تراژیدای غەزەو یەزیدییەکان لوتکەی شەرمەزاری زلهێزەکان ... حەمە غەفور

 

 

 

تابلۆی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ناوچەکە، لە سەردەمی جەنگی ڕزگارکردنی کوێت، هەرچی بووبێت، ئەمریکا لە عێراقەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی کردە مەیدانی کێبەرکێی جیهانی یەکپۆڵی دوای هەرەسی بلۆکی ڕۆژەهەڵاتی ناسراو بە سۆڤییەت.پێی نەگریسی خۆی گەیاندە ئێرەو لەگەڵ خۆشیدا چەپەڵترین هێزو تاقم‌و دەستەی قەومی‌و ئایینی‌و تائیفی کردە فەرمانڕەوا بەسەر خەڵکی عێراقەوە.ئێمە ئێستا لەنێو پرۆسێسی دووبارە تەعریفکردنەوەی جیهاندا ئەژین دوای کۆتایی جەنگی سارد.ئەمریکا داگیرکردنی کوێتی لەلایەن ڕژێمی سەددامەوە کردە بیانوو تا خۆی بگەیەنێتە ئێرەو ئامانج‌و ستراتیژەکانی خۆی بەرێتەپێشەوە.ئەو بڕیاری وابوو لە جێگای دیکتاتۆرییەکان دیموکراسی دابمەزرێنێت.بەڵام دیموکراسییەکەی ئەو هیچ واتایەکی نەبوو جگە لە بەرجەستەکردنی دەسەڵاتگەلێکی مۆزائیکی لە عێراق، کە دوای ١١ ساڵ هەرەسی هێناو داعش دوا بزماری ئەمریکا بوو دای لە تابووتی فیدڕاڵیزمێک کە خۆی پێکییەوەنابوو.

ئێستا تابلۆکەش‌و مەنزەرەکانیش هەم گۆڕاون هەم بەخێراییەکی زیاتریش ئەگۆڕێن.سەیرکەن، پەیتا پەیتا دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، سەرەڕای کۆنتاکت‌و پەیوەندی بەردەوامی نێوانیان بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی سیناریۆی دووبارە ناولێنانەوە‌و دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوزی خۆیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لە ئۆباماو نەتانیاهۆو بەرپرسانی ناتۆو ناڤۆو ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکانی دیکەی دنیا لە چەشنی کرملین‌و لەندەن، هەمووشیان بە جیاجیا لە پشتی دەزگاو ئامێرو مانگە دەستکردە جاسووسییەکانیانەوە، وەکو فیلمی ئەنیمەیشن لە ژووری کۆنتڕۆڵی خەفییەیی بەسەر جیهانەوە تەماشای دوو شوێنی خۆرەڵاتی ناوین ئەکەن.ئەوان ئەتوانن بە ئاسانی ئیسرائیل بوەستێنن لە کوشتنی ژن‌و مناڵی کەرتی غەزەو نایکەن.ئەوان ئەتوانن داعش لە سویچەوە بکوژێننەوەو نایکەن! چونکە هەم خۆیان لە پشتیانەوە ڕاوەستاون، هەم ئامانج‌و مرازی سیاسی تایبەتیان هەیە ئەنجامی بدەن.ئەوان ئەتوانن زۆر شت بکەن بۆ بەرگرتن بە تراژیدیای خەڵکی غەزەو ئاوارەیی‌و کارەساتی یازیدییەکان‌و مەسیحییەکانی عێراق‌و نایکەن ئەوان ئەیانەوێ بە خۆمان‌و بە جیهانیش بڵێن، ئەوەی ئەیبینن کەلتووری ئەو خەڵکە خۆیەتی، ئەوەی ئەیبینن لە خۆرەڵاتی ناوەڕاست فەرهەنگ‌و کەڵچەری خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیانە، وە ئێمە-یانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا- ئەمانەوێ فێریان بکەین هاوکارییان بکەین چۆن چۆنیی بتوانن دیموکراسی بەرقەرار بکەن! بەڵام ئەمە فەرهەنگی ئێمە نییە.خەڵکی ئەم ناوچەیە زیاد لە سەد ساڵە قوربانی دەستی سیاسەتی ئیمپریالیسی ئەوانەو ئێستاش تەنیا بە ڕزگاربوون لە دەستی ئەو سیاسەتانە دەروازەیەک بۆ نەفەسکێشانی ئازادانەی خەڵکی ئەکرێتەوە بەڕوویاندا.

