پێشنیارێك بۆ ئێستا. . . نامه‌یه‌ك بۆ داهاتوو - به‌شی دووه‌م .. سووره‌ مه‌رگه‌یی

بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌ كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن

هه‌رگیز چاوه‌ڕانی ئه‌وه‌م له‌ دوژمنان نه‌كردووه‌ جوانیه‌كانی مێژووم جوان ببینن، بۆیه‌ نامه‌وێ له‌ ئاوێنه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ سه‌یری جوانیه‌كانی مێژوو بكه‌م، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاوێنه‌ی دوژمنه‌وه‌ له‌ مێژوو بڕوانم ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ردیله‌یه‌ك جوانیم به‌رچاو ناكه‌وێ، ئه‌وكاته‌ش نه‌ك هه‌ر چاك و خراپ به‌ڵكو دۆست و دوژمنیشمان لێ تێكه‌ڵ ده‌بن و نه‌ دۆست به‌ دۆست ده‌زانین و نه‌ دوژمنیش به‌ دوژمن ده‌بینین، لێره‌وه‌ گرفت له‌به‌رده‌م پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستاو چاوه‌ڕوانیه‌كانی داهاتوو درووست ده‌بێ،

دوژمنێك به‌ درێژایی مێژوو تیخی دووبه‌ره‌كی به‌ جه‌سته‌ی كوردایه‌تیدا هێنابێ و بوونی نه‌ته‌وه‌ییم بخاته‌ ژێر پرسیار و هێڵی سووری هێز به‌ ده‌وری خواست و داوا ره‌واكانمدا بكێشێ، ئاساییه‌ فریشته‌ بوونم بخه‌نه‌ ژێر گومان و هه‌ر ئه‌وه‌شیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نائاساییه‌ خۆم ئۆباڵی به‌ دێوه‌زمه‌ بوونی خۆمی بۆ بكێشم، له‌گه‌ڵ ئه‌و راستییه‌شدا هه‌ندێ كه‌سی خۆ به‌ كوردزانی گه‌وجێنراو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستییه‌ ده‌جووڵێنه‌وه‌و له‌ ئاوێنه‌ی دوژمنه‌وه‌ بۆ جوانیه‌كانی مێژوو ده‌ڕوانن، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ش ئه‌و به‌شه‌ مێژووه‌ی به‌ فیتی موخابه‌راتی داگیركارانی كوردستان یان به‌ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كاری نووسراوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه‌ی گه‌ڕیده‌ و رۆژهه‌ڵاتناسه‌ ئه‌وروپی و رووسه‌كان له‌به‌ریه‌ك رانێین دوو مێژوون به‌ دوو ئاراسته‌ی جیاوازدا نووسراونه‌ته‌وه‌، بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو مێژووه‌ش خۆ ناكرێ بڵێن: ئه‌و مێژووه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسه‌ ئه‌وروپی و رووسه‌كان بۆ كوردیان نووسیوه‌ته‌وه‌ ناته‌واوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان لایه‌نی سێیه‌من و دوور بوون له‌ هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و سۆز و رقێكی سیاسی، كه‌واته‌ ده‌بێ له‌وه‌ بپرسین چ نه‌هێنییه‌ك له‌ پشت ئه‌و به‌ موخابه‌رات كردن و چه‌واشه‌كاریه‌ی مێژووه‌وه‌ هه‌یه‌؟

نامه‌وێ زۆر قسه‌ له‌سه‌ر به‌ موخابه‌رات كردنه‌كه‌ بكه‌م، چونكه‌ وه‌ك گوتم له‌ ئاوێنه‌ی دوژمنانه‌وه‌ سه‌یری جوانیه‌كانی مێژوو ناكه‌م، موخابه‌راتیش ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ كه‌ دوژمنان و داگیركارانی كوردستان به‌رده‌وام شه‌ڕی پرسی كورد و به‌ لارێدا بردنی شۆڕش و راپه‌ڕیه‌نه‌كان و شێواندنی مێژوویان پێكردووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌و چه‌واشه‌كاریه‌یه‌ كه‌ كه‌سانێكی ویژدان نه‌خۆش به‌ناوی په‌رۆشی و دڵسۆزی نواندن و به‌ مه‌به‌ستی سیاسی، به‌شێك له‌ خه‌ڵكیان پێ له‌ مێژوو ره‌نجاندوون و ئێستایان له‌به‌رچاو سووك كردوون و له‌ داهاتووشیان دڕدۆنگ كردوون.

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ لێره‌دا تیشكی بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سیاسییه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست و بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو سیاسه‌ت و مێژوو تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا سیاسه‌ت پلان و به‌رنامه‌كانی داهاتوو رێكده‌خات و ئاراسته‌یان ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مێژوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شرۆڤه‌ بۆ ئه‌و پلان و به‌رنامه‌ ئاراسته‌كراوانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ رابردوودا جێبه‌جێ كراون، بۆیه‌ ناكرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یكات مێژوو بخرێته‌ ناو ململانێ سیاسییه‌كان، ده‌كرێ له‌ هه‌ندێ قۆناغدا سیاسییه‌ نابه‌رپرس و تاكڕه‌وه‌كان كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بكه‌ن، به‌ڵام ناكرێ سیاسییه‌ك كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌و چه‌واشه‌كردنی ئه‌و به‌شه‌ مێژووه‌ بكات كه‌ گه‌وره‌یی و كارجوانی نه‌یاره‌كانی پێوه‌ دیاره‌، یان مێژوو به‌ ئاراسته‌ی حه‌ز و خواستی خۆیدا بنووسێته‌وه‌، چونكه‌ مێژوو ده‌رخستنی راستی رووداوه‌كانه‌ نه‌ك ده‌رخستنی حه‌ز و خولیا و خه‌یاڵ.

نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ شێوه‌یه‌ك چه‌واشه‌كاری له‌ مێژوودا كردووه‌ كه‌ خوێنه‌ر تووشی شۆك ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سیاسییه‌ك كتێبه‌كانی بخوێنێته‌وه‌ وا هه‌ست ده‌كات پیلانێكی رێكخراوه‌ بۆ تێكشكاندنی لایه‌نێكی ده‌ست نیشانكراو، ئه‌گه‌ر مێژوونووسێكیش بیانخوێتێته‌وه‌ له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ ڕقنامه‌یه‌كه‌و ئاراسته‌ی ئه‌و كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ییدا داهێنانی كردووه‌، لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا چۆن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و شۆڕشگێڕی خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌رچاوه‌ی خوڵقاندنی قه‌یران بووه‌، له‌ چه‌واشه‌كاری و شێواندنی راستییه‌ مێژووییه‌كانیشدا لێزان و شاره‌زا و باڵاده‌ست بووه‌.

ئه‌وه‌ی مێژوو له‌ قه‌یرانی چه‌واشه‌كاری نه‌وشیروان مسته‌فا رزگار ده‌كاو ماف بۆ مافخوراو ده‌گێڕێته‌وه‌و چه‌واشه‌كارانیش ده‌باته‌وه‌ ناو قاوغی راسته‌قینه‌ی خۆیان، به‌ دیكۆمێنت كردنی مێژووه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێ و مێژوو له‌و چه‌واشه‌كاریه‌ پاك بكرێته‌وه‌ كه‌ روانینی جیاوازی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ناو شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كورد درووستكردووه‌، دڵینیام له‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ كوێره‌كان هه‌ست به‌ نابینایی خۆیان ده‌كه‌ن، كه‌ڕه‌كان تێده‌گه‌ن كێ ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی داهێناوه‌، لاڵه‌كان ئه‌گه‌ر به‌ زمانی ئاماژه‌ش بێ وه‌فایه‌ك بۆ عه‌شق و خۆشه‌ویستی و خاكپارێزی ده‌رده‌بڕن، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كانیش له‌ بازنه‌ی دابڕان و نامۆیی و گۆشه‌گیریدا ده‌خولێنه‌وه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان له‌ خه‌یاڵی ململانێی به‌رزی باڵای بارزانی نه‌مر و لوتكه‌ی چیادا چیتر خۆیان ناكه‌نه‌ گاڵته‌جاڕی رۆژگار، ئه‌وه‌ش واده‌كات روو له‌ نه‌وه‌كانی داهاتوو بكه‌ین و بڵێین: بارزانی نه‌مر تیشكی خۆر بوو، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌ش بوون، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌یی بوو، كه‌ڕه‌كان نه‌یانده‌بیست، عه‌شق و خۆشه‌ویستی بوو، لاڵه‌كان نه‌یانده‌توانی ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌ش بوو، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان روویان لێوه‌رگێڕا، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیا بوو، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌ییان پێده‌برد.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles