شاجوانی پێشووی كوردستان: بڕوام به‌خۆم هه‌یه‌ ببمه‌ شاجوانی جیهان و ئه‌گه‌ریش له‌ پێشبڕكێی شاجوانی جیهان نمایشه‌كه‌ به‌ جلی ژێره‌وه‌ بوایه‌ به‌شداریم نه‌ده‌كرد ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

شێنی عه‌زیز ئاكۆ، یه‌كه‌مین شاجوانی كوردستان دوای ونبوونێكی زۆر و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاتی نه‌رویج چه‌ندین قسه‌وباسی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو به‌جۆرێكی دیكه‌ له‌كوردستان ده‌ركه‌وته‌وه‌ و ئاهه‌نگی ئه‌وه‌ی گێڕا كه‌ به‌شداری له‌پێشبڕكێی جیهانی كردووه‌ miss world كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌مساڵ له‌ وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ بچێت. ئێستا شێنی له‌كوردستان خه‌ریكی ئاماده‌كارییه‌كانه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ (سڤیل) كه‌وته‌ گفتوگۆ.

سڤیل: ماوه‌یه‌كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كان دووریت، بۆچی خۆت ونكرد؟

شاجوان: راسته‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك بوو له‌راگه‌یاندنه‌كان دوور بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌هۆی سه‌رقاڵبوونم بوو به‌خوێندن له‌وڵاتی دووه‌مم (نه‌رویج)، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵبوونیشم به‌وه‌رگرتنمان له‌پێشبڕكێی ئه‌مساڵی شاجوانی جیهان (miss world) .

سڤیل: شاجوانه‌كانی پێشتر ره‌تیانكرده‌وه‌ به‌شداری شاجوانی جیهان بكه‌ن، چونكه‌ به‌ جلی ژێره‌وه‌یه‌، چۆن بوو بڕیارتدا ئه‌وه‌ بكه‌یت؟

شاجوان: پێمخۆشبوو ئه‌و پرسیاره‌تان كرد بۆئه‌وه‌ی هه‌ندێك به‌رچاو روونی زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌ بده‌ین، له‌سه‌ر ئاستی جیهان دوو پێشبڕكێی گرنگ هه‌ن ئه‌وانیش (miss world-) ‌و (miss universe)، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا جیاوازن، بۆ نموونه‌ له‌ (miss world) پێویست ناكات كچه‌ به‌شداربووه‌كان به‌ (مایۆ- جلی ژێره‌وه‌) به‌شداری بكه‌ن‌و گرنگی به‌پڕۆژه‌ی خێرخوازی ده‌دات، واته‌ نایه‌وێت كچ ته‌نها وه‌ك نمایشكاری جلوبه‌رگ ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت گرنگی زیاتر به‌ به‌هێزبوونی ئافره‌ت بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م گرنگی به‌جوانی ده‌ده‌ن‌و ده‌بێت ئافره‌ت به‌جلی ژێره‌وه‌ به‌شداری بكات.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی به‌شداربوون له‌شاجوانی جیهان، نمایشكردن بوایه‌ به‌جلی ژێره‌وه‌، بێگومان منیش به‌شداریم نه‌ده‌كرد.

سڤیل: چۆن هه‌نگاوه‌كانت بڕی تاوه‌كو گه‌یشتیت به‌ شاجوانی جیهان؟

شاجوان: بێگومان گه‌یشتنمان بۆ به‌شداریكردن له‌شاجوانی جیهان یه‌كێك بوو له‌خه‌ونه‌كانم ‌و هه‌ر له‌گه‌لڵ بوونم به‌شاجوانی كوردستان هه‌وڵم بۆ داوه‌، بۆیه‌ دوای هه‌وڵدان ‌و ماندوبوونێكی زۆر، توانیمان وه‌ك (شاجوانی كوردستان 2012-2013) به‌شداری بكه‌ین له‌شاجوانی جیهان 2014، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا ده‌بوایه‌ وه‌ك (شاجوانی عێراق) به‌شداری بكه‌ین، به‌ڵام دوای قسه‌كردنێكی زۆر له‌گه‌ڵیان، وه‌ك (كوردستان) قبوڵكراین.

سڤیل: له‌وێ‌ شاجوانی چه‌ند وڵاتت ناسیووه‌؟

شاجوان: له‌ڕاستیدا پێشبڕكێی ئه‌مساڵ له‌مانگی (11 یاخود 12) ـی ئه‌مساڵ له‌وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌و ئێمه‌ش مانگێك پێش ئه‌و كاته‌ ده‌ڕۆین بۆ شاری له‌نده‌ن، به‌ڵام به‌ته‌ئكید له‌وێ‌ شاجوانی وڵاتانی دیكه‌ش ده‌ناسین.

سڤیل: پێت وایه‌ بتوانی نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنی؟

شاجوان: بێگومان هه‌موو به‌شداربوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌و پێشبركێیه‌ كه‌ نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنێت، سه‌ره‌تا به‌شداریكردنمان به‌ناوی كوردستان هه‌نگاوی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتنه‌ ‌و ئه‌گه‌ریش بتوانین نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنین دووه‌مین سه‌ركه‌وتن تۆمار ده‌كه‌ین.

