هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی زێرین بۆ کورد ڕه‌خساوه‌ تکایه‌ له‌ده‌ستی مه‌ده‌ن.. ... م.عه‌ونی خۆشناو

 

 

 

له‌ ساته‌وه‌ختی داگیرکردنی کوردستان و ده‌ستپێکی ململانێیه‌کان، کوردستان بۆته‌ وێستگه‌و گۆره‌پانی شه‌ڕو پێکدادانه‌کان، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندخوازی داگیرکه‌ران و زڵهێزه‌کان، ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ هۆکارێک بۆ داگیرکاری و کاولکاری کوردستان، وێرای خه‌بات و تێکۆشانی بێ وچانی کوردان، له‌ پێناوی ده‌ستبه‌رکردنی مافه‌ ڕه‌واکان، به‌ڵام به‌ هۆکاری لاوازی دیبلۆماسی کوردان و جیۆپۆلیتیک و گۆڕینی نه‌خشه‌ی جیهان، هێشتا نه‌بووین به‌ خاوه‌ن ووڵات و کیانی سه‌ربه‌خۆی خۆمان!!

به‌ گوێره‌ی ڕوپێوی ڕووداوه‌ مێژووییه‌کان، چه‌ند جارێک هه‌ڵ ڕه‌خساوه‌ بۆ کوردان، تاکو وه‌ک گه‌لان بگه‌ین به‌ ئاوات و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به‌ڵام له‌به‌ر بێ به‌رنامه‌یی و یه‌ک ئیڕاده‌یی و گوتارێکی هاوبه‌ش بۆ پێشهاته‌کان، سه‌رکه‌وتوو سوودمه‌ند نه‌بووین له‌ ئاست خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، هه‌ر له ‌سه‌رده‌می پێکه‌وه‌ لکاندنی هه‌رسێ ویلایه‌تی به‌سره‌و به‌غداو موسل له‌ پێناوی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراق له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تییه‌وه‌ تاکو ڕووخانی ڕژێمی به‌عس به‌ دڵ و به‌ گیان نه‌خشه‌ی چه‌په‌ڵ و گلاویان، له‌ناو بردن و کاوڵکاری و ڕاگواستن و به‌ عه‌ره‌بکردن و ته‌بعیسکردنی کوردستان بووه‌، دیمۆگرافی هه‌ندێک ناوچه‌ی کوردستانیان شێواندووه‌و پاکتاوی نه‌ژادیان ئه‌نجامداوه‌‌.

دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق کێشه‌ی کورد، وێرای ئه‌وه‌ی که‌وته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستورو بنه‌ما یاساییه‌کان، به‌ڵام بێ مۆڕاڵی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی عێراق، عه‌قلیه‌تی حوکمڕانی به‌ ده‌وری بازنه‌ی شۆڤینی و عروبی ده‌خولایه‌وه‌‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد کاراکته‌ری سه‌ره‌کی پێکهێنانی عێراقی نوێ بوون، به‌ڵام تاکو ئێستا خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ بازنه‌یه‌کی خاڵی ده‌خوڵێته‌وه‌!

ئێستا کاروانی خه‌بات له‌ وێستگه‌یه‌کی گرنگی کوردایه‌تی گوزه‌ر ده‌کات، بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌خه‌می ئه‌و ئه‌زموونه‌ی کوردستاندا بن، نه‌که‌ونه‌ ژێر ڕکێفی هیچ ته‌وژمێک که‌ زیان به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و دیموکراسی کوردستان بگه‌یێنێ، ده‌بێ ته‌واوی ووزه‌و تواناکانمان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ بخه‌ینه‌کار، له‌ پێناوی ڕزگاری ته‌واوی خاکی کوردستان.

هزرو ئه‌ندێشه‌ی هه‌موو لایه‌کمان خولیای ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردستان ببێته‌ سه‌کۆیه‌کی ئازادو ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام به‌ر له‌ هه‌موو شتێک بۆ جۆشدانه‌وه‌ی خه‌بات و بووژانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌بوونی ووڵات، پێویست به‌ گوتارێکی هاوبه‌شی کوردانه‌ ده‌کات.دوور له‌ هه‌موو دیدو بۆچوونێکی ته‌سکی حزبیانه‌ و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌ییانه‌، ئه‌و دیدو تێروانین و گوتاره‌ هاوبه‌شه‌ ببێته‌ چه‌تری کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئایدیۆلۆژیه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ی ته‌واوی پێکهاته‌کانی کوردستان، تاکو له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێرینه‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، وه‌رچه‌رخانیکی مێژوویی پڕشنگدار بۆ گه‌ل و نیشتمان تۆمار بکه‌ین، به‌ بیروباوه‌ڕو ئیڕاده‌یه‌کی پۆڵایینه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌ بده‌ین، جاڕی سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاره‌کی بده‌ین، به‌م هه‌نگاوه‌ مه‌زن و پیرۆزه‌، سه‌رکردایه‌تی سیاسی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان تاجی سه‌روه‌ری و شکۆمه‌ندی له‌سه‌ر ده‌نێن و کوردستان ئازاد و گه‌لیش سه‌رفراز ده‌بێت.

با ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ کاتی پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له ‌ده‌ستمان چوو، ئێستا قه‌ره‌بووی ئه‌و ڕۆژانه‌ بکه‌ینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێک دراو ڕێکاره‌ یاسایی و دیبلۆماسییه‌کان تاقی کرانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستور پێشێلکراو به‌ڵێنه‌کان په‌راوێزو فه‌رامۆش کران،ئه‌وه‌ی به‌ سیاسی و وتوێژو لێکتێگه‌یشتن نه‌هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌مرۆ به‌ هێز و ئیراده‌و‌ ووره‌ به‌رزی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌و مافه‌ زه‌وتکراوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌ن ماف! ئێستا کاتی هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ به‌زۆر دابڕێنراوه‌کان،کۆنترۆڵکردنی خاڵه‌ سنووریه‌کان و داکۆکیکردن له‌ ئازادییه‌کان و به‌رگریکردن و پارێزگاریکردن له ‌سه‌رو ماڵی هاووڵاتیان، به‌و لۆژیکه‌ کارێکی شه‌ڕه‌فماندانه‌و پیرۆزه‌ له‌ دیرۆکی به‌رگری و به‌رخودان به‌ ئه‌نجام ده‌گات، به‌و میتۆده‌ ده‌توانین به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوبنێین و وه‌رچه‌رخانی مێژوویی له‌ دیرۆکی به‌رخودانی کوردان تۆمار ده‌که‌ین، له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ چه‌مکێکی نوێی خه‌بات له‌ ڕۆژه‌ڤی سیاسی کورد دێته‌ ئاراوه‌، چونکه‌ سه‌رجه‌م ڕژیمه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراق له‌ هه‌موو کات و ساته‌کان و به‌ کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مڕۆی عێراقی نوێ، جگه‌ له‌ چه‌وسانه‌وه‌و سته‌م و داگیرکاری و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی شۆڤینیانه‌ له‌مه‌ڕ کێشه‌ی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان، هیچیان په‌یامی ئاشتی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی و برایه‌تی و ته‌بایی و پێکه‌وه ‌ژیان نه‌کرده‌ ئامانج و چه‌مکێکی نوێی کار و خه‌بات، ئه‌و سیناریۆیه‌ی ئه‌م دواییه‌ی به‌ ناوی چه‌ته‌کانی داعش، جگه‌ له‌ تیرۆرو ئاژاوه‌گێری و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان، هیج په‌یامێکی تریان پێ نیه‌! بۆیه‌ پێویسته‌ کوردستانیان به‌ لۆژیکێکی ژیرانه‌ و ئیڕاده‌یه‌کی به‌تین و پۆلایین به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی قۆناغه‌کانی سه‌رده‌م سیاسه‌ت و ڕۆژه‌ڤی حکومڕانی له‌ کوردستان گۆڕانکاری تێدا بکرێت و له‌ نوێبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام دابێت، له‌ ئاست و به‌هاو خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بێت، با ئه‌و هه‌له‌ زێڕینه‌ بکه‌ینه‌ هه‌وێنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاره‌کی له‌ باشووری کوردستان، دروشمی برایه‌تی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان، ببێته‌ دانه‌ری به‌ردی بناغه‌ی ووڵاتی کوردان، له‌ دیدگای یه‌ک هه‌ڵوێستی و یه‌ک تیمی و یه‌ک گوتاری‌ ده‌بین به‌ قه‌ڵغانێکی پته‌و بۆ داکۆکی و به‌رگری و پارێزگاری، له‌ تیرۆرو جه‌ورو سته‌م و کاوڵکاری، به‌و شێوازه‌ کوردستان ده‌بێته‌ ووڵاتێکی نوێ و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان، به‌ هه‌وڵ و کۆششی پێشمه‌رگه‌ و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان کوردستان ده‌گاته‌ که‌ناری ئارامی و ئۆقره‌یی و ووڵاتێکی ئاوه‌دان و خۆشگوزه‌رانیش بۆ هه‌مووان، شکۆمه‌ندی بۆ سه‌روه‌رانی گه‌ل و نیشتمان..

م.عه‌ونی خۆشناو

هۆڵه‌ندا / لاهای

 

 

 

Related Articles