ئه‌رێ رژێمی توركیای تیرۆرست نیازی چییه‌؟ ... ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

له‌و رۆژه‌ی تاقمی تیرۆریستی داعش ده‌ستی به‌ سه‌ر شاری موسڵ گرت‌ تا ئێستا كاری قیزه‌وه‌ن و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامداوه‌و درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش هه‌ره‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كوردو كوردستان و به‌ به‌رچاوی دونیا له‌ لایه‌ن رژێمی توركیای تیرۆریست به‌ ئاشكرا پشتگیری ئه‌كرێت و یارمه‌تی ئه‌درێت.

رژێمی توركیای ره‌گه‌زپه‌رست گاڵته به‌ گه‌لان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی هاوپه‌یمانییه‌ درۆستكراوه‌كه‌ی ئه‌مریكا ئه‌كات و، رۆژانه‌ به‌زم وبالۆره‌ی نوێ لێئه‌دات و، وه‌ك مناڵ ورك ئه‌گرێ و ناز ئه‌كات و، هه‌موو جارێك به‌ دوای بیانووی نوێ ئه‌گه‌رێت و، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ رێی راگه‌یاندن و كاروباری دیبلۆماسی هه‌وڵ ئه‌دات بۆ چه‌واشه‌كردنی جه‌ماوه‌رو راستییه‌كان و بێده‌نگكردنی نه‌یاره‌كانی.

به‌ گرتنی شاری موسڵ له‌ لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعش و به‌عسیه‌كان و تیره‌و تایفه‌ سوننه‌كان نه‌خشه‌ گڵاوه‌كانی رژێمی توركیای تیرۆریست رووه‌و سه‌ركه‌وتن ئه‌روات و، ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا نه‌وتی سوریاو عێراق وه‌رئه‌گرێت و، مه‌رج بۆ وڵاتان به‌ تایبه‌تی وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌ چۆنییه‌تی هه‌لسوكه‌وتی و ره‌فتاری دیاری ئه‌كات و، به‌له‌سه‌ بووه‌و، گوێ به‌ كه‌س نادات و، یارمه‌تی هه‌مه‌ جۆره‌ی خوێنرێژه‌كانی داعش ئه‌دات.

به‌ڵی، توركیای تیرۆریست پێشوازی گه‌رموگور له چه‌ته‌كانی داعش ئه‌كات كه‌ له‌ رێی فرۆكه‌خانه‌و به‌نده‌ره‌كانی روو ئه‌كه‌نه‌ ئه‌م وڵاته‌و، جێی خه‌وتن و هه‌ڵسوكه‌وتیان بۆ ئاماده‌ ئه‌كه‌ن و، له‌ سه‌ربازگه‌و جێی تایبه‌تی مه‌شق و راهێنانیان پێئه‌كه‌ن و، پاشان ره‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سوریاو عێراق ئه‌كرین و، ئه‌م كارانه‌ هه‌مووی له‌ پێش چاوی خه‌ڵك و وڵاتان ئه‌كرێن و، تا ئێستا هیچ وڵاتێك وه‌ڵامی نییه‌ و، خۆیان ناكه‌ن به‌ خاوه‌نی كاره‌ تیرۆریستییه‌كانی توركیا.

روون و ئاشكرایه‌و به‌ بێشك توركیا وه‌ك وڵاتێكی تیرۆریست خوێ به‌ دونیا ناساندو، سووره‌ له‌ سه‌ر یارمه‌تیدان و پشتگیریكردنی چه‌ته‌كانی داعش و، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و گشت وڵاتانی جیهان خۆیان كه‌ر كردووه‌و، كر كه‌وتوون و نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت و، تا دوێنێ سوڵتانه‌ گۆر به‌گۆره‌كانی عوسمانی سیاسه‌تێكی فێڵبازانه‌و ناشایسته‌یان به‌كار ئه‌هێنا بۆ فریودانی خه‌ڵك و وڵاتان به‌ناوی ئاین و ئیسلام و، ئه‌مرۆ‌ هه‌تیوه‌كه‌یان سوڵتانه‌ ئیخوانچییه‌ دێزه‌كه‌ی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان نیازی وایه‌ خۆڵ بكاته‌ چاوی خه‌ڵك و گه‌لانه‌وه‌ به‌ناوی پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی توركیاوه‌.

