گومان له‌وه‌دا نییه كه عێراق له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌ژێر كاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی براوه‌كانی جه‌نگ به‌یه‌كه‌وه لكێنرا و به ده‌وڵه‌ت كرا، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی خواستی پێكهتهكانی ناو عێراق بوو، هه‌ر بۆیه‌ش له‌وكاته‌وه عێراق سه‌قامگیری سیاسی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه، به درێژایی مێژووی فه‌رمانڕه‌وایی پێكهاته‌ی سوننه كورد و شیعه‌ی عه‌ره‌ب له ژێر هه‌ره‌شه‌دا بوون و به‌و هۆیه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی سوننه‌یان ره‌تكردۆته‌وه، له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام حوسێن ده‌سه‌ڵات كه‌وته ده‌ست شیعه‌كان، ئه‌وانیش سیاسه‌تی زاڵی مه‌زهه‌بیان گرته‌به‌ر و سوننه‌یان خسته ژێر هه‌ره‌شه و له هه‌وڵی زه‌وتكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردیشدا بوون، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و یاخی بوونی سوننه‌كان دووباره بوونه‌وه‌ی مێژوو بوو به دیوه شیعهگهراییهكهدا، ئه‌وه‌ش تا ده‌هات كێشه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراقی به ئاقاری ته‌قینه‌وه‌ی سه‌ربازیدا ده‌برد، ته‌قینه‌وه‌كان و كاره خۆكوژیهكان باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن.
ئه‌گه‌ر تا دوێنێ شه‌ڕی شیعه‌و سوننه له عێراق پاساوی هه‌ڵگرتبێ، هێرشی داعش و فتوای مه‌رجه‌عی شیعه‌و بانگه‌واز بۆ چه‌كدار كردنی خه‌ڵك هیچ پاساوێكی بۆ راگه‌یاندنی شه‌ڕی شیعه‌و سوننه نه‌هێشتۆته‌وه، هێرشی داعش و ده‌رئه‌نجامه‌كانی و داگیركردنی ناوچه سوننه نشینه‌كان به‌و خێراییه چاوه‌ڕان نه‌كراوه، عێراق ده‌گێڕێته‌وه بۆ سرووشتی خۆی كه دابه‌ش بوونیه‌تی بۆ سێ به‌شی كوردی، سوننه‌ی عه‌ره‌بی، شیعه‌ی عه‌ره‌بی.
داعش كه خۆی به نوێنه‌ری پێكهاته‌ی سوننه ده‌زانێ ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی كۆنترۆڵ كردووه، ناوچه شیعه‌نشینه‌كان تا ئێستا ئارامن، هێزی پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك مافێكی ره‌وا چۆته سنووری جوگرافی و مێژوویی خۆی، واتا عێراق سرووشتی خۆی وه‌رگرتۆته‌وه، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێ شه‌ڕی خوێناوی شیعه‌و سوننه ده‌چێته ناو به‌غدای پایته‌خت، چونكه هه‌ردووك پێكهاته‌كه له به‌غدا لێك نزیكن و له رووی سیاسی و جوگرافیشه‌وه ئه‌و شاره بۆ هه‌ردوولایان گرنگی تایبه‌تی هه‌یه، پرسیار ئه‌وه‌یه كورد شیعه‌و سوننه‌ی تاقیكردۆته‌وه، تا كوێ ده‌توانێ كه‌ڵك له‌و بارودۆخه‌و توندبوونی ئاڵۆزیه‌كانی نێوان شیعه‌و سوننه وه‌ربگرێ؟
ئه‌وه‌ی بۆ كورد گرنگ بوو ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بوون، ئێستا ئه‌و ناوچانه كه‌وتوونه‌وه ده‌ستی خۆی، من پێم وایه ئه‌و هه‌له گه‌وره بۆ كورد ره‌خساوه كه سه‌رۆك بارزانی چه‌ندین ساڵه له چاوه‌ڕوانیدایه، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م كه سه‌رۆك بارزانی دوای راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان و رۆشنبیر و كه‌سایه‌تیه‌كان، دوای شرۆڤه‌یه‌كی ورد بۆ هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی و دڵنیابوون له به ده‌ستهێنانی پشتیوانی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه گرنگ و نه‌ته‌وه‌ییه، به بڕیارێك ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكاته‌وه ناوچه كوردستانیه‌كانی ناوه‌وه‌ی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ لایه‌نیش لێم زویر نه‌بن ده‌ڵێم: ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بكاته‌وه به ناوچه بێ كێشه‌كان.