ڕۆژی 24-10-2014 کاتژمێر 13:00 یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆ، یه‌که‌م دانیشتنی ده‌زگای BMP، له هۆڵی Planetarium خۆرهه‌ڵاتی شاری ئه‌مستردام به‌ڕێوه‌چوو، به ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی شاره‌وانی ئه‌مستردام و ده‌زگا و دامه‌زراوه په‌ناهه‌نده‌یی و ڕۆشنبیریه‌کانی ئه‌مستردام و ژماره‌یه‌کی زۆر له نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، که تێیدا کۆڕێکی به‌یه‌کگه‌یشتن بۆ سه‌رجه‌م گروپه به‌شداربووه‌کانی پڕۆژه‌ی نوسینه‌وه و به ئه‌رشیفکردنی ژیاننامه‌ی په‌ناهه‌نده نیشته‌جێکانی چوار شاری هۆڵه‌ندا له‌ناویاندا شاری (ئه‌مستردام) ڕێکخرا بوو.
باسه‌کانی ناو کۆڕه‌که بۆ گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا و باسکردنی شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کانیان بوو، که ماوه‌ی ساڵێکه ئه‌م ده‌زگایه، سه‌رقاڵی به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یه، به هاوکاری ڕێکخراوه، بێگانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له ناویاندا یانه‌ی کوردی "میدیــــا" له ئه‌مستردام، به پشتگیری ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوه دیموکراتیه‌کانی (ی. ن. ک) ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری تێدا بینیووه.
له به‌رنامه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا، کۆمه‌ڵێک بابه‌ت و توێژینه‌وه‌ی گرنگی تێدا پێشکه‌شکرا، ده‌رباره‌ی چۆنێتی دروستکردنی مێژوو له ڕیگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه له لایه‌ن Saskia Moerbeek، هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌رباره‌ی مێژوو، سه‌ره‌تایه‌ک بۆ توێژینه‌وه‌ی مێژوویی له لایه‌ن Elias van der Plicht، پاشان باسێک ده‌رباره‌ی گروپی ئه‌م پڕۆژه‌یه وه‌ک تیمێکی یه‌گرتوو، له لایه‌ن Firoez Azarhoosh وه‌ک ڕێکخه‌ری گروپه‌که، چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کانیانی خسته‌ڕوو.
له میانی پڕۆژه‌که‌دا ڕۆڵی کوردانی په‌ناهه‌نده‌ی هۆڵه‌ندا دیار و به‌رچاو بوو، له ناویاندا بابان که‌رکوکی، که شاعیر و نوسه‌رێکی کورده، له باشوری کوردستان و ڕۆژ دێرکی له خۆرئاوای کوردستان به‌شداری نوسینه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یان کردووه، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند (مونیر گۆران)یش، به چه‌ند پارچه مویزیکێک به‌شداری ڕازاندنه‌وه‌ی نمایشه‌کانی کرد، که جێگه سه‌رنجی ئاماده‌بووان بوو.
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم نوسه‌ر و شاعیر بابان که‌رکوکی، به خوێنه‌ران بناسێنم:
بابان که‌رکوکی له ساڵی ۱۹۷٤ له شاری که‌رکوک باشوری کوردستان له دایک بووه. بڕوانامه‌ی باڵای له خۆیندنی زمانی عه‌ره‌بیدا ته‌واو کردووه. له خانه‌واده‌یه‌کی ڕۆشنبیر و ئه‌ده‌بدۆستدا په‌روه‌رده بووه.
برا گه‌وره‌که‌ی هه‌میشه ئه‌ده‌بی کلاسیکی جیهانی بۆ دهخۆیندهوه و هه‌روها شاعیری مه‌زنی کورد نالی و شاعیری رومی پێناساندووه و وایکردووه کاریگه‌ڕی هه‌بێت له‌سه‌ری، له قۆناخی ن خۆیندنی ناوه‌ندیدا، ده‌ستی کردووه به نوسینی شیعر‌و چیرۆک.
له ساڵی ۱۹۹٤ ده‌ستی به بڵاوکردنه‌وه‌ی شیعره‌کانی کردووه، له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کاندا و خه‌ڵاتی شیعریی به‌ده‌ست هێناوه و شیعره‌کانی له کۆڕ و ڤیستڤاڵی شیعریدا خۆیندۆته‌وه.
بابان که‌رکوکی یه‌کێک بووه له ئه‌ندامی گروپی که‌رکووک، که شیعریان بۆ داکۆکی له مافی ژنان و شیعریی به‌رگری و سیاسی نوسیووه، که تیایدا به‌شێوه‌یه‌کی میتافۆریی، ڕه‌خنه‌ی له دیکتاتۆری به‌عس گرتووه. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نگی که‌رکوک بووه. له ساڵی ۱۹۹۸ یه‌که‌م دیوانی شیعری خۆی به ناونیشانی پاشماوه‌کانی بابل بڵاوکرده‌وه. ڕژیمی به‌عس ویستی شیعره‌کانی به کاربهێنی بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی خۆی و دهتهمۆی بکات.
له ساڵی ۱۹۹۹ داوایان له شاعیر کرد شیعریان بۆ بنوسێت، به‌ڵام بابان که‌رکوکی ئه‌و داواکاریی به‌رپه‌رچدایه‌وه و به‌وهۆیه‌وه که‌رکوکی به‌جێ هێشت، بڕیاریدا به یه‌کجاری وڵات به‌جێ بهێڵیت و ڕووبکاته هه‌نده‌ران، چونکه نه‌یویست له شیعره‌کانیدا، مه‌ره‌که‌بی پیس به‌کار بهێنێت واته وشه‌کانی بفرۆشێت.
بابان که‌رکوکی له کۆتایی ساڵی ۱۹۹۹ ه‌وه له وڵاتی هۆڵه‌ندا ده‌ژی و یه‌کسه‌ر ده‌ستی به فێربوونی ئه‌و زمانه کرد، ئیستا به باشی شیعر‌و چیرۆکی به زمانی هۆڵه‌ندی ده‌نوسێت.
تا ئیستا سێ دیوانی به زمانی هۆڵه‌ندی بڵاو کردۆته‌وه. دیوانی یه‌که‌می ( به‌ره‌و ئارارات ساڵی ۲۰۰٦) دیوانی دووهه‌م (ڕه‌هه‌ند ساڵی ۲۰۰۹)، دیوانی سێهه‌م (هه‌رێم ساڵی ۲۰۱۱) تابلۆ و نه‌خشه‌سازی هه‌ر سێ دیوانه‌کان کاریی هونهڕمهند (باڵدین ئه‌حمه‌د)ه.
بابان که‌رکوکی ئه‌ندامی نوسه‌رانی هۆڵه‌ندیه و شیعره‌کانی له زۆربه‌ی ڤیسڤاڵ و یانه شیعرییه‌کانی له هۆڵه‌نداو بهلچیکادا دهخۆینێتهوه. هه‌میسه کاره‌کانی له گه‌ڵ کۆمپنست و مۆسیقاژه‌ن منیر گۆران ڕێکده‌خات. کاره ئه‌ده‌بیه‌کانی بابان که‌رکوکی له ناخ و سۆز و هه‌ستی نامۆیی مرۆڤ ده‌دوێ له تاراوگه. ئه‌م ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌نده، کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی خسته سه‌ر هه‌ستی شاعر، که (پلاتفۆڕمێکی شیعری) دامه‌زرێنێت به هاوکاری له‌گه‌ڵ کۆمپهنست و مۆسیقاژه‌ن (منیر گۆران) و هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار ئاراس طالب و هونه‌رمه‌ندی گۆانیبێژ (نه‌ریمان گۆران)دا، له‌و سه‌کۆ شیعریه‌وه، هه‌میشه له ناوه‌ندی شاری (ئوترێخت)ه‌وه، له‌گه‌ڵ شاعیره نامۆ هۆڵه‌ندیه‌کاندا کۆده‌بنه‌وه و شیعره‌کانیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
هه‌روها له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (منیر گۆران) ده‌زگای (دیجله و فورات)یان، دامه‌زراندووه، بۆ ئه‌وه‌ی چالاکی کاریی شیعر و مۆیزیکی تێدا ئه‌نجام بده‌ن ده‌که‌ن.
له ساڵی ۲۰۱۱ بابان که‌رکوکی له لایه‌ن شاره‌وانی (ئوترێخت)ه‌وه له هۆڵه‌ندا (خه‌ڵاتی کڕۆنهستی پیندیا) پێ به‌خشرا، ئه‌و خه‌ڵاته دوو ساڵ جاریک پێشکه‌ش به نوسه‌ران و شاعیرانی لێهاتوو ده‌کرێت. لیژنه‌ی خهڵاتکه له‌سه‌ر کاره‌کانی شاعیر وتیان ئێمه ئه‌م خه‌ڵاته پێشکه‌ش به‌م شاعیره ده‌که‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له شیعره‌کانیدا، پابه‌ندبوونی سیاسی تێدایه و فۆڕمێکی شعریی نوێی خوڵقاندووه و باسی ئازاری وڵاته‌که‌ی و مرۆڤایه‌تی ده‌کات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.