لێكۆڵه‌ره‌كان، بۆ گه‌یشتن به فاكت و ده‌ره‌نجامێكی مێژوویی، وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك پشت ئه‌به‌ستن به‌و تێزه‌ی كه " هه‌موو ڕووداوێك، ڕووداوێكی تری له‌دواوه‌یه، هه‌موو چیرۆكێك چیرۆكێكی تری به‌دوادا دێت ". ڕووداوێك ئێستا ڕووئه‌دات، دروستكه‌ری ڕووداوه‌كانی سبه‌ینێیه، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ئه‌كرێت له‌سه‌د ساڵی ڕابردوودا، ڕووداوه گه‌وره‌كان وا پۆلێن بكه‌ین:
چركه‌ی یه‌كه‌م: سه‌رهه‌ڵدانی یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و، ڕێككه‌وتننامه‌ی سایكس بیكۆی (1916) یه. كه پرسی كورد ئه‌و سه‌رده‌مه پرسێكی ئینگلته‌رایی بووه، له‌سه‌رده‌ستی شێخ مه‌حمودی نه‌مر.
چركه‌ی دووه‌م: دروستبونی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (24ی ئۆكتۆبه‌ری 1945) . . بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی جیهانی، لێره‌وه‌یه ئه‌مریكا بۆ ده‌ست ئه‌كات به ده‌ستوه‌ردان له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی سیاسه‌تێكی گه‌ردونی (فه‌زا- ووشكانی- ڕێره‌وه ئاوییه‌كان- سامانی هه‌موو ژێر زه‌وی) . پرسی كورد له‌م كاتانه‌دا پرسێكی ئێرانی بووه (كۆماری مه‌هاباد و له‌داردانی قازی محه‌مه‌د) .
چركه‌ی سێهه‌م: ده‌ستپێكردنی جه‌نگی سارد: سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ به‌وه‌كاله‌ت، له‌لایه‌ن دوو زلهێزی جیهانییه‌وه، كه‌یه‌كێكیان له‌دوو شه‌ڕی گه‌وره‌دا ته‌نها بینه‌ر بووه (ئه‌مریكا)، ئه‌ویتریش براوه‌ی جه‌نگ بووه (سۆڤییه‌ت) . . ئیتر سیاسه‌تی (ئیحتیواكردن، ئیختراقكردن، ئیختلالكردن) . . به‌ڕێگه‌ی ئامێره پێشكه‌وتووه‌كانی جه‌نگ و دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌كان و هاوپه‌یمانێتییه‌كان، ده‌ستی پێكرد. پرسی كورد له‌م كاتانه‌دا پرسێكی عێراقی بووه. له‌سه‌رده‌ستی مه‌لا مسته‌فای بارزان و باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌كاتی شۆڕشی ئه‌یلولدا.
چركه‌ی چواره‌م: ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، ئیتر دیواری به‌رلین ڕووخا. ئه‌وه‌نده‌ی تر جوڵه كه‌وته به‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا و گه‌شه‌ی كرد. پرسی كورد له‌م سه‌رده‌مه‌دا بوو به‌شوێنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كارته‌كانی ئێران و توركیا. (شه‌ڕی ناوخۆی 1994 ده‌ستی پێكرد) .
چركه‌ی پێنجه‌م: گه‌وره‌ترین ڕووداوی مێژووه له (500-600) ساڵی ڕابردوودا، كه (11ی سێپته‌مبه‌ر) ه. بۆ؟. ئه‌وه به‌ته‌نها لێدان نه‌بوو له دڵی خۆرئاوا‌و زلهێزێك، كه به‌پێش چاوی دونیاوه خوێن له‌ناو گه‌ڵی ئه‌چۆڕا، ئه‌وه به‌یه‌كداكێشانی شارستانییه‌ته‌كان بو، شه‌ڕی ناسنامه‌و كلتور‌و زمان بو. ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆر ببێته باسی هه‌ره‌سه‌ره‌كی نێوده‌وڵه‌تان و، مه‌رجی یه‌كه‌می ناو كۆبونه‌وه دیبلۆماسییه‌كان.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار بو، ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ڕێگه‌ی توندوتیژییه‌وه، داوای بڕینی ده‌ستی خۆرئاوایان له‌ناوچه‌كه‌یان كرد.
وه‌ختێك، له‌بری ده‌ستهه‌ڵگرتن و ده‌ست وه‌رنه دان، "پرۆژه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" دائه‌ڕێژرێت. هێرش ئه‌كرێته سه‌ر ئه‌فغانستان و عێراق. بنه‌و بارگه‌و ته‌یاره‌خانه‌ی نوێ ده‌كه‌نه‌وه له‌خۆرهه‌ڵات. مارێنز و سه‌ربازی دیكه ڕه‌وانه ئه‌كه‌ن. . . بۆیه‌كه‌مجار تیۆرێكی نوێ، یان چه‌مكێكی نوی، دێته ئاراوه ئه‌ویش تیۆری "فه‌وزای دروستكه‌ر" – "فه‌وزای خه‌للاق". .
ئه‌ها، سه‌یركه‌ن، هه‌موو ڕووداوه‌كان چۆن به‌دوای یه‌كدا دێن، قۆناغ یان چریكه‌ی پێنجه‌م ته‌واوكه‌ری چواره‌مه، چواره‌م هی سێهه‌مه. . یه‌ك ئه‌ویتر دروست ئه‌كات.
چركه‌ی شه‌شه‌م: تیۆری فه‌وزای خه‌للاق
له‌ساڵی (2005) له میانه‌ی قسه‌كردن بۆ ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا " كۆندۆلیزا ڕایس" یه‌كه‌مجار ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، كه ئه‌مریكا نیازیه‌تی له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌دا، دیموكراتییه‌ت به‌هه‌موو جیهانی عه‌ره‌بی و ڕۆژهه‌ڵاتیدا بڵاو بكاته‌وه. . له‌زمانی بازاڕیدا پێی ئه‌وترێت پرۆسه‌ی ئاقڵكردنی خۆرهه‌ڵات و عه‌ره‌به‌كان، تا فێری پرۆسێسی دیموكراتی و ڕێزگرتن له‌به‌ها مه‌ده‌نی و مرۆییه‌كان ببن، بۆخۆیان و ده‌وروبه‌ریشیان باشتره. ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی تیۆری فه‌وزای دروستكه‌ر له‌لای " جۆرج ده‌بلیو بوش" ه‌وه بۆیه‌كه‌مجار بخرێته ڕوو.
ئه‌گه‌رچی بیرۆكه‌ی فه‌وزای دروستكه‌ر، ڕه‌گی مێژوویی ئه‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ ئه‌ده‌بیاتی ماسونیه‌ت له‌كۆندا. . به‌ڵام " بوشی كوڕ" سوور بو له‌به‌كارهێنانی، له‌گه‌ڵیدا تیمه‌كانی مردن (فرق الموت) ی دروستكرد بۆ شه‌ڕی عێراق. . له‌هه‌موو جه‌نگه جیهانییه‌كاندا " تیمه‌كانی مردن" دروستكراوه. ئه‌مریكا خۆی له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازییه‌وه بۆ ئه‌مریكای لاتین ئه‌مه‌ی كرد، له عێراقیش كۆمه‌ڵێك ڕێكخراوی نهێنی دروستكرد، بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه به‌ناوچه‌ی گه‌رمی كێشه‌كه ئه‌ناسرێن، ئه‌مه بریتی یه له (فه‌وزای خه‌للاق) كه ئه‌م تیمانه كاری تێكدان و كوشتن و دزی و زنجیره ڕوداوی سه‌یرو سه‌مه‌ره ئه‌نجام ئه‌ده‌ن.
