- *نزیكبوونه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تاكتیكه نه‌ك ستراتیژ
- *دانیشتنی گۆڕان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ئابڕومهندتره له‌وه‌ی بئاڵێ له داوی ئیسلامییه‌كانه‌وه
- *گۆڕان هه‌رچه‌ند باسی گۆڕین بكات به‌ڵام له‌م راوه به‌رژه‌وه‌ندییه‌دا ده‌بێته پۆڕێكی خوراو
"حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س"ی نووسه‌ر و رووناكبیری نه‌ته‌وه‌یی و دیاری كوردستان له رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه مه‌ترسیی و نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له هه‌ستی ناوچه‌گه‌رێتی گۆڕان ده‌خاته روو، هاوكات له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له ئه‌جیندای حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان ده‌كات كه ئهجیندایهكه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌زموونی سیاسیی ئه‌مڕۆی كوردستانه.
ستیڤان: هه‌ست به‌وه ده‌كرێت گووتارێكی ناوچه‌گه‌ریی له هه‌رێمی كوردستان له به‌هێزبووندایه، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی خه‌ریكه ئه‌و گووتاره ده‌بێته پڕۆژه‌ی سیاسیی، ئێوه وه‌كوو خۆتان مه‌ترسییه‌كانی به‌هێزبوونی هه‌ست و ئینتیمای ناوچه‌گه‌ریی له چیدا ده‌بیننه‌وه؟. ئایا ناوچه‌گه‌ریی خۆی له خۆیدا فاكتۆرێكی به‌هێز نییه بۆ له‌ناوبردنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی؟.
حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س: كوردستان ده‌ڤه‌رێكه هه‌ر له مێژه‌وه بۆته ته‌خته‌ی شه‌ترنجی عوسمانییه‌كان و سه‌فه‌وییه‌كان و پاش ئه‌وانیش ئینگلیز، هه‌ر لایه‌نه و به شێوازی خۆی سیاسه‌تی په‌رتكه و زاڵبهی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌یدا سه‌پاندووه، گیانی له‌یه‌كتر وه‌رگرتنه و یه‌كێتی تێدا مراندوون، ئه‌م كاره‌شی هه‌ر به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان كردووه، بۆ راستی وتنی ئێمه و سه‌لماندنی بۆچوونه‌كه‌مان، ئه‌گه‌ر چاوێك به مێژووی شۆڕشه‌كانی كوردستانی پێش شۆڕشی ئه‌یلوولی ١٩٦١دا بخشێنین ته‌متومانی ئه‌مڕۆمان لا ده‌ڕه‌وێته‌وه، ئاشكرا ده‌بێت كه هه‌رچی شۆڕشی كورد هه‌یه ناوچه‌یی بوون، به مانای له شارێك یان ده‌ڤه‌رێكی بچووك و عهشیرهتیكی تێنه‌په‌ڕاندووه و له‌و سنووره بچووكه‌وه سیرایه‌تی نه‌كردووه، ئه‌وه شۆڕشی ده‌رسیم، ئاگری، شۆڕشه‌كه‌ی شێخ سه‌عید، شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری، برایمخانی ده‌لۆ، سمكۆی شكاك، شۆڕشه‌كانی بارزان، شێخ مه‌حموودی حه‌فید، هه‌مه‌وه‌نده‌كان، ئه‌رده‌ڵانییه‌كان، كۆماری كوردستان (مه‌هاباد) . . . هتد.
ئه‌م شۆڕشانه هه‌ر هه‌موویان ناوچه‌یی بوون، ده‌ڤه‌ره‌كانی تری كوردستان یان هه‌ر سه‌یركه‌ر بوون یان به ده‌گمه‌ن چه‌ند كه‌سێكی لاوه‌كی وه‌ك تاك یان گروپی بچووك وه‌ك له كۆماری كوردستان به‌شداریان تێدا كردووه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر دوژمناتهتیشیان نه‌كردبێت، بۆ نموونه شێخ مه‌حموودی حه‌فید كه ده‌وڵه‌تی دروست كرد، ته‌نیا ده‌وروپشتی سلێمانی تا كۆیه‌ی به ده‌سته‌وه بوو، به‌گزاده‌كانی هه‌ڵه‌بجه و شێخه‌كانی دۆڵی جافایه‌تیشی له‌گه‌ڵ نه‌بوو، ئیتر ئه‌مه به هۆی هه‌ر هۆكارێكه‌وه بووبێت.
ئه‌م ره‌وشه‌ی ئێستای باشووری كوردستانیش به‌لای منه‌وه هه‌ر درێژه‌پێدانی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه، ئه‌گه‌ر شۆڕشه‌كانی زوو، مه‌سه‌له ده‌مارگیریی ناوچه‌یی و هۆزگه‌رایی بوو، ئێستا له‌وه بڤه‌تره چوونكه به ناڕه‌وا به‌رگی ئایدۆلۆجیای كراوه‌ته به‌ر، ئایدۆلۆجیایه‌ك تائێستا رووی جاڕدانیشی نییه، ئایدۆلۆجیایه‌كی داتاشراو، به‌رژه‌وه‌ندیی سواغی داوه. ئه‌ی بۆ ئه‌و هه‌سته به‌هێزه‌ی نه‌ته‌وه‌ییبوون له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا، ناچێته ژێر سه‌یوانه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه؟! به ناوه‌وه و ده‌ره‌وه ئه‌م كورده‌یان وا چه‌واشه كردووه هه‌ر له دروستبوونی هه‌بوونێك نزیك ببنه‌وه، كاتێكی زانی ده‌یانخه‌نه سه‌ر وڕكگرتن بۆ شتی لاوه‌كی و هه‌زار بیانووی ره‌وایان نیشان ده‌ده‌ن بۆ هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندیی و مه‌به‌ستی ناڕه‌وا. بۆ شانسی دوژمنیش ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌نده وێرانه، هیچ سه‌نگه‌رێكی بۆ رۆشنبیر نه‌هێشتۆته‌وه لێیه‌وه به‌رگریی له‌و دهسكهوتۆكهیهی بكات.
ستیڤان: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ بانگه‌شه و كار بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌ماره‌تی بابان یان كهنتۆنێكی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ ده‌كات له شاری سلێمانی، به‌مه‌ش پارێزگای سلێمانی ده‌بێته یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌ش باشووری كوردستان ده‌بێته سێ له‌ت. تۆ فاكتۆره‌كانی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گۆڕان بۆچی ده‌گێڕننه‌وه؟. له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌ترسییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌جیندایه‌كی وه‌ها چین؟.
حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س: ئه‌ماره‌تی بابان؟! بۆ ئه‌گه‌ر واش بێت ئه‌ماره‌تی بابان چ پیتوفهڕێكی بۆ كورد تۆمار كردووه، له خۆخۆریی و خزمه‌تكردنی دوژمن، بۆ فڕانفڕانی ده‌سه‌ڵات و پله و پایه و میرێتی له‌ناو خۆیاندا زیاتر؟ كه مێژووی ئه‌ماره‌تی بابان چاولێدهكهم خوێن له دڵم ده‌تكێت، ئه‌و هه‌موو هێز و توانایه‌ی كوردیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به بادا، با واز له بابان و مابان بهێنین، گۆڕان ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته وا بكات، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی پشتشكێنه، خۆ پلانه‌كه دیاره هه‌ر كه گۆڕان ده‌ستی پێكرد، ئیسلامی سیاسیی بۆی ماشییه‌وه.
ئێستاش له‌م سنووره‌دا نهیوهستێنن، ئه‌م حزبه ئیسلامیانه چۆن له توێی ململانێی یه‌كێتی و پارتی و شه‌ڕی ناوخۆوه دروست بوون، ئاواش له توێی ئه‌م ململانێیه‌ی گۆڕان و پارتی و یه‌كێتیدا ته‌شه‌نه ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته نه‌ك سلێمانی سه‌ربه‌خۆ نابێت، به‌ڵكو سه‌ر به فارس، تورك، عه‌ره‌ب ده‌بێت له رێی ئه‌و ئیسلامیانه‌ی سڵ له هیچ رێسا و یاسایه‌كی كوردستان ناكه‌نه‌وه، به ئاشكرا جرتوفرتیانه له نێوان ئێران و توركیا و سعوودیه‌دا. زۆر ده‌مێكه سعوودیه و تورك ئه‌جندا و پیلانی ئاشكرایان هه‌یه بۆ له ناوبردنی ئه‌م ئه‌زموونه، من سێ ساڵ پێش ئێستا له بابه‌تی (گورگه بۆرهكانی تورك و گورگه ره‌شه‌كانی سعوودیه) به به‌ڵگه‌وه ئه‌وه‌م نووسیوه.
