نزیكه‌ی دووساڵه، كۆڵانی ڕێبازه تیۆریی و فه‌لسه‌فییه هاوچه‌رخه‌كان ئه‌گه‌ڕێم، هه‌ڵوه‌دای كۆڕ‌و قسه‌وباسی بیرمه‌ندانی ئه‌م جیهانه ئاڵۆزه‌م، ئاخۆ مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و كوێ؟. گاهی به‌ره‌و دابه‌شبونێكی دوو جه‌مسه‌ری جیۆ-سیاسیی و ئیكۆنۆمییه، كه له هه‌موو جیهان شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ناوچه‌ی ئۆراسیا ده‌بێت (وه‌ك بریژنكیس ده‌ڵێ ئۆراسیا دڵی جیهانه و كلیلی كۆنترۆڵكردنی جیهانه) ئۆراسیا: والێكدراوهتهوه كه هه‌ردوو كیشوه‌ری (ئاسیا‌و ئه‌وروپایه) . هه‌ندێكیش لایانوایه ئه‌م ناوچه‌یه، ته‌نها ڕووسیاو ئه‌وروپای شه‌رقی ئه‌گرێته‌وه، لهگهلًَ ئه‌وه‌ی (قوتابخانه‌ی ئۆراسیای نوێ) له‌لایه‌ن ڕووسیاوه تازه دامه‌زراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولا چۆن ڕووسه‌كان هه‌نگاو هه‌ڵبگرن له‌ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌یمانی ئه‌تڵه‌سیدا، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌مه سه‌ربگرێت، ئه‌وا به‌ته‌واوی جیهان به‌ره‌و دابه‌شبوون ئه‌چێت و، هه‌ریه‌كه فریای ئه‌وه ده‌كه‌وێت به‌لایه‌كدا خۆی ساغ بكاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئایندهی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دابهشبونهئابوریی و سیاسیی و جوگرافییه‌كان، ڕاسته‌وخۆ له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌دا په‌یوه‌ندیی ده‌گرن، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا قوفڵی ئه‌ده‌ین. چونكه بۆ تیۆری ئێستای نه‌ته‌وه‌گه‌رایی بایه‌خ و ملدانی تاكه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌كان، نه‌ك هه‌ر شهبهنگێكه جێی تێرامان، به‌ڵكو تازه گرفتێكی هه‌ره‌گه‌وره‌ی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌یه.
یه‌كه‌م: تێزه‌كانی فرانكفۆرت زه‌نگێك بۆ مرۆڤایه‌تی.
له (22ی حوزه‌یرانی 1923) له فرانكفۆرتی ئه‌ڵمانیا، قوتابخانه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی – كلتورییه‌كان دامه‌زرا، هه‌ر قوتابخانه نه‌بو، بزوتنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی شۆڕشگێڕیی یاخیانهبوو، بهپێشهنگێتی (ماكس هۆركهایمهرو تیۆدۆر ئادۆرنۆ) ده‌ستی پێكردو، دواتریش هه‌ریه‌كه له (واڵته‌ر بنیامین و یۆرگن هابرماس وهربرت ماركۆزهو فرۆید وكارل پۆپه‌ر) قوتابخانه‌كه‌یان گه‌یانده ترۆپك، بۆ یه‌كه‌م جاربو له‌سه‌ر بنچینه‌ی (تیۆریی ڕه‌خنه‌گه‌رایی) ڕه‌خنه لهئهقڵانیهتی خۆرئاوا بگرن، ئه‌و لافوگهزافهی دووسه‌د ساڵ بو ئه‌وروپاییه‌كان له‌سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆشنگه‌رییه‌وه بۆ دوو جه‌نگه جیهانییه‌كه، به‌سه‌ر جیهاندا لێیان ئه‌دا، قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت هه‌مووی خسته ژێرگومان و پرسیاره‌وه، پرسیارێك كه "شۆبنهاوه‌ر" یش شه‌رعیه‌تی پێ ئه‌دا، چۆن ده‌بێت له‌باوه‌شی ڕۆشنگه‌رییه‌وه تاریك گه‌ریی، له‌ناو ڕه‌حمی مرۆڤدۆستی و ئازادییه‌وه كوشتار‌و وێرانكاریی جیهانی بێته‌ده‌ر؟. هه‌ر به‌ڕاست ئه‌نجامی ئاقڵبون و داهێنان بی ئه‌قڵی و گورز له‌خۆ وه‌شاندنه؟.
