كۆنگره‌ی جنێڤ دوو، رۆژی 22ی ئه‌م مانگه دێته به‌ستن له‌پێناو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی سێ ساڵه له سووریه‌دا ده‌گه‌ڕێ. تا نێزیكیش ده‌بینه‌وه له كۆنگره، به‌شار ئه‌سه‌د زیاتر خۆی ده‌كا به كه‌ڵه‌شێر. به‌رهه‌ڵستیی سووریه‌ش زیاتر ترسی لێ ده‌نیشێ نه‌وه‌كا هه‌ر به كه‌ڵه‌شێری بمێنێته‌وه. گه‌لان تاقیكردنه‌وه‌یان زۆره له‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌یه‌ك بچێته به‌رده‌م زلهێزهیلهوه، چاره‌سه‌ره‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌یل یه‌كلا ده‌بێته‌وه نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خاوهنهیلی كێشه‌كه.
نموونه‌یه‌كی به‌رچاو له مێژووی ئێمه‌دا كۆماری مه‌هاباده، كه ناوه راستینه‌كه‌ی كۆماری میللیی كوردستانه به‌ڵام له‌لای ئێمه‌دا هه‌ر به مه‌هاباد رۆییوه. رۆژی 22ی ئه‌م مانگه، واته رێك له مێژووی كۆنگره‌ی جنێڤ دوودا، له شارۆكه‌ی مه‌هاباد، كۆمار هاته راگه‌یاندن. كوردی رۆهه‌ڵات له ئه‌ده‌بیاتی خۆیاندا به‌و مێژووه ده‌ڵێن دووی رێبه‌ندان. ئه‌و خه‌ونه‌ی له‌لایه‌ن گه‌لی كورده‌وه به‌و رووداوه‌وه هاتبووه گرێدان، له‌لایه‌ن زلهێزهیلهوه زینده به‌چاڵ بوو و كوردیش ده‌م له پووش مانه‌وه، یان موعه‌مه‌ر قه‌زافی گوته‌نی "به‌بێ نۆك خواردن لێی چوونه ده‌ره‌وه".
ئێران له 19ی كانوونی دووه‌می 1946دا، كه تازه "ته‌نیا دوو رۆژ بوو" ئه‌نجومه‌نی ته‌ناهیی ناوده‌وڵه‌تی دامه‌زرابوو، ته‌نانه‌ت هێشته پێڕه‌وی ناوه‌خۆشی نه‌بوو، داخوازێكی پێشكێشی كرد و داوای لێ كرد پاڵه‌په‌ستۆ بخاته سه‌ر سۆڤیه‌ت تا سوپا له باكوری رۆئاوای ئێران وهكێشێ. فه‌ره‌نسه و به‌ریتانیه و ئه‌مه‌ریكه بێ سێ و دوو، پشتیوانیی ئه‌و داخوازه‌یان كرد له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا. پاشماوه‌ی چیڕۆكه‌كه دیاره و پێویست به گوتنه‌وه ناكا، كه پاش كه‌متر له ساڵێك كۆمار رۆیی.
پشت به ده‌ره‌كی نایه‌ته به‌ستن. كورد له رووی تیۆرییه‌وه ئه‌م بیره باش تێ گه‌یشتووه به‌ڵام له رووی كرده‌نییه‌وه پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كا و پشت به خراپترین ده‌ره‌كی ده‌به‌ستێ. پاش چوار مانگ له هه‌ڵبژاردن بچووكترین هه‌نگاوی نه‌هاوێشتووه، دڵنیاشم تا ده‌ستی ده‌ره‌كی نه‌یه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی، ئه‌و كاره جێبه‌جێ نابێت. ناكۆكیی ناوه‌خۆی حزبێكی كوردی له وڵاتێكی هاوسێ نه‌بێ به كۆتا نایه‌ت، كه ئه‌مه سه‌ره‌تای كۆتایییه. كورد ده‌ڵێ "دار كرمی له خۆی نه‌بوایه هه‌زار ساڵ ده‌ژیا"، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كرمه‌كه‌ی له خۆیه‌تی، كه‌م ده‌ژی. تاقیكردنه‌وه‌ی كوردستان خه‌ریكه ده‌بێته بژێوی ئه‌و كرمه.
ئێسته ئه‌مه‌ریكه و ئێران ئاشت بوونه‌ته‌وه و خه‌ریكه ده‌بن به هاوه‌ڵی گیانی به‌گیانی. ئه‌مه خاڵێك له ئێمه كه‌م بووه‌وه. مالیكی وا باڵ ده‌كێشێ به‌سه‌ر ناوچه‌ی سوننهنشیندا، كه هه‌شت ساڵه نه‌یوێراوه سه‌ردانیشی بكا. ئه‌وه خاڵێكی تریش رۆیی. عێراق له توركیه‌ی توند كردووه له پرسی هه‌ناردنی نه‌وت و بووه به كۆسپێكی ته‌واو، ئه‌وه خاڵێكی تریشمان رۆیی. ئه‌ردۆغان گه‌نده‌ڵ ده‌رچوو و سیسته‌مه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته له‌قه‌له‌ق، ئه‌وه خاڵێكی تریش رۆیی. هه‌موو ئه‌وانه له‌لایه‌ك و ده‌ردی كرمه‌كه‌ی له‌خۆمان، چه‌ندان خاڵی تر رۆیشتن. ده‌بێ كێشه‌ی ناوه‌خۆمان بیانی بێت بۆ چاره‌سه‌ری، ئه‌وه چه‌ند خاڵی تر رۆیی؟ تۆ بڵێ، با من زیاتر قسه نه‌كه‌م.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی كۆماری مه‌هاباده، ده‌مه‌وێ هه‌ڵه‌یه‌ك راست بكه‌مه‌وه، كه زۆر جارم گوێ لێ بووه. ده‌ڵێ سروودی ئه‌ی ره‌قیب مارشی كۆمار بووه. ئه‌و قسه‌یه فڕی به‌سه‌ر راستییه‌وه نییه. چه‌ند كه‌سێك به درێژی له‌باره‌ی كۆماره‌وه بابه‌تیان نووسیوه و هیچیان ئاماژه‌ی به ئه‌ی ره‌قیب نه‌داوه. بگره، من پێم وایه ئه‌ی ره‌قیب دوای كۆمار هاتووه‌ته نووسین. له دوای 1950شه‌وه ئاوازی بۆ هاتووه‌ته دانان و ناوبانگی ده‌ركردووه. ئه‌ی ره‌قیب هیچ پێوه‌ندییه‌كی به كۆماره‌وه نییه و نازانم ئه‌و خه‌ڵكه بۆ بێ به‌ڵگه قسه ده‌كه‌ن.
ولیه‌م ئیگلتن و گۆنته‌ر دیشنه‌ر و زۆر سه‌رچاوه‌ی تر ده‌ڵێن، كه مارشی كۆماری مه‌هاباد له‌لایه‌ن هه‌ژاری موكریانییه‌وه هاتووه‌ته دانان و واش ده‌ست پێ ده‌كا: "نه‌وتم ئاوی ژیانه- له سێرت و كرماشانه. بابه گوڕگوڕ ده‌زانێ – ده مووسڵیشدا هه‌مانه".
هه‌ر ئه‌و پرسی نه‌وته‌ش بوو "وه‌كو ئه‌مڕۆ" بوو به به‌ڵا بۆ كورد و سه‌ری هیوای ئێمه‌ی گۆڕ به‌گۆڕ كرد. ئه‌و ده‌مه ئێران گرێبه‌ندێكی په‌نجا ساڵیی بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌تدا مۆر كرد و ئه‌ویش له‌به‌رمبه‌ردا پشتیوانیی خۆی له كۆماری میللیی كوردستان كێشایه‌وه. واته ته‌مای نه‌وت له‌لایه‌ك و پاڵه‌په‌ستۆی ناوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌كی تر، ده‌می كوردیان چه‌قانده پووشه‌وه. قسه‌یه‌كی عه‌ره‌بی هه‌یه ده‌ڵێ: ئای ئه‌مڕۆ چه‌ند له دوێنێ ده‌چێ.
باڵوێزی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه‌ریكه له مۆسكۆ قسه‌یه‌كی كرد گوتی: "له‌ناوچوونی ماڵه كارتۆنییهكی كورد (واته كۆماری مه‌هاباد) به سه‌ركه‌وتنێك دێته ژمار بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تی". به‌ڵێ تا ئێسته‌ش ماڵه كارتۆنییه‌كه‌ی كورد. زۆر به‌داخه‌وه.