گۆڕان هه‌رچه‌ند بانگه‌شه‌ی گۆڕین و چاكسازیی بكات و بیانووی زه‌به‌للاح پیاده بكات دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، گومانم نییه ئه‌نجامه‌كه‌ی پۆڕێكی خوراوه له‌م راوه به‌رژه‌وه‌ندییه‌دا، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئه‌ماره‌تی بابان دروست بكات، با سه‌یری نه‌وه‌ی بابانه‌كان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به ناوی بابانه‌وه شانازیی ده‌كه‌ن، ئه‌مان به چییه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان به سلێمانی و كفری و هه‌ڵه‌بجه و سنه و كوێ و كوێدا بڵاوبوونه‌وه و له‌سه‌ر حسابی شانازیی به ههندۆكهیهك رووی گهشیانهوه ژیان و ده‌ژین، ئه‌مان به چییه‌وه؟ ئاخر له چ مێژوویهكدا لایه‌نێكی عه‌لمانی له‌لایه‌ن ئیسلامی سیاسییه‌وه دانی پیادا نراوه ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌گبه‌تی كورد نه‌بێت؟.
به‌هه‌ر جۆرێك سلێمانی له كوردستان دابڕ بكه‌ن، دیسانه‌وه گومانم نییه گۆڕان ده‌بێته به‌شدارێكی لاوه‌كی لاواز. پێموایه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دانیشن و هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌یان بده‌ن، زۆر ئابڕومهندتره له‌وه‌ی بئاڵێن له داوی ئیسلامی سیاسییه‌وه، كه هه‌زار چوارسه‌د ساڵه نه‌گۆڕاون و ئه‌گه‌ر داوای گۆڕانیشیان لێبكه‌ن، هه‌ر ئه‌و به‌رده‌ركی سه‌رایه‌ی كه ئیسلام پیشنوێژی ده‌كرد و ئه‌وانیش پاشنوێژی، ئه‌و كاته ئه‌وان ده‌گۆڕێن بۆ جه‌لاد و گۆڕانیش قوربانی، ئیتر ئه‌وه مێژووه‌كه‌یان و ئه‌وه‌ش ئێستایان، فه‌رموو به درۆم بخه‌نه‌وه.
ستیڤان: ئه‌گه‌ر كه‌مێك دیقه‌ت بده‌ین، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كار بۆ جۆرێك له دابڕاندنی شاره‌كانی كوردستان له یه‌كتر ده‌درێت و بۆ ئه‌مه‌ش ماكینه‌یه‌كی میدیایی به‌هێز خراوه‌ته گه‌ڕ. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئایا دۆخی ئێستای كوردستان پێویستی به فیدراڵی پارێزگاكان هه‌یه یان به‌ره‌و یه‌كگرتوویی له پێناوی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستاندا؟. پاشان ده‌پرسم ئه‌م هه‌وڵانه چه‌نده رێگر ده‌بێت له راستای دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان؟.
حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س: فیدراڵی پارێزگاكانی كوردستان هه‌مان سیاسه‌تی په‌رتكه و زاڵبه‌یه، ئه‌م پیلانانه هه‌مووی له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانی كورده‌وه ره‌نگڕێژیی ده‌كرێت و به كورده‌كه خۆی پیاده‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا سه‌یری هه‌موو مێژووی كورد بكه به ده‌گمه‌ن دوژمن راسته‌وخۆ كوردی لاواز كردووه، ئه‌گینا هه‌مووی به كورد كردووه، ئه‌و كورده‌ی ده‌نگ بۆ فیدڕاڵی و دابڕبوونی شاره‌كانی كوردستان ده‌دات، قه‌باڵه‌ی له‌ناوچوونی كورد و كوردستان مۆر ده‌كات، قه‌باڵه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر كۆیله‌بوونی خۆی به ده‌ستی خۆی واژوو ده‌كات، ئه‌مه قینێكی شاراوه‌یه خۆی خزاندۆته ئاوه‌زی كورده‌وه، هه‌ر ئه‌م قینه‌یه به درێژایی مێژوو كوردی كردووه به دارده‌ستی دوژمن بۆ له باربردنی هه‌رچی هه‌لی رزگاریی و سه‌رفرازیی هه‌یه.
