وە درێژایی قۆناغی پەروەردەیی زارۆکیی و نەوجەوانییم تا ئەو دەمەی خۆم بوومە خاوەنی خۆم لە گۆمی نەزانینیان نوقم کردبووم؛ دالکم لە جیاتی ئەوەی فێرم بکا کە درۆ و دزیی دوو هەڵسوکەوتی خراپن و مرۆڤەکان تووشی دەردەسەریی دەکەن..دەیگۆت ئەگەر درۆ و دزیی بکەی ئەوە (خودا!) چاوت کۆرە دەکا! ئەگەر گێڕایەلی داک و بابت نەبی ئەوە لە نێو گۆڕەکەت مشک و مار و دووپشک دەتخۆن..کە زیندییش بوویەوە وە ئاوری (دۆزەخ!) دەتسوتێنن! بابم دەگەڵ ئەوەی زۆر وە ئاواتی ئەوەوە بوو میللەتەکەمان لە ژێر ستەمی بەعسییەکان رزگار ببی و سەربەخۆییەکی خۆی وەربگری لێ هەردەم دەیگۆت ئەوەی بەدوو میللەت بکەوی لە کۆتاییەکەی یان ''سفر'' هیچ وەدەست دەبی یان ئەوەتە وە گوللەیەک ساردی دەکەنەوە و لە تڕێ سەی دەچی! زۆربەی هەرە زۆری کەسوکار و خزمانیشم دەیانگۆت 'کە چوویە شاری کۆران دەبی دەست وە چاوانتەوە بگری! یان دەیانگۆت کەسی ژیر ئەو کەسەیە کە بتوانی دەست وە کلاوەکەی خۆیەوە بگری و با نەیبا! یان دەیانگۆت حکومەت دیوارەکی پتەوە هەر کەسەک بیەوێ ملی پێوە بنێ و بیڕووخێنی ئەوە بێ گومان ملی خۆی دەشکێ! یان و یان و...هتد.
هەرچەندە لە سەردەمی نەوجەوانییم دەگەڵ ئەوەی زۆر تۆبزییان لێ دەکردم تا بچمە رێزی ''یەکێتیی قوتابیان''ی سەر وە رژێم لێ هەر نەچووم..پاش نەوجەوانییش هەر نەبوومە بەعسی - لەو سەردەم زۆر وە دەگمەن خەڵک هەبوون بتوانن بەعسی نەبن - بەڵکە وە پێچەوانەوە پەیوەستی رێکخراوبوون و سیاسەتی بەرگرییکارانە بووم و بەرەی گەلم هەڵبژارد..هەروا لە رۆژە سەختەکانیشدا هەفت ساڵ پێشمەرگایەتییم کرد و زۆر جار لەسەر لێواری مەرگ دەگەڕامەوە تا لە بەهاری ١٩٩١ وە پێشمەرگەیی گەڕامەوە نێو شارەکان...ئەوانەش هەمووی لەبەرئەوەی چونکە دەمزانی نەک هەر ئەو بەرگرییانەم بەڵکە ئەنجامدانی سادەترین بەرگرییش لە دوارۆژدا ئەنجام و بەرهەمی خۆی دەبی..لێ دەگەڵ ئەوانەش ئەمن هێشتا هەر کەسەکی نەزان بووم و (نەزانم و نەزانیش دەبم!) چونکە ئەو نەزانییەی من لە پێنج و دوو رۆژەکی تەمەنی خۆم لۆم چێنەبووە و هەر لەو گۆڕەش پەیدا نەبووە بەڵکە بنچینەیەکی مێژوویی هەیە:
وە کورتییەکەی لە پاش رووخانی دەسەڵاتی مادەکانەوە تا ئێستا ئەوە ٢٥٦٤ ساڵە کوردان هیچ سەربەخۆییەکی خۆماڵیی و پوختی خۆیان نەبووە..ئەگەر جاروبارەکیش و لێرە و لەوێی کوردستان دەسەڵاتەکی چارچیوەداری تەسکی شارەک یان شارۆچکەیەک یان ناوچەیەکیان هەبووبی ئەوە ئەویش هەر وە شێوەی میرنشینیی و وابەستەیی بووە وە دەسەڵاتدارە ستەمگەرە رەگەزپەرستەکانی نێو میللەتەکانی دەوروبەری کوردستان، هەڵبەتە هاوکات دینەکانیش کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوە و خەستکردنەوە و درێژپێدانی ئەو نەزانینە وە تایبەتییش دینی ئیسلام کە ١٤١٩ ساڵ پێش ئێستا لە رێی شەڕەوە وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپا و لەوساکەوە تا ئێستا هەمیشە وەک داردەستی دەسەڵاتە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکان هۆکارەکی زۆر گەورە بووە لە پێشێلکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان تەنانەت لە نێوخۆشدا وە تایبەتییش لەوڕۆدا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە لە نێو کۆمەڵ..