یه‌کێتی موزایەده‌ی سیاسی یاخود هه‌ڵوێستێکی نیشتمانی. . . م. عه‌ونی خۆشناو

 

 

 

یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌ر بووه‌ له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نووسسازه‌کاندا، رۆلی مه‌زن و کارای له ‌سه‌رجه‌م کایه‌ سیاسی و که‌لتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری بینیوه‌‌، له‌ مێژووی یه‌کێتیدا چه‌ندان جار کۆسپ و ته‌نگه‌ژه‌و قه‌یرانه‌کان، نه‌بۆته‌ هۆکاریک بۆ پاشه‌کشه‌ی یه‌کێتی له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌کان، بۆیه‌ هه‌موو جارێک له‌ لێواری لێکترازان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، به‌ره‌و ترۆپکی سه‌رکه‌وتن هه‌نگاوی هه‌ڵێناوه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها چه‌مک و ئایدیا و په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و کرداره‌ ئاراسته‌کراوه‌کانی یه‌کێتین، بۆته‌ نه‌خشه‌ڕێگای پردی په‌رینه‌وه‌ی به‌سه‌ر کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان، تێگه‌یشتنی بۆ فاکته‌ری ده‌ره‌کی و ناوخۆیی و ڕۆڵی کوردستانیان جیاواز بووه‌، له‌ تێگه‌یشتن و تێڕوانین و دنیابینی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی دی، بڕوای وایه‌ که‌ کۆمه‌ک و هاوکاری و پشتیوانی بۆ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و هاونیشتمانیان ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌‌ له‌ده‌ستپێکی خه‌بات و تێکۆشانی یه‌کێتیدا تاکو ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی کرابێت،     له‌ سۆنگه‌ی به‌هاو ڕه‌هه‌نده‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستی کۆمه‌ک و هاوکاری مرۆیی و لۆجستی و بۆ به‌شه‌کانی کوردستانی درێژ کردووه‌، یه‌کێتی ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی داوه‌، کاری یه‌که‌م و کۆتایی نیه‌، به‌ڵکو له‌ کوێ پێویستی کردبێت، له‌وی کوانووی خه‌باتی جۆشداوه‌، سه‌روه‌رییه‌کانی یه‌کێتی شاهیدی ئه‌و ڕاستییه‌ مێژوویه‌ن.

  له‌ سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌کان و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستانی داعش له‌ موسڵ و ده‌ڤه‌ره‌ کوردستانیه‌کان، یه‌کێتی دیدو تێڕوانینی جیاوازی هه‌بووه‌ بۆ په‌رپه‌رچدانه‌وه‌و پارێزگاریکردن له‌ کوردستانیان و کوردستان، هه‌ربۆیه‌ زۆر به‌ خێرا جووڵه‌ی به‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ کرد، ئه‌و ناوچانه‌ی پاراست که‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان دابوو، پێش ئه‌و ڕووداوانه‌ سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی یه‌کێتی ئاماژه‌یان داوه‌ به‌ مه‌ترسی سه‌له‌فیه‌کان و تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ئارامی و ئاسایشی کوردستان، له‌و دیدگایه‌وه‌ یه‌کێتی بوو به‌ پێشه‌نگی ئه‌و هێزانه‌ی به‌رگریکردن له‌ پێناوی خاک و گه‌ل و نیشتمان. .

  یه‌کێتی وه‌ک هێزێکی ڕه‌سه‌نی کوردایه‌تی له‌ وێستگه‌کانی خه‌باتیدا، هیچ کاتێک سنووره‌ ده‌ستکرده‌کانی نێوان پارچه‌کانی کوردستان، نه‌بۆته‌ ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست و ڕێگر له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌کانی، ناوه‌که‌ی خۆی له‌ خۆیه‌تی، له‌ کوێ پێویست بێت، له‌وی بۆته‌‌ به‌شێک له‌و هێزانه‌ی که‌ پارێزگاری له‌ گه‌ل و نیشتمان ده‌که‌ن له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ هه‌ستی به‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌وه‌ کردووه‌ له‌و دیدگایه‌وه‌ ده‌ڕوانیته‌ خۆرئاوای کوردستان، وه‌ک به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌ جه‌سته‌ی نیشتمانی دایک ئه‌ژمارکردووه‌، بۆیه‌ هه‌ڵوێستی ڕوون و ئاشکرابووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی کرابێت پشتیوان و هاوهه‌ڵوێست بووه‌ له‌گه‌ل خه‌بات و به‌رخودانی کوردستانیانی خۆرئاوا، له‌ڕووی مرۆیی و لۆجستی و سه‌ربازییه‌وه‌ هاوکاری خۆرئاوای کوردستانی کردووه‌، فراکسیۆنی سه‌وزی ڕاسپاردووه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، له‌گه‌ل هاوتا په‌رله‌مانتاره‌کانی تر به‌فه‌رمی کانتۆنه‌کانی خۆرئاوا بناسرێن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامدراوه‌ کۆمه‌ک و هاوکاری یه‌کێتین بۆ خۆرئاوای کوردستان، چۆن ناکرێت شکستی هێزه‌کانی پارتی له‌به‌ره‌ی شه‌نگال به‌ شکستی کوردو هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان پێناسه‌ بکرێت، چونکه‌ کورد سه‌دان ساڵه‌ له‌ به‌رخودانی به‌رده‌وامدان و هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ سیمبولی ئازایه‌تی و تێکۆشان، رۆژانه‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو به‌ره‌کانی جه‌نگ سه‌رکه‌وتنی بێ وێنه‌ تۆمار ده‌که‌ن، له‌ جیاتی جیهان شه‌ڕی گه‌شه‌پیدانی دیموکراسی و فراوانکردنی پانتایی ئازادی و ئاشتی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لان ده‌که‌ن، له‌و پێناوه‌دا رۆڵه‌کانی نیشتمان ده‌ریایه‌ک خوێنیان پێشکه‌ش به‌ خاک کردووه‌، ناوی شه‌هیدان ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی بێگه‌ردی کوردایه‌تین و سیمبولی نیشتمانن.

