کۆتایی داعش کۆبانی ئەبێت! ... حەمەغەفور

سەرکەوتنی کۆبانی ئێستا ئیتر تەنیا ئارەزوویەک نییە بخوازرێت، بگرە نزیکبۆتەوە لە یەقین. بەرگری‌و ڕاوەستاوییەک کۆبانی نیشانیدا، جیهانی سەرسام کردووە. ئەم ڕاوەستاوییە ئێستا نوێنەرایەتی جیهانێک ئەکات کە نایانەوێ ئەم جارەشیان وەکو ڕابردوو، کڵاو بکرێتە سەریان‌و ڕەوانەی ماڵەوە بکرێنەوە. کۆبانی بڕیاری داوە مەیدانی کۆتایی داعش ئەبێت! هەرکەس ئەم ڕاوەستاوییە نەبینێت، تەنگژەی ئایدیۆلۆژی هەیە. 


سەرکەوتنی کۆبانی، سەرکەوتنی ئیرادەی جەماوەرێکی چەکدارە بەرانبەر بە هێزێکی دڕندەی وەکو داعش، کە هەم جێبەجێکارو هەم پەردەپۆشێکیشە بۆ سیناریۆ سیاسییە دژە مرۆییەکانی زلهێزەکانی جیهان لە ناوچەکەدا! بیهێننە بەرچاوتان، کۆبانی بکەوێتە دەستی چەتە خوێنخۆرەکانی داعش، جیهانی شارستانی‌و مرۆڤایەتی بەرەوڕووی چ نسکۆیەکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئەبێتەوە! کەوتنی کۆبانی، هەر سەرکەوتنی داعش مانا ناکاتەوە، بەڵکو سەرکەوتنی سیناریۆ چنراوەکانی ئەمریکاو ڕۆژئاواش بەرجەستە ئەکات، کە یەکێک لە واتاکانی بریتییە لە شەرعییەتدانەوەو باڵادەستتربوونی هێزە بۆرژواییە لۆکاڵییەکان بۆ درێژەدان بە ستەمگەرییەکانی خۆیان لەدژی ملیۆن ملیۆن ئینسانی ئەم ناوچەیەو جیهانیش! 

سەرکەوتنی کۆبانی وەرچەرخانێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی گرنگ دەبێت لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌داو پێشهاتێکی گرنگترو کاریگەرتریش ئەبێت لە تێکشکانی ئەمریکا لە ڤێتنام! 

سەرکەوتنی کۆبانی بە واتای شکستی ئەو مەنهەج‌و ستراتیژە ئیمپریالیانەیە دێت کە ئەمریکا ڕابەرایەتی ئەکات‌، نەهجێک کە ئامانجی ئەوەیە لەم جیهانە پان‌و پۆڕەدا هیچ کەس‌و هێزو حزبێک بەبێ پرسی ئەمریکا پەنجە نەکات بەئاودا! 

ئەزموونی کۆبانی، مەدرەسەی پەروەردەبوون‌و گەڵاڵەبوونی هێزی بەڕاستی جەماوەریی چەکدارە بە ژنان‌و پیاوانەوە لە هاوشانی یەک‌و لە یەک سەنگەردا بۆ بەرپەرچدانەوەی قێزەونترین جۆری تیرۆریزمی ئیسلامی! کۆبانی وەڵامی جیهانی ئەمڕۆیە بە داعش! کە خۆی وەڵامێکیشە بۆ ئەمریکاو تەواوی هاوپەیمانەکانی! 

بۆیە دەبێت شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان هەرچی زیاتر فراوان بکرێتەوەو پشتیوانی‌و هاودڵی‌و هاوسۆزی بەکردەوە ئەنجامبدرێت. گوشاری زیاتر درووست بکرێت‌و داوابکرێت لەو دەوڵەتانەی تا پێش داستانی قارەمانانەی خەڵکی شەرافەتمەندی کۆبانی، لە بەندو بەستی ئاشکراو ژێربەژێریشدا داعشیان پەروەردە کردو قەڵەویان کردو گۆڕییان بۆ هێزێک کە هەوسارەکەی ئێستا لە دەستی خۆشیان دەرچووە. ئێستا جیهان بینەری سەرکەوتنی سیناریۆیەکن لە کۆبانی، کە هیچ ئەمریکایەک نەک ڕۆڵی تیایدا نییە، بەڵکو دژایەتیشی ئەکات! ئێستا خەڵکی ناوچەکەو جیهانیش بە ووردی دڵیان لەگەڵ کۆبانی لێئەدات، وە چاودێری کۆڵانەکانی کۆبانی ئەکەن کە خەریکە لمۆزی داعش لە خاک‌و لە خوێنی خۆی هەڵئەژەنرێت! بژی خەبات‌و بەرگری دلێرانەی یەکینەکانی پاراستنی کۆبانی، بژی هێزی چەکداری ژنان‌و پیاوانی کۆبانی!
١٢ئۆکتۆبەر١٤

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles