سیسته‌می دیكتاتۆری له عێراق سیسته‌مێكی فره زۆردارانه بوو. تا به 35 ساڵ له كۆڵی ئه‌م گه‌له بووه‌وه، خوێنێكی زۆر له‌به‌ر رۆیی. خه‌ون و خولیایه‌كی زۆر چوونه ژێر گڵ. سیسته‌می دیكتاتۆری، بڕست و نوزه له مرۆڤ ده‌بڕێ بۆیه ئه‌و مرۆڤه، دێت هیوا و ئاواتی خۆی به دیموكراسییه‌وه گرێ ده‌دا. ئه‌و ده‌زانێ دیموكراسی ئه‌گه‌ر هیچیشی بۆ نه‌كا ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كا، وڵاتی بۆ ده‌خاته سه‌ر شاڕێگه‌ی گۆڕین. وه‌ك خۆشت ده‌زانیت، نه‌ریت و خوهسای مرۆڤ ئه‌وه‌یه، كه دڵی به گۆڕانه‌وه به‌نده. تاكو گۆڕان بمێنێ له ده‌وروبه‌ریدا، گوێی ئه‌و مووچتر ده‌بێ و خه‌ونی گه‌شتر ده‌بێ له‌مه‌ڕ به‌دیهاتنی هیوا و ئاواتهیلهوه. ئه‌و (سه‌ره‌تا) ماندووكهرهی پێشه‌وه‌م بۆیه هێنایه‌وه تا له به‌های دیموكراسی كه‌م نه‌بێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی له وڵاتی ئێمه‌دا له ژێر ناوی دیموكراسیدا ده‌گه‌ڕێ، هیوابهرتره له‌وه‌ی هیواده‌ر بێ.
دیموكراسی به كورتترین پێناسه‌ی خۆی، برێتییه له رێز دانان بۆ ویستی گه‌ل. ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا روو ده‌دا نه‌ك هه‌ر ئه‌وه نییه، بگره ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی. ده‌بینین ناو به‌ناو هه‌ڵبژاردن روو ده‌داته‌وه، جا چه‌ند زۆریشن ئه‌و ههڵبژاردنهیله؟ هه‌ڵبژاردنی گشتیی عێراق، هه‌ڵبژاردنی گشتیی كوردستان و چه‌ندانی تر. له هه‌مووشیاندا بانگه‌شه‌یه‌ك روو ده‌دا تۆ ناتوانی هیچ ناوێكی لێ بنێی جگه له گاڵته‌كردن به هه‌ست و ویستی خه‌ڵك، وه‌ك: رزگاركردنه‌وه‌ی كه‌ركووك، دانانی ده‌وڵه‌تی كوردی، بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی. ته‌نانه‌ت زۆر كاندیدی خوێڕیله له تیڤی و له‌ناو خه‌ڵكدا ده‌رده‌كه‌ون به‌ڵێن ده‌ده‌ن: "ژنتان بۆ دێنم، به‌شووتان ده‌ده‌م، خانووتان بۆ ده‌كه‌م، خه‌ونتان بۆ ده‌هێنمه دی، مووچه‌ی به خۆڕاییتان بۆ ده‌بڕمه‌وه". وڵاتێك یاسای تێدا هه‌بێ، مرۆڤێك ئه‌و هه‌موو قسه له خۆڕایه بكا ده‌بێ پێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بێته كردن له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌می دیموكراسی چه‌ند ئازادییه، چه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ش یاسا و پێچینهوهیه. بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن واته روونكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كاری دوای ده‌رچوون له هه‌ڵبژاردندا بۆ لایه‌نێكی، كه به راده‌ی به‌رز ده‌رده‌چێ. بۆ ئه‌وانه‌ش كه به راده‌یه‌كی نزمتر ده‌رده‌چن، هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه ده‌كه‌نه به‌رنامه‌ی كاری به‌رهه‌ڵستیی خۆیان له داهاتوودا. ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن گاڵته‌یان كردووه به هه‌ستی خه‌ڵك و به‌و خهونهیلهی له مێشكی وان‌دا هه‌یه. به‌ڵام جار دوای جار، خه‌ڵك بۆیان ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌مه ئه‌و سیسته‌مه نه‌بوو ئه‌وان چاوه‌ڕێی بوون. رۆژێكیش دێ له داهاتوودا، بیر له گۆڕین بكه‌نه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له رێی به‌كارهێنانی هێزهوهش بێ، وه‌ك چۆن له میسر و تونس و یه‌مه‌ندا رووی دا. له‌وێش ساڵانی ساڵ، هه‌ڵبژاردن هه‌بوو به‌ڵام له شێوه‌یه‌كی گاڵتهجاڕییانهدا.
پێش چه‌ند رۆژێك له جه‌زائیر، بۆته‌فلیقه بۆ جاری چواره‌م له هه‌ڵبژاردندا ده‌رچووه‌وه. ئاخۆ تۆ باوه‌ڕ ده‌كه‌ی گه‌لی جه‌زائیر ده‌نگی دابێ به یه‌كێك، كه له رووی دروستییه‌وه ئه‌وه‌نده شڕه جگه له‌وه‌ی ناتوانێ به پێی خۆی بڕواته ڕێوه، هه‌روه‌ها ناشتوانێ ده‌می بكاته‌وه بۆ قسه‌یه‌ك؟ من باوه‌ڕ ناكه‌م بۆته‌فلیقه بتوانێ داوای ئاو بكا ئه‌گه‌ر تێنووی بێ. ره‌نگه هه‌ستیش نه‌كا تێنووێتی. ته‌نانه‌ت من پێم وایه ئاگه‌داریش نییه له‌وه‌ی هه‌ڵیان بژاردووهتهوه بۆ سه‌رۆكایه‌تی. ره‌نگه به هۆی پیرییه‌وه له‌بیریشی نه‌مابێ كه سه‌رۆكه. ئه‌وه ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌تی دای ده‌نێنه‌وه و به‌ناوی وییه‌وه بڕیار ده‌ده‌ن و هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌كه‌نه‌وه. چیڕۆكێكی سه‌یرم خوێنده‌وه له رۆژنامه‌یه‌كدا له‌باره‌ی حه‌بیب بورقێبه‌ی سه‌رۆكی پێشووتری تونسه‌وه. ده‌یگوت بورقێبه ئه‌وه‌نده پیر بووبوو، خڵه‌فا بوو. ئه‌و كاته‌ش شه‌ڕ هه‌بوو له نێوان دوو تیره له رواندادا، یه‌كیان (توتسی) و ئه‌وی تریان (هۆتۆ) بوو. بورقێبه له ته‌له‌ڤزیۆندا ئه‌وانه‌ی ده‌بیست و هه‌روه‌ها ده‌یزانی تونسێكیش هه‌یه. جارێكیان لێی تێك ده‌چێ و به تووڕه‌یییه‌وه ده‌ڵێ "ئه‌رێ پێم ناڵێن من سه‌رۆكی تونسم یان سه‌رۆكی توتسیم؟". بورقێبهش وه‌ك بۆته‌فلیقه، له هه‌ڵبژاردنی كاریكاتێرییانهدا و به ده‌نگدانی خه‌ڵك دهردهچووهوه. هه‌ر ئه‌و كهربازاڕییهش بوو رێی خۆش كرد تا بن عه‌لی بگاته ده‌سه‌ڵات و دیكتاتۆرانه وڵات لێ خوڕێ.
بێینه‌وه سه‌ر وڵاتی خۆمان، جا چ عێراق چ كوردستان. لێره زۆربه‌ی خه‌ڵك باوه‌ڕی به‌م بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه و به هه‌ڵبژاردنه‌كه خۆشی نییه. ده‌زانن ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی گوێیان لێ ده‌بێ، پاشی چه‌ند رۆژێك وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاو ده‌پووكێنه‌وه. ده‌زانن ئه‌وانه‌ی له رێی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌گه‌نه پۆستی گشتی، ئاگایان له خه‌ونی خه‌ڵك نه‌بووه و هیچ جاریش ئاگایان لێی نابێ. خه‌ڵكێك هه‌ن ده‌ڵێن ناچین بۆ ده‌نگدان. هه‌ندێكی تر به تیزه‌وه ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نهشچین، ده‌نگه‌كه‌مان بۆ ده‌ده‌ن. باسی ده‌ستكاریی ئه‌نجامه‌یلی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن. باسی فرۆشتنه‌وه‌ی كارتی ئه‌لیكترۆنیی ده‌نگدان ده‌كه‌ن. زۆریش هه‌ن ده‌چن بۆ ده‌نگدان به‌ڵام بۆ هیچ هیوایه‌ك نا. ئه‌وانه هه‌مووی به‌ڵگه‌ن، كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه كاریكاتێرییانهیه، وڵات رێنوێنی ناكا بۆ هیچ بوارێكی دیموكراسی. سیسته‌می ئه‌و وڵاتهیلهی ناومان بردن، ئه‌وانیش هه‌ڵبژاردنی له‌م جۆره‌یان هه‌بوو، پاشان بینیمان سه‌ریان به كوێ گهیییهوه.