كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی نزیك بووەتەوە..23/8 كوردستانیان سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن .. ئا- ئومێد پشدەری

 

 

 

بە مەبەستی گەیاندنی داوای گەلی كورد بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و داخوازیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان بانگەوازێك ئاراستەی هاوبیرانی سەربەخۆیی دەكات‌ و دەڵێت، 23/8 كوردستانیان كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبەن.

لیژنەكە ڕایدەگەیەنێت: "بڕیارە رۆژی 23/8/2014 كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەند وڵاتێكی ئەورووپا ئەنجام بدرێت بۆ گەیاندنی داوای گەلی كورد بە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.هاوكارمان بن بۆ ئاراستەكردنی پەیامی سەربەخۆیی ئێوە بە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێوە و دڵسۆزان و هاوبیرانی سەربەخۆیی كوردستان ئامادە بن، ئامادەبوونتان رۆحی شەهیدان شاد دەكات و ئەمەیش ئامادەكارییەكە بۆ گەیاندنی پەیامی سەربەخۆیی كوردستان بە هەموو جیهان و هێنانەدیی كوردستانێكی سەربەخۆ".

لیژنەی ئامادەكاری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی ڕوونیشی دەكاتەوە: "بە ئامادەبوونی زیاتری چین و توێژەكانی كوردستان بە جلوبەرگی كوردییەوە، كەرنەڤاڵەكەمان سەركەوتووتر دەبێت و داواكەمان بەهێزتر دەبێت، هاوكات لەگەڵ كوردستاندا، لە چەند وڵاتێكی ئەورووپایش كەرنەڤاڵەكە ساز دەكرێت".

كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژی 23/8/2014 لە شەقامی 100 مەتری لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، رێپێوانێك دەست پێ دەكات و چەندین چالاكیی هونەرییش ئەنجام دەدرێن.

 

 

 

 

Related Articles