خه‌بات له‌ نێوان ڕاپه‌رین و کۆڕه‌و ... خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر

به‌ڕای ئێمه ئه‌گه‌ر ڕاپه‌رین به‌ سه‌رهه‌ڵدان بۆ ئازادی دابندرێ، پێویسته‌ کۆڕه‌و به‌ ریفڕاندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆ بوون کوردستان ناو زه‌د بکرێت

تاڵ و شیرینیه‌کانی ڕاپه‌رین و کۆڕه‌ و زۆرن که‌ ئه‌رکی هه‌موانمانه‌ دیمه‌نه‌کانی به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه وه‌ک خۆی بۆ مێژوو تۆماریان که‌ین. ئه‌وه‌ی که‌ خۆمی تێدا به‌ که‌م ته‌رخه‌م ده‌بینم ئۆردوگا یان قه‌زای [خه‌باته] که‌ له‌گه‌ڵ [ئاسکی که‌ڵه‌‌ک یان که‌ڵه‌‌کی یاسین ئاغا] تێکده‌که‌نه‌وه، که‌ شتێکی وام له‌سه‌ر نه‌ نووسیوه. ئه‌و قه‌زایه‌ی که‌وتۆته نێوان پارێزگای هه‌ولێر و موسڵ. له‌ دوای ڕاگواستنی شار و گونده‌کانی کوردستان، به‌شێک له‌ خه‌ڵکی قه‌ڵادزێ، سه‌نگه‌سه‌ر دیبه‌گه و پێشتریش به‌شێک له خزمانی هه‌رکی لێ نیشته‌جێ کرابوون

ئۆردوگا‌ی زۆره‌ ملێی خه‌بات شاهیدی بۆ ده‌ده‌م که له‌ ٤- ٣ – ١٩٩١ که‌ خه‌ڵکه‌ قاره‌مانه‌که‌ی به‌ یه‌که‌م گوله‌ و به‌یه‌که‌م شه‌هید چه‌خماخه‌یان به‌ ڕاپه‌رین دا. هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌شه‌ که‌ ڕۆژێک دوای گیرانه‌وه‌ی هه‌ولێر حکومه‌تی داگیرکه‌ری به‌عس به‌ترسه‌وه توانی بێته‌‌وه ناوی. بۆیه خۆم به‌ قه‌رزداریان ده‌زانم و‌ داوای لێبووردنیان لێ ده‌که‌م که‌ وه‌ک پێویست له‌سه‌ریان نه‌دواوم

له‌ [ ٤-٣هه‌تا ١١-٣] -١٩٩١ڕزگار کردنی هه‌ولێر ده‌وروبه‌ری، له‌ خه‌بات به‌نهێنی لیژنه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ نوێنه‌ری حزبه‌کان پێک هێندرا. نوێنه‌ری سۆشیالیسته‌کان کاک عومه‌ر عه‌بدوڵا‌ بوو. ئێمه‌ به‌ هیمه‌تی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر، ڕێکخستنی نهێنی و هاوکاری چه‌کداره‌کانی ڕژێم توانیمان گروپ و ده‌سته‌یه‌کی باش ڕێک بخه‌ین. چه‌ند ڕۆژێک پێش ١١ – ٣ پلانی ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی مه‌خفه‌ری ناو ئۆردوگامان کێشا. کاک وه‌تمانی ووسوی مام وه‌تمانی جوتیاران واده‌ی داینێ که کڵاشینکۆفێکمان له‌ ئیختیار بنێت [به‌ داخه‌وه‌ دوایی نه‌ی هێنا؟!]، برایمی کانه‌بی ئاغا ٢ کڵاشینکۆفی به‌ ئه‌مانه‌ت بۆ ناردین. چه‌ند چه‌کدارێکی تریشمان له‌ ده‌وره‌ بوون. ئێواره‌ی ١٠ – ٣ ڕیش سپیان پیاو ماقوڵانی قه‌ڵادزێ له‌ ئۆردوگاکه وه‌ک [ کاک حه‌مه‌ سووری مینه‌ عه‌ره‌ب و کاک حه‌وێزی مام به‌کری قه‌ساب] به‌ په‌سندیان زانی بوو که‌ نابێت خوێن له‌ ئۆردوگاکه‌ بڕژێت. که‌سێکیان نارد بۆ لامان پێیان ڕاگه‌یاندین که‌ نابێت ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ و ته‌قه‌ له‌ ناو ئۆردوگاکه‌ ڕووبدات و ده‌بێت ڕێگا بده‌ین ئه‌و ئه‌من و به‌عسیانه‌ی ناو قشڵه‌که‌ بڕۆن . ئێمه‌ که‌ تازه‌ له‌ زیندان ئازاد ببووین، زۆر دڵگه‌رم بووین و به‌و بڕیاره‌‌ش هه‌راسان بووین، به‌ڵام نه‌ ده‌کرا له‌ قسه‌ی پیاو ماقوڵان و ڕدێن سپیانی شاره‌که‌مان ده‌رچین. بۆیه‌ خه‌فه‌تێکی زۆرم خوارد. به‌یانی زوو که‌ چووینه‌ بۆ قشڵه‌که‌ چه‌ند چه‌کدارێک له‌سه‌ر بانی بوو، ده‌‌نگمان دان که‌ بێته‌ خوارێ. هه‌موویان هاتنه‌ ده‌ر له‌ قشڵه‌که‌ی ته‌نها چه‌کدارێک له‌ خزمانی هه‌رکی به‌ بیکه‌یسیه‌که‌وه له‌سه‌ر بانی نه‌ده‌هاته‌ خوارێ. دوای هه‌رامان لێکرد ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ خوارێ ته‌قه‌ت لێده‌که‌ین. ووتی ئه‌گه‌ر په‌یمانم ده‌ده‌نێ تفه‌نگه‌که‌ بۆ خۆم بێت دێمه‌ خوارێ، ووتمان زۆر باشه‌، ئه‌ویش به‌ قسه‌ی کردین هاته‌ خوارێ. وه‌ستا قادر و یه‌ک دوو که‌س چوون پاڵیان به‌ده‌رگا‌ی قشڵه‌که‌دا، ووتیان ناهێڵین که‌س تاڵانی بکات هه‌تا لیژنه‌یه‌ک له‌به‌ره‌ی کوردستانی نه‌یه‌ت ته‌سلیمی بکه‌ین. له‌و کاته‌ی له‌سه‌ر جاده‌ی گشتی هه‌ولێر و موسڵ بوو به‌ ته‌قه. هێنده‌ی پێ نه‌چوو ڕێکخستنه‌کان هاتن ووتیان ده‌بێ دکتۆرێک په‌یدا بکه‌ین کاک [ له‌تیف برایمه سوری] به‌ری مه‌رگه‌ی برینداره. دوای ته‌داوی کردنی به‌ڕێمان کرد بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر

دوای نیوه‌ڕۆیه‌ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ هه‌ولێره‌وه گه‌یشتنه‌ لامان، لای ئێمه لیژنه‌ی‌ به‌ره‌ی کوردستانی له‌ ژوورێک دانیشت بوون ده‌وامیان ده‌کرد. هه‌روه‌ها ئێمه دوو شوینی تریشمان دیاری کردبوو وه‌ک باره‌گای پێشمه‌رگه. له‌ بیرمه‌ [کاک به‌کره‌ سوور] قائیمقامی پێشووی مه‌رکه‌زی هه‌ولێر هات بۆلامان به‌ پێکه‌نینه‌وه ده‌ستی له‌ملم کرد ووتی جا خۆهیچ بۆ ئێمه‌ نه‌ ماوه‌ بیکه‌ین. [ ئه‌گه‌ر ماوه‌ له‌ هه‌ر کوێ‌یه‌که‌ ڕێزمان بۆی هه‌یه]. پاش ماوه‌یه‌ک جگه‌ له‌ دوو باره‌گاکه‌ی ناو ئۆردوگا دائیره‌ی ئه‌منی که‌ڵه‌ک و شوێنێکی تری حکومی له‌ که‌ڵه‌کی کۆن کرده‌ باره‌گا. چاوی یه‌که‌ یه‌که‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ماچ ده‌که‌م زۆر قاره‌مان بوون، داوای لێبووردنیان لێ ده‌که‌م که‌ فلسێک له‌گیرفانم نه‌بوو بیان ده‌مێ و ڕێگری زۆریشم لێ کردن له‌ تاڵانکردن نه‌ک هه‌‌ر له‌ مومته‌له‌کاتی ده‌وڵه‌ت به‌ڵکو پاراستنی زیاتر له‌ ٢١ ماڵی عه‌ره‌بیشمان پێ سپارد بوون که‌ دانیشتووی که‌ڵه‌کی خوارێ بوون

داوای لێبووردنیش له‌و خه‌ڵکانه‌ ده‌که‌م که‌ ڕێگریم لێکردن له‌ تاڵان و فه‌رهود. هه‌ندێک به‌ قسه‌ی خۆش و هه‌ندێک به‌ترشی هانمدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ک و که‌لوپه‌لانه سه‌ربازیانه‌ ته‌سلیم به‌ به‌ره‌ی کوردستانی بکه‌ن. به‌ڵام به‌‌ داخه‌وه نازانم لیژنه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی چی له‌و چه‌‌ک و که‌لوپه‌لانه‌ کرد، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به نابه‌دڵی به‌ قسه‌یان کردم، ده‌بێ بم بوورن

چه‌ند شه‌وێک‌ به‌ڕێگای به‌رده‌ڕه‌ش دا چووین بۆ پشتی خازر بۆ دیاری کردنی شوێنه‌کانی دووژمن و داڕشتنی پلانێک بۆ په‌لاماردانی [ خازر] له‌ پشته‌وه . چونکا مدیر ناحیه‌و خه‌ڵکی [به‌رته‌له‌] وه‌ڵامیان بۆ ناردبووین و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌یان ده‌کرد بۆ ڕاپه‌رین. به‌داخه‌وه برایانی پارتی ووتیان ئێمه‌ ئه‌رکی بادینانمان پێ سپێردراوه. برایانی یه‌کیه‌تیش ووتیان هه‌تا ئێره‌ سنوورمان بۆ دیاری کراوه. بۆیه‌ به‌ناچاری ڕوومان کرده که‌رکوک. شه‌وێک له‌ پارێزگای که‌رکوک ماینه‌وه، شه‌ڕ له‌ سه‌ربازگای خالید بوو. مه‌ترسی هه‌بوو به‌عسیان له‌وێ خۆ بگرنه‌وه‌ و خۆڕێکخه‌نه‌وه

 چه‌ند ڕۆژێک پێش کۆڕه‌و خه‌ڵکێکی زۆر به‌ری ئه‌و به‌ری که‌ڵه‌ک به‌ لۆری و سه‌یاره‌ هاتن، ئێمه‌ له‌سه‌ر جاده‌که‌ بووین نه‌مان توانی ڕێگرین لێ بکه‌ین چونکا ئه‌و کاتی هیچ ئه‌مرێکمان پێ نه‌بوو و هیچ زانیاریه‌کیشمان نه‌بوو. بۆیه ئه‌وه‌نده‌مان له‌ده‌ست هات که‌ داوایان لێ بکه‌ین که‌ ته‌نها ژن، منداڵ، پیر،  په‌که‌وته‌ و نه‌خۆشی ئۆردوگاکه‌ بارکه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان . داواشمان له‌ گه‌نج و چه‌کداره‌کان کرد که‌ له‌گه‌ڵ خۆمان بمێنه‌وه بۆ به‌رگری کردن. تا ئێستاش دوعای خێری زۆری خه‌ڵکی ئۆردگاکه‌مان به‌رگوێ ده‌که‌وێت بۆ ئه‌و پارێزگاری و هاوکاریه‌ی که‌ کردمان، زۆر سوپاسیان ده‌که‌ین ئێستاش خۆمان به‌خزمه‌تکاریان ده‌زانین. جگه‌ له‌ ماڵێ خۆمان و کاک قادری برام نه‌بێ، که‌ ئاخر ڕۆژ به‌ په‌له‌ په‌ل ڕزگارمان کردن بێ ئه‌وه‌ی هیچ له‌ دوکان و ماڵه‌که‌ی بۆ ده‌رچێت. زۆر قه‌رزداریانم بۆیه‌ داوای لێبووردنیان لێ ده‌که‌م

