بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ئامۆژگاریه‌كانی جه‌نابی تاڵه‌بانی ناگه‌ن ... سووره‌ مه‌رگه‌یی

یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌ جوانه‌كانی سه‌ركرده‌ و كه‌سانی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ ددان به‌ هه‌ڵه‌كانیدا بنێ و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ریان، مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق، یه‌كێكه‌ له‌و سه‌ركرده‌ و سیاسیه‌ ناودارانه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی تێدابوو، كاتێك له‌به‌رده‌م میدیكان راشكاوانه‌ باسی له‌ هه‌ڵه‌ی خۆی كرد و په‌شیمان بوونه‌وه‌شی ده‌ربڕی، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ زیاره‌تی سه‌ر گۆڕی بارزانی نه‌مر له‌ ده‌فته‌ری یاداشته‌كاندا نووسیویه‌تی (تاكه‌ شتێك لێی په‌شیمان بم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌لا مسته‌فا جیا بوومه‌وه‌) ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌وه‌ی به‌ناوی بیره‌وه‌ری و نووسینه‌وه‌ی مێژوو له‌سه‌ر بارزانی نه‌مر نووسراوه‌ و گوتراوه‌، ده‌ربڕینی رق و كینه‌ی سیاسی و مه‌به‌ستدارن و هیچ نرخ و به‌هایه‌كیان نییه‌، چونكه‌ به‌و په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ په‌رده‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پیلانه‌گێڕیه‌ لادا كه‌ هه‌ندێ كه‌س به‌ ده‌ست له‌ پشتدانی موخابه‌رات و رشتنی كۆنه‌ قین، له‌ هه‌وڵی چه‌واشه‌كردنی ئه‌و مێژووه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ دابوون كه‌ بارزانی نه‌مر ئاراسته‌ی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی پێگۆڕی.

جیاوازی هه‌ڵه‌ی سه‌ركرده‌ و سیاسییه‌كان له‌ كه‌سانی ئاسایی له‌وه‌دایه‌: كۆمه‌ڵگا باجی هه‌ڵه‌كانیان ده‌دا و زۆر جاران ماڵوێرانی و كاره‌ساتیشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، من نامه‌وێ باسی لێكه‌وته‌كانی هه‌ڵه‌كه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال بكه‌م، چونكه‌ به‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ی هیچی بۆ ئێمه‌ومانان نه‌هێشتۆته‌وه‌ تا لێی بدوێین، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ بیخه‌مه‌ڕوو به‌و په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ ئازایه‌تی و گه‌وره‌یی نواندووه‌و ئامۆژگاریه‌كی نه‌ته‌وه‌ییشی بۆ شوێنكه‌وتوانی جێهێشتووه‌، چونكه‌ ئه‌و په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان و له‌قاودانی ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی كه‌سانێك له‌ رێگای گه‌وجاندنی خه‌ڵكه‌وه‌ ویستیان پێگه‌ی سیاسی خۆیانی پێ به‌هێز بكه‌ن، خاڵێكی گرنگی تری ده‌ركه‌وتنی راستییه‌كان و له‌قاودانی چه‌واشه‌كاریه‌كان له‌وه‌دابوو روانینێكی هاوبه‌شی بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان درووست كرد.

جیابوونه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ بارزانی نه‌مر هه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ سه‌رده‌می خۆیدا یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كه‌رت كرد و یه‌كهه‌ڵوێستی و خه‌باتی هاوبه‌شی خسته‌ ژێر گوشاری داموده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی دوژمنان، به‌وه‌ش زیانی زۆری به‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد گه‌یاند، جا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كه‌ی جێگای ره‌خنه‌ و سه‌رزه‌نشتی مێژوو بێ، ئه‌وا په‌شیمان بوونه‌وه‌كه‌ی له‌ ئێستادا جێگای ستاییش و ده‌ست خۆشییه‌، چونكه‌ له‌كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا هاوكارێكی باش بوو بۆ رێكخستنی ناوماڵی كورد و پێداگریه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تر.

جیابوونه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ بارزانی نه‌مر و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی ده‌كرێ دڵسۆزان و شوێنكه‌وتوانی وه‌ك ئامۆژگارییه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ریبگرن و پابه‌ند بن پێیه‌وه‌، چونكه‌ چوونه‌ ژێر ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووییه‌ بۆ شوێنكه‌وتوانی ئامۆژگارییه‌كی به‌هاداره‌و پێویسته‌ به‌ هه‌ندی وه‌ربگرن، به‌ تایبه‌تیش له‌ ئێستادا كه‌ كورد له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ رێبازی بارزانی نه‌مر هه‌یه‌، ئه‌و رێبازه‌ی كه‌ تاڵه‌بانی دوای چه‌ندین ده‌یه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ی په‌شیمانی راگه‌یاند و خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ی خواست لێی جیا نه‌بوایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌سه‌ نزیك و ده‌ست رۆیشتووه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر پێویسته‌ كه‌ڵك له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌ی وه‌ربگرن، به‌وه‌ش ده‌توانن خزمه‌تێكی باشتری پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان بكه‌ن و یه‌كێتیش له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ كه‌رت بوونه‌وه‌ بپارێزن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles