بەهیوای کەیف خۆشی و سەلامەتیتم:
بەدەستهێنانی ئەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەدەستت هێناوە چ بە هۆی کەسایەتی خۆتەوەبێ یان کاریگەری لیستەکەت بێت، جێی ڕێزلێنانە.
بەڕێزم هەرچەندە دووربەوور یەکتری دەناسین و پەیوەندییەکی ئەوتۆ لەنێوانماندا نییە ، بەڵام بەئەرکی سەرشانمی دەزانم ئەم نامەیەت ئاڕاستە بکەم و مەبەستیشم تەنهاو تەنها بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتییە.
کاک هەڤاڵ خۆت ئاگاداری کە قەزای هەڵەبجە ئێستا بۆتە پارێزگاو بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێم واژۆی بەپارێزگار بوونی کراوە و پەرلەمانی عێراقیش پیرۆزبایی بوونی کردووە.
هەمووان ئاگادارن کەهەڵەبجە لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و کارەسات و ناپاڵم بارانکردن و کیمیاوی بارانکردن کە بەدرێژایی مێژوو تووشی هاتووە و زەرەرمەنترین شارە لە کوردستان، هێشتا وەک پێویست خزمەتێکی ئەوتۆی بۆنەکراوە کە شایەنی باسکردن بێت.
لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان هەڵەبجە هێشتا هەر قەزا بوو و سەربە پارێزگای سلێمانی بوو، بۆیە لەو کاتەدا باشترین و دڵسۆزترین کەسانی ئەو شارە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی خۆیان هەڵبژارد.
من لێرەدا پێشنیارێک دەخەمە پێش بەڕێزت و دڵنیام گەر قبوڵی بکەیت لەبەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتی و هەڵەبجەی شەهیددایە.
گەر بێت بەڕێزت لە بوون بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یان پارێزگاری سلێمانی دەست بکێشیتەوە و مەردانە قۆلێ لێ هەڵبماڵیت و دەستبەجێ هەوڵ بدەیت بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەیتە بوواری جێبەجێکردنەوە و خۆشت بەحوکمی ئەوەی خەڵکی هەڵەبجەیت داوای بوون بەپارێزگاری ئەو شارە بکەیت، کارێکی زۆر باشە.
دەکرێت هێزو تواناکانت بۆ خزمەتکردنی شارەکەت و ناوچەکەت تەرخان بکەیت و هەڵەبجە بگەیەنییتە ئاستی سلێمانی و بیکەیتە شاری ئاشتی.
ئەوەی من دەیڵێم یاساییە، چونکە هەر پارێزگایەک پێویستە خەڵکی پارێزگاکە نوێنەرایەتی بکات. ئێستا هەڵەبجە پارێزگایە و پێویستە کەسانی وەک بەڕێزت خزمەتی بکەن و نووێنەرایەتی بکەن.
من دڵنیام بەم هەنگاوە ئارامی و بەرەوپێشچوون ڕوودەکاتە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و لیستەکەشت ڕووبەرێکی فراوانتر دەکەوێتە بەردەستی و دەتوانێ خزمەت زیتر بکات.
ڕێز و حورمەتم
عومەر فارس عەزیز
٢١-٧-٢٠١٤ سلێمانی