 هه‌روه‌ها به‌ره‌ی دژه‌ تیڕۆر له‌ چل وڵات زیاتر پێکهاتووه‌، به‌ڵام ته‌نها ناوی ئه‌مریکا ناوێکی کاراو دیاری ئه‌و هاوپه‌یمانه‌یه‌، باسی گورزی ئاسمانی ئه‌مریکا ده‌کرێت دژ به‌ چه‌ته‌کانی داعش له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ، که‌س ناڵێ گورزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان، ناوی ئه‌و ووڵاتانه‌ زیاتر دێت که‌ به‌شداری کارای ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌ن، وه‌ چۆن ڕێزدار مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چه‌ند رۆژێکه‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی خۆرئاوای له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ کۆکردنه‌وه‌و هه‌وڵی ناوبژیوانی نێوان هێزه‌کانی داوه‌، که‌ شایه‌نی باسکردن و ستایشه‌، تاکو هه‌مووان پێکه‌وه‌ به‌شداری ئه‌و به‌رخودانه‌ بێ وێنه‌یه‌ بکه‌ن، هه‌موو دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمان له‌ هه‌وڵی نه‌مانی سنووره‌ ده‌ستکرده‌کانن، که‌چی پارتی به‌ ناوی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ لێدانی خه‌نده‌ق سنووره‌کانی تۆخکرده‌وه، به‌لام زۆربه‌ی هێزه‌کان ئیدانه‌ی ئه‌و کاره‌یانکرد‌، هه‌رچی چاک و خراپ هه‌یه‌ وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێبدرێت، نه‌وه‌ک کاره‌کان گشتگیر بکرێن،  بۆیه‌ جارێکی تر ئه‌وه‌ ده‌ڵێینه‌وه‌ ئه‌و چه‌ک و کۆمه‌کانه‌ی گه‌یشتۆته‌ خۆر ئاوای کوردستان یه‌کێتی ناردوویه‌تی، ئه‌مه‌ش وه‌ک منه‌تکردن و موزایەده‌ نیه‌، به‌ڵکو هه‌ستێکی نیشتمانی و هه‌ستکردنه‌     به‌ به‌رپرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر گه‌ل و نیشتمان، ئه‌گه‌ر چه‌مکی موزایەده‌کردن بۆ هه‌ندێک پارت و لایه‌نی سیاسی ئامانجی خۆی بپێکی، ئه‌وه‌ بۆ یه‌کێتی پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته‌، چونکه‌ یه‌کێتیه‌کان ده‌ڵێن کردار شه‌رته‌، نه‌وه‌ک به‌لێن و لێدوانی چه‌واشه‌کاری!!

بۆیه‌ من وه‌ک چاودێرێک ده‌ڵێم ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی له‌ جێی خۆیدابوو، له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌:. .

  1. تاکو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان چه‌واشه ‌نه‌کرێن و ڕاستیه‌کان بزانن، کێ خاوه‌نی کۆمه‌ک و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ده‌کات و کێ خاوه‌نی خه‌نده‌قه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبایه‌تی!!
  2. تاکو سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، چاو له‌ یه‌کێتی بکه‌ن و پشتیوانی و کۆمه‌ک و هاوکاری بۆ کوردستانیانی خۆرئاوا بنێرن.
  3. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی تۆکمه و‌ به‌هێزی له‌گه‌ل تورکیا هه‌یه‌، تاکو ئه‌و کۆمه‌ک و هاوکاریانه‌ نه‌بێته‌ هۆکارێک بۆ تێکچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌، چونکه‌ هه‌تا ئێستا گومانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ تورکیا هاوکاری لۆجستی داعش ده‌کات!!

                  م. عه‌ونی خۆشناو

                  هۆڵه‌ندا / لاهای

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles