگایەکى بچوک خزمەتێکى بچوک بکات و خۆى بۆ نەگیراوە دەستى حزبى تێکەڵ بە کارى حکومى کردووە، کەچی ئێستا دێت بە جۆرێک دەئاخڤیت وەک ئەوەى رابەرایەتى چاکسازى ئەو دەیکات و ئیتر خەمى هیچامان نامێنێت ئەگەر جەنابیان بچێتە پەرلەمان.
پێویستە خەڵکى کوردستان لەم هەڵبژاردنە ئەو حزبانە سزابدات کە جگە لە درۆو گیرفانپرکردن، هیچى تریان نەکردووە لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق.دەبێت لیستەکان ئەوە بە خەڵکى کوردستان بڵێن: کە لە ماوەى چوار ساڵى رابردوو چیان کردووە بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم بەغدا، ئایە چ هەنگاوێکیان ناوە بۆ چارەسەرى ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان؟ ئەوان چەند مانگە توانیویانە کێشەى بودجە چارەسەربکەن؟...هیچ پێویست بە پروپاگەندەى درۆینى حزبەکان ناکات با ئەوان بێن لە بری ئەوەى بڵێن: بۆ چوار ساڵى داهاتوو چى دەکەین، با بێن لیستى ئەو کارو دەستکەوتەناى بۆ کوردستانیان وەدەستهێناوە بیخەنە روو، با بێن پشت ئەستور بە کردەوەکانى رابردوویان لەم چوار ساڵەى لە پەرلەمانى عێراق داواى دەنگ بکەن نەک بە بێ شەرمانە بە قسەى باق و بریق و سواو خەریکبن خۆڵ بکەنە چاوى هاوڵاتیان و جارێکى تر بە دەنگى خەڵک بچنەوە سەرکورسیەکانیان و شەرە دەنوک لەسەر پارەو پۆست لەگەڵ یەکتر بکەن. 

 

 

 

 

Related Articles