هه‌موو حزبه‌كان هه‌یانه‌و پارتی نیه‌تی! ... سووره‌ مه‌رگه‌یی

زۆر شتی گرنگ و بایه‌خدار هه‌یه‌ پارتی هه‌یه‌تی و حزبه‌كانی تر نیانه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌موو حزبه‌كان شتێكیان هه‌یه‌ و پارتی نیه‌تی، ئه‌گه‌ر بڵێن: ئه‌و شته‌ خه‌بات و تێكۆشانه‌؟ ده‌ڵێم نه‌خێر. . له‌وه‌یان پارتی له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موویانه‌.

ئه‌گه‌ر بڵێن: مێژووی پچڕپچڕه‌؟ نه‌خێر. . به‌ هه‌ڵه‌ نه‌چن، مێژووی پارتی سه‌ره‌تای نوسینه‌وه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ییه‌و له‌گه‌ڵ مێژووی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی هاوته‌مه‌نن.

ئه‌گه‌ر بڵێن: په‌یامی نه‌ته‌وه‌ییه‌؟ نه‌خێر. . پارتی هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ته‌وه‌ییه‌و زۆر جارانیش له‌و پێناوه‌دا و له‌ پێناو پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌ی باجی حزبی داوه‌.

ئه‌گه‌ر بڵێن: له‌ كوردایه‌تی و قوربانیدا دواكه‌وتووه‌؟ نه‌خێر. . بۆ ئه‌وه‌یان ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ئه‌گه‌ر بڵێم: پارتی خاوه‌نی رێبازی بارزانی نه‌مره‌ و له‌ قوربانیداندا پێشه‌نگه‌ و حزبه‌كانی تریشی فێره‌ قوربانیدان كردوون.

ئه‌گه‌ر بڵێن: هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ده‌نگهاتنه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتیمانیه‌كان؟ نه‌خێر. . هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆك بارزانی و پێداگری له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان له‌به‌رچاوی دۆست و دوژمن دیارن.

ئه‌گه‌ر بڵێن: ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌ریه‌ مێژووییه‌كانن؟ نه‌خێر. . له‌و بواره‌دا پارتی زۆر رچه‌ی شكاندوون و ده‌یان ده‌ستكه‌وتی به‌ده‌ستهێنان و رابردووشی پڕه‌ له‌ سه‌روه‌ری.

ئه‌ی ده‌بێ ئه‌و شته‌ چی بێت كه‌ حزبه‌كان هه‌یانه‌و پارتی نیه‌تی؟!

ره‌نگه‌ پێتان سه‌یر بێ كه‌ بڵێم: هه‌موو حزبه‌كان راگه‌یاندنێكی كارایان هه‌یه‌ و به‌ پلان ئاراسته‌ ده‌كرێ، به‌ڵام پارتی له‌وه‌یان كۆڵه‌واره‌و ئه‌وه‌ی پێی بڵێن راگه‌یاندن ئه‌گه‌ر بڵێن هه‌یه‌تی بوختانه‌و تۆمه‌تێكی گه‌وره‌ی ده‌ده‌نه‌ پاڵ.

هه‌موو حزبه‌كان له‌ رێگه‌ی میدیاكانیانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ناراستییه‌كانیان له‌لای خه‌ڵك بكه‌ن به‌ راستی، چه‌ندی بۆشیان بكرێ سه‌روه‌ریه‌كانی مێژووی پارتی ده‌خه‌نه‌ به‌ر ته‌شه‌ر و توانجی مه‌به‌ستدار و ناڕه‌وا، كه‌چی ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ راگه‌یاندنی پارتی نووزه‌ی لێوه‌نایه‌و كورد گوته‌نی ئه‌وه‌نده‌ فه‌قیرحاڵه‌ مێشی پێ له‌ده‌می خۆی ده‌رناكرێ، ته‌نانه‌ت تاقه‌تی نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ راستییه‌كان به‌ خه‌ڵك بگه‌یه‌نێ.

زۆرێك له‌ حزبه‌كان به‌ پلان و به‌رنامه‌ كار له‌سه‌ر شێواندنی شكۆی مێژووی پارتی ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت په‌لاماری گه‌وره‌یی بارزانی نه‌مریش ده‌ده‌ن، كه‌چی راگه‌یاندنی پارتی نایه‌ته‌ ده‌نگ و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان پێبڵێ: ده‌ریا به‌ ده‌می سه‌گ پیس نابێ.

 جوانی چه‌ك له‌وه‌دایه‌ په‌لاماری خه‌ڵكی پێنه‌ده‌ی و له‌و كاته‌دا كه‌ په‌لامار ده‌درێی به‌رگری پێ له‌ خۆت بكه‌ی، جوانی راگه‌یاندنیش له‌وه‌دایه‌ هێرشی چه‌واشه‌كاری پێنه‌كه‌یته‌ سه‌ر جوانیه‌كانی خه‌ڵك، به‌ڵام ره‌وایه‌ به‌رگری پێ له‌ جوانیه‌كانی خۆت بكه‌ی، به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان راگه‌یاندنی پارتی له‌ بوونی ئه‌و چه‌كه‌ ده‌چێ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی كوشتن په‌لامار بدرێی و به‌رگری پێ له‌ خۆت نه‌كه‌ی، من تێناگه‌م پارتی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی بۆ چییه‌ كه‌ ناوێكی بێناوه‌رۆكه‌؟!

Related Articles