حه‌ره‌سیاتیان پێده‌گۆت، دروشمه‌که‌ی وابوو ( هه‌رکه‌سه حه‌ره‌سی له‌خۆی ده‌گری ) واته له‌و شه‌و ڕۆژه‌دا چه‌ند کات به‌به‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک بکه‌وێ ئه‌وه ئێشکگره پارێزگار و پاسه‌وانی له‌وانی تر ده‌کا، کاتێک یه‌کی دی بووه حه‌ره‌س پاسه‌وانی له‌وه‌ی یه‌که‌م ده‌کاته‌وه واته ماوه‌ی پاسه‌وانیه‌که‌ی له‌خۆی کردیه زنجیره‌یی .حه‌ره‌سیاتی ڕۆژ له‌سه‌ر جێگای به‌رز بۆ زۆربینی بوو به‌ڵام حه‌ره‌سیاتی شه‌و له‌په‌ناگه و نزماییه‌کان .به‌پێ ی کات و شوێنه‌که جوایه‌زبوو واته کاتی شه‌ڕ و نزیکه دوژمن ژماره‌ی پاسه‌وانه‌کان زیاتر ده‌کرا لۆ دوو سێ هه‌ر‌وه‌ها له‌شوێنی ڕزگارکراو ده‌بۆوه تاک و زیاتر شه‌وانه‌بوو چونکه به‌ڕۆژ زۆرینه به‌ئاگابوون .ئێواره فه‌رمانده‌کان لیستی حه‌ره‌سیاتیان ده‌نوسی به‌دوای یه‌که‌وه چه‌ند که‌س بان کاتژمێری شه‌وه‌که‌یان به‌سه‌ردابه‌ش ده‌کرا واته هه‌رکه‌سه‌ی کاتژمێرێک، جارهه‌بوو ژماره که‌م یا نه‌خۆش و بریندار هه‌بوو زیاتر له‌کاتژمێرێک ده‌گیرا .خۆشی و ناخۆشی خۆی هه‌بوو به‌ڵام چونکه بۆ پاراستنی گیانی هه‌مووان بوو وه‌ک پێویستیه‌کی ڕۆژانه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ی لێهاتبوو هه‌مووان به‌هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه جێبه‌جێیان ده‌کرد.په‌ند و گۆبه‌ندی حه‌ره‌سیات زۆروزه‌وه‌نده پێشمه‌رگه نی یه ده‌یان به‌سه‌رهاتی سه‌یری لێ ڕوونه‌دابی گه‌ر بگڕێردرێته‌وه: هه‌ندێکی وا سه‌مه‌ره‌یه له‌بڕوایی و بۆچوونی مێشکه‌وه دووره وه‌ک فه‌نتازیا لێ ی ده‌ڕواندرێ که‌چی ڕاستی و دروستی ڕووداوه .خه‌وه‌کوتکه یا خه‌وتنه‌وه‌ی حه‌ره‌س جۆره‌های فلیمی کۆمیدی و تراجیدی لێ دروست ده‌کرێ، ده‌یان که‌سی له‌سه‌ر چه‌ککراوه یا سه‌رزه‌نشت و مه‌ترسی کوشتنی به‌دوا دابووه یان ڕوویداوه .پێشمه‌رگه‌ی نوێ ئێواران داده‌نران و پێشمه‌رگه کاراکان له‌نیوه‌ی شه‌و به‌دواوه له‌به‌ر ڕوودانی هێرشی دوژمن له‌سه‌عاتی سفر واته دوازده‌ی شه‌و به‌دواوه و زیاتر وریایی .به‌پێ ی جوگرافیای ناوچه‌که پاسه‌وانیه‌که‌ش ده‌گۆڕا له‌سه‌رشاخ و ده‌شتایی شه‌ڕگه، ناو گوند و باره‌گاکان جیاوازی هه‌بوو .زۆرجار کادیره‌کان ده‌چوونه دیوه‌خانێ له‌نێوان حه‌ره‌سیاتی دوو که‌رت له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری گوند ده‌خه‌وتن بێ حه‌ره‌سیات ئه‌و فێره‌ش هه‌بوو ! ئه‌گه‌ر هه‌با له‌چله‌ی زستان و به‌فره‌شه‌ودا سه‌ر ته‌ندوری نانی ئێواره‌ی کابانێ گه‌رم و گوڕبوو .به‌سه‌رهاته‌کانی بێ کۆتایه شه‌وێک له‌گه‌ری باواجی ماینه‌وه چونکه له‌گه‌ڕه‌کی ئیسکانی کۆیه په‌ڕینه‌وه، گروپه‌کی موته‌فه‌ڕیقه‌ی تیپه‌کانی کۆیه و که‌رکوک و سه‌رگرمه و ...بووین .دیاربوو حه‌ره‌سیاتیان دانابوو ئه‌منیش هه‌نده‌ک ڕووڵکم بڕی و له‌سه‌ری پارمداوه کاته‌ک پێشمه‌رگه‌ک هه‌ریستاندم کاک دڵشاد، کاک دڵشاد هه‌سته حه‌ره‌سی ؟ ئه‌منیش چاوم کرده‌وه دیتم له‌لای سه‌ره‌وه شه‌هیدان قاسم محه‌مه‌د و مام جه‌وهه‌ر و سێوه له‌گه‌ڵ دڵشادی عه‌زیز جانه‌وه‌ری خه‌ریکی خواردنی گۆشت مریشکی سۆرکراوه‌ی شه‌وی کۆیه‌ن، ئه‌منیش پارم لێداوه .دیتم پێشمه‌رگه‌که هاته‌وه کاکه کاکه هه‌سته مه‌خه‌وه ؟ گۆتم: باشه برا بڕۆ ئه‌تو بخه‌وه .ئه‌و نه‌گه‌یشته‌وه جێیه‌که‌ی خۆی ئه‌منیش لێ خه‌وتمه‌وه .سبه‌ینه‌کی دره‌نگ بوو هه‌تاو عاره‌قه‌ی پێکردبووین بانگیان کردین پرسیانه‌وه کێ دوا حه‌ره‌س بووه ؟ گه‌یشتنه سه‌ر من ! گۆتم: سێ براده‌ر تا به‌ره‌به‌یان به‌خه‌به‌ربوون حه‌ره‌سیاتمان لۆ چ بوو لۆیه لێ ی نوستمه‌وه گۆتیان بابڕۆین ده‌ی .جاره‌کی دیش شه‌ودره‌نگانێک له‌ڕ‌ه‌بایه‌ی سه‌ر قۆپێکی بۆتی ی دۆڵه ڕه‌قه حه‌ره‌س بووم شه‌هید میکایئیل مام ئه‌حه‌سوری هات و له‌ته‌نیشتم دانیشت دوای هه‌ندێ فسکه فسکی قسه‌کردن گۆتی: دلشاد ده‌مه‌وێ جغاره‌کی پێکه‌م ؟ ئیتر میکایله و چاره نی یه گۆتم: باشه، چونکه هه‌رده‌یکرد ! ئیدی جگه‌ره‌که‌ی خسته سه‌رلێوی و له‌بنه‌وه چه‌رخه‌که‌ی لێدا هه‌رچه‌نده ئه‌منیش خۆم به‌سه‌ردا دابوو بڵێسه‌ی هه‌رده‌رکه‌وت ! هه‌رچه‌ند خوله‌کێکی برد دراینه به‌ر هاوه‌ن و گوله تۆپی نه‌مساوی سوپای به‌عس به‌ئه‌ندازه‌ی چه‌ند مه‌تر نزیک له‌ده‌وریان ده‌داین .ئینجا سروشتی تۆپ و هاوه‌ن ئه‌وهایه ئه‌گه‌ر لێت ڕه‌ت بێ ئه‌وه لوره لوری دێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆر له‌نزیکت بدا شاوڵی دێته خوارێ و لرفه لرفی لێوه دێ ده‌بێ خۆی لۆ ڕاکشێنی تا زیان نه‌گه‌یه‌نێ .هه‌ر له‌گه‌ر لرفه لرفه‌کان شه‌هید میکایل خۆم و خۆی نوی کرد له‌بن گه‌ڕه به‌ردی ڕه‌بایه‌که .ئه‌و شه‌وه تا به‌ره‌به‌یان مه‌رامانی نه‌دا تۆپ له‌سه‌ر تۆپ به‌رده‌وام دایده‌بێژا، خۆ ئه‌گه‌ر ئاشکرا بووباین ئه‌مه چه‌رخمان لێدایه ئه‌وه به‌دڵنیایی له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌کانه‌وه سزا ده‌دراین به‌س باش بوو نه‌له‌من نه‌له‌وی ده‌نگ نوقه‌مان نه‌کرد تا ئێستا که‌سیش نه‌یزانی و قورتاربووین .