ئەم ڕستەیەی ئەیبینن"حاجی كاروان و مهلا سهید ئهحمهد، باڵاپۆشی ئیسلامیان به تاجێكی زێڕین وهسف كرد كه دهبێ ههموو كچ و ژنێكی كورد لهسهری بنێن و جهستهی خۆیانی پێ بشارنهوه. "، گەوهەری ئەو سیاسەتە ئیسلامییەمان نیشانئەدات کە بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگای ئێمە بە نەخشەو لەسەرەخۆ کارئەکات. سیاسەتێک کە لە ناواخنی "ڤیستیڤاڵی باڵاپۆشکردن"ی ساڵانەی یەکگرتووی ئیسلامی، پیادەئەکرێو لە شاری سلێمانی سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوەچووە!
بەرپاکردنی ئەم ڤیستیڤاڵە بە مەترسییەکی گەورە، وە بە پاشەوپاش گەڕانەوەیەکی کارەساتباری کۆمەڵگای مۆدێرنی کوردستان دائەنرێت. خەڵکی کوردستانو شاری سلێمانی بە تایبەتی کچانو ژنانی خۆیان نەدۆزیوەتەوە، ئازادانە مامەڵەیان کردوونو وەکو ڕەگەزێکی گرنگو سەرەکیو هاوچەشنو هاوبەشی ژیانی پیاو سەیری کچانو ژنانیان کردووە. سەدان ساڵە ئەم خەڵکەو ئەم کۆمەڵگایە بەم ئیعتیبارە ژیاوەو ئێستا چی قەوماوە ئەبێت تەوقی ئاسنینی ئیسلامی بکرێتە سەر ژنانو کچانیان!
ئەو پارچە قوماشەی ناوی حجابەو بە کوردی باڵاپۆشیان بۆ داناوەو بە "تاجی زێڕین!" ناوزەدیان کردووە بە "تەوقی ئاسنین" لەپێناو بەکۆیلەکردنێكی ئیسلامییانەی ژنانی کوردستانو نەخشەیەکی مەترسیداری داماوکردنو بەژێرچەپۆک خستنی ژنان بۆ پیاوان ئەخەمڵێنرێت. ئەم سیاسەتە ئیسلامییە بۆ بەکۆیلەکردنی زیاتر لەوەشی کە ژنان ئێستا تیایدا ئەژین، بەشێوازی ئیسلامییانەی، بە سەرچەشمەی ترسناکترین هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر ئێستاو ئاییندەی کوردستان ئەژمارئەکرێت. ئەگەر ئەم تەوقە ئاسنینە ئیسلامییە بچێتە سەری کچانو ژنانمان، ئینسانبوونمان چی بەهایەکی بۆ ئەمێنێتەوە! حجاب سەپاندن بەسەر ژناندا شۆڤێنیزمێکی تەواو عەیارە. پێویستە قەدەغە بکرێت. ئەم فاشیزمە ئیسلامییە پێویستە وەکو نازیزم مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. چونکە سەرچاوەی درووستکردنی گەورەترین دوژمنایەتی کۆمەڵایەتییە لە نێوان ژنانو پیاوان خۆیاندا. نەک لەناو هیچ گروپو دەستەو تاقمێکی تر بەنێوی نەتەوەو ئەتنیکو کەمایەتیو زمانی جیاوازو. . تد.
تەوژمی ئیسلامی سەرەتا شۆڤێنیزمەکەی خۆی لە جیاکردنەوەو دابڕینی ژنان لە پیاوان دەستپێئەکات. پاشان ئەیانکاتە دوو ڕکابەرو دژی یەکتر، ژن وەکو کۆیلەی پیاو، پاشان هەردووکیان کۆیلەی ئایدیۆلۆژیاو عەقڵییەتی ئیسلامی، وە پیاوانی تەسلیمبوو بەم عەقڵییەتە ئەکرێنە پاسەوانی پاراستنی "شەرەفو ناموسی" ژنان، کە لە واقعدا ئەبنە لۆمپنی بەردەوام بە شوێن ژنانو کچانو دایکو خوشکی خۆیانەوە. لە ئاستی مافو ئەرکو هەڵسو کەوتی ڕۆژانەیاندا وەکو دوو بونەوەری جیاواز وێنای خۆیانیان تێدا ئەچێنرێت، تا بگات بە بیرکردنەوەو خەیاڵو ڕوانینیان بۆ ژیانو کۆمەڵگاو پێکهاتەکانی. تەنانەت چاوەڕوانیو نیگایان بۆ ئاییندەش، لە گۆشەی قبوڵکردنی ژنانی کۆیلەو ملکەچی ژێر تەوقی ئاسنینی ئیسلامییەوە بەرجەستەئەبێت. ئیسلامیزەکردنی کوردستان نەخشەیەکی هێزە ئیسلامییەکانە، بە میانڕەو و توندڕەویانەوە، کە بە هەڵاواردنی ژنانو تەوقکردنی بیرو هۆشیانەوە بە لەسەرکردنی حجابی ئیسلامی دەستپێئەکات، بۆیە پێویستە هەموومان، وەکو کۆمەڵگای کوردستان بەرەنگاری ئەم مەترسییە ئیسلامییە ببینەوەو شکستی پێبهێنین! ڕێگانەدەین ڤیستیڤاڵی تەوقکردنی ژنانمان لەنێو ئایدیۆلۆژیاو عەقڵییەتی ئاسنینی ئیسلامیدا بەڕێوەبچێو سەرکەوتن بەدەستبێنێت!
ئیسلامییەکانی کوردستان هەموو ڕێو شوێنێکیان بۆ واڵاکراوە، خۆشیان بە پشتبەستن بە "ئیستیتڵاعێکی مزوەری ڕای گشتی، کە ئەیڵێنەوەو ئەیڵێنەوە لە هەموو جێگایەک، ئەویش ئەمەیە؛ ٩٥دەرسەدی خەڵکی کوردستان موسڵمانن!"، تا بە شێوەی سیستماتیک دەستیان کردووە بە ئیشکردن لەسەر کرمێ کردنی دڵو هەناوی کوردستان، واتە ویژدانو ووشیاری ژنانو کچانی ووڵات، تا لە ناخەوە ئالوودەیان کەن بە عەقڵییەتو نەریتێکی سەد دەر سەد دژی ژنان خۆیان، لەوێشەوە تۆوکردنی شۆڤێنیزمێکی کوێرانەو دواکەوتووانەی بەشەیتانکردنی پیاو لە زەینو ووشیاری ژنانو ئینجا کۆمەڵگاشدا! ئیسلامییەکان بەم شیوەیە ڕێگایان بۆ خۆیان تەختکردووەو بە نەخشەو بەرنامە سەرقاڵی داگیرکردنی ویژدانی هەناوی کۆمەڵگای کوردستان! دەسەڵاتیش هاوپەیمانییان ئەکاتو پارلەمانیان پێ ئاوەدان ئەکاتەوەو پارەو بودجەیان بۆ هەڵئەڕێژێت!
ئاییندەیەک کە ئەم ڤیستیڤاڵی "حجاب سەپاندنە"ی یەکگرتوو بۆ ژنانی دیاریئەکات، سەد جار ناشیرینترو قێزەونترە لەوەی ئێمەو جیهان لە ئێرانو عەرەبستانی سعودیو ئەفغانستانو لە بزووتنەوەی تاڵیبانو داعشو بەرەی نوسرەو ئەوانی تریان بینیومانە! ئەم ئاییندەیەش بە تەنیا ناتوانێت هەر بۆ ژنان بێت، ئەمە ئەو ڕۆژگارەیە کە هەموو هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکەمان بە هەموو ڕەنگاکانییەوە تیایدا ئەبینە هەموو شتێک، جگە لە ئینسانی ئازادو شکۆمەندو خاوەن مافو خاوەنی ڕاو خاوەنی چاوەڕوانیی نوێ بۆ هەموو شتێک! ئەم ئاییندەیە هەڕەشەمان لێئەکات. بەڵام مەرج نییە بەئامانجەکانی بگات، بەو شەرتەی ئێمە نەمانەوێت، بەو مەرجەی ئێمە ڕێگای پێنەدەین!
١٠کانونی دوهەم١٤
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.