ئه‌م بارودۆخه، ڕاست و چه‌پی دونیای هێنایه جۆش، جۆشێك كه مرۆڤایه‌تی قان بدات. سه‌ره‌تا هۆركهایمه‌ر (1895-1973) (دیاله‌كتیكی ڕۆشنگه‌ریی) نوسی. واشی له ئادۆرنۆ كرد بڵێت: ئێمه‌تازه هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌مان نه‌ماوه، ئه‌وه‌نه‌بێت ڕه‌خنه بگرین، نابێت خۆمان ڕاده‌ستی ده‌وربه‌ر و ئه‌و واقیعه بكه‌ین كه هه‌یه". خوێنه‌ری وه‌ئاگا زوو تێئه‌گا، ڕیشه‌و خزمایه‌تی و ئاوێزانبونێكی چاك له‌نێوان ڕابه‌رانی تیۆریی ڕه‌خنه‌گه‌رایی (نڤریه نقدی) و (كانت) دا هه‌یه. كهلایوایه: ڕه‌خنه‌گرتن ئه‌ركه، هه‌روه‌ك زۆری دیكه‌ش پیشه‌ی ڕۆشنبیر وه‌كو "كانت" ته‌نها به‌ڕه‌خنه‌گرتن ناوزه‌ند ئه‌كه‌ن، هه‌ربۆخۆی كانتاویكردنی تاك و كۆمه‌ڵیش جێی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستانه، به‌تایبه‌ت له‌قۆناغی ڕاگوزه‌ری كۆمه‌ڵه‌كاندا.
دوای ئه‌مانیش، یه‌كسه‌ر له‌چوارچێوه‌ی قوتابخانه‌كه‌دا، كارل پۆپه‌ر كتێبی "هه‌ژاریی مێژووگه‌رایی" (الفقر والتڕریخانیه" ده‌نوسێت، تیایدا سه‌راپا كتێبه‌كه‌ی ته‌رخان ئه‌كا بۆئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنی: ئێمه ناتوانین له‌م سه‌رزه‌وییه به‌هه‌شتێك دروست بكه‌ین، ته‌نها ئهوهبهسه ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌مێك باشتر بكه‌ین". به‌دوایشیدا كتێبی (كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌و دوژمنه‌كانی) ده‌نوسێت.
دووه‌م: ماركۆزه و مامه‌ڵه‌ی تاكه‌كان
بۆ خۆی سروشتی ڕه‌وتی مێژووی فه‌لسه‌فه‌كاران وابووه، له دواجاردا هه‌ریه‌كه‌و پێش خۆی یان هاوكاره‌كه‌ی سه‌ركۆنه‌و ئهفهرۆزكردووه، گه‌ڕان به‌دوای ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه بۆ ناساندنی ئه‌ندامه‌كانی فرانكفۆرت، وه ئه‌نجام و پێشبینیه‌كانیان، ته‌نها كارێكی خۆسهرقاڵكهرانهو بێ فه‌ڕه، گرنگه بێین له‌چوارچێوه‌ی تیۆریی ڕهخنهگهراییدا، ڕۆڵی ته‌نها (ماركۆزه) له نوسینی (مرۆڤی تاك ڕه‌هه‌ند) یا (الڕنسان ژوالبعد الواحد) دا، بخه‌ینه ڕوو.
ئاخر مرۆڤ به‌سروشتی خۆی یه‌ك بوعدی هه‌یه، له‌سه‌ده‌ی (21) دا هه‌ر تاكێكی هاوچه‌رخ، له‌دامێنی داهێنان و ته‌كنه‌لۆژیاو پتر بونی حه‌زو خواسته‌كانیدا، به‌ده‌یان دووری و لق و پۆپی دیكه‌ی په‌یداكردووه!. ماركۆزهو ڕێبه‌رانی دیكه‌ی قوتابخانه‌كه، بۆ هۆشداری له‌هاتنی ئه‌م جیهانه‌ی، ئه‌مڕۆكه‌ی مرۆڤایه‌تی و تاكه‌كان تیایدا به‌ئاڵۆزیی گوزه‌ر ئه‌كه‌ن، بێ ئه‌ندازه ئازار‌و وڵاتبه‌ده‌ری و شار بهدهرییان چه‌شتووه، بۆیه یه‌كێك لهگرنگیهكانی ئه‌م تیۆرانه ئه‌وه‌یه: مانای مێژوویی خۆیان له‌ده‌ست نه‌داوه، له‌دوای دووه‌م جه‌نگی جیهانی یه‌كسه‌ر ئه‌وان بون پرسییان: ئه‌م مرۆڤه بهڕۆبۆتكراوه، به‌مادده مۆمیاكراوه، داڕنراوه له‌هه‌ر چه‌مكێكی ڕۆحی و ئه‌خلاقی، بارگاوییه به‌سه‌رده‌می پیشه‌سازیی و مادده‌و كه‌ره‌سته‌كانی ژیان، "ماركۆزه" لایوایه، ڕاسته داهێنانه یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كان به‌رهه‌می سه‌ركێشی و بیری ئینسانه (چ مرۆڤێك؟ چ كلتورێك؟ بێگومان خۆرئاوایی مه‌به‌سته) . به‌ڵام هه‌ربه‌م كاڵایانه‌ی لهبازاڕداههن، هه‌ربه‌م ئامرازانه‌ی كۆمینیۆكهیشنهوه، ڕاسته‌وخۆ خودی مرۆڤ كۆت و به‌ندی توند ئه‌كاته ده‌ست و پێیه‌كانی خۆی.