ئیخوانچی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاواته‌خواز بوو شاری قاره‌مان و خۆراگری كۆبانێ بكه‌وێت و، هه‌ر ئه‌و بوو رۆژی 7/10/2014 له‌ وراوه‌یه‌كدا وتی: ئێستا كۆبانێ له‌ سه‌ر كه‌وتنه‌‌و، هه‌ر له‌و وراوه‌یه‌دا وتی ئێمه‌ داوای سێ شتمان كردووه: دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌فرین، پێكهێنانی ناوچه‌یه‌كی ئارام هاو ته‌ریب له‌ گه‌ڵ ئه‌و ناوچه‌ دژه‌فرینه‌و پرجه‌ككردنی لایه‌نه‌ میانره‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و، هه‌ر له‌وێشدا ده‌ستیدایه‌ درۆكردن و وتی: ئێمه‌ پێشهاته‌كانی كۆبانێ و ناوچه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ له‌ نزیكه‌وه‌و به‌ نیگه‌رانییه‌وه چاودێری ئه‌كه‌ین، به‌ڵام كه‌س نییه‌ به‌م روو ره‌شه‌ بڵێت: په‌تی درۆ كورته‌ و به‌ری خۆر به‌ بێژنگ ناگیرێت ئه‌ی گه‌لحۆی هه‌زار روو، ئه‌وه‌تا سه‌ربازو تۆپ و تانكه‌كانت له‌ سه‌ر سنووره‌و زۆر نزیكن له‌ كۆبانێ و داعش، ئه‌گه‌ر راست ئه‌كه‌ێت ته‌كانێك بده‌و ده‌ستبووه‌شێنه‌و چیتر نیگه‌ران مه‌به‌!‌.

كاتێك ئه‌مه‌ریكا له‌ ئاسمانه‌وه‌ چه‌كی گه‌یانده‌ شه‌ر‌ڤانانی ئازاو قاره‌مان له‌ كۆبانێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست زۆر دڵ ته‌نگ و نیگه‌ران بوو وتی: نابێت چه‌ك و هه‌ر جۆره‌ یارمه‌تییه‌ك بدرێت به‌ پارتی یه‌كێتی دیموكراتی PYD چونكه‌ ئه‌و پارته لای ئێمه‌ رێكخراوێكی تیرۆریستییه‌ ‌و هیچ جیاوازییه‌كی له‌ گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ PKKنییه‌و، ئێمه‌ دژی ئه‌و كاره‌ێن كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكای دۆستمان و هاوكارمان له‌ ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) كراوه‌و، تا بتوانین به‌ سه‌ختی دژی ئه‌وه‌ستین و قه‌ت رازی نابین.

شه‌ر له‌ كۆبانێ گه‌رمه‌و، هه‌ندێ له‌ به‌رپرسه‌كانی باشووری كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگیك له‌ به‌رده‌م به‌رخودان و قارمانیه‌تی و سه‌ركه‌وتنی شێره‌كانی كۆبانێ دابنێن و، ئه‌وان ئه‌‌یانه‌وێت یه‌په‌ده‌ {YPD} خوێ یه‌كلایی بكاته‌وه‌و له‌ گه‌ڵ هێزه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ یه‌كبگرنه‌وه‌و، ببنه‌ به‌شێك له‌وهاوپەیمانه‌تییه‌ نێودەوڵەتییەی كە بۆ شەڕی داعش پێكهاتوو، خۆشبه‌ختانه‌ كوردانی سوریا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌هوك خۆیان یه‌كلایی كرده‌و گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنامه‌.

تورکیای تیرۆریست و دوژمنی سه‌رسه‌ختی كورد كه‌وتووه‌ته‌ ناو گێژاوو سەرلێشێوانێکی سیاسی و، نازانێ چ بڕیارێک بدات و، ئەوان تانکەکانی خۆیان بۆ رووداوەکانی کۆبانێ ئامادەکردوون، بەڵام ئێستاش نازانن چی بکەن و پشتیوانی رابردوویان لەو گرووپە تیرۆریستیانەو (داعش) بۆ نموونه‌بووەتە کێشەیه‌كی گه‌وره‌و، هێشتا گفتوگۆكانی نێوان توركیا و هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەردەوامەو، توركیا باش ئه‌زانێتداعش گرووپێكی تیرۆریستییەو، تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆسەر وڵاتان و توركیا.

جه‌ماوه‌ری سوریا له نێوان مانگه‌كانی{ شوبات - فبرایه‌رو ئازار- مارس} ساڵی 2011 دژ به‌ رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د هه‌ڵسان به‌ هه‌ڵگیرسانی شۆرش، به‌ڵام ئیخوان موسلیمه‌كانی سوریا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ ئه‌ردۆگان و ئیخوانه‌كانی توركیا یه‌كیانگرته‌وه‌و به‌ پاره‌و پولی عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌رو وڵاتانی كه‌نداو توانیان رووی شۆرشه‌كه‌ بگۆرن و بیخه‌نه‌ ژێر ده‌ستی ئیخوانچی و سه‌له‌فی و وهابی وئیسلامی توندره‌و تیرۆریست و، سه‌رانی ئه‌و گروپانه‌ له‌ ئیسته‌نبول كۆبوونه‌وه‌و ئه‌نجومه‌نێكیان به‌ ناوی (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی سوریا) دروستكردو، به‌ ئه‌نجومه‌نی ئیسته‌نبول ناسراوه‌و له‌ بنچینه‌وه‌ دژی كوردو كوردستانه‌، چونكه‌ پره‌ له‌ كه‌سانی شۆڤه‌نیست و سه‌ر به‌ وڵاتانی كۆنه‌په‌رست و ره‌گه‌زپه‌رست وه‌ك عه‌ربستانی سعودی و قه‌ته‌رو توركیاو، له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كوردیك خوێ خزانده‌ناوی و بۆ ماوه‌یه‌ك كرا به‌ سه‌رۆك و، ئه‌و كورده‌ش له‌ به‌ر پاره‌و پول و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن پارتێكی كوردستانه‌وه‌ ده‌سته‌مۆ كراو، چه‌ند جارێك سه‌ردانی هه‌ولێری كردو، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سوپای سوریای دامه‌زران و، به‌ناوی (سوپای ئازادی سوریا) ناسراوه‌.

ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و سوپایه‌ وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ باس كران پرن له‌ كه‌سانی شۆڤه‌نیست و ره‌گه‌زپه‌رست و هه‌ڵگری بیری كۆنه‌په‌رستی و دواكه‌ووتووی ئیسلامی توندره‌وو تیرۆریست و، بۆ نموونه‌ یه‌‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بورهان غه‌لیون بوو، له‌ دیدارێكدا له‌ گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌ڵمانی دوتشه‌ ڤیله‌ (Deutsche Welle) وتی: كورد له‌ سوریا وه‌ك ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ن كه‌ له‌ فه‌ره‌نسائه‌ژین و، كورده‌كانی سوریا كۆچبه‌رن و هیچ مافێكی سیاسیان نییه‌و، ئه‌گه‌ر ویستیان با بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ كه‌ لێیهاتوون و، ئه‌مرۆ توركیا و دۆسته‌كانی هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ئه‌و سوپایه‌ بچێته‌ كۆبانێ و، گوایه‌ شان به‌ شانی شه‌رڤانانی قاره‌مان له‌ دژی داعش شه‌ر بكه‌ن! و، كابرایه‌ك به‌ ناوی عه‌قید عه‌بدولجه‌بار ئه‌لعه‌كیدی فه‌رمانده‌ی سوپای ئازاده‌ و ده‌ستنیشان كراوه‌ له‌ گه‌ڵ (1300) ئه‌ندامی سوپاكه‌ برۆنه‌ كۆبانێ و، ئه‌م كابرایه""سه‌ركرده هه‌ڵبژیراوه‌كه‌ی توركیا‌""‌ ئه‌ڵێت: په‌یوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ داعشدا زۆر باشه‌و رۆژانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كتره‌وه‌ ئه‌كه‌ێن و ئه‌وان تێرۆریست نین و، زۆر له‌و گروپانه‌ رازی نین بچنه‌ كۆبانێ بۆ شه‌ری داعش وه‌ك سه‌ركرده‌ی سوپای موجاهیدین (سه‌قه‌ر ئه‌بو قوته‌یبه‌) و، به‌ره‌ی شۆرشگێرانی سوریاو، ئه‌وان ئه‌ڵێن له‌ حه‌له‌ب شه‌ر دژی هێزه‌كانی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د گه‌رمه‌و بۆ بچین بۆ كۆبانێ.

ئه‌گه‌ر رێگا بدرێت ئه‌و سوپایه‌ به‌ ناو ""سوپای ئازاد"" بچێته‌ كوبانێ، ئه‌وه‌ پیلانی توركیاو ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانیه‌تی، ئه‌و سوپایه‌ ده‌سكه‌لای توركیایه‌ و، تیری كوشنده‌یه‌ ئاراسته‌ی به‌رخودان و قاره‌مانییتی و خوراگری شێره‌كانی كۆبانێ ئه‌كرێن، ده‌با هه‌موو كوردو دۆسته‌كانی و كه‌سانی خاوه‌ن شه‌ره‌ف و هه‌ڵوێست بره‌نگاری ئه‌و پیلانه‌ بن و، ‌مرام و خواستی دوژمنان پوچه‌ڵبكه‌نه‌وه‌و، با هه‌موو وزه‌و تواناكانمان له‌ شه‌ری دژه‌ تیرۆر یه‌كخه‌ین. .

با كار بكه‌ین بۆ ده‌مكوتكردنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی رووره‌ش و، چیتر نه‌ڵێـت: جیاوازی لە نێوان داعش و پەكەكە ناكەم و، ئه‌مەوێتجارێكیدیكەئەوەبڵێمەوە، كە توركیا چۆن دژایەتی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ئه‌كات، بە هەمانشێوە لە دژی رێكخراوی تیرۆرستی په‌كه‌كه‌یشین، هه‌زار سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌و شه‌رڤانان، سڵاو له‌ شێره‌ ژنانی قاره‌مان، هه‌زاران سڵاو له‌ شه‌هیدانی كۆبانێ و گشت شه‌هیدانی رێگای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   28/10/2014

 

 

 

 

 

 

.

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles