قه‌یرانی ئابووری و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ ... م. عه‌ونی خۆشناو

 

 

 

  هۆکاری نه‌بوونی به‌رنامه‌و پلانێکی تۆکمه‌ی ئابووری و په‌یڕه‌ونه‌کردنی شه‌فافیه‌ت له‌ چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی داهاتی هه‌رێم، ده‌رفه‌تێک ڕه‌خساوه‌ بۆ گه‌نده‌ڵیه‌کی بێ سنوور، بۆته‌ ته‌خشان و په‌خشانکردنی بودجه‌ی هه‌رێم که‌ سامانێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌، ئه‌م بی به‌رنامه‌یی و بێ سه‌روبه‌رییه‌ی ئابووری کوردستان، ته‌نگژه‌ وقه‌یرانی ئابووری و هه‌ڵاوسانی بازاڕی په‌یداکردووه‌، گوزه‌رانی چینی هه‌ژاری به‌ره‌و خراپی و ئاستێکی زۆر نزم بردووه‌، چینێکیش به‌ره‌و که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک!!

  له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی حوکمڕانی هه‌رێم که‌رته‌کانی کشتوکال و پیشه‌سازی و    گه‌شت و گوزار پشتگوێ و په‌ڕاوێز خراون، باج و ده‌رامه‌ت ڕێکنه‌خراون، داهاتی گومرگه‌کان ژێر زه‌مین خراون، ته‌نهاو ته‌نها گرنگی به‌ که‌رتی نه‌وت و سامانه‌ سروشتیه‌کان دراون، ئه‌ویش گربه‌سته‌کان له‌ ژووره‌ تاریکه‌کان واژۆکراون، پێنج ملیار دۆلاری گرێبه‌ستی شیرینی دیارنه‌ماون!! ئه‌و سامانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ جیاتی خۆشگوزه‌رانی، بۆته‌ هۆکارێک بۆ برسیکردنی خه‌ڵک و گلدانه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌.

  ده‌ستپێکی قووڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، کاتێک ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی عێراقی فیدراڵ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی کورد په‌سندکرد و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی کرد، پڕۆژه‌ یاساکه‌ بڕگه‌یه‌ک له‌ خۆ ده‌گرێت، که‌ هه‌رێمی کوردستان ناچار ده‌کات ڕۆژانه‌ 400 چوار سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕێگه‌ی کۆمپانیای نیشتمانی به‌ بازاڕه‌کانی نه‌وتی عێراق   ( سۆمۆ ) هه‌نارده‌ بکات و داهاته‌که‌ی بچێته‌ خه‌زێنه‌ی حکومه‌تی به‌غدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ بواری جیبه‌جێ کردن، ئه‌وا حکومه‌تی به‌غدا بڕی داهاتی نه‌وتی هه‌نارده‌که‌ی هه‌رێم له‌ پشکی 17% ی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی فیدراڵی ده‌بڕێت، ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ هه‌ردوو به‌ڕێزان ( د. ڕۆژ نوری شاوێس ) جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و ( هوشیار زێباری ) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی فیدراڵی عێراق واژۆیان کردووه‌، که‌ هه‌ردووکیان له‌سه‌ر پشکی پارتی دانراون و ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانن. دواجار هه‌رێمی کوردستان نه‌چووه‌ ژێرباری ئه‌و مه‌رجه‌ی به‌غدا، له‌ به‌رامبه‌ردا مالیکی و شه‌هرستانی و به‌ هاوکاری و پشتیوانی زۆرینه‌ی ڕه‌های شه‌قامی عه‌ره‌بی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستانی بڕی!! ئایا ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتووه ئایا‌ هه‌ڤاڵی یه‌کێتین؟! یاخود هه‌ڤاڵانی یه‌کێتی له‌ پای کام ده‌ستکه‌وت ئه‌و پێشنیاره‌یان بۆ مالیکی کردووه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ له‌به‌رده‌سته‌ بۆچی سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌و دوو سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی تۆمار ناکرێت؟ دیاره‌ هه‌وڵ و کۆششی یه‌کێتی له‌ پێناوی ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌کی له‌ باره‌ بۆ سیسته‌می ئابووریه‌کی هاوچه‌رخ، به‌جۆرێک که‌ به‌ یاسا ڕێکبخرێت، نه‌وه‌ک کۆسپ و ته‌نگژه‌ دروست بکات، بۆ په‌کخستنی ئابووری کوردستان له‌ ڕێگه‌ی نه‌یارانی کورده‌وه‌!!

  فشاره‌کانی مالیکی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ بڕیاره‌کانی ئه‌نجوومه‌نی     وه‌زیرانی حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، وه‌ له‌ هه‌مانکاتدا شه‌قامی عه‌ره‌بی و ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی له‌گه‌ل ئه‌وه‌ نین کوردستان خاوه‌نی ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆی بێت، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ نین که‌ سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی پێشنیاریان بۆ بکه‌ن، به‌ چ شێوازێک په‌یوه‌ندی و      هه‌‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ل حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن، هه‌ر له‌ کات و ساتی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران لیژنه‌یه‌کی پێکهێنا، له‌ پێناو چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان نێوان هه‌رێم و به‌غدا، دوای نه‌گه‌یشتن به‌ هیج ئه‌نجامێک به‌ڕێز ( حه‌یده‌ر عبادی ) که‌ ئه‌و کات په‌رله‌مانتار بوو ڕایگه‌یاند ناکۆکیمان له‌گه‌ل لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان له‌وه ‌دایه‌، که‌ ئه‌وان ئاماده‌نین داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بێته‌ خه‌زینه‌ی به‌غدا و به‌سه‌ر پارێزگاکاندا دابه‌ش بکرێت، ئه‌وه‌ خێره‌ دوای ده‌ستبه‌کاربوونی وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به‌ گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ نادیاره‌ی باس نیوزی سه‌ربه‌ده‌زگای پاراستنی پارتی، عه‌بادی ئه‌و نهێنییه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه‌ی گۆران له‌ سلێمانی لای کاک نه‌وشیروان ده‌درکێنی!! بۆچی ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل مه‌کته‌بی سیاسی نه‌درکاندووه‌، که‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مووچه‌ی بڕاوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیان کردووه‌؟! بۆچی ته‌نها لای کاک نه‌وشیروان باسی کردووه‌؟! ئه‌و ماسته‌ گوریسێکی تێدایه‌، نه‌وه‌ک تاڵه‌ موویه‌ک! هه‌ر کاتێک خه‌ڵکانی ئاسایی قسه‌یه‌ک یاخو شرۆڤه‌یه‌ک بۆ هه‌ر کێشه‌و گرفت و بابه‌تێک بکه‌ن، خوێندنه‌وه‌ی بۆ ناکرێت، به‌ڵام که‌سانیک که‌ له‌ نێوه‌ندی بریاری سیاسی بن، ده‌بێت بزانیت چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئاخافتن ده‌کات و چی ده‌ڵی، چونکه‌ هه‌موو گفت و بریار و ڕفتاره‌کانیان لێکدانه‌وه‌ی وردی بۆ ده‌کرێت . . یه‌کێتییه‌ک که‌ له‌ پێناوی ڕزگاری کوردستان و فراوانکردنی پا‌نتایی ئازادی و ژینگه‌یه‌کی دیموکراسی و ئاشتی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیان تیکۆشابێ و ده‌ریایه‌ک خوێنی له‌و پێناوه‌دا به‌خشیبێ، چۆن پێشنیارێک ده‌کات، که‌ هاونیشتمانیانی تێدا زه‌ره‌رمه‌ند بن؟!

  ئایدیا و تێڕوانینی یه‌کێتی بۆ کۆمه‌لانی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، که‌ کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان ئه‌و چه‌پکه‌ گوڵه‌ن و یه‌کێتی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ که‌ پارێزگارییان لێ ده‌کات، که‌ سه‌ر‌جه‌م دانیشتووانی کوردستان شاهیدی ئه‌و ڕاستیه‌ن، که‌ چۆن به‌ خوێنی گه‌شی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌کانی تاجی سه‌رکه‌وتنیان له‌سه‌رنا و پارێزگارییان له‌ گه‌ل و نیشتمان کرد، ئه‌گه‌ر هێزێک ئه‌وه‌ ڕێبازه‌که‌ی بێت، چۆن هه‌وڵی برسیکردن و زه‌لیلی هاونیشتمانیانی ده‌دات به‌ده‌ستی نه‌یارانی کورد؟!

  هه‌رکه‌سێک له‌هه‌ر پله‌و پایه‌ک دابێت، ئه‌و کاره‌ چه‌په‌ڵه‌ی ئه‌نجام دابێ، ده‌بێ لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌لدا بکرێت و به‌ تۆمه‌تی خیانه‌تی نیشتمانی ده‌بێ به‌ توندترین شێوه‌ سزا بدرێت.

  هه‌رکه‌سێک هۆکار بێت بۆ قیرانی ئابووری هه‌رێمی کوردستان لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ل بکرێت و دوور بخرێته‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتداری و فه‌رمانڕه‌وایی!!

  هه‌رکه‌س و لایه‌نێک هه‌وڵی له‌که‌دارکردنی مێژووی یه‌کێتی بدات و تۆمه‌تی بێ بنه‌ماو بێ به‌ڵگه‌ ببه‌خشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خیانه‌ته‌ له‌ خوێنی شه‌هیدان، خیانه‌ته‌ له‌ پێشمه‌رگه‌کانی که‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر که‌ به‌شێک له‌ جه‌سته‌ی خۆیان به‌خشیوه‌، خیانه‌ته‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان که‌ ته‌مه‌نی لاویه‌تی خۆیان به‌ کوردستان به‌خشی، خیانه‌ته‌ له ئه‌شکه‌نجه‌دان و ئێش و ئازاری‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌کان، که‌ بێباکانه‌ ده‌چوونه‌ به‌رده‌م په‌تی سێداره‌، خیانه‌ته‌ له‌ شه‌ونخونی ڕێکخستنه‌ دێرینه‌کان که‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ بوون!!.

  بۆیه‌ تاکو زووه‌ پاڕێزه‌رانی یه‌کێتی ڕێکاره‌ یاساییه‌کان بگرنه‌ به‌رو بۆ ڕاستی و دروستی هه‌وڵه‌که‌ یاخود تۆ‌مه‌تبارکردنی یه‌کێتی، به‌ هۆکاری ناوزڕاندنی یه‌کێتی سکاڵا له‌سه‌ر به‌ڕێزان نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێکخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حه‌یده‌ر عبادی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی عێراق و نێچیروان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێم و ڕاگه‌یاندکارانی باسنیوزی سه‌ر به‌ده‌زگای پاراستنی پارتی که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌یان بڵاوکردۆته‌وه‌، تۆمار بکه‌ن، هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌کی فه‌رمی له‌سه‌ر هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کی یه‌کێتی ده‌ستکه‌وت، ئه‌وه‌ به‌توندترین شێوه‌ سزا بدرێت و له‌ ریزه‌کانی یه‌کێتی ده‌ربکرێت، چونکه‌ یه‌کێتیبوون له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تر و پیرۆزتره‌ و شانازیبوونه‌ به‌و خه‌رمانه‌ خه‌باته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تۆمه‌ت به‌خشین بن بۆ یه‌کێتی ده‌بێ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ به‌ فه‌رمی داوای لێبوردن له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و که‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان و دۆست و هه‌وادارنی یه‌کێتی بکه‌ن، چونکه‌ هه‌رکاتێک کێرڤی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی به‌ره‌و هه‌ڵکشان بچێت، هه‌وڵی هۆنینه‌وه‌ی تۆمه‌تێک بۆ یه‌کێتی ده‌ده‌ن، بۆیه‌ له‌ جیاتی به‌یاننامه‌و ڕاگه‌یاندکاری تاکو زووه‌ ڕێکاره‌ یاساییه‌کان بگرنه‌ به‌ر، چاوه‌ڕێی هه‌وڵ و کۆششتانین. .

 

م. عه‌ونی خۆشناو

هۆڵه‌ندا / لاهای

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles