- *ئیخوان هێزێكه له‌و ساته‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێ میانڕه‌وه به‌ڵام له ده‌سه‌ڵاتدا له ئه‌لقاعیده ده‌چێت
- *جیاوازیی نێوان قاعیده و ئیخوان هێنده‌ی جیاوازییه‌كی تاكتیكییه نیو هێنده ستراتیجی نییه
- *ئیخوان هیچ كات نه‌سڵه‌میوه‌ته‌وه له زه‌بروزه‌نگ و پیاده‌كردنی تیرۆری مه‌عنه‌ویی و به‌رجه‌سته
- *ئیخوان له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا له میسر لاسایی رژێمی تاڵیبان و ئێرانی كرده‌وه
سه‌ره‌نجام ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی میسر، بڕیاری كۆتایی له باره‌ی "ئیخوان موسلیمین"ه‌وه دا، بڕیاره‌كه‌ش به زیانی ئه‌و حزبه ئیسلامییه كۆتایی هات، چوونكه به پێی ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی میسریی، ئه‌و رێكخراوه خرابه لیستی تیرۆره‌وه، به پێی مادده‌ی 86ی یاسای سزادانی ئه‌و وڵاته‌ش، هه‌ر ئه‌ندامێكی ئیخوان ئه‌ستۆپاكی خۆی له‌لای لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان تۆمار نه‌كات، وه‌ك تیرۆرست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م بڕیاره‌ی حكوومه‌تی میسر، به ستراوهته به رێككه‌وتننامه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له هه‌مبه‌ر تیرۆر، به‌م پێیه بێت، له 14 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، ئیخوان وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆرستی مامه‌ڵه‌ی له ته‌كدا ده‌كرێت. لێ ئه‌م بڕیاره‌ی حكوومه‌تی میسر كاردانه‌وه‌ی جیا جیای به دوای خۆیدا هێناوه و ره‌نگبێ فه‌رته‌نه‌ی ئێستای میسر گه‌وره‌تر بكات، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره به هه‌نگاوێكی گرنگ داده‌نرێت كه هیچ حكوومه‌تێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی نه‌یوێراوه توخنی بكه‌وێت.
له دیدی ئێمه‌وه، ئه‌م بڕیاره‌ی حكوومه‌تی میسر، ئه‌گه‌رچی قورس و سه‌خته و به‌ر هه‌ڵچوونی زۆری لایه‌نگرانی ئیخوان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام بڕیارێكی مێژوویی و راتسیۆناڵهیه، كردنه‌وه‌ی دهلاقهیهكیشه بۆ وڵاتانی تری ناوچه‌كه، به پێی یاسای دژه تیرۆر، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه ئیسلامییانه بكه‌ن، هه‌را و زه‌نای جیهاد و دامه‌زراندنی حكوومه‌تی خه‌لافه‌تیان گوێی هه‌موو لایه‌كی كپ و كاس كردووه. پێویسته ئه‌م هه‌نگاوه‌ی میسر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پشتیوانی لێبكرێت، مامهداكی ئیخوان له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا، لاسایی رژێمی تاڵیبان و ئێرانی كرده‌وه، هه‌قوایه به‌ره‌ی ئازادیخوازیی ناپاكیی له‌گه‌ڵ دروشمه‌كانی خۆیان نه‌كه‌ن، ببنه فاكتۆرێكی به‌هێز له وزه به‌خشین به حكوومه‌تی نوێی میسر له پێنگاڤی به تیرۆرست ناساندنی ئیخوان، هه‌رچه‌نده كاتیش زۆر دره‌نگ بوو بۆ ئه‌و بڕیاره.
پاشخانی فیكریی و مێژوویی
رێكخراوی "ئیخوان موسلمین" له مارتی ساڵی 1928 له‌لایه‌ن "حه‌سه‌ن به‌ننا" له شاری "ئیسماعیلیه"ی میسر دروست كرا. ئه‌م رێكخراوه هه‌رچه‌ند وه‌ك گروپێكی ریفۆرمخواز خۆی نیشان ده‌دا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پراگماتیكی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ستێنه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرد، ئامانجیان دروستكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی خه‌لافه‌ت و گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ سه‌ره‌تاكانی ئیسلام. ئه‌م گروپه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی بۆش دروست نه‌ببوو، به‌ڵكو په‌ره‌پێده‌ری ئه‌و تێزه ئاینییانه بوو، ده‌مێك بوو له‌لایه‌ن "محه‌مه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌هاب" و "ئیبن ته‌یمیه" فۆرمۆڵه كرابوو. له مێژووی نزیكیشدا شێخ "محه‌مه‌د ره‌شید ره‌زا" كه قوتابییه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی "محه‌مه‌د عه‌بده" بوو، له 1911 به‌دواوه زۆر ته‌رح و فۆرمۆڵه‌به‌ندیی له رێگه‌ی گۆڤاری "مه‌نار"ه‌وه پێشكه‌ش كرد، كه یارمه‌تیده‌ری گرنگی پێكهاتن و گه‌ڵاڵه‌بوونی رێكخراوێكی وه‌ك "ئیخوان" بوو، یان به مانایه‌كی تر بۆچوونه‌كانی ئه‌وان كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بوو له گه‌شه‌كردنی بنه‌ما فیكریی و ئاینییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه ئاینییه سیاسییه.
حه‌سه‌ن به‌ننا، نموونه‌ی ئیسلامخوازێكی ته‌قلیدیی بوو، هیچ شاره‌زاییه‌كی قووڵی له هه‌مبه‌ر فیكری هاوچه‌رخی ئه‌و كاته‌ی مرۆڤایه‌تی نه‌بوو، ته‌نیا له بابه‌ته ئاینییه‌كانی ئیسلام شاره‌زایی هه‌بوو، كه هه‌ندێك جار له كۆڕی ده‌روێشاندا زیكری كردووه، كه ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه په‌رۆشیی "به‌ننا" بۆ ئیسلام له‌سه‌ر بنه‌مای فیكرێكی قووڵ نه‌بووه. "د. ماهر شه‌ریف" ده‌ڵێت "به‌ننا له ئاوایی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لایه‌كی ئهزههریی، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ ئاین په‌یدا كرد، پاش چوونی بۆ خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا، كۆمه‌ڵه‌ی –نه‌هی له مونكه‌ر-ی پێكهێنا و به‌ناو ئه‌و گروپه‌وه نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز و پڕگهڤ و چاوسووركردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌نووسی كه گوێیان به باوه‌ڕه‌كانی ئاین نه‌ده‌دا".
د. ماهر شه‌ریف، زیاتر كه‌سێتی "به‌ننا" روون ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت "حه‌سه‌ن به‌ننا وه‌ك رووناكبیرێكی دینداری كلاسیكی ده‌ركه‌وت، هه‌میشه بێ‌ئاگا بوو له كه‌له‌پووری عه‌قڵانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی و ئه‌ندێشه و بیر و بۆچوونه‌كانی رۆشنفكریی ئه‌وروپایی. بانگه‌شه‌كه‌ی حه‌سه‌ن به‌ننا، كه پشت ئه‌ستوور بوو به ئه‌ندێشه‌ی ساكار و وه‌عزی ئه‌خلاقی، له سه‌رده‌مێكدا ده‌ستیپێكرد، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تاندا قه‌یرانێكی ئابووری مه‌ترسیدار ته‌قییه‌وه و نازی و فاشیزمی تێدا ده‌ركه‌وت، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆشدا گیروگرفته ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وڵات دژوار ببوون و ئه‌زموونه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی میسری تێدا تووشی سه‌ره‌نگرێ ببوو".
ئیخوان، سوودی له‌و بارودۆخه ئاڵۆزه‌ی دنیا و ناوچه‌كه وه‌رگرت، توانی په‌ل و پۆ بهاوێژێت بۆ وڵاتانی دیكه، له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا گه‌یشته ئاستی رێكخراوی تۆكمه و خاوه‌ن ناوبانگ. لێ ئیخوان هه‌میشه هێزێكی ئۆپۆرتۆنیست بووه و ویستوویه‌تی ئامانجه راسته‌قینه‌كانی وه‌ك ته‌ڵیسم و به نهێنی بهێڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه له كه‌س شاراوه نییه، ئیخوان له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا، ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئاكاری ئیسلامی پێشین و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت. "مه‌جید مورادی رۆدپشتی" به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی بنه‌ما ئایدۆلۆجییه‌كانی ئیخوان له‌م چوار خاڵه‌دا كورت ده‌كاته‌وه:
یه‌كه‌م: سه‌رتاپاگیریی ئیسلام و گرتنه‌خۆی ئاین و دنیا و بایه‌خی جیانه‌كردنه‌وه‌ی نێوان ئاین و دنیا. چوونكه ئیسلام، كۆی عیبادهت و حوكمڕانی، ئاین و ده‌وڵه‌ت، مه‌عنه‌وییه‌ت و كار، نوێژ و جیهاد و قورئان و شمشێره.
دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه بۆ پره‌نسیپه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئیسلام.
سێیه‌م: یه‌كێتی جیهانی ئیسلام چوونكه موسڵمانان، میلله‌تێكی یه‌كگرتوون، نیشتمانی ئیسلام یه‌ك نیشتمانه.
چواره‌م: حكوومه‌تی ئیسلامی، یه‌كه‌م و دوا ئامانجی ئیخوانه. پاشان په‌ره‌پێدانی پره‌نسیپ و بنهماكانێتی.
توندوتیژیی ئاینیی لای ئیخوان
ئیخوان یه‌كه‌م رێكخراوی ئیسلامی سیاسییه له دیرۆكدا، پێش "حه‌سه‌ن به‌ننا" هیچ كه‌س نه‌بووه، به‌و فۆرمه كاریگه‌ره ئاین و سیاسه‌ت تێكه‌ڵاو بكات، یان به دیوێكی تردا، "به‌ننا" به دروستكردنی ئیخوان یه‌كه‌م كه‌س بوو، ئیسلام و كاری حزبایه‌تی و سیاسه‌تی پێكه‌وه گرێدا. له‌م سۆنگه‌وه ئیخوان به دایكی كۆی رێكخراوه ئیسلامییه‌كانی دیكه داده‌نرێت و هه‌موویان له ره‌حمی ئه‌م حزبه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ر. لێ هه‌وڵی زۆر ده‌درێت ئیخوان وه‌ك هێزێكی میانڕۆ بناسێنرێت، به‌وه‌ی بڕوای به "جیهاد" نییه، به‌ڵام یه‌كه‌مین سه‌ره‌تاكانی توندوتیژیی لای ئیسلامی سیاسیی هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئیخوان.
حه‌سه‌ن به‌ننا، تێكۆشانی زۆری كرد، ئه‌و حه‌دیسه‌ی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د، به لاواز پێناسه بكات كه باس له‌وه ده‌كات، به‌رزترین پله‌ی جیهاد، جیهاد و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌فسه. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ماندووبوونی زۆری بینیوه بۆ ئه‌وه‌ی پشتڕاستی بكاته‌وه، به‌رزترین پله‌ی جیهاد، بریتییه له خه‌باتی چه‌كدارانه و شمشێر هه‌ڵگرتن.
