بەپێی هەواڵەکان تا ئێستا ١١ کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردنی نەوت لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیر کراون. لیژنەو بەدواداچوونی یاساییو پارلەمانی لەو بارەوە پێکهاتوون. ڕاگەیاندنەکان هەواڵی جیاجیا لەبارەیەوە بڵاوئەکەنەوە. بێگومان ئەم دۆسێیە چارەنووسی کۆمەڵگای پێنج ملیۆنی کوردستانی پێوە بەندە، بۆیە دەبێت چاوی ڕەخنەمان لەسەری فۆکوس بکات! بەتایبەتی کە هەر لەم سەرەتایەوە خێرا پرسی ئیعدام کردنی تۆمەتباران گەورە کراوەو خەریکە وەکو مژدەیەک ئەکرێتە بارتەقای تاوانێکی گەورەی لەو چەشنە! لای خۆمەوە من لێرەدا بۆچوونەکانم لەمبارەوە ئەخەمەڕوو. بەهیوای ئەوەی کۆمەک بکات چاوی گەورەی کۆمەڵایەتیمان لەسەر ئەم دۆسێ گەورەو گرنگانە هەڵنەگرین، تا پرۆسەی دەرخستنی ڕاستیو حەقیقەت ئاراستەی دروستی خۆی وەربگرێت! لە پەرواێزدا لینکی هەواڵی پەیوەست لە ساییتە کوردییەکاندا دائەنێم.
ئیعدام کردنی تاوانباران، نە جێبەجێکردنی دادپەروەرییە، نە بەرگری کردنە لە حەقیقەت! نە گێڕانەوەی مافە بۆ خاوەنەکانی! بەڵکو بە عالەمی ئاشکرا، هەوڵێکە بۆ گۆڕبەگۆڕکردنی ڕاستییەکان! کاتێک سەددام حسەینو ژمارەیەک لە سەرانی ڕژێمی بەعس ئیعدام کران، کام ڕاستیو حەقیقەتی ئەنفالو کیمیابارانو پەیوەندی ڕژێمی بەعس لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتانی تری جیهانو ناوچەکە بەدەرکەوت، کە ڕۆڵیان گێڕابوو لە بەهێزکردنو تۆکمەکردنی ئەو ڕژێمە فاشییەدا! یاخود دوای ئیعدامکردنی ئەوان کوا کۆمەڵگای عێراق ئارامیو ئاساییشی سیاسیو کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە! ئیعدامکردنی سەدامو دارو دەستەکەی باشترین بەڵگەو نموونەی پاڵپشتی ئەم ووتارەیە لەبارەی گرتنە پێشی ڕێوشوێنێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
پارلەمان، حکومەتو دەزگای دادوەری کوردستان، ئەگەر ڕاست ئەکەن وە نیازیان نییە پەروەندەی گەورەو شەرماوەری پەیوەندی حزبەکانو بەرپرسانێکی نێو حزبەکان لەگەڵ داعش سەرنگووم بکەن، با پرۆسەیەکی شەفافو ئاشکراو عادلانە دەستپێبکەن لەو بارەوە. ڕێگابکەنەوە هاوڵاتیانو لایەنی شارەزاو کەسانێک کە بەڵگەو داتاو زانیارییان هەیەو لەبەر دەستدایە بیخەنەڕوو بۆ بەردەم یاساو ڕای گشتیش، هەتا ڕاستیو حەقیقەتی پشتی چۆنێتیی ئەم پەیوەندیو کلکگرێدانەی ئەو تۆمەتبارانە، وە کەسانێکی دیکەش کە ڕەنگە هێشتا دیاری نەکرابن، وە ڕۆڵی گەورەشیان بووبێت لە پەیوەندی سیاسیو بازرگانیش لەگەڵ داعش، ڕۆشن ببێتەوە.
بەشوێن پەیدابوونی داعشو تەسلیمبوونی موسڵ، دەنگۆی زیاد هەیە کە لایەنێک لە موزایەدەی سیاسیدا شەنگاڵی پێشکەش بە داعش کردووە! یاخود بەگوێرەی کامە یاساو کام ڕێوشوێنی ئیداری قاسم سولەیمانی سەرۆکی سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش ئامادەئەبێت! سەرئەنجام بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی کۆمەکی سیاسیو سەربازیو لۆجیستیکی پێشکەشی کۆبانی بکات! لێرەدا تەنیا پەیوەندی بازرگانی کردن نییە بە نەوتێکەوە کە داعش دەستیبەسەریدا گرتووە، بەڵکو پەیوەندییەکی مەترسیدارتر هەیە لە هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ داعشدا! دەزگای قەزایی کوردستان چۆن ئەتوانێت لەم دۆسێیەدا ڕۆڵ ببینێت! ئایا دادوەری گشتی ئەتوانێت ڕاستیو حەقیقەتی ئەم دەنگۆو تۆمەتانە یەکاڵابکاتەوە!؟ ئایا بۆ دڵنایی بەخشین بە هاوڵاتیانی کوردستان، ئەم لایەنە لە بازرگانی کردن بە نەوت لەگەڵ داعش مەترسیدارتر نییە!؟ دەرخستنی ڕاستیو بەرگریکردن لێی ئەرکی هەموو کۆمەڵگایەو مافی هەر تاکێکی ووڵاتە بەدواداچوون بکاتو ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەرکێشانی لەژێر سیناریۆی جۆراو جۆردا بگرێتە بەر. دادوەری گشتیو دەزگای قەزاییش پێویستە پەیوەست بن بەم ئەرکە مێژووییو کۆمەڵایەتییەوە.
لایەنی پەیوەندیداری ڕەسمییو حکومی ئەگەر ئامانجیان سەرخستنی سەروەری یاسایە، ڕێگاکەی ئیعدامکردنی تاوانباران نییە. بەتایبەتی کە هێشتا هیچ پرۆسەیەکی ڕۆشنی لێپێچینەوە بە شێوەی ڕەسمی لەئارادا نییە. بەڵکو دەستپێکردنی پرۆسێسێکە بە ووردیو پڕۆفشناڵیزمێکی تەواوەوە، بۆ بەدواداچونو دیاریکردنی حەقیقەتی مەسەلەکە. چونکە بەرگری لە ڕاستیو ئاشکراکردنی حەقیقەت خۆی جەنگێکی یاسایی گرنگە، وە هیچی کەمتر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش بۆ سەر کوردستان.
بۆ ئەوەی یاسا ڕێچکەی عادلانەی خۆی بگرێت، هەتا بۆ کۆمەڵگاکەمانو جیهانیش بەدیارکەوێت ئەم پەروەندەیە چۆنەو کام زەرەرو زیانی بە ئەمنییەتو ئاساییشو سەلامەتی باری سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووری کۆمەڵگای کوردستان گەیاندووەو ئەگەیەنێت، دادوەری گشتی پێویستە لە ئاستی ئەم ڕۆڵەدا خۆی بنوێنێت، وە بتوانێت نیشانی بدات کە بەکاری خۆی ئەتوانێت هەستێت! نەک هەر لەم سەرەتاوە ئیحای ئیعدامکردنی تاوانباران لە ڕاگەیاندنەکانەوە بخرێتە پێش چاوی کۆمەڵگا. ئەم ئاماژەدانە بۆ ئیعدامکردنی تاوانباران، پێش ئەوەی هیچ شتێک لەبارەی ڕاستییەکەوە بڵێت، هەڵهاتنە لە ڕاستییەکە! ڕاکردنیش لە حەقیقەتی پەروەندەیەک لە فەرهەنگی کوردیدا واتاکەی بۆ هەموو لایەک ڕۆشنە! یان هاوبەشی تاوانە، یاخود بەرژەوەندیی لەگەڵ تاوانباراندا هەیە.
بەر لەوەی بە ئیعدام کردن موخاتەبەی کۆمەڵگا بکرێت، وا باشترە یاساو دادوەری ووڵات شاییستەگیو توانای خۆیمان نیشان بدات لە بەدەر خستنی ڕاستیو حەقیقەتی پەروەندەکاندا! چونکە خەڵکی کوردستان تاقیکردنەوەی زۆری هەیە لەبارەی بێتوانایی دادو دادوەری گشتی. چەندین پەروەندەی تاوان کەڵەکە بووە لە نێو دەزگای قەزایی کوردستاندا، لە چەشنی، کوشتنی کۆمۆنیستەکان لە سلێمانی، تیرۆری شاپورو قابیل لە هەولێر، ڕفاندنو تیرۆری سەردەست عوسمان، کاوە گەرمیانیو دەیان پرسی گرنگی تر، کە ئەم دەزگای دادوەرییەی کوردستان تا ئێستاش نەیتوانیوە بەلایاندا بخات! نابێت ڕێگابدرێت چارەنووسی ئەم دۆسێیەش بەدەردی ئەوانی تر بچێت. چونکە ئەم دۆسێیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیەو بەلاداخستنی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگاو ئاساییشو ئارامی ووڵاتە، هەم بنیاتنانی متمانەیە لای هاوڵاتیان، هەم دڵنیاییو بڕوایەکی زیاتر بە سەرەوەری یاسا درووست ئەکات! هەر هەوڵێک یان ڕێگا خۆش کردنێک بۆ ئیعدام کردنی تۆمەتبارانێک دوای ئەوەی تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ئەبێتەوە، بەهیچ جۆرێک یەکسان نییە بە هەوڵدان بۆ دەرکەوتنی حەقیقەتی پەرەوەندەکە! بەڵکو شوێنبزرکردنی ئەسڵو سەرچەشمەو بنەماکانی دۆسێکەیە. ئەمەش بەواتای ژێرپێنانی ئەو پڕەنسیپە یونیڤێرساڵانەیە کە جیهانی شارستانی وەکو پێودانگی دەرخستنی ڕاستییەکان پێیانەوە پابەندە!
٢١ئۆکتۆبەر١٤
" ١١كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ داعش دەستگیركراونو رەنگە لەسێداردە بدرێن"
بهتۆمهتی مامهڵهكردنی بازرگانی نهوت لهگهڵ داعش 5 كهس دهستگیردهكرێن
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.