ئەوان سەیری دوو شوێن ئەکەن؛

یەکەم، تەماشای تراژیدیای تێکەڵبوونی گۆشت‌و خوێنی ژن‌و مناڵ‌و پیرو نەخۆشی غەزە ئەکەن لەگەڵ داروپەردووی هەڵتەکێنراو و داڕماوی قوتابخانەو پەناگاکانی خەڵکی سڤیل، کە بە بۆمبارانەکانی دەوڵەتی شۆڤێنیی ئیسرائیل ئەنجامدراون‌و ئەدرێن‌و ئەڕمێنرێن بەسەریاندا.ماسمیدای ڕۆژئاواییش بێشەرمانە پاساو بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دێننەوەو حەماسیان کردووە بە بیانووی دەستیان بۆ شەرعییەتدان بە کوشتاری خەڵکی سڤیلی غەزە بە دەستی هارترین دەوڵەتی شۆڤێنی ئیسرائیل.

دووهەم، تەماشای درامای ئاوارەیی بەکۆمەڵ‌و مەرگی بەکۆمەڵی یەزیدییەکانی کوردستان ئەکەن، ئەوانەیان کە لە دەستی گانگستەریستەکانی داعش دەربازیان بووەو بەهەر حاڵێک بووە خۆیان گەیاندۆتە بەرزاییەکانی شەنگار! تەماشایان ئەکەن‌و پێکەنینیان بە خەڵکی ناوچەکە دێت چۆن بوونەتە یاری دەستی ئەوان‌و بە وەکالەت لە ڕێگای هێزو ئەوتیۆریتایتەکانیانەوە شەڕیان پێئەکرێت.بەرەوپێشچوونی سیناریۆ دژەمرۆییەکانی خۆیان سەیرئەکەن‌و لە بەردەمی زوومی کامێراکانیشدا، بە ئەوپەڕی بێشەرمییەوە دێن‌و فرمێسکی تیمساحییان بۆ ئەڕێژن! ئەمەش یەکێکە لەو مەشهەدانەی کە خەڵکی عێراق‌و کوردستان بە چاوی خۆیان ئەیبینن چۆن هاوڵاتیانیان بێئاگا لە سیناریۆ چنراوەکان بوونەتە قوربانی‌و ئەکتەری سیاسەتی ئەمریکاو زلهێزەکان.ئەمەش لوتکەی شەرمەزاریی ئەمریکاو دەوڵەتانی تری ڕۆژئاواییە سەبارەت بە چارەنووسێک کە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دیارییانکردووە.

ئەم ناوەندانەی باسم کردن سەرچەشمەی بڕیاری سیاسی جیهانن، سەرچاوەی ئەم سیناریۆیانەن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ملیۆن ملیۆن ئینسانی ئەم ناوچەیە، سیناریۆیەک هاوڵاتیانی سڤیلی ئێمە بوونەتە ئەکتەری واقعیی تەحقیقبوونی ستراتیژو بەرژەوەندی زلهێزەکان‌و دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان.مرۆڤ لە ڕوانگەی ئەم ناوەندانەی بڕیاری ئیمپریالیستەکاندا، لە باشترین حاڵەتدا وەکو بێچوەبەراز‌و کۆمەڵە مشکی نێو تاقیگاکان وێناکراون.هیچ نرخ‌و بەهایەک بۆ ئینسان ئەسڵ نییە لە ڕوانگەی ئەوانەوە.سەرتۆپی ئامانجی ئەم سیناریۆیانەیان، گوایا پاڵپشتی‌و هاوکاری کردنی هێزە کۆنەپەرست‌و قەومی‌و تائیفی‌و ئایینییەکانی ناوچەکەیە، تا زیاتر تەعلیمی دیموکراسییان بدەن‌و فێریان بکەن چۆن‌و بە چ شیوازێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەکرێت دیموکراسی‌و پلورالیزم‌و فرەیی‌و یەکتر قبوڵکردن بەسەرئەنجام بگات! ئەوەی ئێستا ڕووئەدات تەمرینی ئەم دیموکراسییە قێزەونەیە.ئەمە درۆیەکی باڵدارەو زیاد لە بیست ساڵە بە شێوەی جۆراو جۆرو بە هاوکاری دەسکەلاکانیان لە نێو خۆی کۆمەڵگاکاندا خەڵکی پێ فریوئەدەن.

بەڵام ئەسلی مەقسەدی ئەوان، نابودکردنی ناسنامەی هاوڵاتیبوونە لەم دەڤەرەو ئامانجیان بەرپاکردنی ئاژاوەو شەڕو پێکدادان‌و تێکچڕژانێکە کە ئینسان سەری نەپەرژێتە سەر خۆشی نەک بیری لای مناڵەکانیشی بێت! ئامانجی ئەم زلهێزانە نەک هاوکاری کۆمەڵگاکان نییە بۆ مومارەسەی دیموکراسی‌و توڕەهاتی دیکەی پارلەمانی‌و پێکەوەژیان، بەڵکو مەبەستی سەرەکییان چاندن‌و بەرجەستەکردنی تۆوی ڕق‌و کینەو دوژمنایەتی قەومی، ئایینی، تائیفی‌و ئیتنیکییە لەناو گشت پێکهاتەکانی ناوچەکەدا، تا لەو سەرەوە هارەترین جۆری ڕاسیزم‌و شۆڤێنیزم‌و تیرۆریزم‌و گانگستەریزم سەردەربهێنێت! هەموو ئەو هێزانەشی لە ناوخۆی کۆمەڵگاکانەوە هەر یەک بەجۆرێک کراوەتە نوێنەری ئەم پێکهاتەو ئیتنیک‌و قەوم‌و ئایینانە، هاوبەرژەوەندین لەگەڵ هەمان سیناریۆو ستراتیژی زلهێزەکاندا، چونکە بەو شێوەیە ئەتوانن خۆیان وەکو نوێنەرو دەمڕاستی ئەو پێکهاتانە بەرهەم‌و بەرهەمبێننەوە.بۆیە لە بۆتەی ئەم قەیران‌و تەنگژەیەدا، لەنیو پرۆسێسی بەرهەمێنانی ئەم دوژمنکارییانەی باسی کرا، ئەوان ڕۆڵی جێبەجێکار ئەبینن، بەکردەوە پۆڵاڕێزی ئەو دابەشکارییە قەومی‌و ئیتنیکییە ئەکەن لە عێراق‌و ناوچەکەش، نەک بەشوێن بەرژەوەندی هاوڵاتیان‌و ئارامی‌و سەقامگییرییەوە بن بۆیان.هێزە باڵادەستەکانی ناوخۆ کوێرانە خۆیان گرێداوە لەگەڵ سیناریۆکانی ئەو زلهێزانەداو ئەشیانەوێ بە دەستی بەسراو و چاوی بەسراوەوە خەڵکی بکەنە زەخیرەی گەییشتنیان بە مەرامە سیاسییە بەرتەسکەکانیان.

ئەم تابلۆیە ئەکرێت چارەنووسی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت.ئەتوانرێت ئەم تابلۆیە تێکبشکێنرێت.خەڵکی ئەم ناوچەیە دەبێ ڕاپەڕن‌و بەدژی ئەم شەڕو دەعواو وەشاندنی تۆوی دوژمنکارانەیە، بەدژی ئەم کینەتۆزی‌و کێبەرکێ قەومی‌و تائیفی‌و ئایینییانە بێنەمەیدان.گوێ بۆ بانگەشەو توڕەهاتی دیموکراسیی ڕۆژئاوا نەگرن، دەنگ‌و سەدای فاشییەتیش بە هەموو شێوەیەک پووچەڵ‌و ڕیسوا بکەن.بێنە مەیدان‌و خۆیان یەکگرتوو و ڕێکخراو بکەن.دەمارگیری‌و ڕۆحی دوژمنکارانە ڕەوشەکە ئاڵۆزتر ئەکات.تووڕی هەڵدەن‌و باوەش بۆ ئینسانییەت بکەنەوە.بە دژی هەر جۆرە بانگەشەو دەنگ‌و سەدایەکی شۆڤێنی‌و ڕاسیستانە ڕاوەستن.هەر هێزێک، یان هەر کەس‌و لایەن‌و ڕێکخراوێک بانگەشەی کرد بۆ برەودان بە ڕۆحییەتی شۆڤێنی‌و دروستکردنی دەمارگیریی نەتەوەپەرستانەو نەژادپەرستانە، بایکۆت‌و ڕیسوای بکەن.ڕیگامەدەن لەژێر ناوی هیچ پاساو و بیانوویەکدا کوردستان ببێتە مەیدانی ڕژاندن‌و گەشەو برەوی دەمارگیریی شۆڤێنیانەو دوژمنکارانە بەدژی نەتەوەو ئیتنیک‌و باوەڕداران‌و شوێنکەوتووانی ئایین‌و تائیفەیەکی تر.لە جیاتی دەستخۆشی کردن لە هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە، ڕەخنەبگرن، دەستبنێن بەڕویانەوەو ڕیسوایان بکەن.ئەم هەڵوێستە ئەتوانێت سەرەتای هەنگاوێک بێت بۆ گێڕانەوەی ڕێزو بەهاو نرخی هاوڵاتیبوون بۆ نێو کۆمەڵگاکانمان.گشت ئازادیخوازان لەم نێوەدا ئەرکی گەورەیان لەسەر شانە.هەموو پێکەوە ئەتوانین پانتاییەکی گەورە بۆ هاودڵی‌و هاوسۆزی‌و نەوعدۆستی بخوڵقێنین.لێرەوە ئەکرێت هەنگاوی جددی بنێین بۆ کۆتایی ڕەوشی ئێستاو دەستپێکردنی سەرەتای ڕەنگڕشتنی تابلۆیەکی سەرتاپا جیاواز لەوەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ ئێمەیان کێشاوە.

٥ئاب١٤

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

Related Articles