ئەی دایکانی خەمبار،
ڕەنگە شەوگار گەلێک درێژ بێت،
پێشئەوەی لە گەشتی دووری بگەڕێتەوە،
گۆرانیەکان لە لوتکە بەرزەکاندا ووشک دەبنەوە،
سووردەکانیش لە گۆنای قەت پاڵەکاندا وون دەبن،
وەرن دڵوپە فرمێسکێک بسڕنەوە،
کە لە چاوی منداڵێکی کورد دێتە خوارێ.
تف بکە ڕوو و عەمامەی پیاوە ڕەشەکان،
بۆ ئەوەی خەمی ووڵاتەکەمان بشۆینەوە،
زۆر چاوەڕوان مەبن،
ڕەنگە ڕێگاکان پڕ تارمایی بن،
ڕەنگە تاریکی گێڵگەکان بخواتەوە،
دەڕەدێوێک وون دەبێ و
لەسەر پشتمان دەرەدێوێکی دی دەردەکەوێت،
تا شەهید لەگەڵ گزنگی بەیاندا دەردەکەوێت،
کوردستان بەهەوری خەما تێدەپەڕێت،
لە لوتکەی کێوەکاندا دەگەڕێت،
بە دوای ڕوحی قارەمانەکان،
کاتێکیش شەهید سەرهەڵدەبڕێت،
دیسان پەنجە درێژ دەکات،
بۆ پەلەپیتکەی تفەنگ،
کێوەبەرزەکان پر بە گەروو هاوار دەکەن،
وا گەڕایەوە
پێدەشت و هەردەکان،
بەدەم گۆرانی ووتنەوە
دەڵێن
وا دیسان گەرایەوە . . .
زۆر چاوەروان مەبن
ڕەنگە کاتێک هەتاو لە ناو چەقی ئاسماندا ئۆقرە دەگرێت،
شەهید دیسان سواری ئەسپەشیکەی دەبێت و
سەر لە نوی سەرقافڵەی خەبات دەگرێت و
کاتێکیش لەسەنگەرەکانی پێشەوە،
دیسان ڕوح دەبەخشیت بە کوردستانەکەی،
لەو کاتەدا هەتاوە دیلەکەمان چاوی هەڵدەکڵۆفێت و
لە خەوی هەزار ساڵەی دەردەپەڕێت . . .
چاوەروان مەبن زۆر،
ئێمە نازانین لەم کاروانە درێژەماندا،
چەن دیوار و تاشە بەردمان دەتەقێتەوە،
مەراقی چەند پرسیار،
لەنێو سەرماندا لەق دەبێت،
چەند دڵۆپە فرمێسکمان،
لە ئاسۆکاندا گەش دەبێتەوە .
تابلۆ حسن:ماستەر لە سایکۆلۆژی