ئه‌وه بۆ خۆی جێی تێڕامانه كه ساڵی 1938 ئیخوانه‌كان ناوی "النژیر"یان بۆ گۆڤاری هه‌فتانه‌ی خۆیان هه‌ڵبژارد ناوێك كه له ناوه‌ڕۆكدا زۆر مانای له خۆگرتووه، له‌وانه كه سامناكترینیانه ئه‌وه‌یه، ئه‌م ناوه له قورئاندا گوزارشتێكه له په‌یامی خواوه‌ند بۆ وازهێنان له بت په‌رستی و بڕیاردان له‌سه‌ر خواپه‌رستی. ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنێ ئه‌وه‌یه، به‌ننا له یه‌كێ له وتاره‌كانیدا، تێكۆشانی حزبه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ تێكۆشانی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌ددا به‌راوورد كردووه و وای بۆچووه كه بانگه‌وازه‌كه‌ی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زاینی‌دا بۆ ئافهرۆزكردنی بتپه‌رستی "چاخی یه‌كه‌م" پێكدێنێ، تێكۆشانی ئیخوانیش "چاخی دووه‌م"ی ئه‌و بانگه‌وازه‌یه. *
ئیخوان و حه‌سه‌ن به‌ننا، نه‌ك بڕوایان به دیتن و روانگه‌ی ئاینی و سیاسیی جیاواز نه‌بوو، به‌ڵكو میتۆدێكی توند و تاكڕه‌وانه‌یان هه‌بوو له هه‌مبه‌ر هه‌ر هێزێكی دیكه. به‌ننا، ته‌نانه‌ت له یه‌كێك له نووسراوهكانیدا جاڕی قه‌لاچۆ و ته‌فروتوناكردنی هه‌موو حزبه سیاسییه‌كانی ئه‌وكاتی میسر ده‌دات و ده‌نووسێت "یه‌كده‌نگییه‌ك هه‌یه كه حزبه میسرییه‌كان گوناهی گه‌وره‌ی ئه‌م نیشتمانه و بنچینه‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ن كه ئه‌مڕۆ به ئاگره‌كه‌ی ده‌سووتێین. شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته مانه‌وه‌ی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م ره‌وته‌دا، وڵات به‌سه‌ر گروپ و تاقم و حزبی جیاجیادا دابه‌ش ده‌كات و ته‌فره‌قه ده‌خاته نێو خه‌ڵكه‌وه. ئیتر لێره‌وه چار نییه و هه‌ر ده‌بێ هه‌موو ئه‌م حزبانه له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنرێنه‌وه و هێزه‌كانی گه‌ل له‌یه‌ك تاكه حزبدا كۆ بكرێته‌وه". به‌ننا پێیوایه فره حزبیی نیشانه‌یه‌كه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌فره‌قه و ناكۆكیی له ناو وڵات‌دا، له جێگه‌ی دیكه‌ش وتوویه‌تی "هه‌رچی ته‌فره‌قه ده‌نێته‌وه، هه‌رچییه‌ك بێت، به شمشێر لێی بده‌ن".
له بواری توندوتیژیی بهرجهستهشدا، ئیخوان له سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، ده‌ستی كرد به چالاكی چه‌كدارانه، ئه‌مه‌ش وا له "مه‌حمود فه‌همی نه‌قراشی پاشا"ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وسای میسر كرد له 8-12-1948، چالاكی ئیخوان قه‌ده‌غه بكات و فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه ده‌ربكات. به‌تایبه‌ت كه له‌و ساڵه‌دا ئه‌ندامانی ئیخوان وه‌ك چه‌كدار به‌شدارییان كرد له جه‌نگ دژی جووله‌كه. هه‌ر له‌و ساڵانه ئیخوان یه‌كه‌یه‌كی چه‌كداریی تایبه‌تی بۆ تیرۆر و توندوتیژیی له ژێر ناوی "تنڤیم السری" یان "تنڤیم الخاێ" دروستكرد و له مانگی یه‌كی 1948یشدا پۆلیسی قاهیره ده‌ستگیركردنی كۆمه‌ڵێك لاوی راگه‌یاند كه به‌نهێنی مه‌شقیان كردووه له‌سه‌ر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له ناوچه‌كانی "جبل المقگم" و هاوكات 165 بۆمبی جۆراوجۆریان له‌و جێگه ده‌ستبه‌سه‌را گرتووه و ئاشكراش بووه سه‌ركرده‌ی ئه‌و گروپه كه‌سێكه به‌ناوی "سه‌ید فایز".