سڤیل: چ شتێك بۆ كوردستان ده‌كه‌یت؟

شاجوان: پێش به‌ده‌ستهێنانی نازناوه‌كه‌، یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنمانم به‌ده‌ستهێناوه‌ ئه‌ویش به‌شداریكردنه‌ وه‌ك (كوردستان)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنین ئه‌وا ده‌توانین له‌كاتی سه‌ردانكرنمان بۆ وڵاتان باسی جوانی سروشتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین‌و به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ خزمه‌تی زیاتری ئافره‌تانی كوردستان بكه‌م كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ گرنگه‌كانی شاجوانی جیهان.

سڤیل: شاجوانی له‌ كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت، كارئاسانی بۆ ده‌كرێت؟

شاجوان: هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنی شاجوان له‌كوردستن له‌چاو وڵاتانی تر باشتره‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی من هه‌مه‌ له‌بواری شاجوانیدا، پێموایه‌ كه‌ ده‌بێت حكومه‌ت‌و كه‌رتی تایبه‌ت زیاتر پشتگیری له‌پڕۆسه‌ی شاجوان بكه‌ن له‌كوردستان بۆئه‌وه‌ی ساڵ به‌ساڵ كچان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر به‌شداری بكه‌ن.

سڤیل: گۆڕانكارییه‌كی زۆر له‌رووخسارتدا روویداوه‌ ‌و خه‌ڵك پێیانوایه‌ نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریت كردووه‌‌و خۆشت ئه‌و قسه‌یه‌ت ره‌تده‌كیته‌وه‌ گوتت "ته‌نیا مایكاپت گۆڕیوه‌". ئێستاش هه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ڵامی تۆیه‌؟

شاجوان: من وه‌ك (شێنی) دژی نه‌شته‌رگه‌ری نیم چ بۆ پیاو‌چ بۆ ئافره‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆی پێی مورتاح بێت بۆ نه‌یكات؟ هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ش له‌روخسارمدا رووینه‌داوه‌ كه‌ خه‌ڵك وای ده‌بینیت ‌و گۆڕانكاریش ته‌نها به‌نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا دوای دوو ساڵ نه‌ك روخساری من، روخساری هیچ مرۆڤێك ناگۆڕێت؟ جگه‌ له‌وه‌ش زۆرجار پرسیارم لێده‌كریت كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه‌ چۆن به‌شداری ده‌كه‌یت له‌شاجوانی جیهان؟ له‌ڕاستیدا شاجوانی (جیهان) هیچ یاساییه‌كی نییه‌ كه‌ نابێت شاجوان نه‌شته‌رگه‌ریی نه‌كات.

سڤیل: به‌بڕوای تۆ پێویستی ده‌كرد ئه‌مساڵ ئه‌و هه‌موو شاجوانه‌ هه‌بێت؟ یاخود پرس‌و راوێژ به‌ تۆ كرا؟

شاجوان: له‌ڕاستیدا دیاریكردنی شاجوانه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاره‌وه‌ هه‌بوو بۆئه‌وه‌ی بۆ بواره‌كان جیابكرێنه‌وه‌‌و ئه‌وه‌ش كارێكی ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌هه‌موو وڵاتێكیش هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ دیاریكردنی ژماره‌ی شاجوانه‌كان نه‌خێر پرس‌و راوێژم پێنه‌كرا.

سڤیل: كێشه‌ی تۆ و شاجوانی ئه‌مساڵ فێنك محه‌مه‌د چییه‌؟ ئه‌و پێیوایه‌ نابی تۆ شاڵی شاجوانی به‌كاربێنی، چونكه‌ ماوه‌كه‌ت به‌سه‌رچووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌زۆربه‌ی موناسه‌بات و بۆنه‌كانی كوردستان تۆ به‌شداری ده‌كه‌یت وه‌كو شاجوان؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم فێنك ئه‌م قسه‌ و گله‌ییانه‌ی له‌ تۆیه‌ هه‌یه‌؟

شاجوان: له‌ڕاستیدا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان من و خاتوو (فێنك) ـدا نییه‌‌، به‌ڵكو چه‌ند جارێكیش پێكه‌وه‌ قسه‌مان كردووه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌خاتوو (فێنك) زۆر كه‌سی دیكه‌ش پرسیار ده‌كه‌ن كه‌ بۆچی تائێستاش (شاڵی شاجوان) ـی به‌كاردێنم؟ من وه‌ك (شاجوانی 2012ی كوردستان) و وه‌ك یه‌كه‌مین شاجوان، بۆم هه‌یه‌ هه‌تا حه‌زم لێ بێت ئه‌و (شاڵ) ـه‌ به‌كار بێنم ‌و به‌شداری بۆنه‌‌و یاده‌كان‌و خزمه‌تی كوردستان بكه‌م.

سڤیل: به‌گشتی قسه‌ و بۆچوونت له‌سه‌ر پڕۆژه‌ و كاره‌كانی شاجوانه‌كانی ئه‌مساڵ چییه‌؟

شاجوان: به‌و پێیه‌ی ئه‌مساڵ شه‌ش شاجوان هه‌یه‌‌و زۆربه‌شیان كار و پڕۆژه‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م‌ و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بتوانن هه‌ریه‌كه‌یان و له‌بواری خۆیاندا خزمه‌تی كوردستان بكه‌ن و ببنه‌ نموونه‌یه‌كی جوان بۆئه‌وه‌ی ئه‌مساڵیش كچانی زیاتر بڕۆنه‌ پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان.

 

Related Articles