لە پێشمەرگايەتيدا جاران عەدەد رەشاش و عەدەد ئاربيجی و شتيوا باوبوو. لە دوای راپەڕينە شکۆدارەکەی کوردستانيشەوە رۆژنامە خۆماڵيە سەربەخۆ هەقبێژەکان باسی "عەدەد مەسينە"ی هەندێ لە بەرپرسەکان و "عەدەد" نازانمچيی گەندەڵکارانيان دەکرد. . ! بەڵام وابزانم تا ئێستا باسی "عەدەد تەلەفۆن"ی هەندێ لە بەرپرسەکانيان نەکردووە!.
لەدەمێکەوە بووە بەباو کە هەندێ لە بەرپرسەکان وەڵامی تەلەفۆن نادەنەوەو کەسانێکيان دياری کردووە کە هەڵگری مۆبايلەکانيانبن و، ئەوان لە جياتيی خۆيان وەڵام بدەنەوە، چونکە وەڵامی هەموو کەس نادەنەوەو خۆيان بە بيروبۆچوون و داوای خەڵکەوە سەرقاڵ ناکەن. . !
يان لەبەر ئەوەيە کاتيان نيەو کاريان زۆرە!.
جا ئەگەر سەرنجبدرێ زۆربەی کات "عەدەد تەلەفۆن" بە دوای بەڵگەو بيانووی زۆر نابەجێدا دەگەڕێن و، لە وەڵامياندا باشترين بەڵگەشيان ئەوەيە دەڵێن "جەنابی بەرپرس لە کۆبوونەوەدايە"!.
سەيرە ئەم کۆبوونەوانە سەرەتايان هەيەو کۆتاييان نيە، زۆربەیجار بەيانيان "لە کۆبوونەوەدان"، دوای نيوەڕوان لە "کۆبوونەوەدان"، ئێواران "لە کۆبوونەوەدان"و تەنانەت شەو درەنگيش هەر لە "کۆبوونەوەدان"!!
ماڵی کۆبوونەوەم بەقوڕگرت! خۆزگە دەمزانی ئەم کۆبوونەوانە چين و چيان تێدا باسدەکرێت؟ ئاخۆ "عەدەد تەلەفۆن" نازانێ کە ئەم وەڵامە ناڕاستەی ئاشکرايە!؟
ديارە هەندێ بەرپرسیتر هەن سەريان رەحەتە! نە "عەدەد تەلەفۆن" دادەنێن و نەهيچ، بەڵکو وەڵامی تەلەفۆن نادەنەوە! ژمارەيەکی دياريکراو بە زۆربەی کەسان دەدەن کە هەميشە بێ وەڵامن، بۆ ئەوانەش بيانەوێ ژمارەی تايبەتی دەدەن!.
ئەی بەرپرسانی جەماوەری! ئەی ئەوانەی لەسەر حيسابی ئەم گەلی کوردستانە تێکۆشەرە بۆ کاتێک هەندێ پۆستی گرنگتان بەدەستەوەيە!
هەناسەيەکی پاک هەڵمژن، چاو لە بەرپرسە گەلێرو دڵسۆزو خزمەتگوزارەکان بکەن و بزانن: هەموو حاڵەت و بارو دۆخێک کۆتايی دێت، قۆڵی لێ هەڵکەن بۆ خزمەتی رۆڵەکانی ئەو گەلەی لەرووی تێکۆشان و کۆڵنەدان و نەبەزينيەوە ئێوەی گەياندە ئەو بارودۆخە. ئێوەش دەبێ بەڕاشکاوی وەڵاميان بدەنەوە، فيزو درۆو رواڵەت کەڵکتان ناگرێ. جام کە پڕبوو لێیدەڕژێ، ئەودەم پەشيمانی بەفرياتان ناکەوێ.
رۆژنامەی ئاوێنە (٤٣٩)
jalal. dabagh@gmail. com ٥/٨/٢٠١٤
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.