له 22-3-1948 دوو ئه‌ندامی ئه‌و گروپه دادوه‌ر "ئه‌حمه‌د به‌گ خه‌زنه‌دار" تیرۆر ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی حوكمی قورسی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌دا داوه، پاش ده‌ستگیركردنی ئه‌نجامده‌ران، پۆلیس په‌یوه‌ندیی نێوان بكوژانی "خه‌زنه‌دار" و كۆمه‌ڵه‌ی "جبل المقگم" و ده‌زگای نهێنی ئیخوانی بۆ ئاشكرا ده‌بێت. له 20-6-1948 هه‌ندێك ماڵی جوله‌كه له قاهیره ئاگری تێبه‌رده‌درێت، له 19-7-1948 چه‌ند فرۆشگه‌یه‌ك ده‌ته‌قێنرێته‌وه كه خاوه‌نه‌كانی جوو بوون. له 15-11-1948 پۆلیس ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر ئۆتۆمبیلێكی جۆری "جێب" و به‌هۆی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ناو ئه‌و ئۆتۆمبیله‌وه 32 كادری گرنگی رێكخستنی نهێنی ئیخوان و له‌گه‌ڵ چه‌ندین پیلانی تر بۆ كاری تیرۆریستی ئاشكرا ده‌بن، له‌و كاته‌دا "حه‌سه‌ن به‌ننا" له حه‌ج ده‌بێت، بۆیه له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ستگیری ده‌كات به‌هۆی تێوه‌گلانی له‌و كاره تیرۆرستیانهوه.
له 28-12-1948 و له هۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی میسر، ئه‌ندامێكی ئیخوان به به‌رگی ساخته‌ی ئه‌فسه‌رییه‌وه، ته‌قه له "نه‌قراشی پاشا"ی سه‌رۆكوه‌زیری میسر ده‌كات و له ئه‌نجامدا ده‌كوژرێت. له 13-1-1949 ئه‌ندامێكی ئیخوان به‌ناوی "شه‌فیق ئه‌نه‌س" له‌رێی جانتایه‌كی بۆمبڕێژكراوه‌وه هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی دادگای دهستپێكرنهوه ده‌دات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نابێت، دواتر تۆمه‌تبار دان به‌وه‌دا ده‌نێت ئه‌ندامی ئیخوانه و هه‌وڵیداوه دادگاگه بسووتێنێ به ئامانجی سووتاندنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئیخوان له دادگا به‌رز كرابووونهوه. ** ئیخوان به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بوو له توندوتیژیی، ته‌نانه‌ت له ساڵی 1954 له شاری "ئه‌سكه‌نده‌ریه" له هه‌وڵێكی شكستخواردوودا ویستیان "جه‌مال عه‌بدولناسر" سه‌رۆك كۆماری میسر تیرۆر بكه‌ن.
له قۆناغی دواتر و له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا "سه‌ید قوتب" وه‌ك یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی ئیخوان، پرسی جیهاد و ته‌كفیر و تیرۆری ئاینیی ده‌باته قۆناغێكی باڵاتره‌وه، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی "قوتب" به باوكی رۆحی ته‌واوی رێكخراوه ئیسلامییه جیهادیی و ته‌كفیرییه‌كانی دنیا داده‌نرێت. به‌م شێوه‌یه و له‌سه‌رده‌ستی "سه‌ید قوتب" ئیخوان بووه منداڵدانی ده‌یان رێكخراوی تیرۆرستی كه تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهان. خۆ ئه‌گه‌ر ئاوڕێكیش له مێژوو بده‌ینه‌وه، ئه‌وه هه‌میشه ئیخوان كاتێك بێده‌سه‌ڵات بووه، باسی له توله‌رانس و پێكه‌وه‌یی كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌یداكردنی كه‌مترین ده‌سه‌ڵات له بچووكترین رووبه‌ردا هه‌وڵی پاكتاویی ئاینیی و مه‌زهه‌بیی داوه و توندوتیژییان به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیسلام "به‌پێی پێناسه‌ی خۆیان" پیاده كردووه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌زموونی حوكمی یه‌ك ساڵه‌ی مورسی له 2012-2013 سه‌ره‌تاكانی ئه‌م توندڕه‌ویی و توندوتیژییه ئاینییه له هه‌ر لایه‌كی میسره‌وه ده‌ركه‌وت به‌تایبه‌ت به‌رانبه‌ر قیبتییه‌كان. "د. نه‌جیب جبرائیل" راوێژكاری یاسایی كه‌نیسه‌ی قیبتی، له سه‌رده‌می حوكمی "مورسی" به‌مشێوه‌یه گوزارشتی له چه‌وساندنه‌وه‌ی قیبتییه‌كان كرد "قیبتییه‌كان له سه‌رده‌می مباره‌ك به خراپترین شێوه هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ كراوه، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا، خه‌ڵتانی خوێن كراون. له زه‌مانی رۆمانییه‌كانه‌وه تا ئێستا قیبیتییهكان رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی وا نه‌بوونه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه". به كورتی بیۆگرافی ئیخوان له ماوه‌ی 85 ساڵی رابردوو، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه هه‌ر كات ئه‌م هێزه ئاینییه ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووبێ، هیچ كات نه‌سڵه‌میوه‌ته‌وه له به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و پیاده‌كردنی تیرۆری مه‌عنه‌ویی و به‌رجه‌سته له به‌رانبه‌ر نه‌یاره‌كانی.
