تا كه‌ی بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به‌ توركیای تیرۆریست؟؟ ... ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ مانگی سیپته‌مبیر {ئه‌یلول} ی ئه‌مساڵدا دوو كۆنگره‌ له‌ شاری جه‌دده‌ی وڵاتی عه‌ره‌بستانی سعودی و شاری پاریس له‌ فه‌ره‌نسا به‌سترا به‌ مه‌به‌ستی به‌ربه‌ره‌كانی چه‌ته‌و جانه‌وه‌ره‌كانی رێكخراوی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) و له‌ هه‌ردوو كۆنگره‌كه‌دا نوێنه‌ری توركیا ئاماده‌بوو هه‌ر له‌وێ و له‌ سه‌ر پێشنیاری ئه‌مریكا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ (40) وڵات به‌بێ توركیا دروستبوو.

زۆربه‌ی وڵاتان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوایان لە توركیا كرد لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی توندڕەوی داعشدا هاوكاری بكات، به‌ڵام توركیا ترسێكی گه‌وره‌ی له‌ چوونه‌ ناو شه‌ری داعش هه‌بوو‌، به‌رپرسانی تورك مه‌ترسی خۆیان له‌ رێكخراوی داعش نه‌شاردووه‌ته‌وه‌و، وتوویانه‌ به‌ هوێ ئه‌وه‌ی گیانی (49) دیبلۆماتكاری وڵاته‌كه‌مان له‌ ژێر ده‌ستی داعشدایه‌ كه‌ له‌ رووداوه‌كانی گرتنی موسڵدا وه‌ك بارمته‌ ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌وه‌ ترساوین.

پاش به‌ره‌ڵاكردنی دیبلۆماته‌كانی توركیا جارێكی تر ئه‌مریكا داوای كرد توركیا به‌شداری بكات و بێته‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كه‌ دروستیكردووه‌و ئێستاكه‌ زیاتر له‌ (44) وڵاته‌، به‌ڵام توركیا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی سنووری زیاتر له‌ (900) كێلۆمه‌تر له‌ گه‌ڵ سوریادا هه‌یه‌ ئه‌مجاره‌شیان دووره‌په‌رێزی هه‌ڵبژارد.

وڵاتان و ئه‌مریكا كۆڵیانه‌داو دیسانه‌وه‌ داوایان كرد توركیا هه‌وڵبدات به‌شداری له‌ گه‌ڵ وڵاته‌ هاوپه‌یمانییه‌كان بكات و، ئه‌مجاره‌شیان نه‌هات و هه‌ندێ مه‌رجی داناو، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێیان كرد ئه‌و كات بیرئه‌كاته‌وه‌ چۆن چۆنی هاوكاری بكات.

توركیا یه‌كێكه‌ له‌و‌ وڵاته‌‌ ئه‌كتیڤانه‌ شان به‌ شان ئه‌مریكاو وڵاتانی تر كاری كردووه‌ له‌ دامه‌زراندنی داعش و زیندوكردنه‌وه‌ی و، ئه‌مرۆ ئه‌م رێكخراوه چه‌په‌ڵ و به‌دناوه‌‌ له‌ ژێر دروشمی: لا اله الا الله محمد ره‌سول االلهده‌ستیداوه‌ته‌ كوشتنی خه‌ڵكی بێتاوان و دزیكردن و نه‌وت ناردن بۆ توركیا به‌ دزی و به‌ ئاشكرا.

له‌ مێژه‌وه‌ خه‌ڵك و وڵاتان ئه‌زانن توركیا ده‌وڵه‌تێكی تیرۆرستییه‌و فاشست ئاسا ره‌فتار ئه‌كات و به‌ ئاشكراو به‌ نهێنی پشتگیری له‌ چه‌ته‌ رووره‌شه‌كانی تاقمی خوێنرێژی داعش ئه‌كات و، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و تانكیان ئه‌داتێ و، چه‌ندان شوێنی ته‌رخان كردووه‌ بۆ مه‌شق و راهێنانی ئه‌ندامه‌كانی داعش و ئاسانكاری ئه‌كات له‌ ناردنیان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سوریاو عێراق و، له‌ كاتی بریندا كردنیان سنووری توركیا به‌روویاندا واڵایه‌و، له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی ده‌وڵه‌تی مرۆڤكوژی توركیا به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێئه‌كه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای راپه‌رینی گه‌لانی سوریا دژ به‌ رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د توركیا كه‌وته‌ هه‌ره‌شه‌و گوره‌شه‌ دژ به‌و رژێمه‌و، كه‌ زانی عه‌ره‌بستانی سعودی ‌و قه‌تر خه‌رجی راپه‌رینه‌كه‌ ئه‌ده‌ن به‌رپرسانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی گیرفانیان پر بێت سنگیان ده‌رپه‌راندو چوونه‌ پێشه‌وه‌و له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا و بریتانیاو فه‌ره‌نسا پلان و نه‌خه‌شیان دانا بۆ لێدانی داموده‌زگاكانی رژێمه‌ خوێنرێژه‌كه‌ی به‌شارو حزبی به‌عس و، پاشان ده‌ستپێشخه‌ر بوو بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی ئۆپۆزسیۆن كه‌ به‌ (ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئیسته‌نبول) ناوی ئه‌برێت.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئیسته‌نبول له‌ عه‌ره‌ب و سریان و كلدان و كوردو نه‌ته‌وه‌ی تر پێكهاتووه‌و، له‌ سه‌ره‌تادا كوردێكی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان گوایه‌ چه‌پ گه‌رایه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا سه‌ر به‌ پارتێكی كوردستانه‌و، به‌بێ ره‌زامه‌ندی كوردان خوێ خزانده‌ ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و بۆ ماوه‌یه‌ك كردیان به‌ سه‌رۆك چونكه‌ ئه‌جینده‌ی توركیاو ئه‌مریكاو وڵاتانی رۆژئاوای جێبه‌جێ ئه‌كردو، پرۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی عه‌روبه‌ و ئه‌سه‌دو به‌عس دانرا بوو، له‌ نه‌خشه‌و پرۆگرامه‌كه‌یدا بجوكترین پێگه‌ بۆ كورد ده‌ستنیشان نه‌كرابوو، هه‌رچه‌نده‌ ناوی خۆیان نابوو (هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا).

توركیای شۆڤه‌نیست و سه‌ركوتكه‌ری كوردان تا ئێستا نه‌چووه‌ته‌ ناو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییه‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌مریكاو رۆژئاواو عه‌ره‌به‌كان و، خوێ گێل كردووه‌و له‌ دووره‌وه‌ وه‌ستاوه‌و، هێزێكی گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر سنووری كوبانی و رۆژئاوای كوردستان داناوه‌و، ئه‌و هێزه‌‌ پێكهاتووه له‌ تۆپ و تانك و كه‌ره‌سه‌ی مودێرنی‌ سه‌ربازی.

توركیای ره‌گه‌زپه‌رست هه‌رچی فرت و فێڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوور بێت له‌ وڵاتانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی كردی و، ئێستا جگه‌ له‌ سه‌ر شۆری و شه‌رمه‌زاری هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌و بیكات و، زۆر به‌ ئاشكراو به‌ روونی ده‌ركه‌وت سه‌رگه‌رمانه‌ لایه‌نگیری تاقمی درنده‌و سه‌رلێشێواوی خه‌لافه‌تی خه‌ڵه‌فاوی ئیسلامه‌كه‌ی داعشه‌.

رژێمی توركیای فاشست به‌ به‌ر چاوی دونیاوه‌ پاڵپشتی راسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دوواكه‌وتوو(داعش) ئه‌كات‌و چه‌كی سووك و قورس له‌ تۆپ و تانكی ئه‌داتی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ندین لاوه‌ هێرش و په‌لاماری به‌رفراوان بۆ سه‌ر شاری خۆراگری {كۆبانی} ی رۆژئاوای كوردستان كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌و ئابڵوقه‌ دراوه‌ بكات و، ئه‌م كاره‌ قیزه‌وه‌نه‌ی چه‌ته‌كانی داعش بووه‌ته‌ مایه‌ی ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌سی سڤیلی بێتاوان و، باری شاره‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و تاقمه‌ خوێنرێژه‌ سه‌ربكه‌وێت ئه‌وا شه‌نگاڵی نوێ دروست ئه‌بێته‌وه‌و سیاسه‌تی قه‌لاچۆكردن و پاكتاوكردنی ره‌گه‌زی له‌ دژی رۆڵه‌كانی گه‌ل په‌یره‌و ئه‌كه‌ن.

