ئەم ساتانەی ئێمەی تیا ئەژین، لەناو جەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بە چاڵە ڕەشەکە ناوی ئەبەن، شارێک بە ناوی (کۆبانی) هەر ئێستا خەریکە داستانێکی بەرگری لە شکۆمەندیی مرۆڤی ئەم سەردەمە لەپێناو ژیانو بۆ مێژوو تۆمارئەکات! ئەم شارەو دانیشتووانە بەشەرەفو خۆڕاگرو قارەمانەکەی، هەر ئێستا ئەکتەری واقعی نمایشکردنی مەلحەمەیەکی بێوێنەن لە دژی تاریکستانی ئیسلامی داعشییەکان، کە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی خەریکە هەتاوی ئازادی کە لە شاری کۆبانییەوە هەڵاتووە، خامۆش بکەن! ئەم هەتاوەی لە کۆبانییەوە ئەم چاڵە ڕەشەی خۆرهەڵاتی ناوینی ڕووناککردۆتەوە، نابێت خامۆش بکرێت! ئەتوانین بە درەوشاوەیی بڵندی کەین تا بگاتە هەموو جیهان! ئێمە بە پشتیوانیمان لە کۆبانی، ئەتوانین پرشنگەکانی ئەو هەتاوە بکەینە پەرچەمی ژیانو هەموو ناوچەکەو جیهانیش ڕۆشنبکاتەوە! ڕۆژێکەو ئەمڕۆ هەر ئینسانێک دڵی بۆ ژیان، بۆ ئاسودەییو ئاییندەیەکی گەشاوە لێئەدات، پێویستە لەسەری ڕێگابگرێت لە کوژانەوەی ئەو ڕووناکییەی لە کۆبانییەوە بەرپاکراوە! پێویستە هەموومان ئاگری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەناخماندا داگیرسێنین بۆ پشتیوان کردنی کۆبانی. دوژمنانی کۆبانی هەر داعشو داعشییەکان نین بەتەنیا! ئەو دەوڵەتانەشن کە خەریکن بەناوی بچووککردنەوەی داعشەوە ئەزموونی کۆبانیی زیندەبەچاڵئەکەن! ئێمە ئەتوانین بەر بەچارەنووسێک بگرین کە دوژمنانی ئازادی بۆ کۆبانییان داڕشتووە! کۆبانی ئەتوانێت سەرکەوێت! بەپشتیوانی ئێمە ئەتوانێت داستانی جوامێرانەی ئازادی شارێک مسۆگەر بکات! سەکەوتنی کۆبانی سەرکەوتنی مرۆڤایەتییە! هەتاوی ئازادی لە کۆبانییە، بۆیە کۆبانی پێویستی بە چەک و تەقەمەنی هەیە!
لێرەوە دەرئەکەوێت، ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری کۆبانی، داپۆشینی ئەو گەمارۆ هەمەلایەنەیە کە هاوپەیمانییەتییەکەی ئەمریکا لەسەر کۆبانی دایناوە! دەنا شارێکی یەک ملیۆن کەسی بە دانیشتووانەکەیەوە، بە سەنگەرو هێزی چەکداری جەماوەریو حزبەکانییەوە، بە ئازادیخوازانی سەرانسەری جیهانەوە، بانگەواز ئەکەن، داعش لە سێ تەرەفەوە هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانی توندکردۆتەوەو لە باکوریشەوە ژەندرمەی تورکی بەپاڵپشتی زرێپۆشێکی زۆرەوە ئیستیفزازی کۆبانی ئەکات، بەڵام ئەبینین ئەو دەوڵەتو زلهێزانەی کارێکیان پێئەکرێت بۆ کۆبانی، خەریکن بە شتی دیکەوە خۆیان سەرقاڵ ئەکەن! ئەم خۆخافڵکردنەی ئەوان فێڵێکەو خەریکە لە کۆبانیو لە ئینسانییەتی ئەکەن. نماییشێکە بۆ ئەوەی داعش زەفەر بە کۆبانی بەرێتو ڕووناکیی ئازادی لەو شارەدا بکاتە تاریکستان! بۆیە تەنیا کاری ڕاستەقینە گەیاندنی چەکو تەقەمەنییە بە هێزی چەکدارو بەرگریکاری شاری کۆبانی! هەر هەڵوێستێکی دیکەی پێچەوانەی ئەمە لەلایەن ئەو هێزو دەوڵەتو دەسەڵاتو خاوەنبڕیارانە تا دەگاتە حزبە دەسەڵادارەکانی کوردستانی عێراق، کە توانای گەیاندنی چەکیان هەیە بە کۆبانی، ئەچێتە خانەی پشتگیریو هاوکاری کردنی هێزە تاریکپەرستو خوێنڕێژەکانی داعشەوە! ئەوەش گەورەترین خیانەتە لە دانیشتوانی شارێک کە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتیش ئەکات لە ئێستادا!
٣٠ئەیلوول١٤
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.