مه‌مه‌د ئه‌كتاش گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی فیستیڤاڵی ئاماندای نۆڕوێژی به‌ده‌ستهێنا

سینه‌ماكاری كورد "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" به‌ سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی "نامه‌یه‌ك بۆ پاشا" گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی نۆڕوێژی به‌ ناونیشانی "ئاماندا"ی به‌ده‌ستهێنا و خه‌ڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ منداڵانی كوردی ئیزه‌دی كرد كه‌ له‌ چیای شنگاڵ گیانی خۆیان به‌خت كرد.

سینه‌ماكارانی كورد "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" و "هیشام زه‌مان" به‌ سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی "نامه‌یه‌ك بۆ پاشا" Letter to the king له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ئاماندا" AMANDA له‌ شاری هاوگسۆن Hevgusan له‌ وڵاتی نۆڕوێژ به‌شدارییان كرد و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه‌ گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی نۆڕوێژ به‌ ناونیشانی "ئاماندا" به‌م هونه‌رمه‌نده‌ كوردانه‌ به‌خشرا.

له‌ ڕێوڕه‌سمی كۆتایی ئه‌م خه‌ڵاته‌ ساڵانه‌یه‌دا "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" سیناریۆنووس و هه‌روه‌ها "هیشام زه‌مان" ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "نامه‌یه‌ك بۆ پاشا" ئاماده‌بوون و له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كاندا له‌وانه‌: به‌شه‌كانی باشترین فیلمی سینه‌مایی، باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت و پیاو، باشترین فیلمی نۆڕوێژی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین دیكۆمێناری، باشترین كورته‌ فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنه‌گرتن، باشترین دیمه‌نه‌ تایبه‌ته‌كان، باشترین موزیك، باشترین دیزاینی ده‌نگ، باشترین دیزاینی سه‌حنه‌ و باشترین فیلمی بیانی، خه‌ڵات به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی سه‌ركه‌وتوو دابه‌شكرا.

دوای به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ گرینگ و گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌ خه‌ڵاتی ئۆسكاری وڵاتی نۆڕوێژ ناسراوه‌، "مه‌مه‌د ئه‌كتاش" سیناریۆنووسی فیلمی سینه‌مایی "نامه‌یه‌ك بۆ پاشا" هاته‌ ئاخاوتن و گوتی: ئه‌م خه‌ڵاته‌ پێشكه‌ش به‌ منداڵانی كوردی ئیزه‌دی ده‌كه‌م كه‌ له‌ چیای شنگاڵ گیانی خۆیان به‌خت كرد.هیوادارم ئه‌وانیش وه‌كوو كوڕی من "چیا" CIYA كه‌ له‌ نۆڕوێژ ده‌ژی له‌ وڵاتی خۆیان له‌ كوردستاندا له‌ ناو ئازادی و ئاشتیدا بژین.

فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ئاماندا" به‌ نمایشی كۆمه‌ڵێك فیلم له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 16 تا 22ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 له‌ شاری هاوگسۆن له‌ وڵاتی نۆڕوێژ به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ر له‌م فیستیڤاڵه‌دا "ژۆلیت بینووش" Juliette Binoche ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای جیهان و هه‌ڵگری خه‌ڵاته‌كانی ئۆسكار و چڵه‌به‌ڕووی كان، به‌ فیلمی سینه‌مایی "هه‌زار جار شه‌و خۆش" A thousand times good night له‌ ده‌رهێنانی "ئێریك پۆپ" توانی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت به‌ده‌ستبێنێت.

فیلمی سینه‌مایی "نامه‌یه‌ك بۆ پاشا" له‌ ده‌رهێنانی هیشام زه‌مان ساڵی پار له‌ فیستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبری Göteborg له‌ وڵاتی سوید گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی باشترین فیلمی باكووری ئه‌ورووپای به‌ده‌ستهێنابوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.filmfestivalen.no/article1117600.ece

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی كۆمپانیای "میتۆس فیلم".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Related Articles