ئه‌و پڕبه‌گه‌رووی خۆشی هاوارئهكات: كوچه‌و كۆڵانه‌كان و بازاڕه‌كان جمه‌یان دی له‌شمه‌ك، ئه‌ی چاره‌نووسی مرۆڤ كوانی َ؟. هه‌قه بپرسین ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه چه‌نده، كه جڵه‌وی ئاڕاسته‌كردنی خۆیان نه‌داوه‌ته ده‌ست ته‌كنه‌لۆژیا و داهێنانی وه‌ك: كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت و ئایپادو ئایفۆن و ڤایبه‌رو هه‌موو ئه‌وبه‌رنامه‌و شته نوێیانه‌ی دیكه‌ی له‌ناو ئه‌مانه‌دا هه‌ن؟. ئایا مرۆڤی هه‌زاره‌ی نوێ فریای پێداویستییه‌كانی ژیانی خۆی و لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دی ده‌كه‌وێت؟.
لێكه‌وته‌و لایه‌نه خراپ‌و ههستناكهكانی شه‌پۆلی ئه‌م داهێنانانه، كام پنت و خانه‌ی ناو كۆمه‌ڵ ناگرێته‌وه؟. له‌كلتور (زمان و هونه‌رو ئه‌ده‌ب و بچوككردنه‌وه‌ی جوگرافیا) ه‌وه تا ده‌گاته ئیختراقێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌منی به به‌رنامه كرا‌و. بۆنمونه: تاكه‌كان دوێنی له‌مامه‌ڵه‌دا چۆن بون و ئه‌مڕۆكه چۆنن؟ ئاخۆ ئه‌قڵ و هۆش سه‌نته‌ره یان ته‌كنه‌لۆژیا؟. یاخودشێوازهكانی مكیاژو خۆگۆڕین و غهسالهكانی قاپ شتن و سه‌یاره شتن و جل شتن و جۆره‌كانی ئۆتۆمبیل و ئامێره‌كانی دی!. بۆیه ماركۆزه وازناهێنێت له نه‌مانی هۆش و ئینتیمای تاكه‌كان بۆ هه‌ر شتێك، لایوایه: پارسه‌نگی ئه‌قڵ بۆ نائه‌قڵانیه‌ت ئه‌وه‌یه رۆح بگه‌ڕێته‌وه بۆ تاكه‌كان و بۆ كۆمه‌ڵه‌كان، ڕۆحیش جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌و مرۆڤه‌ی كه هه‌ر به‌سروشت یه‌ك ڕه‌هه‌ندی هه‌بووه‌و هه‌یه. ده‌كرێت ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی لێ ههڵڵوشین كه: لۆد‌و كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه، بۆ خودی ڕۆژئاوا كه‌م نییه، چونكه لانی كه‌م داماڵینی تاكه له‌خه‌یاڵ و فهنتازیاو چه‌مكه ئاكارییه‌كان، وه‌گۆڕینی په‌یوه‌ندییه ڕاستهوخۆكانیانه بۆپهیوهندیی لاوه‌كی (له‌بری به‌ریه‌ككه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ و بینینی كه‌سه نزیكه‌كان، ڤایبهرێك یان ئینته‌رنێت به‌كاربهێنه)، ئاخۆ ده‌بێت بۆ كۆمهڵهجیاوازهكانی كایه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌كاربه‌ر چۆن بێت؟.
سێهه‌م: بێهۆش كه‌وتنی تاكی ڕۆژهه‌ڵاتی.
ئیشی زانست و مرۆڤ هه‌رگیز دۆزینه‌وه‌ی دیارده نییه، هه‌رچی زانست و بكه‌رێك هه‌یه ناتوانی ببێته هۆی دۆزینه‌وه‌ی دیارده‌یه‌ك، به‌واتایه‌كی تر مرۆڤ هه‌بێت یان نه‌بێت "دیارده‌كان"هه‌یه، (مه‌ریخ و زوحه‌ل) هه‌بون، مرۆڤ ته‌نها ژیان و هه‌بون یان نه‌بونی ئاوی له‌سه‌ر دۆزیونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت لای هه‌ندێك: مرۆڤ له‌مێژووشدا ڕۆڵی نییه، تاكه‌كان هه‌بن یان نه‌بن، مێژوو خۆی ملی ڕێگه‌ی گرتووه. به‌ڵكو ئه‌ركی زانست به‌هه‌موو لقه‌كانییه‌وه، ته‌نها ئه‌وه‌یه: په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دیاردانه بدۆزێته‌وه. بۆخۆشی بونی زانستێك به‌ناوی دیارده‌ناسی (فینۆمینۆلۆژیا) له‌واقیعدا ئه‌وه‌یه: كه‌سه‌كان هێشتا تاقه‌تیان نه‌گه‌شتۆته ئه‌وه‌ی دیارده‌كانیش به‌ته‌واوی بناسن، بۆنمونه: له‌گه‌ردوون. له‌شێوازی ناسینه‌وه‌ی مرۆڤه زۆر سه‌ره‌تاییه‌كان. بیردۆزه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن. . هتد. زۆرجار هه‌ڵه‌یه‌ك ڕووئه‌دات كاتێك په‌یوه‌ندیی نێوان دوو حاڵه‌ت یان دوو دیارده‌یان ئاشكرا كردووه، ناویان لێناون (دیارده‌یه‌كی نوێ) .
لێره‌وه، تاكی شه‌رقی و سسیتهمهكانیان، ههرلهوهدا زیان ناكه‌ن كه لهتهكنهلۆژیاشدا ئه‌وان بهكاربهرو به‌رخۆرن، له‌نه‌بونی ئاگاییه‌كی ئه‌وتۆشدا هه‌ریه‌كه‌و سه‌یری ئه‌وی دی دهكاو ناگه‌ن به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دیاردانه چین؟. ته‌نانه‌ت لهوگوتارهشدا سه‌ركه‌وتو نین كه ئاڕاسته‌ی خۆرئاوای ده‌كه‌ن، له‌دژی ئه‌و داگیركردن و تێكچون (اختلا و احتلال) ه. ناڕاسته‌وخۆیه‌ی كه كه‌س نازانی كه‌ی ده‌ستیان له‌م ناوچه‌یه ئه‌بڕێت!. ئه‌وه‌تا فه‌یسه‌ڵ قاسم له هه‌جوی ئه‌وانه‌ی دژی به‌رهه‌م و نیعمه‌ته‌كانی ئه‌وروپان ده‌ڵێت: سه‌یره! هه‌ندێك كه‌س سواری شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر ئه‌بن و پاره‌ش ناده‌ن، كهداشئهبهزن ده‌ست ده‌كه‌نه جنێودان بهشۆفێرهكه. !. ئیدی ئه‌مڕۆ شۆفێره‌كه خۆرئاوایه، ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و زۆرێكی جیهانیش به‌ڕێگه‌ی (یاهو و جیمه‌یڵ و هۆتمه‌یڵ) نامه‌كانیان ئاڵوگۆڕ ئه‌كه‌ن، كه‌چی مه‌ركه‌زیی ئه‌م كارانه له‌ئه‌مریكایه و ئاگای لێیه‌تی!! هه‌موو ئامێرێك له‌مه‌ولا كه دروستی ده‌كه‌ن، به‌پێی ئه‌و مهواسهفاتانهیه كه‌خۆیان ده‌یانه‌وی، بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخێك له‌ئاینده‌دا ڕووئه‌دا. سه‌یربكه، له‌كوردستان هاككه‌رێكی شاره‌زا، كه‌سێكی سیڤیل و ئاسایی، چۆته ناو یه‌كێك له‌سایته‌كانی (پ، د، ك) ه‌وه، یه‌كسه‌ر بی زانینی ناو‌و هیچ ناونیشانێكی ئه‌م هاككه‌ره، ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كه‌ن: ئه‌وه چی ئه‌كه‌یت له‌ناو سایته‌كه‌مان بچۆ ده‌ره‌وه، لهحهپهسانێكی هاككه‌ره شاره‌زاكه، جوڵه‌یه‌ك ده‌كات، پێی ئه‌ڵێن: جیگه‌كه‌ی خۆت مه‌گۆڕه، ئه‌وه بۆ جوڵای!.