چركه‌ی حه‌وته‌م: به‌هاری عه‌ره‌بی
به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت، له‌وانه‌ی كه له‌ناو فه‌رهه‌نگی خۆرئاوادا ته‌مه‌نێكیان له‌خۆ ڕۆشنبیركردن به‌سه‌ر بردووه، هه‌موو عه‌ره‌ب كۆبكه‌یته‌وه له‌شوێنێكدا، ئێستاش نازانن به‌هاری عه‌ره‌بی چی بو. . بۆ؟. چونكه هه‌ر بۆخۆیان قسه ئه‌كه‌ن، زانست و پیشه‌سازیی هه‌زار هێنده‌ی تر، له‌سه‌رده‌ستی خۆرئاوا پێش بكه‌وێت، عه‌ره‌به‌كان هه‌ر خۆیان به له‌سه‌ر هه‌ق ئه‌زانن. . !!. چه‌ندین جار له‌ئاستی كه‌سانی ڕۆشنبیری (تونسی، عێراقی، لیبی) پێیانگوتوم: ئه‌گه‌ر موسڵمانن، بۆچی عه‌ره‌بی نازانن!!.
كوردیش، جگه له‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی بیری عروبه و كاریگه‌ریی مێژووی خوێناوی حوكمی ئیسلامگه‌راكان، مێنتاڵیهتێكی خراپی له‌ناوه‌وه‌ی ههرتاكێكیدا چه‌سپاندووه، ، حه‌زێكی زاتی و كه‌سیی كاراكته‌ره‌كانیش زاڵتره به‌سه‌ر بیری قووڵ و خه‌می یه‌كێتی نیشتمانییدا، هه‌موو یان كۆبكه‌یته‌وه نازانن ئه‌مه چییه ئێستا له‌جیهاندا ڕووئه‌دات. . ؟. كڕۆكی هه‌موو كێشه‌ی تاكی كورد، ڕۆشنبیر و سیاسیی كورد ئه‌وه‌یه، ئاگای له‌دونیا نییه، هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌له‌حانێی و شه‌ڕه‌شه‌قی نێوخۆیی بون به‌سیاسیی و نوسه‌ر و ناونیشانیان بۆخۆیان داناوه.
ڕووخانی دیكتاتۆره‌كان، له‌عێراق و تونس و میسر‌و لیبیاوه ده‌ستی پێكرد، له سوریادا وه‌ستا. زۆری نه‌برد ئاگره‌كه په‌ڕییه‌وه بۆ سنوری نێوان ئۆكراین و ڕوسیای فیدراڵ. بوو به‌هۆی جوڵاندنی هێز له‌لایه‌ن ڕوسیاوه. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مه كۆتایی ڕوداو نییه.
- كۆنستراكتیڤیزم و په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وروپا.
پێش ئه‌وه‌ی بێینه سه‌رباسی (گه‌مه گه‌وره‌كه) و (پرسی كورد له‌سه‌رده‌می داعش دا) باس نه‌كردنی دیدو ڕۆڵی ئه‌وروپا، كێشانی وێنه‌كه‌مان ته‌ڵخ و ناته‌واو ئه‌كات.
ده‌یان و بگره، سه‌دان تیۆر له‌چوارچێوه‌ی زانستی په‌یوه‌ندییه نێو-دهوڵهتییهكاندا هه‌یه. سێ دانه له‌وانه له‌ئه‌نجامی كهڵهگهبون و یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵێك ئایدیا، بونه‌ته ئایدۆلۆژیا‌و قوتابخانه‌ی سه‌ره‌كی (ماركسیزم، لیبراڵیزم، كۆنستراكتیڤیزم) . جه‌وهه‌ری فكره‌ی ماركس بریتییه له ئابوریی، فه‌لسه‌فه‌كه‌شی باس له چینایه‌تی ئه‌كات. . . لیبراڵیزمیش ئه‌وه‌یه كه باسی (ئازادی تاك و، بازاڕ، خۆشبه‌ختی و. . . هتد) و ئه‌وشته میسالیانه ئه‌كات.