به‌ هۆی ئه‌و دۆشکه‌ 12. 5 ملم که‌ له‌سه‌ر سه‌یاره‌یه‌کی میسیۆبیشی ده‌بڵ کابینه‌ی سه‌ربازی دامان نابوو، دووژمن له‌به‌ری خازر توانای جوڵه‌ی نه‌بوو. چونکا جێ گۆڕکێمان پێده‌کرد، دووژمن هه‌ر جاره‌ له‌لایه‌که‌که‌وه ته‌قه‌‌ی لێ ده‌کرا سه‌ریان لێ شێوا بوو. به‌داخه‌وه دوو ڕۆژ پێش گیرانی هه‌ولێر هه‌لیکۆپته‌ری ئه‌پاتچی به‌ ڕاکێت خه‌ریک بوو شه‌هید ڕزگاری له‌گه‌ڵ دۆشکه‌که‌ی له‌ ناوبه‌رێ. به‌ڵام پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک زۆر چاونه‌ترسانه‌ شه‌هید ڕزگار هه‌ستایه‌وه و له‌گه‌ڵ قاره‌مان کاک به‌هرۆزی کاک جوامیری سه‌نگه‌سه‌ری دوای گۆڕینی شوێنه‌که جارێکی تر دۆشکه‌که‌ که‌وته‌وه ته‌قه‌ و کۆپته‌ره‌که‌ی ناچارکرد دوور بکه‌وێته‌وه و نه‌توانێ جارێکی تر لێمان نزیک بێته‌وه. خه‌ڵکه‌ زۆر دڵخۆش بوون به‌وه‌ و شایعه بڵاو بۆوه‌ که‌ کۆپته‌ره‌که‌ که‌وتووه. به‌ڵام ئێمه‌ هیچ به‌‌ڵگه‌مان به‌ر ده‌ست نه‌که‌وت له‌ڕاستی و دروستی ئه‌م هه‌واڵه

هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ی دابوو به‌ هۆی لێک ڕاسانی پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئێمه‌ و یه‌کیه‌تی، گوله‌ له‌ کڵاشینکۆفه‌که‌ی کاک مه‌رزه‌وانی مه‌ولود ئاغای ده‌رچوو به‌ر لاقی خۆی که‌وت. ئه‌ومان به‌رێ کرد بۆ خه‌سته‌خانه‌ی هه‌ولێر و پێشمه‌رگه‌که‌شمان به‌ چه‌ککراوی نارد بۆ به‌ره‌ی کوردستانه هه‌ولێر. پاش چه‌ند سه‌عاتێک مامۆستا سه‌عدی ره‌حمه‌تی به‌ که‌س کاری به‌خشی بوو ئازادی کرد بوو

کاک ستاری کاک حه‌مه‌ تاهیری هات بۆ لامان به‌ توڕه‌یه‌وه ووتی ئه‌وه [مام خالید و پور ئه‌ستی] خه‌زور و خه‌سوی کاک ڕه‌سوڵ مامه‌ند به‌پیری و نه‌خۆشی لیره‌ن، زۆر ده‌ترسن بۆ مشورێکیان لێ ناخۆی. ئێمه‌ش چووین بۆلایان سه‌یاره‌یه‌کمان بۆ په‌یدا کردن و به‌رێمان کردن، تۆزێک ڕۆیشتن و گه‌رانه‌وه [پورئه‌ستی گوتی به‌خوا دڵم نایه‌ ته‌له‌فزێۆنه‌که‌م به‌جێ بهێڵیم توخوا زۆرم پێداوه‌ بۆم له‌پشتی سه‌یاره‌که‌ی باوێ] ئه‌وه‌شمان بۆ کردن. ئێواره‌ بوو پێشمه‌رگه‌کان زۆریان برسی بوو، من ئه‌وکاتی به‌ڕۆژوو بووم چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک هاتن ووتیان ڕێمان پێده‌ده‌ی یه‌ک دوو مریشکی ماڵی مام خالید سه‌ر برین و هه‌ر له‌ ماڵی وان لێ‌ی نێن، چاره‌ نه‌بوو ڕیگامان پێدان. دوایی مام خالید گه‌ردنی ئازاد کردین به‌ڵام پورئه‌ستی دڵنیا نیم. جێگایان به‌ هه‌‌شته‌ انشا الله زۆر داوای لێبوردن له‌ گیانی پاکیان ده‌که‌م

