بەرەی ئيمپێرياليزم و کۆنەپەرستی و سەرمايەداریی هاوچەرخ و گشت دوژمنانی سۆسياليزم، هەرچی لە تواناياندابوو کرديان، بە پڕۆپاگاندەو کۆشش و بە پارە، بۆ ژێرخستن و روخاندنی سۆسياليزم. لە ناوخۆشدا گەندەڵکاران و ناپاکان و هەڵەکاران و هەلپەرستان و لەڕێلادەران لەناو حزب و حکومەتدا بارودۆخێکی وايان خوڵقاند کە بووە مايەی لەباربردنی تاقيکردنەوەکەی سۆسياليزم لە يەکێتیی سۆڤيەت و وڵاتە سۆسياليستەکانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا.
وەک چۆن بەرپاکردن و سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسياليستیی مەزنی ئۆکتۆبەر بە رابەریی لێنينی مەزن کارتێکردنێکی پۆزێتيڤی گەورەی لەسەر هەموو بزاڤی کرێکارانی جيهان و چەپەکان و، بزاڤی ئاشتی و رزگاريخوازیی نيشتيمانی و نەتەوەیی هەموو دنيا هەبوو، جۆن ريد واتەنی هەموو جيهانی لەرزانەوە، هەر ئاواش رۆخاندن و ژێرکەوتنی ئەزمونی سۆسياليستی لە يەکێتیی سۆڤيەت و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپادا بە سەرکردەیی گۆرباچۆڤی خاين و بۆريس يەڵسنی خاين و ناپاک کارتێکردنێکی نێگاتيڤ و خراپی لەسەر هەموو بزاڤی کرێکارانی جيهان و چەپەکان و، بزاڤی رزگاريخوازیی نيشتيمانی و نەتەوەیی هەموو دنيا هەبوو، با بۆ کاتێکی دياريکراويشبێ.
بێگومان ئيمپێرياليزم و کۆنەپارێزان ئەم بارودخە نوێيەيان بۆبەرژەوەندیی چينايەتی خۆيان قۆستەوە.
لەسەروبەندی لێکهەڵوەشاندنەوەی پەيمانی وارشۆدا، بەهۆی داڕمانی ئەزمونەکەوە، بەرپرسانی ناتۆ(پەيمانی باکوری ئەتڵەنتی) و سەرۆکی ئەمريکاو سەرکردەکانی بڵاويانکردەوەو لە گوتارەکانياندا رايانگەياند:
" کە مادام پەيمانی وارشۆ نەما، ئيترمانەوەی ناتۆ هيچ مانايەکی نەما، لەبەر ئەوەی ناتۆ بۆ بەرهەڵستی پەيمانی وارشۆ دامەزرابوو، بۆيە ئيتر مانەوەی ناتۆش هيچ پێويست نیە".
بەڵام ئەوان درۆيانکردو وەک گوتراوە"درۆی پياوی گەورە سياسەتە". !
نەک تەنيا ناتۆيان هێشتەوە، بەڵکو زۆرتر بەهێزو فراوانيانکردو گەلێک لە دەوڵەتانی سۆڤيەتی جاران و يوگۆسلاڤيای جاران و هيتريشيان کردە ئەندامی ناتۆو، بۆ بەرژەوەندی خۆيان و هەڵسوڕانی شەڕخوازانەيان کاراتريان کرد.
ئينجا خۆيان و دامودەزگاکانيان لە هەموو لايەکی جيهاندا کەوتنە چالاکیی زۆرتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆيان و، بەدەستهێنانی بەرژەوەندی و شوێنپێی تازە. لەم بارەيەوە بەدەيان نمونەی زەقهەن.
ئيمپرياليزمی جيهانی بە سەرۆکايەتیی وڵاتە يەکگرتوەکانی ئەمريکا، بەهەموو هێزو توانايانەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەنديەکانی خۆيان و دەسەڵاتگرتن بەسەر نزيک بە تەواوی هەموو دنيای يەک جەمسەرداو بەسوود وەرگرتن لە تواناکانی خۆيان و وڵاتان، لە سامانەکانی ژێرزەوی و سەرزەوییان، پارەيەکی مۆڵيان دەستکەوتووەو دەستدەکەوێت و، بەڕاست و چەپدا بڵاوی دەکەنەوەو کاری پێچەوانەی بەرژەوەندیی گەلانيان لێدەوەشێتەوە کە لە رواڵەتدا پێچەوانەی ئەو بەرژەوەندییانەنين
تەنيا چەند نمونەيەک باسدەکەين:
- شتێکی نهێنی وپاشان ئاشکرابووە کە رێکخراوی تێرۆريستیی "قاعيدە" لەلايەن ئەمريکاو هاوکارانيەوە ناڕاستەوخۆ دروستکراو ملياردێرێکی سعودی بەناوی "ئوسامە بن لادن" راسپێردراو لە ژێر پەردەی ئيسلامەتیدا کەوتە کار کردن لە ئەفغانستان لەدژی دەسەڵاتی رێژیمە پێشکەوتنخوازەکەی ئەو وڵاتەو لەدژی يەکێتی سۆڤيەت، بەڵام پاش هێنانەدیی ئەو چەند ئامانجەيان وەک دەڵێن: "جادویی لە جادوکەر هەڵگەڕايەوە" و ئەمريکا دروستکراوەکەی خۆی پێدابين نەکراو کەوتنە بەربەرەکانی يەکتر. . ! ئەمريکا خۆی بە ناچاری "بن لادن" و چەند سەرکردەی ديکەی رێکخراوەکەی کوشت و، ئەوەتا ئێستا رێکخراوی تێرۆريستیی "قاعيدە" لەزۆر وڵاتی تريشدا هەرماون و بڵاوبوونەتەوەو لەسەر کاری تێرۆريستی بەرنامەڕێژ دژی گەلان بەردەوامن و مەگەر ئەمريکا هەر خۆی بزانێت وئێستە ئیتر ئاشکرابووە، کێن ئەوانەی يارمەتی و کۆمەکی دارایی ئەم رێکخراوە تێرۆريستيە دەدەن تا درێژە بەمانەوەی بدات؟!.
- هەروا شتێکی نهێنی وپاشان ئاشکرابووە کە رێکخراوی تێرۆريستیی "داعش" بەناو " دەوڵەتی ئيسلامی عيراق و شام"ديسان ناڕاستەوخۆ لەلايەن ئەمريکاو هاوکارانيەوە دروستکراو بە مليۆنەها دولاری تێدا خەرجکراو بە مەبەستی گومانلێکراو بە ناوی ئيسلام و" سونەگەری" يەوە وەک بەشێک لە سياسەتی "تايەفەگەریی" مەترسيدار لە سورياو عێراقەوە کەوتنەکارو ديسان "جادویی لە جادوکەر هەڵگەڕايەوە" و ئەمريکا ئەمەشی پێدابين نەکراو لەترسی بەرژەوەنديەکانی لەناوچەکەدا کەوتەوە بەربەرەکانیی ئەمەشيان، بێگومان لەم بوارەشدا بە مەبەستی خۆی تا ڕادەيەک يارمەتی کوردستان و گەلانی ناوچەکەو عێڕاقيشی داو بە فرۆکەکانی زۆرناوچەی هێزەکانی داعشی بۆردومانکردو بەرەوپێش چوونی ئەوهێزو لە شکرە دوا کەوتووەی سنووردارکرد. دەشبێ لەوەدا دەستخۆشیی لێ بکەين و سوپاسگوزاریبين!!!.
لەم بوارەشدا دەيان پرسيار دێنەپێشەوە:
- ئەو لايەنانەی نێو دەوڵەتی کە ناويان دەبرێ هاريکارو يارمەتيدەری (داعش) ن، بە تايبەتی هەموشيان بەشێوەيەک لە شێوەکان وابەستەی ئەمريکان، چۆن و لەبەرچی ئاوها پشتگيریی داعش دەکەن و ئاغاشيان تا رادەيەک لێیان بێدەنگە؟!
- چۆن پێنچ شەش رێکخراو لەو هاوپەيمانيەدا کۆبوونەوەو کێ کۆيکردنەوەو چۆن و بەچ مەبەستێک کۆنە بەعسيە تاوانکارەکانی عێراق لەگەڵيان کەوتن و کردنيە هاوپەيمان؟!
- چۆن و بە فەرمانی کێ سوپای عێراق (سوپاکەی نوری ماليکی) لە پارێزگای موسڵ و لە پارێزگای تکريت و ئەنبارو هەندێ ناوچەیتر لەبەردەمی داعشدا لێک هەڵوەشانەوەو يەک فيشەکيان نەتەقاندو هەموو چەکەکانيان، بە هەمبەرەکانی ئەمريکاشەوە، رادەستی داعش کرد؟!
- ئەی چۆن و بە فەرمانی کێ دووەم ئەندامی ناتۆ کە تورکيايە يارمەتیی داعش دەدات و رێگەی هاتوچۆيان بۆ هاتنە ناو سوريە بۆ ئاسان دەکات و بريندارەکانيان لە خەستەخانەکانی خۆيدا بۆ تيماردەکات و، پيلان لە دژی بزاڤی رزگاريخوازیی کورد لە باکوری کوردستان دادەرێژێت و . . تاد. ؟!
- ئەی رۆڵی زايونيزم لەو ناوەندەدا چييە؟!
ئەمانەو چەندان پرسياريتر دێنەپێشەوەو پێويستيان بە وەڵامدانەوەيە.
