ئەبین بەژێر چەکەوە! ... حەمەغەفور

وادێتە پێش چاو ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی لە خەوێکی کابوساوی ڕاچڵەکیبن، کاتێک ئەبینن داعش وەکو بەرئەنجامی جەنگی بە وەکالەتی سێ ساڵەی خۆیان لە سوریا، گۆڕاوە بۆ دێوەزمەیەک‌و هەڕەشە لە جیهان ئەکات، بەخۆیاندادێنەوەو هەناسەڕکێیان پێئەکەوێت! بە تایبەت دوای گرتنی شاری موسڵ‌و ئەنبارو تکریت لە عێراق، وەرچەرخانی هێرشەکانی ڕووەو شاری هەولێرو ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ئیتر ڕوونە، نە کابوسەو نە خەوبینین، بەڵکو داعش وەکو پڕۆژەی جەنگی وەکالەتیی ئەوان گۆڕاوە بۆ واقعییەتێک‌و مەترسییەکی گەورە لە ناوچەکەداو پەرەسەندنی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە. ئێستا ئیتر شەڕەکە هاتۆتە نێو سنوورەکانی عێراق‌و کوردستانەوە. بۆیە پێشبڕکێی ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە بە شێوەیەکی خێراو سەرسوڕهێنەر دەستیپێکردووە. وا بڕوات کوردستان ئەبێت بەژێر چەکوچۆڵەوە. بوونبەژێر چەکیشەوە هیچ واتایەکی دیکەی نییە جگە لە بەسوووریابوونی کوردستان. بەڵام لێرە بەناوی هاوکاری پێشمەرگەوە ئەمریکاو ڕۆژئاوا سەرەتای جەنگی وەکالەتییان ئەنجامئەدەن. ئەم جەنگە نوێیە بۆ وەستاندنی داعش، وەکو پشی پشی‌و بانگکردنی تیرۆری ئیسلامیی جیهانی وایە بۆ بەرەکانی شەڕی داعش بەرانبەر بە پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان. ئەوان هیچ کات چارەنووسی خەڵکیان بەلاوە گرنگ نییەو تەنیا ئامانج‌و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەبەرچاوە.

کاتێک کێشمەکێشی لایەنە نەیارەکان بۆ لەباربردنی شۆڕشی سوریا- نەک هاوکاری کردنی، داهێنانی جەنگی بە وەکالەتی لێکەوتەوە، ئەو جەنگەی هێشتاش بەردەوامە، کۆمەڵگای سوریای بردۆتە سەر لێواری نابوودبوونی یەکجارەکی‌و بە تەواوی شارستانییەتی لەم کۆمەڵگایە داتەکاندووە. دوای سێ ساڵی لێوانلێو لە تراژیدیاو ئاوارەیی ملیۆنی‌و جەرگ‌و دڵ خواردنی ئینسان‌و سەرپەڕاندن‌و دەست‌و قاچ بڕینەوە تیایدا، لەلایەن دەستەو تاقمە ئیسلامییەکانی دەستسازی خۆیانەوە، داعش بەهێزترو گەورەتر بووەو بۆتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکانی عێراق‌و ژمارەیەکی هەرە گەورەی هاوکێشەی خۆرەهاڵاتی ناوەڕاست‌و جیهانیشە. گواستنەوەی بەرەی شەڕی وەکالەتی بۆ کوردستان گوایا دژی تیرۆر، هێنانی ئاگری ئەو شەڕەیە بۆ بەر دەرگاکانمان.

دوای کەوتنی موسڵ بۆ ژێر دەستی چەتەکانی داعش، وا ڕاگەیەنرا لەلایەن مەسعود بەرزانییەوە، کە گوایا داعش کاری بەسەر کوردستانەوە نییەو ئامانجی پەکخستنی دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتی نوری مالکییە. بەڵام لەپڕ ئاراستەی شەڕی ستڕاتیژی داعش ڕووی لە هەولێر کردو بەهانەی تەواوی دایە دەستی ئەمریکاو ڕۆژئاوا تا شەڕی بە وەکالەتیان بگوێزنەوە بۆ کوردستان‌. تا بە ناوی هاوکاری سەربازییەوە، هێزی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بکەن بە ناوەندی ئەو جەنگە وەکالەتییە. لێشاوی ناردنی چەک‌و هاوکاری سەربازی بە ئاشکراو بێ دوودڵیی بۆ کوردستان، بە ناوی شەڕ دژی تیرۆرو داعشەوە، ڕژاندنی سابوناوە بۆ ژێرپێی دەسەڵاتی کوردی‌و خەڵکی کوردستانەوە بۆ تێوەگلانیان لەم جەنگە وەکالەتییەوە، هەتا ئەم پانتاییە نیمچە ئارامەی کوردستان بگۆڕن بە مەیدانی ئەو جەنگە بە وەکالەتە بێئەوسەرەی کە سوریای بەو دەردەی ئێستای بردووە!

ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ئەگەر بیانەوێت ئەتوانن مەترسی داعش لە سەرچاوەکانییەوە بکوژێننەوە! عەرەبستانی سعودی‌و تورکیاو قەتەر ناچار بکەن دەستهەڵگرن لە هاوکاری‌ ماددی‌و مەعنەوی‌و لۆجێستیکی داعش‌و تیرۆر، تا ڕادەیەکی زۆر ئاو ئەکرێت بەئاگرداو لە قفڵەوە ئەوەستێنرێت! بەڵام ئەم کارە بۆ ناکەن‌!؟ پرسیارێکەو هەموومان ئەبێت بیپرسین. ئەوان سەرچەشمەی هەڵایسانی ئاگرەکە ڕەهائەکەن‌، بەڵام دێن لە کوردستان فەوزایەک بەرپائەکەن بۆ داباراندنی چەک‌و چۆڵی سەربازی بەسەر ئێمەدا!؟ خوێندنەوەی لۆژیکیانە بۆ هەنگاوێکی لەم جۆرە، زیاتر نییە لە پیلانی پەلکێشکردنی کوردستان بۆ نێو جەرگەی جەنگی تیرۆریستان!

کاتێک کوردستان ئەنفال کراو کیمیابارانی شاری هەڵەبجە ئەنجامدرا، هەر ئەم هێزانە چاویان داخست‌و پشتیان کردە خەڵکی کوردستان. ئێستا هیچ لە ناوەرۆکی سیاسەت‌و ستراتیژی ئەمریکاو ڕۆژئاوا نەگۆڕاوە تا پەیامی خێریان پیبێت بۆ خەڵکی کوردستان. تەنانەت ئەم هێزانە دوای ٢٣ ساڵ جیایی‌و سەربەخۆیی دیفاکتۆ، هێشتا ئامادە نین ڕاشکاوانە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن. زیاتر باسی دروستکردنی حکومەتی تەوافوقی لە بەغدا ئەکەن. ئەوان پێیان وایە لە سوریا شەڕی بە وەکالەت هێشتا کەمی ئەنجامداوە لە کاولکاری‌و بەرپاکردنی کارەساتی مرۆیی، ئەمجارە بەنیازن لە کوردستانەوە درێژە بەم جەنگە نەگریس‌و سەرتاپا کۆنەپەرستانەیە بدەن. ئەمە مەترسییەکی جددییەو دەسەڵاتی کوردی‌و خەڵکی کوردستانیش پێویستە بەرپرسیارێتی گەورە لە خۆیان نیشانبدەن‌و بەرەی جەنگێکی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان لە ستراتیژو سیاسەتی جەنگی وەکالەتی ئەمریکا دژی داعش سازمانبدەن. ووریا بن کوردستان خەریکە ئەبێتە ئامڕازی دەستی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ درێژەدان بە شەڕی وەکالەتییان. ئەوان ئەگەر پشتیوانی خەڵکی کوردستانن، با ڕێگا خۆش کەن لە هەموو ناوچە کوردنشینەکانی عێراقدا ڕیفراندۆمێکی ئازادانە بەرپابکرێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسی کوردستان لەگەڵ عێراق! نەک خەڵکی کوردستان بئاڵێنێننە شەڕێکی وەکالەتییەوە کە ئەوسەری لە خۆشیانەوە دیار نییە! وەکو هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە دژی ستراتیژییەتی جەنگی بە وەکالەت، هێزی بەرگری جەماوەری کوردستان پێکهاتووەو سەرجەم چین‌و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی ئەم مەترسییە ئەتوانن پێیانەوە پەیوەست ببن. هێزێکی چەکداری جەماوەری گەورە بۆ بەرگری لە کوردستان‌و هاوڵاتیانی لە هاوشانی هێزی پێشمەرگەدا ئاسۆیەکی گەشترە لە بەرەنگاربوونەوەی هێرش‌و مەترسی داعشدا بۆ سەر کوردستان. نەک لەژێر ناوی هاوکاریدا کوردستانمان بگۆڕن بە سوریایەکی دیکە!

٢٧ئاب١٤

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles