- *زۆرینه‌ی كۆمپانیا زهبهحهلاكانی دنیا پێشبڕكێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر نه‌وت و گازی كوردستان
- *ناردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ره‌وشی هه‌رێم و ناوچه‌كه ده‌بێ
هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ توركیا و له‌وێشه‌وه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان ده‌ستی پێكرد. شاره‌زایانی ئابووری ئه‌م هه‌نگاوه به ده‌سپێكی رووداوێكی گرنگ ده‌زانن كه به هۆیه‌وه له رووی سیاسیی و ئابوورییه‌وه پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌بێته‌وه و ده‌بێته سه‌نته‌رێكی گرنگی ئابووری له ناوچه‌كه‌دا. به رای شاره‌زایانی ئابووری ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌رباری هه‌ر ره‌خنه و تێبینییه‌ك هه‌نگاوێكی پۆزه‌تیڤ و چاره‌نووسسازه، چوونكه سه‌ره‌تای به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستانه وه‌ك دیفاكتۆیه‌كی سیاسیی له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا.
هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت
شاره‌زایه‌كی بواری نه‌وت پێشبینی ده‌كات، هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی دوو ساڵی داهاتوو، بگاته زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا، پێشیوایه هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ریایه‌كه له نه‌وت. سوبحی به‌دری، شاره‌زای بواری نه‌وت، ده‌ڵێت "مژده‌ی دۆزینه‌وه‌ی بڕێكی زۆر له نه‌وت و گاز له یه‌كێك له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن گروپی كۆمپانیاكانی M. O. L مه‌جه‌ر بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ر بوو"، وتیشی "هه‌ر به‌ره‌وپێش چوونێك له هه‌رێم خزمه‌ت به عێراق ده‌گه‌یه‌نێت".
به‌دری پێشبینی ده‌كات، هه‌رێمی كوردستان له توانایدا بێت رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له ماوه‌ی هه‌ر دوو ساڵی 2014 و 2015 بگه‌یه‌نێته یه‌ك ملیۆن به‌رمیل یان زیاتر له رۆژێكدا، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ریایه‌كه له نه‌وت و ده‌وڵه‌مه‌نده به‌و سه‌رچاوه سروشتییه". به وته‌ی به‌دری هه‌ردوو یاسای وه‌به‌رهێنان و نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، له یاسا پێشكهوتووهكانن له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "پێده‌چێت عێراق به هۆی زۆری نه‌وتی هه‌رێم ببێته یه‌كێك له وڵاته به‌هێزه‌كانی ناوچه‌كه له رووی هه‌نارده‌ی نه‌وت، دوای پاشه‌كشه‌ی چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه".
پێشتر گروپی كۆمپانیای M. O. L مه‌جه‌ر، كه كار له كه‌رتی نه‌وتدا ده‌كات له هه‌رێم ئاشكرایكردبوو، رێژه‌یه‌كی زۆر نه‌وتی خاوی له یه‌كێك له‌كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دۆزیوه‌ته‌وه و له ساڵی داهاتوه‌وه ده‌ست ده‌كات به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كێڵگه‌یه، كه پێده‌چێت 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا به‌رهه‌م بهێنێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه كۆمپانیای ئۆریكس پترۆلیۆم رایگه‌یاند پاش هه‌ڵكۆڵینێكی زۆر له ناوچه‌ی زێی گه‌وره له هه‌رێمی كوردستان له كێڵگه‌یه‌كدا نه‌وتی دۆزیوه‌ته‌وه كه توانای به‌رهه‌مهێنانی 4800 به‌رمیل نه‌وتی هه‌یه له رۆژێكدا. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیاكه "هێنری لاگار" كه كۆمپانیایه‌كی كه‌نه‌دییه و بنكه‌ی سه‌ره‌كی له شاری كالگری كه‌نه‌دایه به ئاژانسی هه‌واڵی UPI رایگه‌یاند، خۆشحاڵن هه‌وڵه‌كانیان سه‌ری گرتووه و نه‌وتیان له زێی گه‌وره دۆزیوه‌ته‌وه. ده‌ڵێت "ئێستا خه‌ریكی ئه‌وه‌ین دۆزینهوهكهمان په‌ره پێبده‌ین به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی بۆ بازرگانی". كێڵگه‌ی زێی گه‌وره كه‌وتووه‌ته نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك، شاره‌زایانی بواری نه‌وت ده‌ڵێن ئه‌و ناوچه‌یه زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و ئه‌گه‌ری هه‌یه زیاتر له 23 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له ژێر زه‌ویدا هه‌بێ.
د. بێوار خنسی، پسپۆری نه‌وت و گاز و راوێژكاری ئاسایشی ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێم، ده‌ڵێت "وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان رایگه‌یاندووه یه‌ده‌گی نه‌وت له‌هه‌رێم (هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك)، 45 ملیار به‌رمیله و دابه‌شی 52 بلۆك بوون، به‌ڵام به پێشبینی من له‌و ژماره‌یه زیاتره و نزیك ده‌بێته‌وه له 60 ملیار به‌رمیل".