رژێمی توركیای كۆنه‌په‌رست بۆ خۆپاراستن و به‌رگریكردن په‌نا ئه‌باته‌ به‌ر درۆو، ئەوە رەتدەكاتەوە كە هاوكاری داعشی كردبێت و ئێستاش هاوكاری بكات و، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تومه‌تانه‌و بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك و وڵاتان ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ دوواوه‌و، ئه‌ڵێ كاتی خۆی ئەمریكا و وڵاتانی تر لە رێگەی توركیاوە هاوكاری هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان كردووه‌،  لەوانەش چەك دراوەتە جەبهەتولنوسرە، كە دواتر ئەمریكا خستییە لیستی تیرۆرەوەو، داعش وەك بەشێكی جیابووەوە لە جەبهەتولنوسرەو، هەروەها رژێمی توركیا ئه‌ڵێ ئێمه‌ رووبەڕووی داعش ئه‌بینه‌وه‌و هاوكاری ناكەین.

له‌ به‌رامبه‌ر درۆو پاكانه‌ی رژێمی توركیا جۆن بایدن جێگری سه‌روكی ئه‌مریكا ئاشکرای کرد تیرۆریستانی ناو سوریا بە ئەندامانی داعش و جەبهەی ئه‌لنوسرەشەوە، لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە هاوکاریی کراون کە بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەژمار ئه‌کرێن و، هه‌روه‌ها وتی: کێشەی گه‌وره‌ی ئێمە هاوپەیمانەکانمانن لە ناوچەکەدا، تورکەکان کە هاوڕێی باشن و هەروەها سعودییەکان و ئیماراتییەکان و دەوڵەتانی دیکەش بەڵام چییان کرد؟، ئه‌وانسەدان ملیۆن دۆلار و سەدان تەن چەک و تەقەمەنییان بەو دوو گروپه تیرۆریستییه‌‌دا.

هه‌ر له‌ میانه‌ی یارمه‌تیدانی چه‌ته‌كانی داعش جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکاریی داعش و گروپە توندره‌وو تەکفیرییەکانی کردوەو، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئه‌ڵێ توركیا به‌رامبه‌ر ئازادكردنی دیپلۆماته‌كانی گوایه‌ به‌ بارمته‌ گیرابوون له‌ لایه‌ن داعشه‌وه ‌چه‌ندین توندره‌و جیهادی ئه‌و گروپه‌ی به‌ره‌ڵا كردووه‌و رێگه‌ی پێداون بگه‌رێنه‌وه‌ ناو داعش و، ئه‌وه‌ش به‌ بێ شك گومانێكی تر ئه‌خاته‌ پاڵ توركیاوه‌.

كلاودیا رۆس، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە بۆ بینینی پەنابەرانی كوردی شنگال و كۆبانێ چووبووە توركیا و باكووری كوردستان، بە تووندی رەخنەی لە حكومەتی توركیا گرت و، بە پشتیوانیكردن لە داعش تۆمەتباری كردو، وتی ئه‌م وڵاته‌ سیاسەتێكی ناشیرین بەڕێوە ئه‌بات و، به‌ ئاشكه‌را پشتیوانی داعش ئه‌كات و رۆژی ئەوە هاتووە ناتۆ بە توركیا بڵێت : ئیدی بەسەو، پێشتر كاتیا كیپینك سه‌رۆكی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا توركیای تومه‌تبار كرد به‌وه‌ی كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ یارمه‌تی داعش ئه‌دات له‌ پێناو كپ كردنی ده‌نگی كوردان.

