هەموو حزبەکان گرەو لەسەرچی دەکەن؟ ... جەلال دەباغ

هەندێکجار کاک عادل مورادی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان کە دەبێ و باشترە لە چوارچێوەی سياسەتی يەکێتیی نيشتيمانی کوردستانداو يان بۆ دەوڵەمەندترکردنی ئەو سياسەتە بپەيڤێت، بەڵام وتەی وای لەدەم دەردەچێت کە لە بنەڕەتدا پێچەوانەی سياسەتی حزبەکەی خۆشيەتی چ جای ئەوەی کە دوور لە واقيع دەدوێت. 

 نامەوێ بە هەموو وتەدەربڕين و هەڵوێستەکانی ئەم دووسێ ساڵەی ئەو برادەرە بەڕێزەدا بچمەوە، بەڵکو دەمەوێ تەنيا سەرنجێکی رەخنەگرانەی خێرا لە بەشێکی کەمی دوا وتەکانی بدەم کە لە ٢٧ی ئەيلولی ٢٠١٤دا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەيدا دەریبڕی.
کاک عادل لەوێدا دەڵێ: "هەموو حزبەكان گرەو لەسەر تێكچون و ناتەبایی ناو یەكێتی دەكەن، ئەگەر خوانەخواستە یەكێتی ناو یەكێتی تێكبچێ بەرنامەی ئەو حزبانە سەر دەگرێ، با ئەو فرسەتە نەدەین بە دەستیانەوە، "!! پيش ئەوەش هێرش دەباتە سەر (هەموو) حزبەکان!!
لێرەدا بۆمان هەيە بپرسين:
ئايا راستە (هەموو) حزبەکان گرەو لەسەر تێکچون و ناتەبايی ناو يەکێتی دەکەن؟!
 ئايا راستە بەرنامەی هەموو حزبەکان بۆ تێکچوونی ريزەکان و هێنانەدیی ناتەبایی ناو يەکێتيە؟ يان ئەوە بەرنامەی دوژمنان و نەيارانی گەلی کوردستانە؟
ئايا راستە ی. ن. ک. ئەوەندە "دوورەپەرێزەو تاقبۆتەوە" کە هەموو حزبەکان ئاواتەخوازبن "باری ناوخۆيی ئەو حزبە تێکچێ و ناتەبایی لەناو يەکێتيدا پەرەبستێنێ"؟.
پێموايە ئەم بۆچوونەی کاک عادل موراد زۆر لەراستيەوە دوورە، راستنيە هيچ حزبێک چ جای (هەموو) حزبەکانيش وا تاوانبار بکات.
لە کاتێکدا بەڕێز حاکم قادر هەر لەو کۆبوونەوەيەدا دەلێت: "هەرچی حزبی سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتكێشان و مەسیحیەكانە پێیان راگەیاندوین كە دەنگمان بۆ ئێوەیە بەو هیوایەین كە لە كۆبونەوەی لوتكەی حزبەكاندا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و سەرجەم پۆستەكانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی یەكلا بكرێنەوە " باشە ئەمە لە ناوەرۆکدا وەڵامێک نيە بۆ کاک عادل؟.
 بۆ نمونە باسی هەڵوێستەکانی حزبی ئێمە، حزبی شيوعی کوردستان دەکەم. وەک زۆربەی حزبەکانیتريش، هەرگيز گرەو لەسەر ئەوەناکەين و نامانەوێ و ئاواتەخوازنين تێکچوون و ناتەبایی ريزی هيچ حزبێکی نيشتيمانپەروەرو تێکۆشەرو ديموکراتخوازی کوردستانیی بگرێتەوە کە لەم بارودۆخەدا هاوپەيمانن بۆ بەرەورووبوونەوەو تێکشکاندنی تێرۆريستانی داعش و نمونەکانيان و بۆ هێنانەدیی ئامانجە کانمان.

شيوعيەکان هەميشە، لە رابوردوو ئێستاو لە ئايندەشدا تێکۆشانيان ئاڕاستەيە کە بە بەهێزبوونی ريزەکان و رێکخستنی حزبەکەی خۆيان، رێکخستنەکانی بزاڤی نيشتيمانی کوردستانی بەهێزبکەن نەک "تێکچوون و ناتەبایی"!. تاد.
داوا لە هاوڕێ عادل موراد دەکەم کە زياتر لە هەڵوێست و وتەکانی وردبێتەوەو بيربکاتەوەو" دۆو دۆشاو" تێکەڵ نەکات. !
کەی راستە بڵێت: "هەموو لایەك دەزانێت( "دەزانن" راستە- نووسەر) سیاسەتی هەڵەی چ حزبێك بوو كە بودجەی هەرێم برا" !
بۆچی ئاوا پاکانە بکرێت بۆ ماليکی و دەستەو دايەرەکەی کە بوجەی هەرێميان بڕی و ئەوە وا پيشان بدرێت کە" سياسەتی هەڵەی حزبێک بووە" لە حيزبە تێکۆشەرەکانی کوردستان. . ؟!
هيوادارم کاک عادل بە بۆچوونەکانی خۆيدا بچێتەوەو، پێويست ناکات جارێکی تريش هەموو بەرپرسە کوردستانيەکان لە بەغداو لەوانەش بەرپرسە باڵاکانی حزبەکەی خۆی پشتگوێ بخات و خوانەخواستە لە حەيدەر عبادی بپاڕێتەوە بۆ ناردنی مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانی کوردستان لە بوجەی دەوڵەت، هەروەک چۆن کاتی خۆی بەشێوەی "شەخسی" لە ماليکی پاڕايەوەو لەبەر خاتری بەڕێزيان موچەی نارد!!!
ئەمە بابەتێک نيە گەلەکەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان"سواڵی بۆ لەهيچ کەس و لايەنێک بکات" و "بە سواڵی کەسيش دڵخۆشبێت"، بەڵکو مافێکی رەوای گەلی کوردستانەو لە سامانی دەيان ساڵەو ئێستای دزراوی کوردستانەو دەبێ بدرێت. دەبێ ئەو مافە بستێنين، نابێ بۆ هيچ کارێک هەڵوێستی نوێنەرو بەرپرسە حکوميەکانی خۆمان لە بەغدا لاوازبکرێت.
چارەسەرمان تەنيا يەکگرتنمانە، تەنانەت لەبەرەيەکی کوردستانیی نوێشدابێت باشترە، يەکڕيزيمانە، يەکخستنی گوتاری سياسيمانە،  چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکانی ناو گەلە بە دانوستان و ديالۆگ، بۆيە لێرەدا باشە دەستپێشخەريەکەی هاوڕێ عەدنان موفتی ويەکێتی بەرز بنرخێنين بۆ چاری کێشەکان لەگەڵ پارتی بەوڕێگايە، چارەسەر هەوڵدانمانە بۆ تۆکمە کردنی پەيوەندیی دۆستانەمان وهاوپەيمانێتيمان لەم قۆناغە هەستيارەدا لەپێناو تێکشکاندنی تێرۆر و هێنانەدیی ئامانجی دێرينی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و گەيشتن بە دياریکردنی ئازادانەی چارەنووسی گەلەکەمان.
             This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.         

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles