یه‌كێتی و ڤالانبیتینا پترۆڤنا ئه‌كسیۆنۆڤا. .. به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

 لیستێكی خانه‌نشینی ژنانی یه‌كێتی (دیاره‌ پارتی ژنی خانه‌نشینی نییه‌!) كه‌ (404) كه‌سن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌لای منه‌وه‌ هیچ جێگی واق وڕمان نه‌بوو، چونكه‌ له‌مناڵیمه‌وه‌ له‌ناو پۆخڵه‌واتی ئه‌مانه‌دا دێم و ئه‌چم. به‌ڵام له‌ناو ئه‌م لیسته‌دا ناوێك " ڤالانبیتینا پترۆڤنا ئه‌كسیۆنۆڤا "كه‌ پله‌كه‌ی ڕائیدی خانه‌نشینه‌ به‌ مووچه‌ی (1054000) دینار، سه‌رنجی ڕاكێشام. !!.

 " ڤالانبیتینا پترۆڤنا ئه‌كسیۆنۆڤا " كه‌ دیاره‌ ناوێكی ڕووسییه‌، به‌پێی به‌دواداچون له‌كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان ئیشی بۆ ته‌له‌فزیۆنی یه‌كێتی كردووه‌و، كاری دۆبلاج و ئه‌فلام كارتۆتی كردووه‌، ئینجا شووی به‌ ئه‌ندازیارێكی كورد كردووه‌!! له‌ناو ئه‌م (404) ناوه‌دا زۆر ناوهه‌ن نه‌ به‌كه‌ڵكی كورد نه‌ به‌كه‌ڵكی یه‌كێتی هاتون، ته‌مه‌نه‌كه‌شیان هی ئه‌وه‌ نییه‌ خانه‌نشین بێت، له‌سه‌ر پێوه‌ری دیكه‌ له‌قاسه‌ی میلله‌ت به‌پله‌ی سه‌ربازیی خانه‌نشینكراوه‌. ، هه‌شیانه‌ خێزانی ئه‌نفال و زیندانكراو و هه‌رنه‌بێت ماوه‌یه‌ك ته‌كه‌تولاتی كردووه‌. .

سه‌رت گێژئه‌خوات، ئه‌بینی سه‌دان كه‌س، چركه‌یه‌ك وه‌زیر نه‌بوه‌، به‌ وه‌زیریی خانه‌نشینكراوه‌، هه‌یانه‌ له‌مناڵییه‌وه‌ وه‌زیری خانه‌نشینه‌، وه‌ك (كوڕی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ!) . ئینجا سه‌دانی تر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و پله‌سه‌ربازییان نه‌بوه‌و نه‌دیوه‌و نه‌یانكردووه‌، به‌و پله‌یه‌ مووچه‌یان بۆدانراوه‌؟. هه‌موو كادرو ئۆرگان و مه‌كته‌به‌كانی تری حزبیش هه‌روه‌ها یه‌. .

ئه‌مه‌ یه‌كێتی خه‌ریكی ئه‌مانه‌ بووه‌، بۆیه‌ ئاگای له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و گه‌نجه‌كان و كادره‌كانی خۆشی نه‌ماوه‌!!!.

دایكی شه‌هیدێك، كه‌ماڵیان له‌ گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته‌ی سوله‌یمانی بوو، (3) ساڵ پێش ئێستا هاواریئه‌كرد، هه‌موو ڕزقی ماڵه‌كه‌م ته‌نها (4) هێڵكه‌یه‌، وه‌رن سه‌یری كه‌ن!!

برای شه‌هیدێكی سه‌ركرده‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ، كه‌نه‌خۆشخانه‌یه‌ك و خوێندنگه‌یه‌كیان كردۆته‌ ناوییه‌وه‌، خوێندنیشی ته‌واوكردووه‌، چوار مناڵی خوێندكاریشی هه‌یه‌، ڕۆژتائێواره‌ كرێكاری ئه‌كات تا مناڵه‌كانی به‌خێو بكات، له‌ده‌رگای (50) به‌رپرسی داوه‌ له‌م چه‌ندساڵه‌ی دواییدا. وه‌ڵامیشیان نه‌داوه‌ته‌وه‌. . كاتێك من شتێكم له‌سه‌ر بڵاوكردبوه‌وه‌، به‌رپرسێكی قه‌زه‌می حزبی كه‌ نرخی (سوتوی جگه‌ره‌كه‌می نییه‌، حه‌ددی نییه‌ نیوه‌ی خۆشم له‌ناو یه‌كیتێتیدا هه‌ڵسوڕاوبوبێت!!) بانگی كردووه‌ پێی وتوه‌: تۆ بۆلای به‌هرۆز قسه‌ئه‌كه‌ی، نازانی ئه‌وه‌ نه‌یاری یه‌كێتییه‌. . . !!.

له‌ساڵی (2011) ه‌وه‌ له‌ته‌مه‌نی (24) ساڵییه‌وه‌، ئیتر به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بێلایه‌نی خۆم ڕاگه‌یاندووه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حزبه‌و هه‌موو حزبه‌كانی تر قسه‌ئه‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ی بینیم، به‌رپرسێكی یه‌كێتی كرێی (7) مانگی خانوی بۆ ماڵه‌ له‌شفرۆشێكی عه‌ره‌ب داوه‌ له‌سوله‌یمانی. ئیتر ماف و وه‌زیفه‌ی من ئه‌بێت چی بێت؟. كادرێك به‌قه‌د له‌شفرۆشێك مافی نه‌بێت!. حزبێك هیچ گوتارێكی سیاسیی، هیچ پره‌نسیپێكی نه‌بێت تا خه‌باتی له‌پێناودا بكات. ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌. .

له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و حزبه‌دا، پێوه‌ر بۆپله‌و پایه‌، بۆ مووچه‌و ئیمتیازات، یان دزبون و جاشێتی یه‌. . یان ماستاوچێتی و خۆ گێلكردنه‌، له‌هه‌موو به‌هاو پره‌نسیپێك. بۆیه‌ عاقیبه‌ته‌كه‌ی باش نابێت. . !!.

له‌م حزبه‌دا، هه‌ر كه‌زانییان تۆ كه‌سێكی به‌تواناو ئازای، بۆخۆت مه‌گه‌ڕی، یان به‌سیناریۆیه‌كی مناڵانه‌ ئه‌تكوژن، یان به‌ زۆر ئه‌ڵێن بۆ ده‌ره‌وه‌. . . بۆ كوێ ئه‌چی بچۆ. . جا بۆچی ئه‌وه‌ی كه‌ماوه‌ به‌ڕێزو كه‌رامه‌تی خۆیه‌وه‌ نه‌یاته‌ ده‌ری. . .

 تا یه‌كێتی خاوه‌نی ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ بێت، له‌ كاری مافیایی و كورد كوشتن و گه‌نده‌ڵی و پیسخۆریی و نیشتمان هه‌ڕڕاجكردن زیاتر، چاوه‌ڕێی هیچی لی مه‌كه‌ن. . .

 خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت، " ڤالانبیتینا پترۆڤنا ئه‌كسیۆنۆڤا" چه‌ند ناوێكی غه‌ریبه‌ به‌م ئاوو هه‌وایه‌!!. . . ئه‌شێ دوای بڕینی مووچه‌كه‌ی ئه‌ویش ده‌ست بكاته‌ تانه‌دان له‌یه‌كێتی و كۆی سیسته‌مه‌كه‌!!. یان ته‌نزمان بۆ بنوسێ!!.

له‌م ڕۆژانه‌ی ڕابردوو، هاوفه‌یسبوكێك كه‌ چه‌ند نامه‌یه‌كی ناردووه‌، ئایا یه‌كێتی پاره‌ی پێداوی ماسته‌ر بخوێنی له‌ده‌ره‌وه‌؟؟

ئاخر، ئه‌وان كه‌ی ئه‌ونه‌ پیاو بون، ئیشی وا بكه‌ن، حزبێك (3) جار هه‌وڵی تیرۆركردنی منێكی لادێی بدات. كه‌ی جێگه‌ی پیاوی وای تیاهه‌یه‌، بیربكاته‌وه‌ چوار گه‌نج به‌فیعلی و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ بۆ ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ست بگرێت؟. من هه‌رچی قیاده‌ی ئه‌و حزبه‌یه‌ ئه‌ناسم و ئه‌مناسن (ئاخر ئه‌بێت شتێكم هه‌ركردبێت كه‌ئه‌مانه‌ ئه‌مناسن)، هه‌رچی كادری ئۆرگانه‌كانیه‌تی دۆست و هاوڕێمن. به‌ڵام (4) ساڵیشه‌ له‌و حزبه‌دا (1) پیاو شك نابه‌م، زه‌روره‌تێكی نیشتمانی یان باسێكی دی ئه‌بێت، هه‌رچه‌ند سه‌ردێنم و ئه‌به‌م پیاوێك نادۆزمه‌وه‌ دوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م. . . یه‌كێتی بۆ " ڤالانبیتینا پترۆڤنا ئه‌كسیۆنۆڤا" باشه‌.

 " به‌هرۆز جه‌عفه‌ر "

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Related Articles