هه‌ر تۆزێك بیر بكه‌ینه‌وه و له دیارده‌كان و وردبینه‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه گه‌نده‌ڵه‌ی كوردستان ئه‌مڕۆ سبه‌ی هه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌م جۆره نامێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له دواڕۆژدا چاره‌سه‌ر ناكرێت لاوازیی نه‌ته‌وه‌یه‌كه به‌رامبه‌ر دوژمنگهلێكی دڕنده‌ی بێ مۆراڵ، ئه‌وه‌ی له دواڕۆژدا چاره‌سه‌ر ناكرێت قوونداكوتانی ئه‌و رژێمه تۆتالیتاریانه‌یه هه‌رچی ئاوه‌ز و بیری پێشكه‌وتنخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یه ده‌یكه‌نه خۆراكی قه‌ناره و سێداره‌كانیان، لاشه‌ی هه‌زاره‌ها كورد ده‌بێته‌وه میوانی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی دوژمن. ئه‌وه‌تانی هه‌ر ئێستا به ئاشكرا دادوبێدادیان به زیاده‌ڕۆییه‌وه ده‌به‌نه‌وه به‌رده‌م عه‌رشی عێراقی و ده‌یانه‌وێت هه‌ر به زۆر به كوردستانیان ئاشنا بكه‌نه‌وه، ئێمه گه‌ر بۆ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانیشیان ده‌ستخۆشی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوانه‌یان زۆر بڤه‌یه و موچوڕكه ده‌هێنێت به گیانی ئه‌وانه‌ی به‌گومانه‌وه ته‌ماشای دیارده‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌م هه‌نگاوه ترسناكانه گومانبڕه كه دهستهمۆكراون بۆ كنهی دوژمن.
دابڕكردنی شاره‌كانی كوردستان له یه‌كتری، ئه‌و فاكته ده‌سه‌لمێنێت ده‌سه‌ڵات به‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌وه هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر رێگه‌ی درووستكردنی هه‌بوونێكی كوردییه، ئه‌ی دابڕكاران چ ناوێكیان لێبنێین؟ ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت روونیش نه‌بێته‌وه، ئه‌وا پیاده‌كردنی هه‌نگاوه‌كانی روونی ده‌كاته‌وه، ئێمه كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌ژین هه‌موو هه‌لومه‌رجێكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌مان ئه‌زبه‌ر كردووه، دیاره ده‌زانین ئه‌م هێرشكردن و راگه‌یاندنه توندوتیژه ده‌ستی ده‌ره‌كی له پشته‌وه‌یه، گومانیشمان نییه ئه‌و ده‌سته ده‌ره‌كییه له دڵسۆژییه‌وه نییه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌مه سووكایه‌تیكردنه به هه‌بوونی خۆمان، سوكایه‌تیكردنه به‌و یاسایایهی هه‌رچییه‌كی ناو بنێن ئیتر ئه‌وه یاسایه.
سۆكراتی فه‌یله‌سووفی گریك، كه فه‌رمانی كوشتنی درا، پێش جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كه وتی: ده‌زانم به یاسایه‌كی دڕنده‌ی ناڕه‌وا دادی مردنم به‌سه‌ردا دراوه، به‌ڵام من شادمانم به‌و مردنه چوونكه بڕیاری یاسای وڵاته‌كه‌مه. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ناڵێم ببێته پاساو بۆ ئه‌و هه‌موو بێدادییه‌ی ئه‌مڕۆ كوردستانی وێران كردووه، به‌ڵام مه‌به‌ستم ته‌نیا ئه‌وه‌یه بڵێم كه‌ڵچه‌ری خێڵه‌كی كورد به تاك و كۆوه، ئه‌مبه‌ر بێت یان ئه‌وبه‌ر، بواری ئه‌وه نادات به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ئاوا به ئاشكرا سووكایه‌تی پێ بكات، به بیستوچوار سه‌عات ده‌یبات به عاسماندا ئه‌گه‌ر پشتی نه‌بێت، پشتی هه‌ر كه‌سێكیش دژی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردیی، به هه‌موو گریمانه‌یه‌ك دوژمنی كورده. جا ئیتر پێویست ناكات بڵێین ئه‌م هه‌وڵانه چه‌ند رێگر ده‌بێت له رێگه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان. من پێموایه ئه‌م هه‌وڵانه نه‌بوایه، ئێستا كوردستان ده‌وڵه‌ت بوو، ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه كردی به خه‌ونی شاعیران.
ستیڤان: ئیسلامی سیاسیی كه هێزێكی كۆسمۆپۆلیستین و جیهانی ئیسلامی به نیشتمانی خۆیان ده‌زانن، كه‌چی له واقیعی سیاسیی باشووری كوردستاندا، ئیسلامی سیاسیی پاڵپشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات له زۆربه‌ی بڕیار و ئهجینداكاندا، به پڕۆژه‌ی ئه‌ماره‌تی بابانیشهوه، تۆ ئه‌م هاوهه‌ڵوێستییه‌ی گۆڕان و ئیسلامییه‌كان بۆچی ده‌گێڕیته‌وه؟.
حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س: بێ گومان ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیی له گۆڕان تاكتیكه، ئه‌گه‌ر به رای گۆڕانیش تاكتیك بێت یان ستراتیژ، به هه‌ردوو باره‌كه‌دا هه‌ڵه‌ن، ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌بوایه هه‌رگیز ئیسلامی سیاسیی پڕكێشی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد به ته‌نیا خۆپیشاندان بكات، گۆڕان كه ئه‌مڕۆ ئیسلامی سیاسیی راست كردۆته‌وه، چه‌نده بۆ دژی ده‌سه‌ڵات بێت له ئێستادا، دواڕۆژ دژی خۆیه‌تی، له‌وه‌ش واوه‌تر، كه ئه‌مڕۆ گۆڕان ئاوا دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌كات سبه‌ینێ ناتوانێت به‌و شێوه‌یه دژایه‌تی ئه‌مان بكات، چوونكه ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسیی ببنه ده‌سه‌ڵات له كوردستان كاریان هه‌ر له‌نگه‌ر گرتن ده‌بێت، ئه‌گینا ده‌سه‌ڵات ده‌چێته‌وه ژێر ده‌ستی دوژمنانی كورد و سیاسه‌تی ئه‌وان ده‌به‌ن به‌ڕێوه، ئه‌وكاته جه‌ماوه‌ره‌كه‌ش روو له‌مان ده‌كه‌ن. مه‌سه‌له لێره‌دا هێزه، كه كورد ئه‌م هێزه‌ی ئێستای له ده‌ست چوو، كۆمه‌ڵگا له‌به‌ر یه‌ك ده‌پچڕێت و له گرێژه‌نه ده‌رده‌چێت، هه‌ر له‌گه‌ڵ باسی گۆڕان بكه‌ن به یه‌ك فتوای حازربه‌ده‌ست له ده‌میان ده‌ده‌نه‌وه و وه‌ك چۆن خومه‌ینی هه‌رچی نه‌یاری هه‌بوو لاڵوپاڵی خستن، ئه‌مانیش هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕوانیان ده‌كات.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌م رێككه‌وتنه‌یان ویستی هه‌ر سێ لایان بێت بێ راوێژ و فه‌رمانی ده‌ره‌كی. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه لایه‌نی ده‌ره‌كی كۆكی كردبن ئه‌وه هه‌ر له ئێستاوه ده‌بێت فاتیحا بۆ گۆڕان دابده‌ن، چوونكه هه‌ر گۆڕان خۆی ئه‌وه چاك ده‌زانێت نه ئێران نه توركیا نه ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌كان بۆ هیچ پلانێكیان ئه‌مان ئه‌ژمار ناكه‌ن و ئه‌و كاته به به‌ر چاوی ئه‌مانه‌وه، له نێوان هه‌موو دوژمنه‌كانی كوردا كۆمه‌ڵێك دێت كۆمه‌ڵێك ده‌ڕوات و ئه‌وان ئاغا و حزبه ئیسلامییه‌كانیش سه‌ركار، بۆ له‌باربردنی ئه‌م پێگه‌یه‌ی كورد و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ خاڵێ فت، به پێی ماروپهیژهی مێژووی پڕ چه‌رمه‌سه‌ریی كورد.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه به گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه نه‌بێت، بۆیه هه‌ر له ئێستاوه موقته‌دا سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات ئه‌گه‌ر نیازی مانه‌وه‌یان له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ناوچه‌كه به جێبهێڵێت ئه‌و كاریگه‌ریی و چاوسووركردنهوهیهی نه‌مێنێت، ئه‌و كاته شه‌ڕی خۆكوژیی خۆت بگره و هاتم، هه‌موو گریمانه‌كان وه‌ك رایه‌ڵی پچڕا‌و لێك هه‌ڵده‌وه‌شێن، دیسانه‌وه خۆمهكه بۆ كه‌سانی نه‌ته‌وه‌یی ده‌شێوێت و هاوار و ده‌نگیان له‌ناو هه‌وره‌گرمه‌ی كوردكوژیدا نابیسترێت و خوێنی كورد له مه‌زاتخانه‌ی دوژمنان‌دا هه‌ر به‌رمیلێكی قاپێك نه‌وت ناكات.
ستیڤان: به‌بۆچوونی ئێوه تا چه‌نده بانگه‌شه‌ی ناوچه‌گه‌ریی و شارچێتی به تایبه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای كوردستاندا ده‌توانێت پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بێت؟. یان به مانایه‌كی تر ئایا بارودۆخی كوردستان گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه به‌ره‌و لێكترازانی سیاسیی و ئیداریی بڕوات؟. ئایا هه‌لومه‌رجه‌كه خه‌مڵیوه بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌جیندای ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێت باشووری كوردستان بكه‌نه چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی ئیداریی سه‌ربه‌خۆ؟.
حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س: شارچێتی و ناوچه‌گه‌رێتی، نه پڕۆژه‌یه و نه سه‌ركه‌وتووش بووه و نه ده‌شبێت، ئه‌جندای دابڕكردنی ناوچه و شاره‌كانیش له لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌شه‌وه، ته‌نیا له راژه‌ی یه‌ك لایه‌ندایه ئه‌و لایه‌نه‌ش دوژمنه، ئیتر هیچ پاساوێكی تری نییه، با ئێمه واز له پرسیاره‌كه بهێنین و لایه‌ك له‌م ره‌وشه‌ی كوردستان بكه‌ینه‌وه له ماوه‌ی ئه‌م بیست ساڵه‌دا كه رابوورد، ئه‌مه‌یان هه‌م وه‌ڵامه و هه‌م په‌ند و وانه‌یه بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه به راستی كوردستانیان مه‌به‌سته ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه با خوێنه‌ر خۆی لێكدانه‌وه‌ی هه‌بێت بۆ تان و پۆی هه‌موو پرسیاره‌كان و وهڵامهكانیش. ئه‌م فره تۆپهڵبوونهی كورد كارێكی وای كرد شه‌ڕی خۆكوژیی هه‌ڵگیرسێت، بۆ زاڵبوونی تۆپهڵهكان دژی یه‌كتر په‌نا بۆ دوژمن برا، دوژمن سازشی به‌م لا كرد و سازشی به‌ولا كرد، هه‌تا شه‌ڕ گه‌رمتر بوایه سازش زه‌بوونتر ده‌بوو تا وای لێهات به ئاشكرا ئۆردووی بێگانه بۆ قڕانی كورد هاتنه كوردستانه‌وه.
خاكی كوردستان به تاڵان له نێوان دوژمنان‌دا هه‌ڕاج كرا، فره سه‌ركرده‌یی كارێكی وای كرد هه‌ر یه‌كه و دو‌ژمنێك به كوردستان فێركاتهوه، شاره‌كانی كوردستان بوون به هه‌وارگه و لانه‌ی جۆره‌ها ده‌زگای سیخوڕیی، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی شڕووڕ كرا، كورد كرا به دوژمنی كورد، برا به دوژمنی برا، كه‌سایه‌تی و په‌یوه‌ندیی و كه‌ڵچه‌ری ره‌سه‌نی كوردیی به ته‌واوی كاڵ بوونه‌وه، له ترسی سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه هه‌موو ناپاكییه‌ك له گه‌نده‌ڵكاران چاوپۆشی لێكرا، جاش و خۆفرۆش تێكه‌ڵاوی هه‌موو لایه‌نه‌كان بوون و لای سه‌ره‌وه‌ی دیوه‌خانه‌كانیان گرت (به ئێستاشه‌وه)، چه‌قبه‌ستن (مه‌ركه‌زییه‌ت) له هیچ شوێنێكدا رۆڵی نه‌ما، دزیی و گزیوفزی له دیارده‌وه بوو باو، له شووره‌ییه‌وه بوو به سه‌ربه‌رزیی و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و هه‌ڵدێر رۆ چوو.
به سه‌د هه‌زاره‌ها نه‌ك به (هه‌زاره‌ها) گه‌نج و لاوی كوردیان له كوردستان تۆران و ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوون، رێژه‌ی مێینه بۆ به زیاد له دوو ئه‌وه‌نده‌ی نێرینه، وای لێ هاتووه كه‌س ناوێرێت خێزان دروستكات، كچان ناچارن شوو به سه‌ر دوو ژنیشدا بكه‌ن، شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌چاو جاراندا به دڵی دوژمنه، په‌روه‌رده و زانین گه‌ڕایه‌وه بۆ زه‌مانی حوجره و تهكییهكان، گه‌نج و لاوی كورد پشتیان له زانست كرد و روویان كرده خه‌یاڵ و خه‌رافیات، هه‌ر كه‌سێك بگریت ناتوانێت به رێك و پێكی پرسیارێكی ماتماتیك، فیزیك، جه‌بر، ئه‌ندازیاریی و هیچ لایه‌نێكی زانست وه‌ڵام بداته‌وه، به‌ڵام بڵێ شیعر، چیرۆك، په‌خشان هه‌ر ئه‌وه‌نده نازانیت بۆت ده‌هۆنێته‌وه، ئه‌مه بردنی نه‌وه‌یه‌كه به‌ره‌و وههم و خه‌یاڵ دوورخستنه‌وه‌یه‌تی له فه‌رهه‌نگ و پێشكه‌وتن، بارستایی قوتابیانی زانكۆكان ناگاته بارستایی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی شه‌ست و حه‌فتاكانه، هه‌موو ئه‌مانه و زۆر زیاتریش ئه‌نجامی شه‌ڕی خۆكوژیی و یه‌كتر نه‌ویستن بوو.
ئێستاش دره‌ختی كورد وا خه‌ریكه ورده ورده له كۆتهرهوه چرۆ دهردهكاتهوه، بۆ واز ناهێنن، بۆ ده‌تانه‌وێت ئه‌م كهلاوهیهشمان به سه‌را بروخێنن؟، تا ئێستا نا‌وێرن بڵێن پاش رووخاندنی چی ده‌كه‌ن و چیتان له هه‌گبه‌دایه، له جیاتی خاڵریزكردن و دانانانی مه‌رجی رووخاندن، ئه‌و خاڵانه ریزكهن كه له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌دا ده‌تانه‌وێت بیكه‌ن، كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟ كوردستان ده‌خه‌نه ره‌وت بۆ بوون به ده‌وڵه‌ت؟ ئاخر سبه‌ینێ كه بارته‌قای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گهندهڵهشتان پێنه‌كرا به چ روویه‌كه‌وه روو ده‌كه‌نه‌وه جه‌ماوه‌ر؟ ئێستا جاری جاران نییه به قسه‌ی لووس كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك لاس بده‌ن، ئه‌و ئینته‌رنێت و فه‌یسبووكه‌ی ئه‌مڕۆ پشتی پێ ده‌به‌ستن، سبه‌ینی پشتی خۆشتان ده‌شكێنێت. ده‌یڵێمه‌وه قه‌یرانی ژیرییه له كوردستان، به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه له بارستایی دیوه‌خانێكی ئاغاكانی جاران واوه‌تر ههڵنهكشاون، ئێستاش داواكانی ئێوه و وه‌ڵامه‌كانی ده‌سه‌ڵات له وڕكگرتن تێنه‌په‌ڕیوه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.