له‌شكری به‌زیو به رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ ماڵ، ده‌ست له هیچ نابوێرێ. كۆڵی به‌زینی خۆی به هه‌ر چتێكی بێته رێی، ده‌ڕێژێ. هه‌مان چت له‌شكری یۆنان پاش ئه‌وه‌ی له شه‌ڕێكی مێرانه له پێش له‌شكری فارس‌دا ساڵی 401 پ. ز دۆڕاندی، له گه‌ڕانه‌وه‌یدا به‌سه‌ر كوردی هێنا. ئێمه مێژووی نووسیومان نییه به ده‌ستی خۆمان. ناشزانین ناوی كورد له كه‌یه‌وه هه‌یه. كۆنترین سه‌رچاوه له‌مباره‌یه‌وه پێمان گهییبێ ئه‌و كتێبه‌یه زێنهفۆنی سه‌رله‌شكر له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌دا نووسیویه‌تی و به ناوی (كۆچی دهههزارهكه) وه هاتووه‌ته ناسین. كشانه‌وه‌ی ده‌هه‌زار سواره بهزیوهكه به كوردستاندا، بووه‌ته مایه‌ی شڵه‌ژان و كاره‌سات بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی. تاكه چاكه‌یه‌كی گه‌یاندبێتی ئه‌و ناوی كورده‌یه زێنهفۆن باسی ده‌كا. ئه‌و ناشڵێ كورد، ده‌ڵێ كاردۆ یان كاردۆخ، ئه‌مه‌ش له ناوی ئێسته‌ی كورده‌وه دوور نییه. تا ئه‌م ساڵانه‌ش گوێمان لێ ده‌بوو به پیاوی ئازایان ده‌گوت كوردۆ.
پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناو باس، چتێك وه‌ك مووی لووت پیاو قه‌ڵس بكا وشه‌ی یۆنانه. كه‌س نازانێ تورك له كوێیانهوه هێناوه. كوردیش له‌وانیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه. وڵاته‌كه خۆی گریسه، چتێكیش سه‌ر به‌و وڵاته بێ، ئینگلیزی پێی ده‌ڵێ گریك. عه‌ره‌ب جاران ده‌یانگوت (اغریق) . ئه‌وانیش وه‌ك كورد له توركه‌وه فێربوون بڵێن یۆنان. لێم مه‌گرن من له‌مه‌ودا له جیاتی یۆنان و یۆنانی، ده‌ڵێم گریس و گریسی. با له‌وه گه‌ڕێم و بێمه‌وه سه‌ر شاڕێی قسه. زێنهفۆن له كۆچی دهههزارهكهدا، باس له پیاوی دژواری كاردۆ، هه‌وراز و ته‌لانی دژواری وڵاتی كاردۆیهل ده‌كا. ده‌ڵێ پیاوێك له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی به ده‌سته‌وه نه‌دا ببێته رێ‌نوێن، كوشتمان. پاشان زانیمانهوه له‌به‌رئه‌وه بووه كچێكی خۆی كه‌وتبووه سه‌ر رێگه‌ی رۆیینی ئێمه. له شوێنێكی تردا ده‌ڵێ لاوێكی جوانكیله كه‌وتبووه ده‌ستی له‌شكر، ده‌یانویست بیكوژن، پاڕامه‌وه بیده‌ن به من.
ئه‌مه چیڕۆكی ئه‌و كچ و كوڕه لاوانه‌یه، سوپای گریس له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ وڵات، وه‌ك كه‌نیشك (جاریه) و لووسكه (غلام) بردنی. من له‌وه‌ته‌ی به منداڵی ئه‌و كتێبه‌م خوێندووه‌ته‌وه هه‌ر جارێكی باسی وڵاتی گریس ببیه‌م یان گریسییهك ببینم، ئه‌و كه‌نیشك و لاوه كوردهیلهی خۆمانم دێته‌وه بیر: ئاخۆ چی‌یان به‌سه‌ر هات دوای ئه‌وه‌ی لێره رۆیین؟ زووش ده‌گه‌مه ئه‌وه‌ی له جڤاكی وێدا توانه‌وه. شوویان كرد و ژنیان هێنا. فێری زوانی تازه‌یان بوون و زێدی باوانیان لا بووه خه‌ونێكی لێڵ. دایكی كورد له‌وێش له وڵاتی هێڵاسدا (ناوی كۆنی گریس) به لۆرین و لایلایه‌ی كوردانه بێچوویان پێ گه‌یاند به‌ڵام نه دایك نه بێچوو نه‌گه‌ڕانه‌وه وڵات. جارێكیان كچێكی گریسی، تازه هاتبووه هه‌ولێر، گوتی ده‌توانی بمبه‌یه سه‌ردانی پیرزین؟ چووین یه‌ك به یه‌ك كۆڵانی پیرزین گه‌ڕاین. جاران لادێیه‌ك بوو پیرزین، ئێسته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه له سه‌رووی هه‌ولێردا.