ئەمريکاو وڵاتە زلهێزەکانی سەرمايەداری لەم بارودۆخەدا بە ئارەزووی دڵی خۆيان چەک و جبەخانە دەفرۆشن، بەهەموو شێوازێک دەيانەوێ چەکی دروستکراوی سۆڤيەتی جاران کە روسيای سەرمايەداری لەسەر بەرهەمهێنانيان بەردەوامە بێ بايەخ و کۆن پيشانبدەن، لەکاتێکدا بۆ نمونە چەکی سوکی کڵاشينکۆف تا ئێستاش لە چەکی سوکی هەموو دنيای سەرمايەداری گونجاوترو پەسەندترە. ئەمريکاو هەندێ لە وڵاتانی سەرمايەداری، چەک و جبەخانەو فڕۆکە جەنگيەکانيان لە کوشتنی مرۆڤدا تاقيدەکەنەوەو، فيشەک و گولەتۆپە عەمبارکراوەکانيان پێش ئەوەی ئێکسپايەربن بۆ کوشتنی مرۆڤەکان بەکاردێنن و زۆر لە وڵاتانی دنيا ناچاری کڕينيان دەکەن، وەک بيانەوی تێئۆريەکەی ئابوریزانی سەرمايەداری (ماڵتۆس) بەکاربێنن کە دەڵێ شەڕ باشترين هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی دانيشتوانی سەرزەوی، بۆيە ئەمريکاو سەرمايەدارە زلهێزەکان بەلايانەوە زۆر ئاساییە خەڵکی زياترو زياتر بکوژرێن، بەلايانەوە زۆر ئاساييە دواکەوتووترين و کۆنەپارێزترين کۆڕو کۆمەڵ دەسەڵاتداریی وڵاتان بگرنەدەست و رێگری لە دەسەڵاتی چەپ و پێشکەوتنخوازەکان بکەن.
ئەمريکا بەو يەکجەمسەريەی دنيا بەس ناکات، بەوە بەس ناکات کە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ پشتگيریی گەرباچۆڤ و يەڵسنی ناپاک و ژێرخستنی ئەزموونی سۆسياليزم لە يەکێتیی سۆڤيەت و وڵاتانی
رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵکو دەيەوێ تەنانەت گەمارۆی روسيای سەرمايەداریش بدات.
ئەمريکا بە شێوەيەکی پێچەوانەی هەموو ياسايەکی نێودەوڵەتی دەست لە هەموو کاروبارێکی وڵاتان وەردەدات و تەنگی بە روسيای سەرمايەداری هەڵچنيوەو گەمارۆی ئابوریی بەسەردا سەپاندوەو بە چەکی قورس ئۆکرانيا لە دژی روسيا چەکداردەکات و قەيرانی ئۆکرانيا وەزيرانی دەرەوەی يەکێتی ئەوروپا کۆدەکاتەوە بۆ دەستێوەردانی ئاشکرا لە کارو باری ناوخۆی ئۆکرانياو روسيادا.
تا ڕادەيەکی زۆريش نەتەوە يەکگرتوەکانی ئەم سەردەمەی ژێرسايەی يەکجەمسەریی دنيا کەوتۆتە ژێردەسەڵاتی ئەمريکاو سەرمايەدارە زلهێزەکان وبە ئاشکرا لەنۆرمی جارانی دەستێوەرنەدان لە کاروباری
ناوخۆی دەوڵەتان لايانداوەو هەموو جۆرە دەستێوەردانێک بۆ بەرژەوەندیی خۆيان ئەنجامدەدەن و بە ئاسایی دەزانن بێئەوەی دەزگايەکی نێودەوڵەتی بەسەريانەوە چاودێربێت.
بێگومان هەموو ئەم بۆچونانە ئەوە ناگەيەنێت کە هەرێمی کوردستان، لەم هەڵ و مەرجەدا، سوود لە هاوکاریی ئەمریکاو هاوپەيمانەکانی وەرنەگرێت بۆ تێکشکاندنی تێرۆريستانی داعش کە دواکەوتووترين هێزی ئەم دنيايەن و دەيانەوێ کوردستانی ئێمە بە هەموو سامانەکانيەوە داگير بکەن و رەوڕەوەی مێژو بەرەو دواوە بگێڕنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە دنيای يەکجەمسەريدا روودەدات کۆتایی دنيانییە، بەڵکو دەبێ گەشبينبين بەتوانای لەبننەهاتووی گەلان وهێزە پێشکەوتنخوازەکان و چەپ و سۆسياليست و ئاشتيخوازانی هەموو دنيا، لە تێکۆشانياندا بەرەو هێنانەدیی جيهانێکی بەختيارو گەشەدارترو بنياتنانی دوارۆژێکی باشتر.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.