كۆنسراكتیڤیزم (بنائیه- Constructivism)، لای ئه‌وروپییه‌كان بوو به ئایدۆلۆژیای سه‌ره‌كی و باكگراوه‌ندێك كه ڕێبازی كاركردن و ڕه‌فتاره‌كانیان دیاری ئه‌كات. ئه‌مه نه ماركسیزمه، نه لیبرالێزمه، له‌وه‌تای دروستبونی ئه‌م دیدگایه بۆ سیاسه‌تكردن و ئیداره‌ی جیاوازییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه، تا ئێستا قازانجی هه‌ره گه‌وره‌ی بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا به بێده‌نگی فه‌راهه‌مكردووه.
ئێستاش له‌ڕۆژهه‌ڵات و شه‌ڕی داعش دا هه‌مان ڕێگه به‌كارئه‌هێنن. له‌ڕووی واتاوه (كۆنستراكتیڤیزم) پتر واتایه‌كی فێركردن و په‌روه‌رده‌یی و مه‌عرفی تاكه‌كانه، به‌ڵام له‌ڕووی سیاسییه‌وه (بینائیهت) یانی كاركردن به‌و شێوه‌یه‌ی: ئاشتی و ئازادی و ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدان له‌ناوه‌وه، یاریكردن و خه‌ڵك سه‌رقاڵكردن و شه‌ڕنانه‌وه و شه‌ڕكردن له‌ده‌ره‌وه، دیموكراتیه‌ت و خۆشبه‌ختی بۆ خۆمان. جه‌نگێكی نه‌رم و به‌رده‌وام بۆ ئێوه‌ی شهرقییهكان. فایله‌كانی به‌رده‌ست یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه زۆرن، یه‌كێك له‌وانه ڕێككه‌وتننامه‌ی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی (5+1) ه. سه‌باره‌ت به‌پرسی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران. یه‌كێكی تر له‌وانه مشاوهرهتكردنه له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو (مجلس التعاون الخلیجی) له به‌گژاچونه‌وه‌ی تیرۆر له‌عێراق. هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ستێكی تر له‌گه‌ڵ كه‌رتی غه‌ززه‌و ئیسرائیل مامه‌ڵه ئه‌كات. هه‌روه‌ك ده‌ستوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی له‌ڕێگه‌ی هێزی (ناتۆ) ه‌وه بۆ لێدان له‌رژێمه‌كه‌ی (قه‌زافی) و كۆتایی پێهێنانی بینرا. سه‌یرنییه له‌ماوه‌ی چل ڕۆژدا سه‌رۆكوه‌زیرانی فه‌ڕه‌نسا دێته هه‌ولێر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و به‌رگیی ئه‌ڵمانیا و هه‌موو خۆرئاوا لهههولیرن!. ڕاسته‌وخۆ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵه‌مان خۆی ڕاهێنان به پێشمه‌رگه ئه‌كات بۆ ته‌قاندنی مووشه‌كی تانشكێن. . هه‌موو ئه‌م چالاكییه زۆر زۆرترانهش، له‌وه‌وه دێت كه گرنگترین پره‌نسیپی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌وه‌یه: ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سپاردووه به داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تیی له‌ئه‌وروپا.
گه‌مه گه‌وره‌كه (The Great Game) .
بۆ ئه‌وه‌ی بمێنیته‌وه، پێویسته كه‌سێك هه‌بێت دوژمنت بێت، تا زۆرانبازی له‌گه‌ڵ بكه‌یت. سیاسه‌ت پڕه له‌ململانێ (Conflict) . ململانێ له‌گه‌ڵ كێ و كام كاتیگۆریدا؟.
نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان، له‌زاری "مارگرێت تاتچه‌ر" ی سه‌ره‌كوه‌زیرانی پێشوی به‌ریتانیاوه ئه‌گێڕێته‌وه، كه خۆرئاوا بۆیه ده‌وڵه‌تی عوسمانی نه‌خۆش خست و ڕووخاندووه، چونكه پێویستی بهدوژمنێكی تازه بووه دروستی بكات. ئه‌ویش ئیسلامه!. . هه‌ڵبه‌ت ئه‌ربه‌كان مامۆستای ئه‌ردۆغان بووه‌و، خوێندكاره‌كه‌ی له‌پشت باخچه‌ی قوتابخانه‌كه‌یه‌وه لێی هه‌ڵهاتوه. ئێستا دوای نزیكه‌ی (94) ساڵ له: تێكدان و داگیركردن و زۆرانبازی و دروستكردنی تیمی مه‌رگ و ڕێكخراو و دارده‌ست لهخۆرههڵاتدا، كه ئیدوارد سه‌عید له "ڕۆژهه‌ڵاتناسی" دا پێیوایه: خۆرهه‌ڵات كرده‌ی خۆرئاوایه. . ". . به‌دیاریكراوی مێژووی ده‌ستوه‌ردان و شێوازه‌كانی فێڵكردن و په‌رتكردن له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا، بۆ ساڵی (1947) به‌دواوه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه (هاری ترومان) هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ سه‌ر دوژمنه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستپێكردو ناسرا به (المبدا ترومان) . له‌ساڵی (1948) ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دروسته‌بێت و جه‌نگی عه‌ره‌ب-ئیسرائیل سه‌رهه‌ڵئه‌دا، له‌هه‌مان ساڵدا كێشه‌ی نۆكه‌ندی سوێس و چپه‌چپی میسر‌و سۆڤیه‌ت، ئه‌وروپاو ئه‌مریكا توڕه ئه‌كات، كوده‌تا له‌هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه به‌فیتی ئه‌مریكا ده‌ستی پێكرد، وه‌ك كوده‌تای ناسرییه‌كان له‌ئه‌رده‌ن، كوده‌تا له‌یه‌مه‌ن، له‌ئێران (موحه‌مه‌د موسه‌دده‌ق) ساڵی (1952) به‌مافی خۆی و شێوازی دیموكراسییانه هتبوه سه‌ر كورسیی ده‌سته‌ڵات، به‌پلانی ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكا ڕووخا. له‌عێراق (14ی تهمموز1958) كوده‌تای ئه‌فسه‌ره ئازادیخوازه‌كان سیسته‌می پاشایه‌تی گۆڕی. . . به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ ههركودهتایهكدا وه‌كو ئێستا به‌فڕۆكه سه‌ربازی ئه‌مریكی و به‌ریتانی له‌نزیك ئه‌وناوچانه دائهبهزینه خواره‌وه. .
پرۆژه‌ی دروستكردنی (1) ملیۆن خانووی نیشته‌جێبون له‌به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق، بۆ بزنسمانێكی ئه‌مریكی ده‌رده‌چێت، (1) دیناری تیا سه‌رف ناكات و پاره‌كه‌ش ئه‌بات. . بۆ یه‌ك كاتژمێر سوڕانه‌وه به‌ئاسمانی عێراقدا (1) فڕۆكه‌ی ئه‌مریكی (100000) هه‌زار دۆلار ئه‌بات له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌و عێراقه‌ی یه‌كه‌مه له‌بێوه‌ژن و سواڵكه‌ری سه‌ر شه‌قامه‌كاندا. به‌كۆی گشتی هه‌رچۆنێك نمونه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا وه‌ربگریت، هیچ وڵاتێك بایی ئه‌وه نییه زۆرانبازیی ئه‌مریكا بكات به‌ته‌نها، نه‌ك ناتۆ و هاوپه‌یمانان. ده‌بێت ئه‌مریكا حیسابی ئه‌وه‌ی كردبێت كه‌دوژمنی ئایندهی كێ یه؟. دوو ئاماژه‌ی گرنگ لێره‌دا هه‌یه:
یه‌كه‌م: چل ساڵه، ئابڵوقه‌ی ئابوریی و سیاسیی و دیبلۆماتی له‌سه‌ر ئێران دانراوه. ئێران وێڕای ئه‌وه‌ی له مه‌یدانی نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌ویستراو بووه، ستراتیژێكی ئابوریی خۆ ڕاگرانهی په‌یڕه‌وكردووه. وڵاتێكه جگه له‌بایه‌خی جیۆپۆڵه‌تیك (سنوری جوگرافی، ئاویی، ژماره‌ی دانشتوان، به‌رزی و نزمی و كه‌ش و هه‌وا) گه‌یشتۆته ئاستی پیشه‌سازیی قورسی وه‌ك: كارگه‌و كارخانه‌كانی فڕۆكه سازیی و ئۆتۆمبیل و ئه‌تۆم و چه‌كی جۆراو جۆر. .
