- *حاكم قادر: له كاتی خۆیدا كۆنگره ئه‌نجام ده‌درێت
- *عه‌دنان موفتی: چه‌ندین گۆڕانكاریی گه‌وره له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا ده‌كرێت
- *فوئاد مه‌عسوم: ناكرێ به هیچ بیانوویه‌ك كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی دوابخرێت
- *عارف روشدی: به‌هیچ جۆرێك نابێت چواره‌مین كۆنگره وه‌ك كۆنگره‌ی سێیه‌م بێت
بڕیاره یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له كۆتا رۆژی ئه‌م مانگه "31-1-2014" چواره‌مین كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی ببه‌ستێت، به‌ڵام لێره‌و له‌وێ ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه كه به‌هۆی بارودۆخی ناجێگیری ئه‌و حزبه و سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی حكوومه‌ت و نزیكبوونه‌وه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و پارێزگاكان، كه یه‌كێتی كۆنگره‌ی خۆی بۆ كاتێكی نادیار دوا ده‌خات. سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه كۆنگره‌كه له كاتی پێشنیاركراوی خۆیدا ده‌به‌سترێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ هیچ واده‌یه‌كی دیكه دواناخرێ.
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت كه ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی به‌رده‌وامه و ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه كۆنگره له واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه ده‌چێت. حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند "ئێمه وه‌كوو لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاریی كۆنگره، له كاتی دیاریكراوی خۆیدا ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و له‌و باره‌وه هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه". حاكم قادر، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه پلنیۆم كۆنگره‌ی دواخستووه بۆ كۆتایی ئه‌م مانگه، جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه پلنیۆم یه‌كجار ده‌توانێت كۆنگره دوابخات.
له باره‌ی میكانیزمی چۆنێتی دیاریكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره ده‌ستنیشان نه‌كراوه، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی وتیشی "له‌و ماوه‌یه‌ی دیاریكراوه، ئه‌و میكانیزمه‌ش داده‌نرێت". له باره‌ی داواكردنی دواخستنی كۆنگره ئه‌ندامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه تا ئێستا به فه‌رمی نه له ناو مه‌كته‌بی سیاسیی و نه له كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی و نه له ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیش، كه‌س ئه‌و داوایه‌ی پێشكه‌ش نه‌كردووه. حاكم قادر جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان بڕیار له‌باره‌ی كۆنگره‌وه ده‌درێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو تا ئێستاش كاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ڕوات كه له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا، كۆنگره ببه‌سترێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، فوئاد مه‌عسوم، یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی هۆشداریی ئه‌وه ده‌دات كه ناكرێ به هیچ بیانوویه‌ك ئه‌و كۆنگره‌یه دوابخرێت. مه‌عسوم، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی ده‌ڵێت "ناكرێ ئه‌و كۆنگره‌یه دوابخرێ، چوونكه له پلینیۆم جه‌خت كراوه‌ته‌وه كه ده‌بێ له 31-1-2014 ببه‌سترێ و پلینیۆم ته‌نیا یه‌ك جار ده‌توانێ دوای بخات. بۆیه هیچ ده‌رفه‌تێكی دواخستنی نه‌ماوه. " له‌م كۆنگره‌یه‌دا بۆ یه‌كه‌مین جار دوو لیژنه‌ی دیكه زیادكراون، كه ئه‌وانیش لیژنه‌ی گووتاری سیاسیی یه‌كێتی و په‌رله‌مان و حكوومه‌تن.
روونیش نییه سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌توانێ ئاماده ببێ یان نا، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه راپۆرتی سكرتێری گشتیی ناخوێنرێته‌وه و هه‌ر ئه‌ویش وه‌ك سكرتێری گشتیی حزبه‌كه ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام بۆ یه‌كێتییه‌كان هه‌ڵبژاردنی چاره‌نووسی سیاسیی یه‌كێتییه. ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیش گوتی "ئه‌گه‌ر هاتوو لیژنه‌كانی ئاماده‌كاریی كۆنگره كاره‌كانیان ته‌واو نه‌بوو، نامانه‌وێ بچینه ناو كۆنگره‌وه، چوونكه كۆنگره‌یه‌كمان ده‌وێ كه هیوای ئه‌ندامان و دۆست و لایه‌نگرانی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه و هیوای دۆستانی یه‌كێتی به‌و كۆنگره‌یه به‌ستراوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌مانه‌وێ كۆنگره‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی سازبكه‌ین. "
له‌لایه‌كی تره‌وه، كۆنگره‌ی یه‌كێتی كه‌وتۆته نێوان دوو به‌رداشه‌وه، كه ئایا گۆڕانكاریی ده‌كات به تایبه‌ت له په‌یڕه‌و و پرۆگرام و قووچه‌كی ده‌سه‌ڵات و مه‌كته‌بی سیاسیی یان نا؟ چوونكه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌توانێت ئه‌و گۆڕانكارییه بكات، ده‌كه‌وێته به‌رده‌م شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی ناوخۆیی به تایبه‌ت له ئاستی كادره ناوه‌ندییه‌كان و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی یه‌كێتی، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م پێكهاته‌یه له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وه‌ك خۆی نه‌مێنێته‌وه و ده‌ست ببه‌ن بۆ گۆڕانكاریی ریشه‌یی، به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی ئێستا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن ده‌بێت بچنه په‌ڕاوێزه‌وه و ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كانیان بن كه ئه‌مه له ئێستادا كه‌مێك ئه‌سته‌مه.
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ئاشكرای كرد، له كۆنگره‌ی داهاتووی یه‌كێتیدا، چه‌ندین گۆڕانكاریی گه‌وره له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا ده‌كرێت، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ كردووه، چه‌ندین سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی به هۆی ته‌مه‌ن و باری ته‌ندروستیانه‌وه خۆیان بۆ پۆسته‌كانیان هه‌ڵنابژێرنه‌وه. له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئهلئهوسهتدا، عه‌دنان موفتی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئاشكرای كردوه، مام جه‌لال، سكرتێری گشتیی یه‌كێتی هه‌ر له پۆسته‌كه‌ی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه و هه‌ڵبژاردن بۆ سكرتێری گشتیی یه‌كێتی ناكرێت.
عه‌دنان موفتی، هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌شی بۆ رێزگرتن له خه‌باتی سیاسیی تاڵه‌بانی گه‌ڕاندۆته‌وه، كه له هه‌مانكاتدا دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و حزبه‌یه. به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردووه كه سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ردنی یه‌كێتی چۆن ده‌بێ. عه‌دنان موفتی جه‌ختی كردۆته‌وه، داهاتووی یه‌كێتی ده‌كه‌وێته سه‌ر كۆنگره‌ی چواره‌م، ئاشكراشی كردووه، چه‌ندین گۆڕانكاریی گه‌وره له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا ده‌كرێت، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی بۆ كردووه، چه‌ندین سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی به هۆی ته‌مه‌ن و باری ته‌ندروستیانه‌وه خۆیان بۆ پۆسته‌كانیان هه‌ڵنابژێرنه‌وه.
به‌شێك له كادره پێشكه‌وتووه‌كانی یه‌كێتی و جه‌ماوه‌ری ئه‌و حزبه بێئومدن له‌وه‌ی كۆنگره‌ی چواره‌م هیچ گۆڕانكارییه‌ك بهێنێته دی، به‌ڵكو ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش له ئارادایه كه یه‌كێتی هه‌مان ئه‌زموونی كۆنگره‌ی گۆڕان دووباره بكاته‌وه و هیچ هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی تێدا ئه‌نجام نه‌درێت. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی پشتڕاست كراوه‌ته‌وه. له‌م رووه‌وه عادل مراد، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند له كۆنگره‌ی چواره‌می حزبه‌كه‌دا كه له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا 31-1 به‌ڕێوه ده‌چێت، هه‌ڵبژاردنی تێدا ئه‌نجام نادرێت و سه‌ركردایه‌تی نوێ بۆ حزبه‌كه هه‌ڵنابژێردرێت. به‌ڵكو ته‌نیا راپۆرتی لیژنه‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو.
عادل موراد ئاشكرای كرد له ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیدا پێشنیارێكیان بۆ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی به‌رز كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی چواره‌م ته‌رخان بكرێت بۆ وتوێژكردن له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ی لیژنه‌كانی ئاماده‌كاریی كۆنگره پێشكه‌شیان كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی پێویست له په‌یڕه‌و و پرۆگرامی ناوخۆیی حزب و هه‌ر شتێكی تر پێویست بێت بۆ حزبه‌كه، ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ نه‌بێ.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتی به رۆژنامه‌ی (شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) ی راگه‌یاندووه ده‌یانه‌وێ له‌م قۆناغه‌دا ویلایه‌تی سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی وه‌كو خۆی بهێڵنه‌وه تاكو مانگی ئه‌یلوولی داهاتوو، واته پاش 9 مانگی تر، ئه‌مه‌ش وه‌كو چاره‌سه‌رییه‌كی مامناوه‌ندیی بۆ ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته حزبه‌كه تێیكه‌وتووه. تا له‌و كاته‌دا حزبه‌كه كۆنگره‌ی پێنجه‌می خۆی ببه‌ستێت و سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ حزبه‌كه هه‌ڵبژێرن. موراد ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه به‌م دواییه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆیدا هه‌مان رێگه‌ی ئه‌نجام داوه و هیچ نه‌نگییه‌كی تێدا نییه سوود له ئه‌زموونی ئه‌وان وه‌ربگرین.
تارق جه‌وهه‌ر، كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی پێیوایه "كۆنگره‌ی یه‌كێتی به قۆناغێكی وه‌رچه‌رخان ده‌بینم له مێژووی سیاسیی یه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستاندا. سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌كه سه‌ركه‌وتنه بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و پرۆسه‌ی سیاسیی له هه‌رێم. كۆنگره ده‌بی به فیعلی بۆ نوێبوونه‌وه و هاتنه پێشه‌وه‌ی خوێنی تازه بێت بۆ سه‌كردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی، ده‌بی بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی و به‌هێزبوونی بێت، (پێویسته كۆنگره‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كان بێت) . ".
ئه‌و كادره‌ی یه‌كێتی، بۆ "شه‌پۆل" وتیشی "نابێت كۆنگره ببێته مایه‌ی په‌رته‌وازه‌بوونی زیاتری گووتاری سیاسیی و راگه‌یاندن و فره ناوه‌ندیی وه‌رگرتنی بڕیار. چوونكه ئه‌ندامانی یه‌كێتی تێكۆشه‌ره دێرینه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی و رۆحی شه‌هیدانی یه‌كێتی و خانه‌واده‌كانیان ره‌حم به هیچ یه‌كێك له سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر هاتو نه‌یانتوانی یه‌كێتی و كۆنگره‌كه‌ی به‌ره كه‌نارێكی ئارام به‌رن. رۆحی نوێبوونه‌وه و هه‌ڵسانه‌وه‌ی راسه‌قینه‌ی پێ ببه‌خشن، چوونكه ئه‌و كۆنگره‌یه زۆر جیاواز ده‌بێت له چاو كۆنگره‌كانی تری یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی تریش، بۆیه گرنگه لایه‌نگرانی به‌ستنی كۆنگره و دواخستنیشنی به هێمنی و لۆژیكییه‌وه دیراسه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌ن، ئینجا به هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گرنگه بده‌ن. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووسسازه بۆ یه‌كێتی كه خاوه‌نی مێژوویه‌كه پر له داهێنان و ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌ریی له سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان".
عارف روشدی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، پێیوایه، چواره‌مین كۆنگره نابێت به‌هیچ جۆرێك وه‌ك سێیه‌مین كۆنگره بێت، چوونكه ده‌رهاویشته‌كانی سێیه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی به‌شێكی گرنگی ئه‌و كێشانه‌ی ئێستای یه‌كێتین. كۆنگره ده‌بێت سیاسه‌ت و پڕۆگرامی یه‌كێتی باشتر بكات، چوونكه مه‌به‌ستی ئێمه له كۆنگره‌دا بۆ ئه‌وه‌یه كه چۆن یه‌كێتی وا لێبكه‌ین كه یه‌كێتی حزبی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت. روشدی وتیشی "هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی كه له سێیه‌مین كۆنگره‌دا هه‌بوون و له ئێستادا دیاره و له هیچ كه‌سێكیش شاراوه نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌وڵێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌مان كێشه‌وه بڕۆینه ناو چواره‌مین كۆنگره‌وه، پێموایه رۆژێكی نه‌خوازراو چاوه‌ڕێی یه‌كێتی ده‌كات و ئاینده‌شی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه".
عارف روشدی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، وتیشی "به‌داخه‌وه هه‌ندێكجار پاساو به‌وه ده‌هێنرێته‌وه كه فڵان تێكۆشه‌رێكی دێرینه و ده‌بێت به‌شدار بێت. به‌ڵێ با به‌شدار بێت به‌ڵام با تێكۆشه‌ره دێرینه‌كانیش ژماره‌یان هه‌ر چه‌ندێكه هه‌ڵبژاردن له ناوخۆیاندا بكه‌ن و به رێژه‌یه‌كی دیاریكراو نوێنه‌ریان بێته ناو كۆنگره‌وه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر 1000 كه‌س بن، با 1%یان به‌شدار بێت بۆ كۆنگره، به‌ڵام ناكرێت پاساو بهێنینه‌وه و كۆنگره پڕ بكه‌ین له خه‌ڵك و دوایی ببێت به چه‌پڵه‌ڕێزان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكانی تر ده‌توانن به‌شدار بن، به‌ڵام وه‌كو چاو‌دێر و به هیچ جۆرێك نه‌بنه ئه‌ندامی كۆنگره. چوونكه ئه‌و كه‌سانه كه وه‌كو چاو‌دێر به‌شدار ده‌بن، بۆیان هه‌یه له رۆژی یه‌كه‌م و دووه‌م ئاماده‌بن، به‌ڵام له رۆژانی دواتردا كه رۆژی ده‌نگدانه ئه‌وانه مافی ده‌نگدانیان نییه".
كۆنگره‌ی یه‌كێتی، سه‌رنجی میدیاكاران و ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی دیكه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستانی راكێشاوه، كه هه‌ندێكیان له‌و بڕوایه‌دان به‌م دۆخه‌وه زه‌حمه‌ته یه‌كێتی بتوانێت كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی له واده‌ی خۆیدا ببه‌ستێ. "عه‌بدولستار مه‌جید" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێیوایه "كۆنگره هه‌میشه بۆ به خۆداچوونه‌وه و به‌ره‌و پێشبردنی حزب و چاره‌سه‌ركردنی كێشهكانێتی، بۆیه هیوادارم یه‌كێتی نیشتیمانی بتوانی كۆنگره‌یه‌ك ببه‌ستێ كه وێڕای خۆ رێكخستنه‌وه‌یان، بتوانن بارودۆخی ناوچه‌كانی سلێمانی سه‌قامگیرتر و ئارامتر بێت، هه‌رچه‌ند بڕوام وایه له سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ستنی كۆنگره ئاسان نییه، هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم".
له‌لایه‌كی تره‌وه، وه‌سفیه به‌نی وه‌یس، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاندووه: له ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا چه‌ند بۆچوونێك هه‌یه، یه‌كێك له بۆچوونه‌كان ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێت كۆنگره دوا بخرێت، چوونكه چه‌ند هه‌ڵبژاردنێك له پێشه، یه‌كێك هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و ئه‌ویتریش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقه كه پێویستی به كاته. وه‌سفیه به‌نی وه‌یس وتیشی: به رای من كۆنگره‌كه دوابخرێت باشتره له‌وه‌ی به په‌له ئه‌نجام بدرێت.