ئەدی ئەوە نییە رێڕەوە ئیسلامییەکانی وەک (هەردوو تەریقەتی قادریی و نەقشبەندیی، وەهابییەکان، سەلفییەکان، دەستەگەرییە ئیسلامییەکان، رێکخراوە وە ناو خێرخوازییی و مەدەنییە ئیسلامییە کوردستانیی و ناوچەیی و جیهانییەکان، رێکخراوە ئیسلامییەکانی ژنان، میدیای ئیسلامیی، بانگخوازەکان، سەید و شێخە خاوەن تەکییەکان، دەروێشەکان، کەسایەتییە ئیسلامییەکان، مەلا و سەکۆی مزگەفتەکان، فەقێ و خوێندنگە ئیسلامییەکان، وەزارەتی ئەوقاف) و ئیسلامییە حیزبییەکانی وەک (یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە) و جیهادییە کوردەکانی نێو (قاعیدە و داعش رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە) هەر هەموویان و هەر یەکەیان وە جۆر و شێوازەک لە رێی بەرنامەیەکی دژە زانستیی و دژە مرۆییانەی ١٤٣٥ ساڵەی بەر لە ئێستا ژەهری ئیسلام بڵاودەکەنەوە و نەزانیی و پاشدامایی دەرخواردی خەڵک دەدەن و هاوکاریی جێبەجێکردنی هەر نەخشە و پیلانەکی دژ وە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن کە لە لایەن هێز و لایەنە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و جیهانەوە دادەڕێژدرێن!
ئیدی خەریکە نەزانیی لە بنوبۆتکەوە هەڵماندەقەنی و لووشمان دەکا، جا ئەمن کە یەک تاکم لەو میللەتەی خۆم ئەگەر (رێژەی زیرەکیی - ئای کیو)ەکەم هەرچەندەک بی هەر ''نەزان''م، ئاخەر دەبی نەزانیی لەوە پتر چ بی:
- · نیشتیمانەکەمان لە رووی هەبوونی سامانی سەرزەوی و بنزەوی یەکەکە لە نیشتیمانە هەر وەپیتەکانی جیهان کەچی لە سەلکە توورەکەوە تا نایابترین خۆراک و لە دەنکە دەرمانەکی ئازارشکێنەوە تا چارەسەرەییەکانی شێرپەنجە و لە دەرزییەکەوە تا فڕۆکەیەک تێکڕایان لە دەرێ هاوردە دەکەین ئەویش جۆرەکی خراپ و وە نرخەکی زۆر، هەمیشە وە هۆی کەمیی وزەوەی خۆراکەوە تووشی چەندین دەرد و نەخۆشیی دەبین و هەر کەسەک توانای مادیی هەبی تەنانەت لۆ ددان ئێشانەکیش پەنا دەباتە بەر ئێران و ئوردن و تورکیا و ئیتالیا (نموونە وەک بارزانی کە ددان ئێشە دەگری دەچیتە ئیتالیا)، ماڵەکانمان هێندە خراپ و ناخۆش و نادڵگیرن رێک وە زیندان دەچن، وە ملیۆنان کەسمان لە برسان پەڕاگەندەی وڵاتان بوونە، و...هتد.
- · وەک دەبێژن ناوچەکەمان لانکەی یەکەم شارستانییەت بووە کەچی تا ئێستا ''پۆست'' ناگاتە ماڵان و پۆڵی قوتابخانە ٣٠ - ٤٠ قوتابی لێ دادەنیشی و قوتابخانەیەک سێ (دەوام)ی تێدا دەکرێ، سیستەمی هاتوچۆ لە خراپترین بار دایە، نەبوونی لوولەکێشیی گاز لە ماڵان و خراپیی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و سوتەمەنیی، نەبوونی سیستەمی نەخشە و دیزاینی گشتیی خانیی و باڵەخانەکان، نەبوونی ئاوەڕۆ، خراپیی فریاکەوتنی نەخۆش و راگەیشتن وە رووداوە سروشتییەکان، و...هتد.
- · بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییمان وە پێی سیستەمە دیموکراسییەکەی رۆژاوا - کە خۆی پەڕپووتە - دامەزرایە کەچی نەک هەر دوورە لە راستیی بەڵکە دامەزرایەکان تەنێ ناوەکی بێ ناوەرۆکن، پاشداماترین یاسا و رێسامان هەن کە تەنانەت ئەوانیش سەروەر نین و وە یەکسانیی وەسەر تاکەکەکان جێبەجێ ناکرێن، سێ کەس لە یەک ماڵدا (باب و کوڕ و بڕازا) گەورەترین و هەستیارترین پۆستی سیاسییان داگیر کردییە! ئازادیی سیاسیی و رێکخراوەیی وە پێی پێوەرە تایبەتییەکانی کەسی یەکەمی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندییە سیاسییە تەسکەکانی حیزبی دەسەڵاتدار دەپیورێن، یەک تاکە رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ نییە، ئازادیی دەربڕین لە بنەوە بوونی نییە و رۆژنامەنووس وە هۆی یەک وتار پڕی نێو دەوی گوللە دەکرێ، قەدەغەبوونی خۆشەویستیی و نەبوونی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژنان و هەبوونی فرەژنیی و ژنکوژیی کە لە جیهاندا وێنەی نییە، پیرۆزکردن و سەپاندنی سرووتەکانی دینی زۆرینە و بێڕێزییکردن وە دینەکانی دیکە و سەرکوتکردن و هەڵپاچینی بێ دینەکان، نەبوونی ماف و ئازادییەکانی تاک، سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکان و خەڵکانی ئازادییخواز لە ژیان و ماف و ئازادییەکانیان، زۆریی رادەی توندوتیژییە دەروونیی و جەستەییەکان وەک ئەوەی کۆمەڵ لە سەربازگەیەکی نێو جەنگدا بژیێ وە تایبەتیش لە بەرانبەر ژنان و زارۆکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و پیر و پەککەوتەکان، و...هتد.
- · سەرەڕای هەموو ئەوانەش نەک هەر ئەوەی کە میللەتەکی ٥٠ ملیۆن کەسیین و هێشتا مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان پێشێل کرانە و لە هیچ بستە خاکەکی نیشتیمانەکەمان سەربەخۆییمان نییە بەڵکە زمانەکی ستانداردیشمان نییە و وە چەندین رێنووسی خراپ و پڕ لە کەموکوڕیی دەنووسین و تەنانەت لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستان قەدەغەیە وە زاراوەکانی خۆمان قسە بکەین و بنووسین و وە زمانی دالکمان بخوونین!
جا ئەگەر ئەوانە نەزانیی نەبن کەواتە خودی نەزانیی هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نییە و ئێمە خۆمان هەر ٥٠ ملیۆن کەسەکەمان ''زانا''ین و ''رێژەی زیرەکیی - ئای کیو''مان لە ئی ئەنشتاین کە (١٦٠)ە بەرزترە!
هەڵبەتە لەو هەموو شێر و ریوی هینانەوەم لۆ نەزانییمان نە مەبەستم ئەوەیە ستایشی خۆم بکەم یان خۆم پێ زۆرزان بی و بمەوێ خۆم لە میللەتەکەم جودا بکەمەوە و پاکانەی لێ بکەم..نە خودپەرستیی و دوژمنکارییەک لە نێو مەژییمدا هەیە تا بمەوێ بەو شێوەیە میللەتەکەم پتر ورە بەربدا و وە یەکجاریی خۆی رادەستی نەزانیی بکا..بەڵکە تەنێ خەمخۆرییەکە لە پێناو ئەوەی بتوانین تێبگەین کە تا پرسیارمان نەبی و لە پرسیار نەگەین ناتوانین بەرسڤ بدەینەوە یان وە شێوەیەکی دیکە واتە تا خۆمان نەناسین هەرگیز ناتوانین کار لەسەر خۆمان بکەین و کەموکوڕیی و ئاریشەکانمان چارەسەر بکەین.