گوتی ئه‌مه جاری دووه‌مه دێمه ئێره. بیرم كه‌وته‌وه دهههزارهكه به هه‌ولێردا تێ په‌ڕیون. لێره‌وه بۆ بناری سه‌فین، له‌وێوه به‌ره‌و رۆئاوا شان به شانی چیایهلدا تا گهییونهته چیای بێخێر له داوێنی زاخۆ و له‌وێشه‌وه بۆ جزیره و بۆتان. له چه‌ندان رووباریان داوه، داریان ناوه‌ته سه‌ر هه‌مبانه‌ی پڕ با و كردوویانه‌ته كه‌ڵه‌ك. به ده‌ردی سه‌ر به ده‌شت و به‌رپاڵ و رووباردا رۆییون. نه‌یانوێراوه خۆ له كه‌ژ و كێوان بده‌ن نه‌بادا كاردۆ نه‌هێڵن بگه‌نه‌وه ماڵ. گوتم ماریانا هه‌بێ و نه‌بێ داپیره‌گه‌وره‌ی تۆ یه‌كێك بووه له‌و كهنیشكهیلهی مه‌ڕ ئێمه. شێوه‌ت كوردانه‌یه، ژیریشت له هی كورد ده‌چێ؟ به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك وه‌ڵامی دایه‌وه. ده‌شێ به زوانی گریسی سه‌رچاوه هه‌بن له باره‌ی ئه‌و كچهیلهوه به‌ڵام ئێمه چۆنیان بدۆزینه‌وه خوایه؟ گوتم: ماریانا خاروداكی (خاڵ و دایكی) هه‌بێ و نه‌بێ تۆ له ئێمه‌یت؟ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تر. ره‌گی كوردانهت نه‌بوایه وا به كورده‌وه نهدهنووسای؟ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تر. له زانسگه‌ی ئێگزیته‌ر له له‌نده‌ن پرسی كوردت له سیاسه‌تی وڵاته‌یلی یه‌كگرتووی ئه‌مه‌ریكه‌دا خوێند، وا جارێكی تریش له بابه‌تێكی تری پرسی كورددا تێ ههڵچوویتهوه؟ هه‌ر زه‌رده‌خه‌نه‌یه.
جیهانگیر هه‌ركی هاوه‌ڵی منه. هه‌ر ده رۆژ جارێك لێم ون ده‌بێته‌وه. بۆ پیرزین له‌گه‌ڵماندا هاتبوو. گوتی كاك به‌دران من دڵنیام ماریانا هه‌ركییه. گوتم: چۆن؟ گوتی: له هه‌ركی ده‌چێ. گوتم راست ده‌كه‌ی، كۆچه‌ری هه‌ركی له‌وه‌ته‌ی هه‌ن له باكوری رۆئاوای هه‌ولێردا هه‌واری زستانه ده‌گرن. به‌ڵام ئاخۆ ناوی داپیره‌ی ماریانا چی بووبێ جیهانگیر؟ بێریوان، كه‌وه‌ر، گێڵاس، سورمێ، مێرێ، رێواس یان گیابڕ؟ خۆی ده‌ڵێ لالی (له‌علی) بووه. كه‌واته له‌علی یه‌كێك له‌و نازدارهیله بووه پێش 2415 ساڵ لێره رۆیین. ئێسته‌ش وا مێرێ (ماریانا) له جێی هه‌موویان به ئه‌وینی زێدی داپیران و خاڵوانهوه هاتووه‌ته‌وه. سه‌رچاوه هه‌یه ده‌ڵێ چیڕۆكی ڤینۆس، خواوه‌ندی جوانی لای گریسییهلی كۆن، له كوردستانی مه‌ڕ خۆماندا سه‌ری هه‌ڵداوه. لای كورد ناوی ئاڤرۆدیت و خواوه‌ندی كژوكێل (زراعه‌ت) بووه. ئه‌فسانه‌كه له رێی فینیقییهل له سووریه‌وه چووه‌ته گریس. له‌وێشه‌وه وه‌ك ئه‌فسانه‌یه‌كی گریسی به دنیادا ده‌نگی داوه‌ته‌وه. كوردستان له‌وه‌ته‌ی هه‌یه له‌به‌ری ده‌ڕوا و هیچی ناگه‌ڕێته‌وه داخی داخانم. ته‌نیا تۆی به‌خێر هاتیه‌وه: كیژۆڵه‌ی خێڵی هه‌ركی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.