پارتی یاری به‌هه‌موو شت ئه‌كا ..به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

ئێمه‌، بۆئه‌وه‌ی ڕاستی ئه‌م ناونیشانه‌، بسه‌لمێنین، پێویستمان به‌ دروستكردنی چوارچێوه‌یه‌كی تیۆرییه‌، له‌و په‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ له‌سه‌روه‌ختی هاتنه‌وه‌ی بارزانی باوك له‌سۆڤیه‌ته‌وه‌، بۆ (میسر-به‌غدا-بارزان) . كه‌ پارتی تا ئه‌مێستاكه‌ ده‌ستی پێوه‌ گرتووه‌. یانی هه‌تا ئه‌و ئایدۆلۆجیا ناشناڵێتیه‌ (قه‌ومیه‌) ی، كه‌ وه‌ك بڕبڕه‌یه‌ك پارتی ڕاگرتووه‌، ڕوون نه‌كرێته‌وه‌، لانی كه‌م ئه‌و تۆمه‌ته‌ ساخ نابێته‌وه‌، كه‌پارتی چۆن یاری به‌دیموكراسییه‌ت ئه‌كا، له‌ڕاستیدا مرۆڤایه‌تی تووشی هیلاكه‌ته‌تێكی زۆر دوورو درێژبووه‌، به‌ملیاره‌ها مرۆڤی كرده‌ قوربانی، تاگه‌یشته‌ فۆڕمێكی گونجاو بۆ حوكمڕانی، ئه‌ویش دیموكراسیه‌ته‌، كه‌چی ئه‌مڕۆكه‌ هێزێكی كوردی ڕاست و چه‌پ، شڵپ و هوڕ كه‌وتۆته‌ گیانی ئه‌م چه‌مكه‌ جیهانییه‌.

ناسیۆنالیزم، وه‌ك بیروباوه‌ڕو بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی، له‌هه‌ناوی شۆڕشه‌كانی (پیشه‌سازیی، بۆرژوازییه‌ت، لیبراڵیزم) ه‌وه‌، هاته‌ده‌ر، یانی دوای دامه‌زراندنی كیڵگه‌گانی هزرو ئازادیی و دیموكراسیی و بوژانه‌وه‌ له‌ئۆروپا، ئه‌وسا پیشه‌سازیی بوون، ده‌بێته‌ خه‌سڵه‌تی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوون (له‌زمانی ئینگلیزیدا له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی دا، National) به‌كار ئه‌هێنرێت. بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوون بكه‌وێته‌ سه‌رسكه‌ی خۆی، دوومه‌رجی: زمانێكی یه‌كگرتوو، مێژووییه‌كی یه‌كگرتوو. قه‌ومی بوون، ته‌واو ئه‌كه‌ن. له‌مه‌ ڕوونتر به‌بێ مه‌رجی پیشه‌سازیی بوون، زمانی یه‌كگرتوو، فۆڕمۆلیزه‌كردنی مێژووییه‌كی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو، باسكردنی نه‌ته‌وه‌یی بوون، هیچ مانایه‌كی نییه‌. هیوادارم تائێره‌ و له‌و چه‌ند دێڕه‌ كورته‌دا، خوێنه‌ر ئه‌وه‌ی چنی بێته‌وه‌، ساده‌ترین بناغه‌كانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یاخود ناشناڵێتی له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی خۆی بینا بكات.

*دوالیزمه‌یه‌ك كه‌پارتی خوڵقاندوویه‌تی

له‌باشوری كوردوستان، هه‌موو شتێك له‌نێوان (هه‌بوون) و (نه‌بوون) دایه‌، بۆنمونه‌: ڕۆژنامه‌نووس و میدیا هه‌یه‌، كه‌چی هیچمان نییه‌، فره‌حزبی هه‌یه‌و نیشمانه‌، یه‌ك دونیا ئه‌كادیمیاو زانكۆو پیاوی قیت قیت دێنه‌سه‌ر شاشه‌كان، كه‌چی تادێت پاشخانی زانستی و تێفكرین خاڵی خاڵی ئه‌بێته‌و. . هه‌ڵبژاردن وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاماژه‌كانی دیموكراسیی هه‌یه‌و ده‌كرێت، به‌ڵام مانگێك پێش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ هه‌ر هه‌موومان بێ جیاوازیی ئه‌زانین، پارتی یه‌كه‌مه‌!!. به‌به‌راورد به‌زۆر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، ئاسایش و ئارامی هه‌یه‌، ئاسایش و پاراستنی نیشتمانی نییه‌و، به‌ئاشكراو نهێنی تیغی مافیاكانی نه‌وت و ده‌رمان و جگه‌ره‌و كۆمپانیاكانی نیشته‌جێبون ئه‌بینین. . زۆرجار هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین ده‌وڵه‌تێكی ئاماده‌كراوین، كه‌چی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ئێستاوه‌ له‌ناوخودی كوردوستاندا نییه‌. ئه‌م دوالیزمه‌یه‌، له‌دوای (31ی ئاب) ه‌وه‌، پارتی به‌باشی ده‌ستی له‌دروستكردنیدا هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر هۆیه‌كی دیار بۆ ئه‌م بون و نه‌بوونه‌ هه‌بێت، ئه‌و ترسه‌یه‌ كه‌شه‌قام و لایه‌نه‌كوردییه‌كان، ئه‌زانن پارتی له‌حاڵه‌ كاتی ئه‌وه‌ی زۆر بۆ بێت، هه‌موو پرۆسه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیه‌كان، قڵپ ئه‌كاته‌وه‌. كاره‌ساتی ئه‌خلاقی گه‌وره‌ به‌سه‌ر خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌شیدا ئه‌هێنێت.

*پارتی نوێنه‌ری كێیه‌. . ؟.

پارتی دیموكراتی كوردوستان، دوای (67) ساڵ ته‌مه‌ن، له‌ئێستادا ده‌یان ملیۆن كوردی باكورو ڕۆژئاوای كوردوستان، هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌دژ ده‌كه‌ن، له‌باشوریشه‌وه‌ ده‌یان سه‌نته‌رو میدیاو لایه‌نی سیاسیی و ڕه‌وه‌ندی كوردیی، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌گه‌ڵی نین، داروبه‌رد ڕه‌خنه‌ له‌پارتی ئه‌گرێت، كه‌چی هه‌ر یه‌كه‌مه‌، یه‌كه‌م!!. به‌هه‌ق نوێنه‌ری (35%) ی خه‌ڵكی باشوری كوردوستانه‌، بێجگه‌ له‌كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دی. بێجگه‌ له‌وه‌ی جار نا جارێك تارمایی ناكۆكییه‌ نێوخۆییه‌كانی ئه‌م حزبه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. بێجگه‌له‌وه‌ی سه‌ركرده‌سیاسییه‌كانی هیچ كاتێك نكۆڵیان له‌و واقیعه‌ تاڵه‌ نه‌كردووه‌، كه‌هه‌یه‌، به‌جۆرێك له‌پێش چاوی كامێراكان نێچیرڤان بارزانی ووتی:گه‌نده‌ڵی بووه‌ به‌كلتور!!.

ئه‌م هێزه‌، به‌بێ یه‌ك و دوو، سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێمی به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌، گرتۆته‌ ده‌ست، به‌رپرسی یه‌كه‌می مه‌له‌فی نه‌وت و ئاسایشه‌، زۆرترین نوێنه‌رایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی بێ ڕكابه‌ر هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌غداشی له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌بێ قسه‌ له‌سه‌ر پشكی خۆی هه‌یه‌. له‌وه‌ها كاتێكدا هێزێك كه‌ناتوانێت له‌ 2 پارێزگا زیاتر نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك بكات، چۆن ئه‌توانێت ئه‌و باره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌، له‌كۆڵ بگرێت، كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كات؟. . به‌ناوی كێوه‌ خه‌نده‌ق له‌نێوان دوو پارچه‌ی كوردوستانی گه‌وره‌ لێ ئه‌دات؟.

*پارتی یاری به‌هه‌موو شت ئه‌كا

پارتی له‌ په‌یوه‌ند به‌یاری كردن به‌ دیارده‌كانه‌وه‌، سنوری نییه‌. یاری به‌هه‌موو شت ئه‌كا، به‌ دیموكراسییه‌ت، كه‌ نه‌هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد هه‌یه‌، نه‌ دادگای سه‌ربه‌خۆ، نه‌ ماف و ئازادییه‌ گشتی یه‌كان، یاری به‌كه‌یسه‌ نیشتمانییه‌كان، به‌كه‌یسه‌ سیاسییه‌كان، خوێندنه‌وه‌ی پارتی بۆ ئه‌م بارگرژییه‌ جیهانی و هه‌رێمایه‌تییه‌ی هه‌یه‌، زۆرجار خوێندنه‌وه‌یه‌كی كوردانه‌و عاتفی بووه‌، تائه‌وه‌ی تازه‌ بۆی ده‌ركه‌وتوه‌، چی ئێران و ئه‌مریكا له‌ پشتگیریی كردنی مالكی دا كۆئه‌كاته‌وه‌؟. ئێران و ئه‌مریكا له‌خوا په‌رستنیشدا جیاوازییان هه‌یه‌، بۆچی له‌مالكیدا هاوبه‌شن؟. بارزانی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی، نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ گله‌یی له‌ئیداره‌ی ئه‌مریكا هه‌یه‌، چونكه‌ پاڵپشتی قه‌زیه‌ی كورد نین.

پارتی هه‌ر یاری به‌دیموكراسییه‌ت و باسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ ناكات، به‌ڵكو به‌حزبه‌ كوردییه‌كانیشی ئه‌كات، هه‌ركات بیه‌وی باره‌گای هه‌ركامێكیان ده‌سوتێنێت، ئه‌ندامه‌كانیشی ده‌كوژێت، چونكه‌ ده‌زانێت ئه‌م لایه‌نانه‌ی ئێستا له‌گۆڕه‌پانی باشوردان، هیچیان ئه‌و قه‌له‌ نین، تاقی كردونه‌ته‌وه‌. له‌ته‌نگانه‌ترین حاڵه‌تدا، له‌گه‌رمه‌ی ئیرحه‌لدا، ئه‌توانێت لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان بۆلای خۆی په‌لكێش بكات، ئه‌وا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشی خسته‌ ناو داوی یارییه‌ سه‌رگێژكه‌ره‌كانی خۆیه‌وه‌، به‌مدواییه‌ سه‌دان هه‌زار ده‌نگی لێ كه‌م كردنه‌وه‌. هه‌موو لایه‌نه‌كانی وا لێكردووه‌، كه‌س باسی یه‌كه‌می نه‌كات، به‌ڵكو گشتیان شه‌ڕ له‌سه‌ر دووه‌م و سێهه‌م بكه‌ن، شه‌ڕله‌سه‌ر جێگره‌كان بكه‌ن. !.

ماڵ ئاوه‌دان!. پارتی گرێبه‌ستی غاز له‌گه‌ڵ ئێرانیش ده‌كات، ئاخر هه‌رێم چی پێویستی به‌غازه‌؟ غاز!!. غاز یانی سیاسه‌ت، نه‌وت یانی ئابوریی. پارتی یاری به‌پاره‌، به‌ سیاسه‌ت، به‌دیموكراسیی، به‌ حزبه‌كانی كوردوستان، به‌میدیاش ده‌كات، هه‌ندێك جار ناونیشانی مه‌قاله‌كانی ئێمه‌و زۆربه‌ی نوسه‌رانی دی به‌بێ پرس له‌سه‌ر به‌رگ و سایته‌كانی پارتییه‌ و ده‌یبه‌ن، بۆمه‌به‌ستی جیاجیا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ په‌یامنێریان بین!.

 

Related Articles