ئه‌وكاته‌ی سیاسه‌ت ده‌بێته‌ درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی ... سووره‌ مه‌رگه‌یی

زۆر جاران له‌ كه‌سانی به‌ ته‌مه‌ن و دنیادیده‌ گوێ بیستی ئه‌وه‌ ده‌بووم: كه‌ سیاسه‌ت درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌، من ئه‌وكات ئه‌وانه‌م پێ نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار و هه‌ندێ جار تۆمه‌تی خراپیشم ده‌دانه‌ پاڵ، چونكه‌ پێموابوو سیاسه‌ت پرۆژه‌ و كارنامه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ كێشراوه‌ بۆ به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ئه‌گه‌ری روودانی مه‌ترسییه‌كان و یه‌كخستنی تواناكانه‌ بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ و ئاماده‌كارییه‌ بۆ به‌ گژدا چوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م، به‌ڵام كاتێ رێككه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانیم دی و هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر و ئاسۆ فه‌ره‌یدون وه‌ك دووانه‌ هه‌ڤاڵی ناو یه‌ك منداڵدانی سیاسی له‌ ئاسۆی بنیاتنانی ژینگه‌یه‌كی هابه‌شیان ده‌ڕوانی، ئه‌وجار تێگه‌یشتم كه‌ قسه‌ی پیره‌پیاو و دنیادیده‌كان راستی تێدایه‌و ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ سیاسیه‌كان له‌ ده‌ستی كه‌سانی هه‌ل په‌رستدا قۆرخ كران و بوون به‌ ئامرازی به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، سیاسه‌تیش ده‌بێته‌ درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی.

هه‌موومان له‌ بیرمانه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌ 30ی نیسان، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر و ئاسۆ فه‌ره‌یدون دوور له‌ هه‌موو پێوه‌رێكی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌وشت و ئاكاری هاوشاری بوون به‌سه‌ر یه‌كتریدا ده‌ڕشانه‌وه‌، هێڵه‌ سووره‌كانیان ده‌به‌زاندن و هه‌ڤاڵێنیان بێ به‌ها ده‌كرد و ئاسۆی یه‌كتریان ته‌ڵخ ده‌كرد، له‌ شكاندنی كه‌سایه‌تی یه‌كتری نه‌ده‌پرینگانه‌وه‌ و به‌ كۆنه‌ فایلی یه‌كتریشدا ده‌چوونه‌وه‌.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وه‌ك فریادره‌سی سلێمانییه‌كان خۆی ده‌رده‌خست و ده‌یگوت: من بۆیه‌ هاتووم به‌ر به‌ ئاسۆی دز و گه‌نده‌ڵه‌كان بگرم و ده‌سه‌ڵاتی تاك حزبی و سیسته‌می ففتی به‌ ففتی بكه‌م به‌ مێژوو، ئه‌گه‌ر ببمه‌ پارێزگار دز و گه‌نده‌ڵه‌كان له‌ پۆسته‌كانیان دوور ده‌خه‌مه‌وه‌ و خه‌ڵك و شه‌قام ده‌كه‌مه‌وه‌ خاوه‌نی بڕیار.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئاسۆ فه‌ره‌یدوون پڕ به‌ ده‌م هاواری ده‌كرد و ده‌گوت: هۆ خه‌ڵكینه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر به‌عسی بووه‌، ئه‌وه‌تا، ئه‌وه‌تا، ببینن شێعری بۆ سه‌ددامی گه‌وره‌ دیكتاتۆر نووسیوه‌، به‌ دوای ئه‌ودا مه‌لا به‌ختیار ده‌یگوت: له‌به‌ر هه‌یبه‌تی سلێمانی ناهێڵین كۆنه‌ به‌عسیه‌ك ببێته‌ پارێزگار، كاتێكیش رێككه‌وتن و هه‌ر یه‌كه‌و ربه‌ی ده‌ستكه‌وتی حزبی له‌ خه‌رمانی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی سلێمانی پێوا، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر منه‌تیشی به‌سه‌ر خه‌ڵكی سلێمانیدا ده‌كرد و وایده‌رده‌خست كه‌ وه‌ك سلێمانییه‌كان ده‌یانویست وایان كردووه‌، به‌ گه‌سك ته‌مومژی به‌رده‌م ئاسۆی ئاسۆ فه‌ره‌یدونی ده‌ماڵی و خۆی گوته‌نی له‌گه‌ڵ دز و گه‌نده‌ڵه‌كان چووه‌ سه‌ر سفره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و بۆ دووباره‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك ده‌یگوت: ئه‌وه‌ی كردوومانه‌ مۆدێلێكی نوێیه‌ و ففتی ففتیمان تێپه‌ڕاند، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ رێككه‌وتنی حزبی نییه‌ و رێككه‌وتنی ئیدارییه‌.

دیاره‌ خاڵی سه‌ره‌كی ففتی ففتی پارتی و یه‌كێتی دوو ساڵ به‌ دوو ساڵ بوو، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی یه‌كه‌مدا سه‌رۆكی حكومه‌ت درابێ به‌ پارتی، ئه‌وا سه‌رۆكی په‌رله‌مان دراوه‌ به‌ یه‌كێتی، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر به‌ مۆدێلێكی نوێی ناوده‌با، هه‌مان دوو ساڵ به‌ دوو ساڵه‌ و بگره‌ خراپتریش، چونكه‌ دابه‌شكاریه‌كه‌ خورد كراوه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانیش، ئه‌گه‌ر پارێزگار بۆ یه‌كێتی بێ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بۆ گۆڕانه‌، دوای دوو ساڵه‌كه‌ چۆن پارتی و یه‌كێتی پۆسته‌كانیان ئاڵوگۆِڕ ده‌كرد، گۆڕان و یه‌كێتیش ئاڵوگۆڕیان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وه‌ش ففتی به‌ ففتی تر پۆستی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش بوونه‌ پاشكۆی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی پارێزگای سلێمانی، ئه‌وه‌ش مۆدێلێكی كۆنه‌ و تێناگه‌م داهێنان و نوێ و نوێگه‌ریه‌كه‌ی له‌ كوێدایه‌! خۆ پارتی و یه‌كێتی مۆدێلی ففتی ففتیان تێپه‌ڕاندووه‌، كه‌چی تازه‌ به‌ تازه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر دوای چه‌ندین ساڵ ره‌خنه‌باران كردنی بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ مۆدێلێكی نوێش ناوی ده‌با، دواتر ده‌ڵێ: رێككه‌وتنی ئێمه‌ حزبی نییه‌ و ئیداریه‌، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسی و گه‌وره‌ هه‌ڵسووڕاوه‌ زۆر هه‌ڵسووڕاوانه‌ چی بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا؟!

ئاسۆ فه‌ره‌یدونیش وه‌ك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیاندا هاتبوو فایلی به‌عسی بوونی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كری پێچایه‌وه‌، دوای پێدا چوونه‌وه‌ شێعره‌كه‌شی له‌نگی نه‌ما و وه‌زن و قافیه‌ی ته‌واو ده‌رچوو، هه‌یبه‌تی سلێمانیش به‌سترایه‌وه‌ به‌ هه‌یبه‌تی دوو ساڵ پۆستی پارێزگار، ئای له‌و داهێنانه‌ مۆدێل باو و (گۆڕان) ه‌ سه‌یره‌! كراسی كۆن و فڕێدراو ئووتو ده‌كه‌ن و به‌ نوێ پێمان ده‌فرۆشنه‌وه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم: ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌بێ كه‌ ئه‌و دوو دوكتۆر و مامۆستای زانكۆیه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسان پێكیان كرد و پێكتریان گوت، ئه‌وا لێدوان و پێكهه‌ڵاگوتنی دوای دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، وه‌ك پیره‌پیاو و دنیادیده‌كان ده‌ڵێن: سیاسه‌ت لای ئه‌وان درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌، خۆ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تیش دوور له‌ جنێوباران كردن و به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن بێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لێدوانی دوای دابه‌شكاریه‌كه‌ لێیان ده‌بیسترا، ئه‌وا شه‌ڕه‌ جنێوه‌كه‌ی سه‌رده‌می بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان كه‌ تا نزمترین ئاست دابه‌زی كاره‌سات و مه‌هزه‌له‌یه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Related Articles