بڕوانه ڕۆژهه‌ڵات ده‌سته‌مۆیه، جاران چه‌ند ئیلهام و كتێب له‌میسر ئهنوسرانهوه ئێستا چه‌ن؟. چه‌ند كتێب له‌عێراق ده‌فرۆشراو ده‌خوێنرایه‌وه ئێستا چه‌ن؟. جاران چه‌ند پرۆژه‌ی سیاسیی هێزه پله‌یه‌ك و دووه‌كانی جیهان هه‌بوو، ئێستا چه‌ن پرۆژه‌ی خه‌ستی هه‌واڵگریی و ئابوریی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ووزه‌ی جیهان هه‌یه؟ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ڕێگه‌ی ئامێر و داهێنانه نوێیه‌كانه‌وه ئامانجه‌كه‌یان پراكتیزه ده‌كه‌ن. له‌نێوخۆشدا جێی پرسیار نییه كه فه‌رمانبه‌رو سه‌ربازه‌كانی ئێمه له‌ڕێگه‌ی فه‌یسبوكه‌وه، داوای مۆڵه‌ت له‌به‌ڕێوه‌به‌رو ئامرهكانی خۆیان ئه‌كه‌ن!. كه‌واته ده‌بێت سه‌رله‌نوێ و تازووشه ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان (تاك و ده‌وڵه‌ت) وه (كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت) دابڕێژرێنه‌وه، كه‌پێشتر له‌سه‌ر بنه‌مای (ئه‌رك و ماف) شوناسكرابون، ئێستا رۆبۆتێك و ئاله‌تێك ئه‌ركی سه‌د مرۆڤ ده‌بینی، مافه‌كانیش تادێن له‌سه‌رده‌می زیاتربونی حه‌زو غه‌ریزه‌كانی خودی مرۆڤدا به‌ره‌و زفت بون ده‌چن. تاكه‌كان له‌وه‌ها حاڵێكدا ئاماده‌گی نانوێنن تا ملكه‌چی سیسته‌م و ده‌وڵه‌ت بن، به‌سروشتی سیاسه‌ت له (ده‌وله‌ت-شار) ی یۆنانی كۆنیشه‌وه، وابوه كه كۆمه‌ل هه‌بو سیاسه‌ت هه‌یه، لهدووچین پێك دێت: زۆرینه‌یه‌كی فه‌رمانپێكراو (مه‌حكوم) كه‌مینه‌یه‌كی فه‌رمانڕه‌وای هه‌ڵبژێرراو (حاكمه‌كان) . ڕونتریش ئه‌گه‌ر وا بچێت ئه‌رك و ئاینده‌و مانای ههریهكهكه له: تاك، كۆمه‌ڵ، ده‌وڵه‌ت، سیسته‌م، سیاسه‌ت، نه‌ته‌وه. ده‌گۆڕێن.
بڕوابون، به‌وه‌هم و ئاره‌زوی سیسته‌مه‌كان بۆ ڕیفۆرمێكی ڕیشه‌یی، وه‌ك ته‌ماشاكردنی ئه‌وفلیمه به‌رجه‌سته‌یه‌ی ئه‌مڕۆی جیهانی عه‌ره‌بییه، قورئانیان به‌رزكردۆته‌وه‌و كار بهمهجوسیهت ئه‌كه‌ن، باسی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان ده‌كه‌ن، به‌شدارن لهوێرانكردنی بیری ناسیۆنالیزمی بۆ دامركاندنه‌وه‌ی مه‌رامه تاكگه‌رایی و گروپگهراییهكانی خۆیان. له‌مێژووی مرۆڤایه‌تی یان له‌و ڕۆژه‌وه‌ی (سیاسه‌ت) هاتۆته سه‌رزه‌وی، هیچ كاتێك وه‌زیرو په‌رله‌مانتاره‌كان و سه‌ركرده‌كان به‌شێك نه‌بون له‌چاككردنی ئه‌م دونیایه، ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌گۆڕینی كۆمه‌ڵ و كلتور‌و مێژوودا هه‌یه نوخبه‌و ڕۆژنامه‌نووسه جهربهزهكانن. ئه‌وانن به‌ئاڕاسته‌ی یاخی بون له هه‌موو شت، شۆڕشێكی قووڵ و مه‌شخه‌ڵێك دائه‌گیرسێنن، بیرۆكه‌و چه‌مكه‌كان دائه‌تاشن تاهه‌مووان له‌ده‌وری كۆببنه‌وه. ده‌چنه‌وه سه‌ر ئامۆژگارییه‌كه‌ی " كافكا" ده‌یگوت: كۆمه‌ڵگه به‌لای ڕاستدا ڕۆیشت، تۆ بچۆ لای چه‌پ، تۆ زووتر ئه‌گه‌ی. "