تاوانێک کە بەرانبەر بەو کیژە نەوجەوانە ئەنجامدراوە هێندە قێزەونو شەرماوەرە، لەکەیەکی نەنگیی بێپاساو و ئاماژەیەکی ترسناکی بێدەربەستیی کۆمەڵگای کوردی نیشان نیشانئەدات بەرانبەر بە ژنانمان! ئەو ئاستە لە بۆشایی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە ڕێگای داوە بە دەستبردن بۆ ئەنجامدانی ئەم پەلامارە بێبەزەییو دڕندانەیە، دەبێ پێش هەر شتێک جێگای ڕەخنەو تێڕامانمان بێت، نەک هیچ شتێکی تر. ئەمە نەک هەر تاوانێکە بەرانبەر ئێمە هەموومان ئەنجامدراوە، بەڵکو هەڕەشەو مەترسییەکە بەسەر سەری کۆمەڵگاو نەوەکانمانەوە، کە پێویستە بەلاماندا تێنەپەڕێت!
شۆکو ڕاچڵەکینێک کە بەر ناخو ویژدانی ئەو کیژۆڵە ١٦ساڵەیە کەوتووە، هیچ ئاستێک لە چارەسەرو چاودێریو دڵنەواییکردن ناتوانێت ساڕێژی بکات! ئەگەر هەر کەس لە ئێمە خۆی بخاتە جێگای ئەو کیژۆڵەیەو چاوێک بە ئێستاو ئاییندەی خۆیدا بگێڕێت، جگە لە ئینحتاتی ئەخلاقو ویژدان، جگە لە بێماناییو بێبەهابوونی مرۆڤو لەنێو ئەویشدا ژنان، لە چوارچێوەی مۆڕاڵی ژیانی شارستانیدا کام وێنای تری دێتە پێش چاو!؟ بۆیە کۆمەڵگای ئێمە پێویستە خۆی بۆ بەرگری لە خۆیو نەوەکانی ئامادە بکات. ئەم بێدەربەستییە لەژێر هیچ بیانوویەکدا پەسەند نییە. کۆمەڵگای ئێمە دەبێ هێندە گەشەو باڵابکات، کە هیچ بۆشاییو بوارێک بۆ بیرکردنەوە لە تاوانی لەو جۆرە نەمێنێتەوە! دەستوبردی دەزگای پۆلیسیش لەم دۆسییەدا جێگای دەستخۆشییە لە دەستگیرکردنی تاوانباراندا! هەرچەند هەنگاوێکی سەرەتاییە لەو ئاراستەیەی کە من ئاماژەیەکم پێیداوە لێرەدا!
٩کانونی دوهەم١٤
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.