ئه‌رێ شۆڕشمان بۆ كرد؟!
ئه‌رێ ئه‌و هه‌موو گه‌نج و لاوه‌ی كوردمان بۆ به كوشتدا؟َ!
ئه‌رێ بۆچی ئه‌نفال كراین و له پێناو چیدا له‌به‌رده‌می حه‌جاج و سه‌گه ره‌شه‌كه‌ی نوگره‌سه‌لمان سه‌ره‌ی مه‌رگمان ده‌گرت؟َ!
ئه‌رێ بۆ كیمیاڕشێن كراین و له زه‌وی و ئاسمانه‌وه مه‌رگباران كراین؟!
ئه‌رێ وڵاتمان بۆ كاول كرا و (4500) گوند و شار و شارۆچه‌كه‌مان بۆ رووخێنران؟!
ئه‌رێ بۆ چه‌كمان كرده شان و ناو و هه‌ڵوێستی پێشمه‌رگه‌مان بۆچی كرده هێما و ره‌مزی یاخی بوون له زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه؟!
ئه‌رێ ئه‌و چه‌ندین ئه‌رێیه كه كۆی سه‌روه‌ریه‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستانی له‌خۆگرتوون، له‌وه‌ش گرنگتر چاره‌نووس و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییشیان پێوه به‌نده و ده‌یان و سه‌دان ئه‌رێی تر، بۆ زۆری به‌نزین و دوانه‌كه‌وتنی موچه بوون؟!
ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو ئه‌رێیانه بۆ به‌نزین و دوانه‌كه‌وتنی موچه بووبن، ئای له خۆمان ره‌نج به‌خه‌سارێ! ئه‌و هه‌موو خوێنه‌شمان له‌به‌ر رۆی و ئه‌زمه‌ی به‌نزینیش تووش بووین و نوری مالیكی موچه‌كه‌شی بڕین.
ئه‌گه‌ر بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی و ئاسووده‌یی و ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌كانی له‌ناوچوون بووبن، ئه‌وا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی هاتۆته به‌رده‌رگا.
ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ری و شانازیه‌كانی ئه‌و ئه‌رێیانه ته‌نها بۆ زۆری به‌نزین و دوانه‌كه‌وتنی موچه بوون! خۆ به‌ر له قه‌ومانی ئه‌و ئه‌رێیانه نه قه‌یرانی به‌نزین هه‌بوو، نه موچه‌ش دواده‌كه‌وت.
ئه‌گه‌ر بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردیش بوون، ئه‌و هه‌موو لێدوان و هه‌ڵوێسته دژ به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی بۆچی؟!
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم له جیهاندا 194 ده‌وڵه‌ت هه‌یه، پێم بڵێن: یه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه بێ كێشه و قه‌یران درووست بووه! پێم بڵێن كام له‌و ده‌وڵه‌تانه به‌سه‌ر ده‌یان ئاڵۆزی و قه‌یراندا سه‌رنه‌كه‌وتوون!
گومان له‌وه‌دا نییه به ده‌وڵه‌ت بوون قه‌یران و باج و خوێن و فه‌رمێسكی ده‌وێ، پرسیار ئه‌وه‌یه له كاتێكی وا هه‌ستیاردا كه ناوچه‌كه به قۆناغی هه‌ڵمیدا تێده‌په‌ڕێ و زه‌مینه‌ی به ده‌وڵه‌ت بوونی بۆ كورد خۆشكردووه، هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن و میدیای گوماناوی ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می سه‌ره‌نه‌گرتنی به‌نزیندان، نیو ئه‌وه‌نده له خه‌می سه‌ره‌گرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به ده‌وڵه‌ت بوونی كورددا نین، یان له كاتێكدا ناوچه‌كه مه‌رگ گه‌مارۆی داوه و ژیان له قه‌یراندایه، ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه بۆ دواكه‌وتنی چه‌ند رۆژێك موچه هه‌را ده‌نێنه‌وه، كه‌چی بۆ دواكه‌وتنی چه‌ندین سه‌ده‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌ڵێن: هێشتا زووه و كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌هاتووه، ده‌ڵبَن: هێشتا زه‌مینه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌بارنییه و به هه‌نگاوێكی له‌و بابه‌ته عێراق و ئێرانمان لێ ده‌ڕه‌نجێن.
ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌ڵێن: زه‌مینه‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌بارنییه، سه‌رده‌مانێك موزایه‌ده‌یان به ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه ده‌كرد، بۆ جووڵاندنی سۆزی خه‌ڵك ده‌ڵێن: له ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ئێمه خاوه‌نی درووشمی مافی چاره‌ی خۆنووسینین، له‌كاتێكدا ئه‌و سه‌رده‌مه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رگای به‌ڕووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورددا داخستبوو، بێده‌نگی له تاوانی ویژدان هه‌ژێنی وه‌ك ئه‌نفال و كیمیاباران كاولكردنی نیشتیمانێك ده‌كرد، كه‌چی به‌لایانه‌وه زه‌مینه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌باربوو، جگه له‌وانه‌ش رژێمی به‌عس له لوتكه‌ی هێز و له خۆباییبووندا بوو، به پێچه‌وانه‌وه ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕووی پرسی كورددا كراوه‌ته‌وه‌و رژێمه‌كه‌ی نوری مالیكییش به چه‌ندین كێشه و گرفتی سیاسی و سه‌ربازی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنێ، ئایا ئه‌وكات كه له چیاكان زباتر دۆستێكی ترمان نه‌بوو زه‌مینه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌باربوو، یان ئێستا كه كورد خاكی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و خاوه‌نی هێزه و سه‌رچاوه‌ی داهاتیش كه‌وتۆته ده‌ستی خۆی؟ ئه‌وه جگه له‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابوریه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تێكه‌ڵ به به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوریه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردوون، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پێشهات و گۆڕانكاریانه‌ش ئه‌وانه‌ی دوێنێ زه‌مینه‌ی به ده‌وڵه‌ت بوونیان به له‌بار ده‌زانی، ئه‌مرۆ راپرسی بۆ بڕیاردان له چاره‌نووس به‌له‌بار نازانن و قه‌یرانی به‌نزین و دواكه‌وتنی موچه‌یان كردۆته به‌ربه‌ست و ئاسه‌ته‌نگی سیحراوی به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی كوردی.
ئه‌وه‌ی پێویسته زیاتر لێی بدوێین ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌موو جارێك بازاڕی مافی چاره‌نووس و ده‌وڵه‌تی كوردی گه‌رم ده‌كات، دوای هه‌ڵبژاردنیش مافی چاره‌نووس و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌بنه پێخوستی حه‌ز و خولیای حزبی و قه‌یرانی به‌نزین و دواكه‌وتنی موچه و موزایه‌ده‌ی سیاسی شوێنی ده‌گرنه‌وه، هه‌ر دوێنێ و له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسان پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌خرایه روو، ئێستا كه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی پرسی به ده‌وڵه‌ت بوونی كورد ورووژاوه، پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ته كوردیه‌كه له ترسخانه‌ی پاراستنی په‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا به‌ند كراوه، جا ئه‌گه‌ر خوێن و شۆڕش و راپه‌رینه‌كانی كورد بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌بووبن و ته‌نها بۆ به‌نزین و دوانه‌كه‌وتنی موچه بووبن، با كورد چیتر شۆڕش نه‌كاو خوێن نه‌ڕێژێ، له‌باتی شۆڕش و خوێن رشتن با بچین ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریه‌كانی مێژوو له ژێر پێی نوری مالیكی سه‌رببڕین، ئه‌وكاته‌ش من به‌ڵێن ده‌ده‌م قه‌یرانی به‌نزین نابینینه‌وه، موچه‌ش له‌كاتی خۆی دابه‌ش ده‌كرێ و ئه‌گه‌ر كه‌مێك پێداگری بكه‌ین، نوری مالیكی كه‌سێكی دڵ فراوان و سیاسییه‌كی ئه‌وه‌نده كراوه‌یه نه‌ك گرفت بۆ ناردنی موچه دروست ناكات، به‌ڵكو له واده‌ی خۆی هه‌ندێ مانگ پێشیشی ده‌خات.
ماوه‌ته‌وه بڵێم: كورد له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی و زۆری به‌نزین و دوانه‌كه‌وتنی موچه ده‌بێ یه‌كیان هه‌ڵبژێرێ، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی دوورمه‌ودای ده‌وێ، باج و به‌ربه‌ست و قه‌یرانی كاتیشی دێنه پێشێ، زۆری به‌نزین و دوانه‌كه‌وتنی موچه‌ش ژێرده‌سته‌یی و مل كه‌چی و گوێڕایه‌ڵی و دۆڕانی به‌رده‌وامی ده‌وێ، بۆ ئه‌وه‌یان سه‌ره نامێنێ و چه‌ند خوله‌كێك چاوه‌ڕوانی ده‌وێ.