رۆژانه 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ده‌كرێت
به پێی دوایین زانیارییه‌كان له ئێستادا رۆژانه (150) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده ده‌كرێت و تا كۆتایی ساڵی داهاتووش ئه‌و بڕه ده‌گاته (400) هه‌زار به‌رمیل. له میانی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمدا بۆ توركیا "رێككه‌وتن له‌باره‌ی ههناردهكردنهكهوه كراوه"، ئه‌وه له كاتێكدایه ئه‌و سه‌ردانه نیگه‌رانی به‌غدای لێكهوتهوه و ئه‌مه‌ریكاش له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه هاته ده‌نگ. سایتی (رووداو) له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، بڵاویكردوه‌ته‌وه به‌پێی پلانی ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌بێت تا ساڵی (2015) بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه بگاته یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "توركیا له نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، هه‌ولێری هه‌ڵبژارد"، به‌ڵام توركیا هه‌وڵ ده‌دات به‌غداش به‌و رێككه‌وتنه رازی بكات.
له وتارێكیشدا له كۆنفرانسی لووتكه‌ی ئاتلانتیك بۆ وزه، ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: رۆژ له دوای رۆژ له هه‌رێمی كوردستان كێڵگه‌ی نه‌وت ده‌دۆزرێته‌وه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی رۆژانه یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكرێ ده‌رفه‌تی گونجاو له به‌رده‌سته. وتیشی: خواستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه رۆژانه 2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده بكا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكوومه‌ت پێویستی به ته‌كنۆلۆژیایه‌كی پێشكه‌وتوو و راكێشانی بۆری نه‌وت و ئه‌زموونی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه.
وتیشی "بۆ یه‌كسان كاركردنی سیستمی ئێمه و سیستمی توركیا له نێوان هه‌ردوولادا چه‌ندین كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام دراون و ئه‌نجام ده‌درێن و كاتێك كۆتایی به‌و ئاماده‌كارییانه هات ئه‌وا ده‌ست به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌كرێ. ئه‌گه‌ر هیچ جۆره كێشه یا گرفتێكی نوێ ده‌رنه‌كه‌وێ له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا ده‌ست به هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ توركیا ده‌كه‌ین".
نه‌وت پێگه‌ی هه‌رێم به‌رز ده‌كاته‌وه
بیژان مۆساڤار رههمانی به‌رپرسێكی كۆمپانیای (DNO) ی نه‌روێجی، باسی ره‌وشی كه‌رتی نه‌وت له هه‌رێم ده‌كات و ده‌ڵێت "دوای كۆمپانیای گه‌نه‌ل ئه‌نه‌رجی، كۆمپانیاكه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان دووه‌مه. له‌گه‌ڵ كۆمپانیای گه‌نه‌ل ئه‌نه‌رجی له دوو بیردا نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنین. پێنچ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هیچ كه‌سێك نه‌یده‌زانی كوردستان له كوێیه، به‌ڵام ئێستا هه‌موو كه‌س به هۆی نه‌وته‌وه حكوومه‌تی كوردستان ده‌ناسێت".
لای خۆیه‌وه ئه‌دم نیوتۆن به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی راگه‌یاندنی كۆمپانیای (Maersk Oil) ی دانیماركی، باسی نه‌وتی كوردستان و داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و ده‌ڵێت "پێموایه ناردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ره‌وشی هه‌رێم و ناوچه‌كه ده‌بێت، بۆیه كاری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌كه‌ین و بڕیارمانداوه له ساڵی ٢٠١٤دا گه‌شه به كاره‌كه‌مان بده‌ین". ئه‌دم تیوتۆن رایگه‌یاند، رۆژ به رۆژ داواكاریی نه‌وت له‌جیهان زیاد ده‌بێ، بۆیه پێگه و جێگه‌ی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان زۆر گرنگ ده‌بێ.
له سێیه‌مین كۆنفرانسی وزه له شاری هه‌ولێر عیماد ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، رایگه‌یاند "نه‌وت له هه‌ر كوێیه‌ك بێت بازاڕ بۆ خۆی په‌یدا ده‌كات، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش بازاڕی بۆ په‌یدا بووه، رۆژ به رۆژ گه‌شه‌ی كردووه و به‌ره‌وپێشچووه، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای راستی و پشت ئه‌ستوور به ده‌ستووری عێراق و یاسای په‌رله‌مانی كوردستان توانیمان له‌و بواره پێشبكه‌وین و پێشكه‌وتنی گه‌وره‌تر له پێشه‌وه‌یه".
د. بێوار خنسی، پێیوایه له ئێستادا زۆربه‌ی كۆمپانیا زهبهحهلاكانی نه‌وت و گاز چاویان بڕیوه‌ته سامانی سروشتیی هه‌رێم، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێم و ده‌ڵێت "غازی سروشتی كوردستان، 3 تریلۆن مه‌تر چوار گۆشه‌یه". بۆیه له ئێستادا زۆرینه‌ی كۆمپانیا زهبهحهلاكانی دنیا پێشبڕكێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر نه‌وت و گازی كوردستان.
تێبینی: ئه‌م راپۆرته له ژماره "33"ی گۆڤاری "شه‌پۆل" له 15-12-2013 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.