دووه‌م: شۆڕش له‌سوریا وه‌ستا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیشی یاریزانه‌كان ئه‌وه‌یه نه‌هێڵن یارییه‌كه ته‌واو بێت، ته‌واوبونی یارییه‌كه یه‌كسانه به‌جه‌نگێكی كاولكه‌ر. ئێران به‌گۆشت و ئێسقانه‌وه له عێراق و سوریایه، لای حزبولڵایه، له‌گه‌ڵ چین و ڕووسیایه. هه‌مان كات قه‌یرانه كهڵهگهبوه نێوخۆییه‌كانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكا كه‌متر نییه له‌وه‌ی له‌ناوخۆی ئێران و ڕووسیا هه‌یه.
سه‌ره‌نجام، له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامی شه‌ڕ له‌سوریا، بۆ ڕێگه‌گرتن له‌م جه‌نگه كاولكهرهی كه‌جیهان ئه‌گرێته‌وه، كۆنگره‌ی (جنێف 1) له‌ساڵی (2012) به‌سترا، ئێرانیشیان بانگهێشت كرد بۆ كۆبونه‌وه‌كه، بۆ پاراستنی ئاشتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌سترا، سه‌باره‌ت به قه‌یرانی سوریا. كه تیایدا هه‌موو ڕێگه‌كان شكستیان هێنابو، نێرده‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یۆنامی له‌سوریا بێزار‌و شكستیان خواردبو له‌هه‌وڵه‌كانیان. به‌دوای ئه‌مه‌شدا له (2013) ڕێككه‌وتننامه‌ی (ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی 5+1) به‌سترا، سه‌باره‌ت به‌پرسی داماڵینی ئێران له‌چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی و ئیمزا له‌سه‌ر به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه كرا.
به‌مانایه‌كی تر، نزیكه‌ی (90%) ی ئه‌م شه‌ڕه‌ی داعش و ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه. په‌یوه‌سته به‌پرسی كێبڕكێی و گومان و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان ئێران و خۆرئاواوه. هه‌تا ئێران و خۆرئاوا نزیكتربن و تێگه‌یشتنی زیاتریان هه‌بێت، جه‌نگه‌كه به‌ره‌و كۆتایی ئه‌چێت. وه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. ئه‌مه په‌یوه‌ندی هه‌ره سه‌ره‌كیشی بهلهدایكبونی نوێترین چه‌مك " ئارامگریی ستراتیژیی" ه‌وه هه‌یه له‌ئه‌مریكا.
ئارامگریی ستراتیژیی چی یه؟
ستراتیژ، له كۆن و بنه‌ڕه‌تدا بۆ كاروباری سه‌ربازیی به‌كارهێنراوه، پێناسه‌ش كراوه به: هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تیكردنی جه‌نگ ". . دواتر بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی یاخود ناوچه‌یه‌كی گرنگ، وه‌یان سه‌روه‌ت و سامان به‌كارهێنراوه. به‌گشتی كۆمه‌ڵێك ڕێسا‌و یاسا‌و میكانیزمه، لایه‌نێك، یان ده‌وڵه‌تێك ئه‌یگرێته به‌ر بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێك ئامانجی پیرۆز. . هه‌موو پلانێكی ستراتیژیی بۆئه‌وه‌یه وه‌ڵامی یه‌ك پرسیار بداته‌وه، ئه‌ویش: ئێمه له‌ئاینده‌دا چیمان به‌سه‌ر دێت؟. . به‌بێ پلانێكی ستراتیژیی نازانین ئێمه له‌كوێداین، بۆ كوی ئه‌چین؟. چیمان به‌سه‌ردێت؟.
له‌دوای تیۆری فه‌وزای دروستكه‌ر كه‌له‌سه‌رده‌می كۆمارییه‌كاندا، سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاته‌كایه‌وه، ئێستا چه‌مكێكی تر، سه‌باره‌ت به ستراتیژیی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر داعش، له‌ناوه‌نده سیاسیی و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌ویش (ئارامگریی ستراتیجی- ێبر استراتیجی- Strategic patience) .
ئۆباما له (11/9/2014) ڕایگه‌یاند: جه‌نگ دژی داعش تا (3) ساڵ ئه‌خایه‌نێت. . دوای بیست ڕۆژ " جۆن كیر بی" قسه‌كه‌ری فه‌رمی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن) دوپاتیكرده‌وه، كه ئه‌مریكا له‌توانایدا نییه به‌یه‌كجار، له‌هه‌موو بنهوبارگهكانی داعش بدات و، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆمبارانیان بكات. . ئه‌مه ئه‌وه ڕوون ئه‌كاته‌وه ئه‌مریكا نایه‌وی به‌یه‌كجاری داعش بنج بڕ بكات. به‌ڵكو سنورێك بۆ به‌زاندنی هێڵه سوره‌كانی دائه‌نات. كۆی ئه‌م بیركردنه‌وه نوێیه‌ی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر داعش ناونراوه " ئارامگریی ستراتیژیی". . بۆچی ئارامگریی؟.
یه‌كه‌م: جیهان لهدابهشبوندایه، ئاسۆكانی ئه‌م دابهشبونهش له‌جه‌نگی سوریاوه سه‌ریهه‌ڵدا، جارێكی تر ڕووسیای فیدراڵ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی كرده كارتێك به‌ده‌ستی خۆیه‌وه، بۆ خولێكی تری زۆرانبازیی هاته‌وه مه‌یدان. ئه‌مریكا ئه‌یه‌وێت ئارام بگرێت بزانێت تای هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی به‌ره‌و كوی ئه‌گات له‌م (3) ساڵه‌دا. بۆیه ئه‌بێت وڵاتانی میحوه‌ر و هێزه‌كانی ناوچه‌كه خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه. به‌م شێوه‌یه:
- ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و توركیا و وڵاتانی كه‌نداو و سووننه‌كان. له‌لایه‌ك.
- چین و ڕووسیا و ئێران و شیعه‌كانی ناوچه‌كه‌و هه‌ندێ گروپی تر لایه‌كی تر.
سیاسه‌تی كورد به‌رانبه‌ر ستراتیژیی نوێی ئه‌مریكا؟.
ئێستا لێره‌وه‌یه، ده‌بێت بپرسین ڕۆڵی كورد له پرسی " دابه‌شبون" و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ چه‌مكی نوێ " ئارامگریی ستراتیژیی" دا چی یه؟. .
ڕاسته‌وخۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی دۆزی كورد ئه‌خه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: شاعیری فه‌له‌ستینی "مه‌حمود ده‌روێش" له هۆنراوه‌یه‌كیدا ئه‌نوسێت:" ڕننی ڕرتشف القبله من حد السكاكین ". . یانی توانای ڕاكێشان و هه‌ڵلوشینی ماچم هه‌یه، له‌وكاته‌شی كه چه‌قۆیه‌ك ئه‌هێنن به‌سه‌ر لێوه‌كانمدا و ئه‌یبڕنه‌وه. . . ئه‌بێت كورد لهناڕهحهتترین حاڵه‌تیشدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، بزانێت چی له‌ودیو په‌رده‌كان و سه‌ردێڕی ههواڵهكانهوهیه. توانای كه‌مه‌ندكێش كردنی ئه‌قڵ و زانیاری دروستی هه‌بێت، تا پلانی چاكی له‌سه‌ر بونیاد بنێت.
دووه‌م: ڕووداوه‌كانی دوای گرتنی موسڵ، هه‌ڵه‌شه‌یی و په‌له‌په‌لی سیاسه‌ت و دیبلۆماسییه‌تی كوردیی سه‌لماند، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌یانگوت: نهحیساب بۆ ئه‌مریكا، نه ئێران، نه‌عێراق ئه‌كه‌ین. . !!. . ئه‌سپی شێت سواری بیت، هه‌ر ملت ئه‌شكێنێت. . كه‌واته ئه‌بێت پتر ئاگامان له‌دونیا بێت، سیاسه‌ت له‌م زه‌مه‌نه ئێجگار فره ڕه‌هه‌نده. به‌مه‌زه‌نده‌ی ئه‌قڵ و تێروانینی سه‌رپێیی ئه‌م تایپه له سه‌حافه‌و سه‌قافه‌ی كوردیی نایكرێت. ئاگابون له‌میدیای ئه‌مریكی و ئه‌وروپی و توركی و فارسی و عه‌ره‌بی گرنگه.
سێهه‌م: پرسی كورد ئێستا پرسێكی جیهانییه، به‌تایبه‌ت له‌دوای هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غاز‌و زانیارییه‌كان سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌كانی ووزه. جگه‌له‌مه‌ش به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه، هه‌موو (100) ساڵی ڕابردووی كورد كۆبكه‌یته‌وه، نیو هێنده‌ی ئه‌م (3) مانگه‌ی ڕابردوو له (2014) دا كوردی به‌دونیا نه‌ناساندووه. ڕۆژانه میدیا به‌ناوبانگه‌كانی ده‌وروبه‌رو جیهان باسی كورد ئه‌كه‌ن. . ئه‌مه كارتێكی گونجاوه كورد بیخاته گه‌ڕ. به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی سوپا ده‌ستوه‌ربدات لهسوریاو عێراق، ئیتر ئێران كاردانه‌وه‌و هه‌ڵوێسته نوێیه‌كانی له‌مه‌ڕ پرسه‌كانی ناوچه‌كه ده‌رئه‌كه‌وێت.
چواره‌م: ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش و هه‌ردیارده‌یه‌كی توندوتیژیی تر، ته‌نها له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕ ناكرێت، ڕێگه‌كانی لاوازكردن و كۆنترۆڵكردنی داعش ئه‌مانه‌ن، چونكه خاڵه به‌هێزه‌كانی ئه‌مانه‌ن:
- سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی ده‌گاته داعش، ببڕدرێت. كۆتایی پێ بهێنرێت.
- ئابڵوقه‌ی ئابوریی توندی بخرێته سه‌ر.
- یارمه‌تی سه‌ربازیی نه‌گاته ده‌ست.
پێنجه‌م: كورد ئه‌بێت سه‌رچاوه‌كانی هێزی خۆی، جۆره‌كانی (هێز-power) بناسێت، هێزی بنچینه‌یی كورد چییه؟. ئه‌ی هێزی ئه‌مری واقیعی كورد چی یه؟. چۆن هاوسه‌نگی (توازن القوی) ڕابگرین له‌نێوان ئه‌م دوو هێزه‌دا. . بالانسی هێز له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا، ڕۆڵی هه‌ره گه‌وره‌ی ناوبابهتی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، به‌داخه‌وه كورد نه‌گه‌شتووه پێی، به‌شێكی به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژووه، ده‌وڵه‌تی نییه‌و كێڵگه‌كانی دانه‌مه‌زراون. به‌شه‌كه‌ی دی له‌به‌ر دابه‌شبون و جه‌مسه‌رگیریی ئیقلیمی هێزه كوردییهكانه، یانی گرفتی كورد له كوردوستانه، پێش ئه‌وه‌ی له‌عێراق و ئهمریكاو توركیا بێت، دوای ئه‌مه له‌عێراقه پێش ئه‌وه‌ی لهتوركیاو ئه‌مریكا بێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.