دۆخی سیاسی سلێمانی دوای هه‌ڵبژاردن .. ئومێد قه‌ره‌داغی

هه‌ڵبژاردن وه‌ك یه‌كێك له‌ دیارترین سیماكانی دیموكراسی، میكانیزمی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌م میكانیزمه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ هۆشیاری سیاسی تیایاندا پیشكه‌وتوه‌، دام و ده‌زگاكان به‌شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی به‌رێوه‌ ئه‌چن، باشترین میكانیزمه‌ بۆ به‌ دێهێنانی سه‌قامگیری و ئاشتی و وه‌لامدانه‌وه‌ و رێكخستنی خواستی ده‌سه‌ڵاتخوازی له‌ مرۆڤ و گرووپه‌كاندا، به‌لام بۆ هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ تیایدا هۆشیاری سیاسی پێشنه‌كه‌وتوه‌، قۆرخكاری ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، خۆسه‌پاندن و هه‌ژموونی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌كی هه‌یه‌، دام و ده‌زگاكان به‌ دامه‌زراوه‌یی نه‌كراون، ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌هێزه‌ هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كانی، ناسه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و شڵه‌ژانی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست بكات، له‌سه‌رانسه‌ری دنیادا نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بوونی هه‌یه‌، ئه‌زموونی دیموكراسی له‌ كوردستاندا باشترین نموونه‌یه‌، له‌ سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا، ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی حزبی كراو و په‌نجا به‌ په‌نجا بوو له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی، به‌مه‌ش هه‌موو جومگه‌كانی حوكمرانییه‌كی ته‌ندروست ئیفلیج كرا، حوكمرانییه‌كی به‌ حزبیكراو به‌رهه‌مهات كه‌ نه‌ ئه‌كرا هیچ شتێكی لێ چاوه‌روان بكرێت جگه‌ له‌ شه‌ڕی ناۆخۆ، دواترین ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنیش له‌ كوردستاندا، ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردني ثةرلةماني كوردستان بوو كه‌ ئیستا نزیكه‌ی شه‌ش مانگ تێپه‌ریوه‌ و حكومه‌ت پێكنه‌هاتوه‌، به‌درێژایی ئه‌م شه‌ش مانگه‌ دۆخی سیاسی و كاریگێری و دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناسه‌قامگیری و شڵه‌ژانێكی قورسدا بوه‌، هیچ رونیش نییه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت وه‌ك پێویست به‌ پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌بێت یان نا؟ ئه‌وه‌ش نادیاره‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بنكه‌ فراوانه‌ تا چه‌ند ئه‌توانێت نموونه‌یه‌كی باش و خزمه‌تگوزار و سه‌قامگیر له‌ حوكمڕانی پێشكه‌ش بكات

ئێستاش له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمداین، ئایا به‌راستی دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چی روو ئه‌دات؟ به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای سلێمانیدا كه‌ ئه‌گه‌ری ئالۆگۆری ده‌سه‌ڵاتی پارێزگا له‌ نێوان گۆڕان و یه‌كیتیدا ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌، به‌پێی رای زۆربه‌ی چاودێره‌كان و، به‌ پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌ گۆران له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی براوه‌ بێت، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ دوای بردنه‌وه‌ی گۆڕان چی روو ئه‌دات؟ ئایا یه‌كێتی نیشتیمانی ئاماده‌یه‌ به‌ كردوه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م پارێزگایه‌ ته‌سلیمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكات؟
سلێمانی كه‌ ده‌یان ساڵ قه‌ڵای راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی بوه‌، كه‌ ده‌یان ساڵ ته‌واوی جومگه‌كانی حوكمرانی ئه‌م شاره‌ به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌ بوه‌ یه‌كێتییه‌ك كه‌ به‌ له‌ ده‌ستدانی سلێمانی هیچ مانایه‌كی راسته‌قینه‌ بۆ حوكمرانییه‌كه‌ی نامێنتیته‌وه‌ و هیچ پارچه‌ زه‌وییه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌ نامێنێت ئه‌و حوكمی بكات، ئایا سلێمانی ته‌سلیم ئه‌كات؟ به‌بڕوای من نه‌خێر
ئێستا هه‌موو دام و ده‌زگا گرنگه‌كانی حوكمرانی سلێمانی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كرده‌یی و جێبه‌جێكارییان هه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ڵایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ به‌رێوه‌ ئه‌برێن به‌ڵكو له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی كراون، وه‌ك ده‌زگای ئاسایش، ده‌زگای پۆلیس، زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌ گرنگه‌كان، ئایا هه‌موو ئه‌م ده‌زگایه‌نه‌ بی چه‌ندووچوون ئاماده‌ن فه‌رمان له‌ پارێزگارێكی نا یه‌كێتی وه‌ربگرن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێك كراوه‌؟ ئایا یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئه‌م ده‌زگایانه‌ كه‌ چه‌نده‌ها ساڵ و به‌ تێچونێكی گه‌وره‌ و له‌ جه‌وهه‌ریشدا بۆ خزمه‌تی حوكمرانی یه‌كێتی دروستی كردوون بخاته‌ خزمه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌؟ به‌ بڕوای من وه‌ڵامی لوژیكی ئه‌م پرسیاره‌ نه‌خێره‌
بۆیه‌ به‌ ته‌سه‌وری من له‌ دوای هه‌ڵبژاردن سلێمانی ناسه‌قامگیرییه‌كی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ به‌خۆوه‌ ئه‌بێنێت، ئه‌م ناسه‌قامگیرییه‌ سه‌ر ئه‌كێشێت بۆ ئیفلیجكردنی زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی ژیان له‌م شاره‌دا، تاكه‌ رێگه‌ی به‌رگرتن له‌ ناسه‌قامگیری شاری سلێمانی و به‌ قوربانینه‌كردنی، بریتییه‌ له‌ رێكه‌وتنێكی پێشوه‌خت له‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا له‌سه‌ر به‌رێوه‌بردنی سلێمانی، به‌ بێ ئه‌نجامدانی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و دریژ سلێمانی سه‌قامگیریی و ئاشتی و گه‌شه‌كردن به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت،

 

 

 

Related Articles