كۆتایی ئیسلامی سیاسیی
ئیسلامی سیاسیی، وه‌ك چه‌ند ده‌یه‌ی پێشوو ئه‌ڵته‌رناتیڤی رژێمه سیاسییه‌كانی دنیای ئیسلامی نییه. خۆ ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی میسر و تونس بێت به دوای به‌هاری عه‌ره‌بیدا، ئه‌وه بارودۆخه‌كه جیاوازه و ئیسلامییه‌كان توانیوه له هه‌ڵبژاردنێك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن كه له نیوه كه‌متری خه‌ڵك به‌شداریی تێدا كردووه، له باشترین حاڵه‌تدا هێز و جه‌ماوه‌ری ئیسلامی سیاسیی له‌و وڵاتانه‌ش كه‌متره له 20%. ئه‌مه بێ له‌وه‌ی له رووی فیكرییه‌وه هه‌ره‌سیان هێناوه، به‌و پێیه‌ی ناوبانگی ئیسلامی سیاسیی له ده‌سه‌ڵاتدا زڕاوه و ناتوانن شتێك له‌وه باشتر پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن كه تاڵیبان و ئاخونده‌كانی ئێران پێشكه‌شیان كردووه.
هاشم ساڵح، له خوێندنه‌وه‌ی كتێبی "جیهاد"ی "جێڵ كێبڵ"دا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كا: فێنده‌مێنتالیزم شكستێكی گه‌وره‌ی هێنا له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵدا، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ئێمه له ئێستادا چووینه‌ته قۆناغی پاش فێندهمێنتالیزمهوه. . تێزی سه‌ره‌كی له كتێبه‌كه‌ی جێڵ كێبڵ به‌مجۆره‌یه: ئه‌و بزووتنه‌وه ئسوڵیانهی له ماوه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌ی رابردوودا له كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كاندا شوێنپێی خۆیان قایمكرد و سه‌ركه‌وتنی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا، له ئێستادا ئه‌ستێره‌ی به‌ختیان له ئاوابووندایه و به‌ره‌و دواوه ده‌چنه‌وه. به‌ڵام ئاخۆ هۆكاری ئه‌مه چی بێت؟.
هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی له نێوان ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا هه‌بووه: بۆرژوازییهتێكی ئیماندار له شاره‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجانه‌ی به ده‌ست هه‌ژاریی و نه‌بوونییه‌وه ده‌یانناڵاند. هه‌روه‌ها ئه‌و توێژه‌ش كه له گه‌ڕه‌كه میللی و دووره ده‌سته‌كانی شاره گه‌وره‌كانی وه‌كو قاهیره و جه‌زائیر و دار بهیزادا ده‌ژیان، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای خوێندكارانی زانكۆكان كه له رۆشنبیرانی بزاوته ئیسلامییه فێندهمینتالیستهكان بوون.
ئیسلامی سیاسیی وه‌ك ره‌وتێكی كۆنه‌خواز كه هیچ شه‌وقێكی تیا نییه بۆ مرۆڤایه‌تی نهۆ، ناتوانێت وه‌ڵامی داخوازیی و ویستی مرۆڤی هاوچه‌رخ بداته‌وه، به‌ڵكو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌كات، نموونه‌شمان یه‌ك ساڵ ئه‌زموونی حوكمڕانیی ئیخوان بوو له میسر. ئه‌و ساڵه له حكومڕانیی ئیخوان نه‌ك هیچ پێشكه‌وتنێكی بۆ میسرییه‌كان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، به‌ڵكو دۆخێكی هێنایه ئارا، هاووڵاتییانی میسریی ته‌مه‌نای رژێمێكی تۆتالیتاریی وه‌ك ئه‌وه‌ی مباره‌ك بكه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی یه‌ك ساڵه‌ی حكومی ئیخواندا بینیمان، شكستی پڕۆژه‌ی ئیسلامی بوو له ده‌وڵه‌تداریدا. ته‌نانه‌ت وتهزاكهی "میشیل كیلۆ"ی بیر هێناینه‌وه "سیستمه كراوه‌كان، واته سیستمه‌كانی هه‌ڵه‌ی شایسته‌ی چاككردن، چاكی شایسته‌ی هه‌ڵه‌كردن، ئه‌مانه ده‌ژین. سیستمه داخراوه‌كان واته هه‌ڵه تیایاندا چاك ناكرێ و چاكیش تیایاندا هه‌ڵه ناكات. ئه‌مانه ده‌مرن. بۆیه سه‌یر نییه سیستمه‌كانی یه‌كه‌م وێڕای گیاندانی زۆر ده‌ژین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دووه‌م له‌كاتێكدا ده‌مرن كه له‌وپه‌ڕی لهشساغیدا خۆیان ده‌نوێنن".
وته‌یه‌ك له كۆتایدا
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ، ئیخوان منداڵدانی كۆی گروپه ئیسلامییه تیرۆرستییه‌كانه. ئیخوان هێزێكه له‌و ساته‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێ میانڕه‌وه، به‌ڵام له ده‌سه‌ڵاتدا له ئه‌لقاعیده ده‌چێت. جیاوازیی نێوان ئه‌لقاعیده و ئیخوان هێنده‌ی جیاوازییه‌كی تاكتیكییه نیو هێنده ستراتیجی نییه. بۆیه بڕیاری به تیرۆرست ناساندنی ئیخوان بڕیارێك نییه وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن سوپرایزه و نامۆیه به كولتووری دیموكراسیی!! له كاتێكدا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا دیموكراتی شوێنی گروپی توندئاژۆ و داینه‌مۆی تیرۆری تێدا ده‌بێته‌وه؟.
ره‌نگه خه‌تای ئیخوان له‌وه‌دا نه‌بێ دواجار هێزێكه توندوتیژ، چوونكه هه‌ر كات دین كرایه بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی هه‌ر ئه‌وه‌ی لێده‌رده‌چێت. "د. عه‌بدولڕه‌حمان شاكر" ده‌ڵێت "هیچ ئاینێك نییه قسه له‌سه‌ر پاوانكردنی هه‌قیقه‌ت نه‌كات و ئاینه‌كانی تر به هه‌ڵه یان له خۆی به كه‌متر نه‌زانێ. هیچ ئاینێك نییه له دنیادا دیموكراتخواز بێت و رێزی جیاوازیی و یه‌كسانی و ئازادیی هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بگرێت. هیچ ئاینێك نییه، جیهان راده‌ستی پیاوانی ئاینی نه‌كات یان گروهێك به‌رهه‌م نه‌هێنێت كه خۆیان به نوێنه‌ری خواوه‌ند نه‌زانن و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه گریمانكراوهش حوكم به‌سه‌ر ئازادیی و ژیان و بوونی كه‌سانی تردا نه‌ده‌ن". له‌م سۆنگه‌وه ده‌توانم بڵێم، ئیخوان ناتوانێت په‌رجوو بخوڵقێنێت و له‌لایه‌ك داوای حكوومه‌تی خه‌لافه‌ت بكات و له‌لاكه‌ی تر بتوانێ رێز له مافی هه‌مووان به یه‌كسانی بگرێ. ئه‌و دوو شته هه‌رگیز پێكه‌وه كۆناكرێنه‌وه.
*فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد "سه‌ید قوتب و تیۆری ته‌كفیری كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت". چاپی سێیه‌م، سلێمانی 2002.
**نه‌به‌ز تاڵیب "مێشكه به مینچێنراوهكان". چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی 2008. لاپه‌ڕه 403-404.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره "34"ی گۆڤاری "شه‌پۆل" له رۆژی 1-1-2014 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.