شه‌ست و هه‌شته‌مین ساڵیادی رۆژی نیشتمانی شانشینی ئه‌رده‌ن

 

 

 

به‌بۆنه‌ی شه‌ست و هه‌شته‌مین ساڵیادی رۆژی نیشتمانی شانشینی ئه‌رده‌ن، كونسوڵگه‌ری گشتی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێم ئێواره‌ی دوێنی به‌ ئاماده‌بوونی د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی هه‌رێم و په‌رله‌مانتار و به‌رپرسانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و ره‌وه‌ندی شانشینی ئه‌رده‌ن له‌ هه‌رێم مه‌ڕاسیمێك به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز فایز ئه‌لخوری كونسوڵی گشتی ئه‌رده‌ن له‌ هه‌رێم ووتارێكی پێشكه‌ش كرد، وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر مێژووی دروستبوونی رۆژی نیشتمانی و رۆژی سوپای وڵاته‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد.

هه‌روا باسی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و برایه‌تی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌ردوو گه‌ل كرد. له‌م رووه‌وه‌ گووتی ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ نامۆیی ناكه‌ین و هه‌ست ده‌كه‌ین له‌ نێو دۆست و براكانمانین.

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌ رۆلی به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی كرد له‌ پێشخستن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا. ویستی به‌ڕێز شا عه‌بدوڵڵا و حكومه‌تی ئه‌رده‌نی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ به‌رده‌میدان به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

كونسوڵی گشتی شانشینی ئه‌رده‌ن باسی له‌ ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كان و قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوولا كرد. به‌ڕێزیان گووتی ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیای ئه‌رده‌نی له‌ بواری جیاجیا له‌ هه‌رێمی كوردستان بوونیان هه‌یه‌و چه‌ندین ناوه‌ند و سه‌نته‌ری پزیشكی لێره‌ كارده‌كه‌ن. هێڵی ئاسمانی مه‌له‌كی هه‌فتانه‌ 9 گه‌شتی راسته‌وخۆی هه‌یه‌، هاوكات چه‌ندین یاداشتی لێك تێگه‌یشتن له‌ نێوان هه‌ردوولا ئیمزا كراوه‌ بۆ زیاتر پێشخستنی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان.

به‌ڕێزیان ستایشی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد له‌مه‌ڕ په‌ره‌پێدی په‌یوه‌ندیه‌كان و بایه‌خدان به‌ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێم. له‌م رووه‌وه‌ هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی بۆ گه‌لی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی خواست.

پاشان فه‌لاح مسته‌فا به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتارێكی پێشكه‌ش كرد و پیرۆزبایی 68 ه‌مین ساڵیادی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی له‌ گه‌ل و حكومه‌تی ئه‌رده‌ن كرد و باسی له‌ په‌یوه‌ندیه‌ له‌ مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوولا كرد و گووتی خاڵی گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵدراوه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان به‌ره‌وپێش بچن.

هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێك سه‌یری شانشینی ئه‌رده‌ن ده‌كات و ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كان و قه‌باره‌ی ئابووری نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌ڵكشانی به‌رده‌وامدایه‌. بوونی كونسوڵگه‌ری گشتی و چه‌ندین كۆمپانیای وه‌به‌رهێنان و گه‌شتی ئاسمانی راسته‌وخۆ نیشانه‌ی ویستی شانشینی ئه‌رده‌نه‌ بۆ درێژه‌دان و پێشخستنی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كان. هه‌روا له‌ مانگی رابردوو دیداری نێوان سه‌رۆك بارزانی و شا عه‌بدوڵلا شای ئه‌رده‌ن به‌ڕێوه‌چوو كه‌ ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ پته‌وی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

فه‌لاح مسته‌فا تیشكی خسته‌ سه‌ر ته‌نگژه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌واو چه‌ند پارێزگایه‌كی تری عیراق و گووتی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ ناوچه‌یه‌كی ئارامن و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه‌. هاوكات سوپاسی ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌و زێره‌ڤانی كرد له‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری كوردستان.

 

 

 

Related Articles