دیموکراسی، پارلەمان، پلورالیزمو پێکەوەژیان، وەکو کۆمەڵێک چەمکو دەستەواژەی پووچ لەلایەن بۆرژوازییەوە کراوەتە دەمامکێک بۆ ڕژێمی سەرمایەداریو دەوڵەتەکانی، هەتا گەوهەری زەبرو زەنگو دڵڕەقیو خوێنڕشتن، کە ناخی سسیتەمەکەی پێکهێناوەو بەشێکی جیانەکراوەی ستراکتیوری جیهانی ئەمڕۆیە، لەبەر چاوی کۆمەڵگاو هاوڵاتیان دووربخاتەوە.ئەگەر ئەم دەمامکە فڕێدەینەلاوە ئەبینین؛ سوپاو دامەزراوەی سەرکوتو تۆقاندن ڕاوەستاوە.زیندانو ئیعدامو یاسای پارێزەری ڕەوشی ئێستا ئامادەیە.جیاکاریو هەڵاواردنو نەژادپەرستیی برەوی هەیە.دوای ئەوانیش ئەگەیت بە مووشەکی کروزو بۆمبی ئەتۆمیو چەکی کۆکوژو کیمیاییو دەستڕێژی ژنکوژانو سکهەڵدڕینەکانی یۆگۆسلاڤیاو سەرڕاستکردنەوەی نازییەتو شۆڤێنییەت لە ئەوروپاو دواترینیان هاتنەمیدانی ئەڵترا فاشیەتی ئیسلامی لە بەرگی داعشدا.
داعش لەئاسمانەوە نەهاتووە! زادەو بەرهەمی ئەم جیهانە قێزەونو پڕلە توندوتیژیو دڵڕەقییەیە.ووردتریش، داعش، ئاکامی پێچەوانەی ١١ساڵ شەڕو بێنەوبەردەی تائیفییە لەعێراق.دەرئەنجامی درێژەی ٤ ساڵی ڕەبەق لە زنجیرەی ئینسانکوشتنو ئاوارەییو دەربەدەریی خەڵکییە بەبیانووی پووچەوە لە سووریا.ئەم وێنانەی داعش بڵاوی کردوونەتەوە، پێمانئەڵێت، مرۆڤایەتی بێخاوەنەو کۆمەڵێک خوێنخۆرو دوژمن بە ئینسانییەتو تینووی خوێنڕشتن، لە ئەمریکاوە تا چین، تا ئەفریقیای خواروو تا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بێشەرمانە خۆیان لە پشتی گشت سیناریۆکانی نائارامیو جەنگو قەیرانو خوێنڕشنو دوژمنکارییەکانەوە ڕاوەستاون.بەزەبری دەوڵەتەکانیان، بە حوکمی سوپاو زیندانو یاساو ڕێساکانیان، ژیانی مرۆڤیان کردۆتە بارمتەی سیاسەتو ئامانجە گڵاوەکانیانو سڵ لە نانەوەی هیچ ئاژاوەو لە هیچ یەکتربڕینەوەیەکی پێکهاتە جیاجیاکانی جیهان ناکەنەوە.ئەوان بەرژەوەندییان لەمەدایە.لەم نائارامیو دوژمنکاریو خوێنڕێژیو ڕۆحی تۆڵەسەندنەوەدایە، لەم فەزایەدایە کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گەمژەیی ملیۆنییە بەپانتایی جیهان!
ئایینەکان سەرچاوەی گەوجاندنی بەکۆمەڵن.ووڵاتانو کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کراونەتە مەیدانی تاقیکردنەوەی ئەم فاشییەتە ئایینییەی ئیسلام، بۆ بەچۆکداهێنانی ئینسانی ئێمەو ئینسانییەتی ئێمەو مێژووی ئێستاو داهاتووشمان.ئەڵترا شۆڤێنییەکانی وەکو داعشو سیستانییەکانو خومەینییەکانی ئێران، لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاو ڕوسیاوە، بەردراونەتە گیانی مرۆڤایەتیو ئێمە گۆڕڕاوین بۆ بینەری تۆقیوی دەستی ئەم بەڕبەڕییەتەی بۆرژوازی جیهانیو لۆکاڵی.
دانیشتن بەدیار ئەم دەسەڵاتدارو دەوڵەتو سوپاو میلیشیاو یاساو ڕێسایەی بۆرژواییەوە، تا سەقامگیریو ئارامی بهێنن، هەم خۆکوژییە، هەم ڕێگاخۆشکردنە بۆ برەوپێدانو پێشڕەوی زیاتری داعشو جۆرەکانی دیکەی داعش لەبەرگی تردا.ئەم هۆلۆکۆستەی داعش بەرپای کردووە، تەنیا بەهێزی خەڵکو بەهێزی جەماوەریی ئێمە بەریپێئەگیرێت! کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی نابێت زیاتر بینەری سادەی ئەم تاوانانە بن.ئەبێت دەست بۆ کارێکی پێچەوانەی ئەمانە بەرن بۆ پارێزگاری لە ژیانو حورمەتو کەرامەتیان.هێزی جەماوەریی چەکدار لە شارەکانی کوردستانو عێراق دژی هەموو ئەمانە پێکبێنن.بەدیلێکی جیاواز لەمانە بهێننە مەیدان.
دواقسەم لەم پۆستەدا، ئەوانەی لە ١٧ شوباتدا، لەتەنیشتی ئیسلامییەکانەوە، بە دروشمی؛ "بەئاشتی ..بەئاشتی" خەریک بوون گەورەترین درۆی باڵدار بەخەڵکی بقبوڵێنن، کە گوایا گۆڕانکاری بەئاشتی لەم جیهانەدا ئیمکانی هەیە، ئێستا ئەبێت لەپای ئەو چەواشەکاریانەیان کە ئەوسا بێهەودا فوویان پێدائەکرد، چۆن پاساوی هەڵویستیان بهێننەوە!؟ ئیسلامی سیاسی، بێ شۆڤێنیزمو فاشییەتی ئایدیۆلۆژی هیچ مانایەکی نییە.ئەوەی کە باسی ئاشتەواییو میانڕەویی ئیسلامو ئیسلامییەکانمان بۆ ئەکات، یان سیاسەت تێناگات، یاخود خۆی ئەخەڵەتێنێت!
١٥حوزەیران١٤
لینکی ڤیدیۆیی هەواڵێکی هۆڵەندی سەبارەی بە وێنەی
تاوانەکانی داعش لە تکریت