تابلۆکان زۆرن که‌ ئه‌وکاتی زۆر سه‌خت بوون، به‌ڵام ئێستا زۆر شیرن و ئازیزن، چونکا ئه‌وکاتی هیچمان له‌به‌رکی نه‌بوو، ئێشکگرتن و پاراستنی روح و ماڵی خه‌ڵکیش وه‌ک عیباده‌ت به‌ ئه‌رکی خۆمان ده‌زانی. خه‌ڵکه‌که‌ش زۆر بڕوایان به‌ ئێمه‌ هه‌بوو، ڕێزیان زۆر لێده‌گرتین که‌ ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ به‌ هه‌موو کۆشک و ته‌لاری دنیایه‌ ناگۆڕمه‌وه‌

٢٣ ساڵ به‌ر له‌مڕۆ له‌رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا وه‌ک ئێستام له‌ بیره، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ په‌له‌ پروزه‌ هاتن، ووتیان کابرایه‌کی کۆنه‌ به‌‌عسی که‌ پێشتر خزمه‌گوزار بووه، له‌ ناو ئۆردوگا پڕوپاگه‌نده‌ی بڵاوکردۆته‌وه ووتوویه‌تی ئه‌مڕۆ به‌یانی ده‌بابه‌م دیوه‌ له‌ناو هه‌ولێر و به‌ په‌له‌ په‌ل ڕزگارم بووه تا گه‌یشتوومه‌وه خه‌بات. منیش خۆم پێ نه‌گیرا له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک چووم بۆ ماڵه‌که‌یان که‌بینیم زۆر ترسا، ده‌ستی کرد به‌ پاڕانه‌وه و په‌شیمانی ده‌ربڕین له‌وانه‌ی ووتوونی. بۆیه‌ دوای هه‌ندێک ئامۆژگاری کردن به‌خشیمان به‌ مه‌رجێک دووباره‌ی نه‌کاته‌وه. خۆزگه‌ کۆنه‌ به‌عسی نه‌با و نه‌ش ترسایه بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕمان پێکردبا، چونکا له‌ به‌یانیه‌وه هیچ حزبێکی لێ نه‌مابوو، ئێمه‌ ئێواره‌ به‌ره‌ و هه‌ولێر چووین بۆ به‌ دواداچوون له‌و هه‌واڵه، له‌ دووڕیان ئۆردوگای [جدیده] خه‌ڵکمان بینی له‌ هه‌ولێر ده‌رچوو بوون، پێشیان پێگرتین ووتیان نابێ بڕۆن چونکا له‌ به‌یانیه‌وه هه‌ولێر گیراوه ئێمه‌ به‌ترس و له‌رز ده‌رچووین. زۆر دڵ ته‌نگ بووین به‌و هه‌وڵه‌ گه‌ڕاینه‌وه به‌‌ره‌و خه‌بات. پێشمه‌رگه‌کانمان کۆکرده‌وه. چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک ووتیان شاره‌زاین به‌‌ ڕێگای که‌ورگۆسکدا ده‌چینه‌وه لۆفه‌کانی مه‌سیف سه‌لاحه‌دین. زۆر چاک له‌ بیرمه‌ لانگرۆزه‌رێک و میتسیوبیشیه‌کی ده‌بڵ کابینه‌مانمان پێ بوو، پێشمه‌رگه‌یه‌ک ووتی جێگامان نابێته‌وه با سه‌یاره‌ی دائیره‌ی کاره‌با به‌رین هه‌ندێکمان سواری ده‌بین، ئه‌و ده‌می زۆرم پێ ناخۆش بوو. سوپاس بۆ خوا سه‌یاره‌که‌ به‌نزینی تێدا نه‌بوو بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌کان به‌ نابه‌دڵی گه‌ڕانه‌وه، ئه‌منیش له‌دڵی خۆمدا زۆر که‌یف خۆش بووم. هه‌ر چۆنێک بێت پێشمه‌رگه‌کان له‌ ژوورێ و له‌ ده‌رێ خۆیان به‌‌ سه‌یاره‌کان هه‌ڵواسی، به‌یانی دوای هه‌تاو که‌وتن به‌ دره‌نگه‌وه گه‌یشتینه‌ مه‌سیف. خوا لێ‌ی خۆش بێت مامۆستا سه‌عد هاته‌ پێشمان، ده‌ستی کرده‌ ملمان داوای لێبووردنی لێ کردین که‌ پێ ڕانه‌گه‌یووه که‌سمان بۆ لا بنێرێت و خه‌به‌رمان بداتێ. ئێمه‌ش به‌دڵسافی و پاکی وه‌رمان گرت و هیچمان له‌ دڵدا نه‌ما. ته‌نها له‌ خه‌می ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بووین که‌ له‌سه‌ر تانکی ئاوکی که‌له‌کی خوارێ ته‌قه‌ین له‌ هه‌لیکۆپته‌ره‌که‌ کردبوو نه‌مان ده‌ زانی که‌ پێش ئێمه‌ به‌ کام ڕێگا و چۆن ده‌ربازیان بوه

دوعای خێر بۆ ئه‌وانه‌ ده‌که‌م که‌ ماون هیوای ته‌ندروست باشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆیان ماڵ ومنداڵیان ده‌خوازین، له‌ خوا مه‌زن ده‌پاڕێمه‌وه شه‌هیده‌کان یان ئه‌وانه‌ی مردوون به‌ به‌هه‌شت شاد بن و ئارامی و خۆراگری به‌ که‌س وکاریان بدات

ئه‌مانه‌ ناوی هه‌ندێک له‌و خۆراگر و قاره‌مانانه‌یه که‌ له‌ بیرم ماون؛

١- شه‌هید ڕزگار

٢- به‌هروز جوامێر

٣- عه‌بدڵا حه‌مه‌ توڕه

٤- حه‌سه‌ن مام ئه‌حمه‌د

٥- مامه‌ مام ئه‌حمه‌د

٦- کاک حه‌مه سه‌نگه‌سه‌ری

٧- کاک ڕه‌جه‌ب

٨- دڵشاد کۆیی

٩- نه‌وزاد جوامێر

١٠- کامه‌ران مه‌ولود ئاغا [بزره انشا الله ماوه]

١١- ئه‌رسه‌لان مه‌ولود ئاغا

سه‌رجه‌می ١٧ تا ١٨ پێشمه‌رگه ئه‌و شه‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بوون، داوای لێبووردنیشم له‌وانه‌یه‌ که‌ ناوه‌کانیانم بیر کردوه، یان پێش ئێمه به‌ڕێگای تردا ده‌رچوو بوون. هیوادارم ئه‌وه‌ی ناوی هه‌ر کامێکیان ده‌زانێت بۆمان بنێرێ سوپاسیان ده‌که‌ین.

 

براتان

خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر

له‌نده‌ن، ٣١ – ٣ – ٢٠١٤

تێبینی: ئه‌وه به‌شێکی بچوکه‌ له‌ تابلۆکانی کۆڕه‌و که‌ تایبه‌ت بوون به‌ [خه‌بات]. پاشماوه‌ی تابلۆکانی تری کۆڕه‌و له‌ به‌شی تردا بڵاو ده‌که‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر ماین، به‌ پشتیوانی خوا

 

Related Articles