ئه‌مریكاو و بریتانیاو وڵاتانی ترو، پارت و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی رژێمی توركیای فاشستی به‌ یارمه‌تیدانی رێكخراوی چه‌ته‌كانی داعش تاوانبار ئه‌كه‌ن له‌ رووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و تفاقی شه‌رو تۆپ و تانك و هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كی لۆجیستی و ئه‌وانه‌ی دێنه‌ توركیا له‌ پاش مه‌شق و راهێنان و ئاماده‌كردنیان ره‌وانه‌ی عێراق و سوریا ئه‌كرێن و، هه‌ر به‌و جۆره‌ برینداره‌كانی داعش له‌ خه‌سه‌خانه‌كانی توركیا تیمار ئه‌كرین و، بۆ نموونه‌
نزیكەی 180 چەكداری داعش كە لە هێرشە ئاسمانییەكانی داعشدا برینداربوون، لە نەخۆشخانەكانی توركیا      چارە سە ركراون.

 

سەرۆك كۆماری تیرۆریستی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی رووره‌ش له‌م دووایه‌دا چه‌ندین كه‌ره‌ت وتوویه‌تی جیاوازی له‌ نێوان په‌ كه‌ كه‌و داعش نییه‌و، له‌م رۆژانه‌شدا جارێكی دیكە وراوه‌كانی دووبارەكردەوە كە جیاوازی لە نێوان داعش و پەكەكە ناكات و، نێوبراو وتی ئەمەوێت جارێكی دیكە ئەوە بڵێمەوە، كە توركیا چۆن دژایەتی رێكخراوی تیرۆرستی داعش دەكات، بە هەمانشێوە لە دژی رێكخراوی تیرۆرستی په‌ كه‌ كه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رخودانی {كۆبانی} وه‌ك هه‌موو ناحه‌زان و كه‌سانی نامه‌ردو دوژمنانی كوردو كوردستان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست وتی كۆبانی نزیكه‌ له‌ كه‌وتن و، ئه‌وكاته‌ی بكه‌وێت بیر ئه‌كه‌ینه‌وه‌ چۆن بچینه‌ پێشه‌وه‌.

ئه‌مرۆ {25} رۆژه‌ خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌فی كۆبانی وتێكۆشه‌ران و شه‌رڤانانی په‌ په‌ ده‌و هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ به‌رخودان و داستانێكی بێ وێنه‌دا رووبه‌رووی درنده‌ترین شاڵاوی تیرۆریستانی ده‌وڵه‌تی خه‌ڵه‌فاوی خه‌لافه‌تی ئیسلامی (داعش) ئه‌بنه‌وه‌و، نیازی ئه‌و هێزو ده‌وڵه‌تانه‌ش كه‌ چه‌ته‌كانی داعشیان بۆ خواست و مه‌رامی خۆیان به‌كار ئه‌هێناو ئه‌هێنن پوچه‌ڵ ئه‌كه‌نه‌وه‌.

دیاره‌ خه‌ونی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و دوسته‌ زه‌لیله‌كانی و هه‌موو تیرۆریستان له‌ به‌رامبه‌ر قاره‌مانێتی شه‌رڤانان و خۆراگری {كۆبانی} نایته‌دی و، سه‌ركه‌وتنی {كۆبانی} ته‌رازووی سه‌نگه‌كان ئه‌گۆرێت و سه‌ری دوژمنان نه‌وێ ئه‌كات و، ئه‌بێته‌ مایه‌ی خۆشی وكامه‌رانی سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان له‌ كوردستانی گه‌وره‌داو، پێویسته‌ هه‌موومان به‌یه‌ك ده‌نگ له‌ سه‌نگه‌ری پشتیوانی له‌ خۆراگری {كۆبانی} بین و، ئه‌‌بێ كوردان له‌ هه‌ر شوێنێكی‌ جیهان بن بۆ پاراستنی‌ كوبانێ‌ هه‌ر شتێكیان پێئه‌كرێت با هه‌ر ئێستا هه‌نگاوبنێن.

روون و ئاشكرایه‌ توركیای فاشیست یارمه‌تیده‌رو پشتیوانی چه‌ته‌كانی داعشه‌و هه‌موو دونیا ئه‌زانێت، بۆیه‌ ئه‌بێ هه‌ر هه‌موو ئێمه‌ی كوردو دۆسته‌كانمان و ئه‌وانه‌ی پشتگیری له‌ مافی مرۆڤ ئه‌كه‌ن داوا بكه‌ین توركیا وه‌ك وڵاتێكی تیرۆریست بناسن و له‌ رووی سیاسیشه‌وه‌ ترۆی بكه‌ن.

10/10/2014              ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles