من نازانم ژیان چییە، ئەوەى نەزانێ ژیان چییە، ناشزانێ مەرگ چییە
سازدانى: گۆران ڕەئوف
پ1* دەمەوێت سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم، کە ڕیشەیەکى دینى هەیە، مەبەست لێى ڕوداوى ئادەم و حەوایە، ئەوەى لەسەر هەڵەیەک فڕێدەدرێنە سەر زەوى و تەواوى نەوەکانیان باجى هەڵەى ئەوان دەدەن، کەوایە لەم گۆشەنیگایەوە شوێنى ڕاستە قینەى مرۆڤ بەهەشتێکە و زەوى بەجۆرێک لە جۆرەکان دۆزەخى ئەو بەهەشتەیە! پوختەى پرسیارەکەیە ئەوەیە: ئەو چرکانەى مرۆڤ هەست بە نائارامى دەکات و بیر لە شکۆمەندى خۆى دەکاتەوە، مەگەر ڕەوانییە ئیتر ڕەتکردنەوەى ئەم جۆرە لە ژیان؟ یاخود ڕەتکردنەوەى ئەم ژیانە لەپێناو ئەوەى هەستدەکرێت باجى هەڵەیەک دەدەن؟
عەبدولموتەلیب: نائارامى و شکۆمەندیى رەنگە نەکەونە سەر یەک هێل، یان بە مانایەکى دیکە هەمیشە نائارامى و پشێوى وزەکانى خۆى لە رێگاى جۆرێک لە هەڵچوون و تاودان و شۆڕشەوە دەست پێدەکات، نائارامى پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە رۆح و دەروونەوە هەیە، لەوێشەوە راستەوخۆ بە نیگەرانى و دڵەڕاوکێ و گومانەوە دەلکێت، مرۆڤى نائارام بەر لەوەى بیر بکاتەوە گومان دەیبات، بەر لەوەى لە شکۆمەندى بدوێ، هەڵدەچێت، مرۆڤى نائارام مرۆڤێکى تاوگیرە، تا سەر ئێسقان پەرش و پەشێو. . . ئەوەى وزە ئیبداعیەکانى نائارامى کۆ دەکاتەوە تەکاندان و هەڵچوون و شۆڕشە، ئەوەى وزە جێگیرەکانى شکۆمەندى دیارى دەکات، سنورەکانى ئارامییە، تێگەیشتن لە شکۆمەندى تێگەیشتنە لە ئارامى، تێگەیشتن لە فیکر و مەعریفە و ئاگاییەکى دیاریکراو و سنوردار. . . بەڵام تێگەیشتن لە نائارامى تێگەیشتنە لە گومان و تاوگیرى، تێگەیشتنە لە تەجاوزکردنى بەردەوامى ئاگایى و فیکر و مەعریفە. . . بۆیە بڕوا ناکەم لە حاڵەتى نائارامى مرۆڤ بیر لە شکۆمەندى بکاتەوە! هەمیشە ئەوەى لە نائارامییەوە سەر دەکات کردەیەکى بزر و نادیارە، وەک مەسەلەیەکى فەلسەفى نائارامى پەیوەندى بەوەوە هەیە کە مرۆڤ بەرەو مەرگ هەنگاو دەنێت، نائارامى نە ئاراستەکانى دەبینرێت و نە دەتوانین بەرهەمەکەى هەڵسەنگێنین، مرۆڤى نائارام بیر لە گۆڕان دەکاتەوە، نەک شکۆمەندى، مرۆڤى نائارام هەمیشە گومان و خەیاڵى تەجاوزکردن و دنیایەکى دیکەى جیاواز دەیبات. . . بۆیە زۆر لە رەخنەگرانى ئەدەبى بەشێکى گەورەى پرۆسەى نووسینى ئیبداعى بە نائارامى دەبەستنەوە، بەڵام مەرج نییە ئەو کردەیەى لە دەرئەنجامى نائارامییەوە دێتە بەرهەم شکۆمەندى مرۆیى لێبکەوێتەوە، نائارامى پاڵنەرێک نییە بۆ شکۆمەندى، بە پێچەوانەشەوە راستە.
ئەوەى پەیوەندى بە بەشى دووەمى پرسیارەکەتەوەیە: ژیان وەک باجدانى هەڵە و ئەو دیدە بۆ ژیان هەڵگرى ئەوپەڕى مەرگدۆستییە، دیدێکە پێماندەڵێت با ژیان بخەینە دواوە بۆ ئەوەى لەو دیوو ژیان ناوى خۆمان تۆمار بکەین، دیدێکە گەمە لەگەڵ تاریکییەکانى ناوەوەى مرۆڤ دەکات و دەیەوێ رۆناکییەکانى ژیانى پێداپۆشێت، هەموو وزە ئیبداعیەکانى مرۆڤ و توانا عەقڵییە بەرفرەوانەکانى مرۆڤ بە هێزى ئەویدیکەى نادیار دەبەستێتەوە، ئەو تێگەیشتنە هەموو دەرگا و سنورەکانى بەسەر ژیاندا کڵۆم داوە، ئەو تێگەیشتنە هەموو ئازادییەکانى مرۆڤ بە تاریکى دەسپێرێ!
مەرگدۆستى ئەو دنیابینیەیە کە پێیوایە مرۆڤ باجى هەڵەکانى دەدا و زەوى وەک دۆزەخ تەماشا دەکات، بەڵام لە نێوان تاریکى و رۆناکیدا، لە نێوان مەرگدۆستى و ژیاندۆستیدا مرۆڤ هەرگیز لە هەڵە بەدەر نییە، مرۆڤ ئەوەیە کە لە خۆى داوا دەکات وا بێ، نەک بکەوێتە ژێر کاریگەرى ئەویدیکەى نادیار، مرۆڤ ویستە، مرۆڤ هەڵبژاردنە، مرۆڤ ئەوەیە، کە پاش دەرکەوتنى لە جیهانى بووندا لە بارەى خۆیەوە بە ئازادى دەیخاتە روو، مرۆڤ ئەوەیە، لە بارەى خۆیەوە بە دەستى دەهێنێ، ئەوەش راستەوخۆ بە ئاگایى و بیرکردنەوە و مەعریفەوە دەلکێ، مرۆڤى ئازاد راستەوخۆ لە دواى تێگەیشتن یان لانى کەم هاوکات لەگەڵ تێگەیشتن دێتە بوون! کەواتە مرۆڤ ئەو واتایەیە کە پاش بیرکردنەوە و تێگەیشتن و پاش جولەى بەرەو بوون لە خۆى داوا دەکات، مرۆڤ هیچ نییە تەنها ئەوە نەبێ، کە لە رێگاى ئاگایى و بیرکردنەوە و مەعریفەوە خۆى بونیاد دەنێت، هیچ ئاگایى و مەعریفە و تێگەیشتن و بیرکردنەوەیەکش کۆتائامێز نییە، بۆیە دەتوانم بڵێم مرۆڤ لەسەر هەڵەى بەردەوام دەژى، ئەوەش بنەماى یەکەمى وجودییەتى مرۆڤ و دنیا و بوونە! ئەو شێوەیە لە قسەکردن لەسەر ئەوەیە مرۆڤ، وێنەى مرۆڤ لە دوو دنیابینى جیاوازدا دەخاتە روو، یەکێکیان سەر بە فیکرى ئایینییە و لە (سفرى تەکوین 3: 22) هاتووە: "ئەوەیە مرۆڤ" هەر وەک یەکێک لە ئێمە شەڕ و خێر ناس دەکات، لە سفرى تەکوین دەستەواژەى "ئەوەیە مرۆڤ" ئاماژەیە بۆ مەسیح. بەڵام لە "ئەوەیە مرۆڤ"ى دووەمدا فەیلەسوفى پۆست مۆدێرنە (فریدریک نیتشە) دەیەوێ لە رێگاى دووبارەکردنەوەى دەستەواژەى "ئەوەیە مرۆڤ"ى یەکەم تواناکانى خۆى نیشان بدات. . . هەندێ لە رەخنەگران و بیریاران "ئەوەیە مرۆڤ"ى نیتشە بە بیۆگرافیا-گێڕانەوەى ژیانى نیتشە ناوى دەبەن، ئەوەى من لێرە دەمەوێ قسەى لێ بکەم هەر تەنها مرۆڤ لە دوو وێنەى جیاوازدا نییە، هەر تەنها قسەکردن نییە، لە ژیانى تایبەت و ژیانى کۆمەڵ، هەر تەنها قسەکردن نییە، لە ناسنامەى ئایینى و ناسنامەى فەلسەفى، هەر تەنها قسەکردن نییە، لە نمایشکردنى دوو دید و دوو هێز و دوو تواناى جیاواز، کە یەکەمیان خۆى لە حیکایەتەکاندا هەڵدەگرێتەوە و دووەمیان حیکایەتى تایبەت بەخۆى هەیە، بەڵکو قسەکردنە لە دوو شێوە لە نمایشکردنى شکۆمەندى، لە پشت یەکەمیان حیکایەتە گەورەکان وەستاوە، لە پشت دووەمیان خەیاڵى شیعرى، یەکەمیان پشت بە ئاسمان دەبەستێت و دووەمیان پشت بە زەوى. . . بەڵام ئەوەى ئەو دوو شێوەیە لە شکۆمەندى لە یەک نزیک دەکاتەوە ئەو رەهەندە نادیارانەن کە دەکەونە پشت فیکرى ئایینى و خەیاڵى شیعرییەوە! شکۆمەندى نیتشە سەر بە شیعرییەتە، بەڵام شکۆمەندى (مەسیح) سەر بە گێڕانەوەیە، لە پشت شکۆمەندى (نیتشە) جوانى خەیاڵ وەستاوە، لە پشت شکۆمەندى مەسیح سیحرى گێڕانەوە. ئەوە خوێندنەوەیەکى دیکەیە بۆ "ئەوەیە مرۆڤ" کە راستەوخۆ پەیوەندى بە میتافیزیکا و خەیاڵەوە دەکات، وەک چۆن قسەکردنیشە لە جوانى نەک لۆژیک؟!
بەڵام لێرەدا دەشێ پرسیار ئەوە بێ، لە نێوان جوانى و لۆژیک، شیعر و گێڕانەوە، شکۆمەندى و نائارامى، بەهەشت و دۆزەخ، مرۆڤ لە کوێیە؟ مرۆڤ لە نێوان جوانى و لۆژیک، شیعر و گێڕانەوە، شکۆمەندى و نائارامى، بەهەشت و دۆزەخ دەخولێتەوە، بەو مانایەش نابێ لە بیرمان بچێت، ئەوەیە مرۆڤ، هەم شیعرە و هەم لۆژیک! ئەوەیە مرۆڤ، رستەیەکە دەشێ هەمیشە خۆى وەک رووداو بکاتەوە، هەمیشە دەشێ بە هەموو رەهەندە جیاوازەکانى خەیاڵى شیعرى و سیحرى گێڕانەوە بێتە نێو پانتاییەکانى راڤەکردن و تێگەیشتن و خوێندنەوە؟!
لێرە لە بارەى مرۆڤەوە هەوڵدەدەم تێزەکەى "هایدگەر"تان بیر بخەمەوە، وەک دەزانین هایدگەر لە بارەى بوونى مرۆڤەوە تێزەکەى لە دەورى دوو جۆر لە (بوون) دەخولێتەوە، کە بریتین لە بوونى رۆژانە و بوونى تایبەتى، مەبەست لە بوونى رۆژانە بوونى ساختەیە (باسیف)، بوونى تایبەتیش بوونى رەسەنى کەسەکە دەگرێتەوە، بوونى ئەکتیڤ!! بوونى ساختە: لەسەر زۆر بڵێى و (ئەوانى دیکە وا دەڵێن. . . ) و فزول و التیباس (لێتێکچوون) وەستاوە، بوونى ساختە سنورى شکۆمەندى و ئازادییەکانى خۆى لە ئەوانیدیکەدا دەدۆزێتەوە، بەهەشتى خۆى لە ئەوانیدکەدا هەڵدەگرێتەوە، پێیوایە ئەوە ئەوانیدیکەن شکۆمەندى پێدەبەخشن. . .
بوونى ساختە ئەو بوونەیە کە کۆمەڵێک کارتێکەرى دەرەکى پێکى دەهێنێت، ئیدى ئەو کارتێکەرییانە بارودۆخ بن، یاخود یاسایى ئەخلاقى و دەسەڵاتى ئایینى و سیاسى و دابونەریت و شتى لەو بابەتانە. . . دەتوانین بڵێین ئەو کەسە ژیانى رەسەنى خۆى ناژى و واز لە ئازادى و هەڵبژاردنى خۆى دەهێنێ، واز لە گومان و پەشێوى و نیگەرانیەکانى خۆى دەهێنێ و بوار بە ئەوانیدى دەدات ئیمکانەکانى بوونى بۆ دیارى بکەن، ئەو کەسە ئەگەرچى ئیمکان و توانا تایبەتیەکانى خۆى لەدەست دەدات و لە ئیمکان و توانا گشتییەکاندا دەتوێتەوە، بەڵام هەموو ئەو بێ توانایانەى خۆى وەک شکۆمەندى دەبینێ، هەموو ئەو بێ توانایانەى خۆى وەک ئیبداع تەماشا دەکات، ئەو کەسە کوێرى خۆى وەک لێهاتوویى و شکۆ سەیر دەکات.
لە دنیادا هیچ مرۆڤێک نییە، بتوانین وەک مرۆڤى کامل سەیرى بکەین، مرۆڤى بێ کەموکوڕى لە دنیادا بوونى نییە، مرۆڤ ئەوەیە: ئەو کەموکوڕى و ناتەواویەیە کە مرۆڤ دەخاتە حاڵەتى نائارامى و گومان و نیگەرانى و دواتر تێپەڕاندنەوە، بەو مانایەش راستە بوونى ناڕەسەن بەشێکى پێکهێنەرە لە بوونى مرۆیى و مرۆڤ ناتوانێ خۆى لێ رزگار بکات، وەک چۆن مرۆڤ ناتوانێ خۆى لە گومان و نیگەرانى و دڵەڕاوکێکانى دوور بخاتەوە. . . واتە بمانەوێ نەمانەوێ کەمەکێک لە بوونى مرۆڤ، بەشێکى مرۆڤ دەچێتە ژێر ئەو تێگەیشتنە گشتییەى کە هەڵبژاردن ناهێڵێ! بمانەوێ نەمانەوێ لە حاڵەتێک لە حاڵەتەکان مرۆڤ سەرقاڵى مەوجودە، حاڵەتێک لە حاڵەتەکان مرۆڤ سەرقاڵى ئەویدیکە و شکۆى بێ ناوەڕۆک دەکات! ئەوە بەشێکى مرۆڤە ئەو شتە لەبیر دەکات کە وجودە، ئەو شتە لەبیر دەکات کە کردەى ئیبداعى مرۆڤى تێدا هەڵدەگرینەوە، ئەو پرۆسەیەش (واتە لە بیرکردنى بوون) هایدگەر ناوى دەنێ عەدەم؟! بەڵام بوونى رەسەن: لاى هایدگەر ئەو بوونەیە کە تیایدا خود هەست بە تاکێتى خۆى دەکات، خەسڵەتەکانى ئەو بوونە لە وێژدان (شعور) و تێگەیشتن و قسەکردندایە، ویژدان لاى هایدگەر پەیوەندى بە هەڵچوون و سۆزەوە نییە، ویژدان واتە مرۆڤ چۆن خۆى دەدۆزێتەوە (دۆزینەوەى خود) چۆن هەست بە بوون دەکات (بوون لە جیهان) بوون لە جیهان واتە کرانەوەى مرۆڤ بەرەو رووى بوون، هەروەک چۆن لە رێگاى تێگەیشتنەوە مرۆڤ بوونى خۆى دەکاتەوە، تێگەیشتن بریتییە لە کرانەوە و قسەکردن بریتییە لە دەربڕینى تێگەیشتن.
بوونى رەسەن لاى هایدگەر ئەو بوونەیە کە لەوانى دى دابڕاوە، بەڵام هایدگەر قسە لە کردەى رەسەن ناکات، ئایا ئەوە کردەى رەسەن نییە، بوونى رەسەن بەرهەم دەهێنێت؟ بەشێک لە ئیشکالەکانى بوونى رەسەنى هایدگەر لە کردەى رەسەندا دەردەکەوێت، چونکە کردەى رەسەن پەیوەندى بە دۆزینەوەى خودەوە نییە، کردەى رەسەن وەک (سڵاڤۆ ژیژەک) بۆى دەچێ بریتییە لە باوەڕێکى خز، باوەڕى خز ناکەوێتە سەر هێلى دۆزینەوەى خود، باوەڕى خز: واتە مرۆڤ لە شوێنێکى بێ متمانەوە بەرەو دەرەوە هەنگاو دەنێ، بێ ئەوەى بزانێ بەرەو کام و کوێ و چ . . . لەسەر ئەو بنەمایە هەمیشە ئەوە شوێنى یەکەمە دەبێتە شوێنى متمانە و شوێنى دووەم باوەڕى خز، بەمجۆرە پرۆسەکە درێژە بەخۆى دەدات! راستە کە دەوترێت لەوانیدى دابڕاوە، ماناى ئەوە نییە کەسەکە بە تەنها دەژى و دوورە لە خەڵک. . بەڵام دۆزینەوەى خود، لە باوەڕى خزەوە نییە، لە باوەڕى خزەوە مرۆڤ واتە دڵەڕاوکێ (لێرە مەبەست دڵەڕاوکێى سادەیە کە لە ئەنجامى بەرپرسیاریەتیەوە دێ، نەک نەخۆشى) دەمەوێ بڵێم وەک چۆن لە پشت ئەو باوەڕە ژیژەکییە دەروونناسان و قوتابییەکانى (فرۆید) وەستاون، بە دیوەکەى دیکەش ئەوە فیکرى پۆست مۆدێرنەیە بەشێک لە ئیشکالەکانى تێزەکەى هایدگەر دەخاتە روو. . . دواجار بە بڕواى من لەگەڵ هەموو راڤەکردن و خوێندنەوە جیاوازەکان و ئاستە جیاوازەکانى تێگەیشتن و خوێندنەوەدا: ئەوەیە مرۆڤ؟!
پ2* گەر زەوى دۆزەخى بەهەشت نەبێت و مرۆڤ فڕێنەدرابێتە سەر زەوى و هەڵەیەکى وەک هەڵەکەى ئادەم و حەوا لە گۆڕێدا نەبێت، بەڵام دواجار لە مێژووى ئەدیبە خۆکوژەکاندا هەست بەوە دەکرێت پرۆسەى ژیانیان بە ڕەهایى ڕەتکردۆتەوە، بۆ وێنە (ڕۆمان گارى) بۆ ئەوەى پیر نەبێت خۆکوژى دەکات؟ یان (مارتا لنیش) بەرگەى ئەوەى نەدەگرت لۆچى دەموچاوى ببینێت بۆیە خۆکوژى دەکات؟ مەبەستمە بڵێم دیسانەوە مرۆڤ نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەهەشتێک کە جیهانێکى نمونەیى بێت؟
عەبدولموتەلیب: زەوى دۆزەخى بەهەشت بێت، یان نەبێت، مرۆڤ کەوتۆتە سەر زەوى بۆ ئەوەى بە ئازادى بڕیارى خۆى بدات، مرۆڤ فرێدراوەتە نێو زمان بۆ ئەوەى قسەى خۆى بکات، زەوى و زمان رەهەند و سنورى هەڵەکەى ئادەم و حەواى لەخۆدا ونکردووە، مرۆڤ فرێدراوەتە سەر زەوى رستەیەکى کراوەیە! رستەیەکە هەڵگرى رەهەندى مەعریفى جیاواز و فرە تێگەیشتن و خوێندنەوە، یەکێک لە تێگەیشتنەکانى ئەو رستەیە خۆى لە "ئەوەیە مرۆڤ"دا دەبینێتەوە، بەڵام مرۆڤ کەوتۆتە سەر زەوى، مرۆڤ کەوتۆتە نێو زمان، لەلاى (ئۆگستین)ى مەزن مرۆڤ دەقێکە خودا لە رێگاى زمانەوە بەرجەستەى کردووە، بەدیوەکەى دیکە زمان تاقە ئامرازێکە خودا بەو دەقەوە دەلکێنێت، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکى زۆرى ئەو تێگەیشتن و راڤەکردن و خوێندنەوانە ناتوانن لەنێوان دۆزەخ و زماندا مانایەک بەو بوونە ماندوو و هیلاکە ببەخشن، بە دیوەکەى دیکەش مرۆڤى ئەمڕۆ واى کردووە بوونى بێتە بوونێکى لۆژیکى خەیاڵى، بوونێکى (تەکنۆ/زانست/لۆژى)، دەمەوێت بڵێم ئەوەى ئەو راڤەکردن و تێگەیشتنانە لە یەک نزیک دەکاتەوە پەیوەندى نێوان مرۆڤ و زمان/ مرۆڤ و زەوییە، بەڵام ئەوەى لە یەکترى جیایان دەکاتەوە خودى "تێگەیشتن" و "بابەتى تێگەیشتن"ە، خودى تێگەیشتن و بابەتى تێگەیشتن "جێگیربوون" و "گۆڕان" لەیەکتریان جیا دەکاتەوە، تێگەیشتن و جێگیربوون پەیوەندى بە ئارامى و دڵنیایى و شکۆوە هەیە، بەڵام بابەتى تێگەیشتن و گۆڕان لەسەر نائارامى و گومان و هەڵچوون وەستاوە، هەڵبەتە ئەوەى دووەمیان وێنەکانى مرۆڤى ئەمڕۆ و رەهەندە جیاوازەکان و راڤەکردن و ئاستە مەعریفییە جیاوازەکانى ئەو مرۆڤە و دنیابینى ئەو مرۆڤە دەنوێنێ! حەقیقەتى ئەو شێوەیە لە بیرکردنەوە و خوێندنەوەیە لەوەدایە کە دوێنێ بابەتى تێگەیشتن جێگیر بوو! ئەوە جێگیربوون بوو، مرۆڤى بەرئاگردان و حیکایەتە گەورەکان و مرۆڤى دڵنیا و پڕ یەقین و فیکرەى یەکگرتووى کۆتائامێزى بەرهەم هێنابوو، سنورەکانى مەعریفەى دیارى کردبوو و ئاگاییەکى سنوردارى بونیاد نابوو، سیستمێکى دیاریکراو و رۆحێکى ئارامى بە مرۆڤ بەخشى بوو!!
بەڵام ئەمڕۆ مەرجەکانى تێگەیشتن لە گۆڕانى بەردەوامدایە و ناکەوێتە سەر مەعریفە و ئاگاییەکى سنوردارى بابەتى تێگەیشتنەوە، بەڵکو دەچێتە سەر ئاسۆکانى راڤەکردن و ئاستە جیاوازەکانى بیرکردنەوە، دەکەوێتە سەر گومانەکانى مرۆڤ و نیگەرانیەکانى مرۆڤ و بڕوا نەبوون بە یەقینى یەکلاکەرەوە و تەجاوزکردنى سیستم و فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەى جۆراوجۆرەوە! مرۆڤى مۆدێرن لە رستەیەکى فەلسەفى (گاستۆن باشلار)دا دەتوانین هەڵگرینەوە، کە دەڵێت: من هەموو شتێکم ونکردووە بۆ ئەوەى هەموو شتێ بەدەستبهێنم. لەلاى مرۆڤى ئەمڕۆ هیچ حەقیقەتێکى بەڵگەنەویست بەبێ ویست (ئیرادە) و بێ هەستکردن بوونى نییە، کەواتە ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، هەر لەو حاڵەتەدا هەستدەکەین هەین، واتە لەو ساتەوەختە و بەهۆى ئەو چرکەساتەوە هەست بە بوونى خۆمان دەکەین، ئەوە ژیانە، لەنێوان هەستکردن بە ئێستا و هەستکردن بە ژیان هاویەکییەکى (وەکیەکى) رەها هەیە. لێرە لە دیدى ژیانەوە دەتوانین هەوڵدەین بە هۆى ئێستاوە لە رابردوو بگەین، بەبێ ئەوەى بەردەوام هەوڵدەین بەهۆى رابردووەوە راڤەى ئێستا بکەین.
بەڵام ئەى ئەو زمان و زەوییە چ جۆرە مرۆڤێک بە کامى دڵ قبوڵ دەکات، مرۆڤ لەو زمان و زەوییە چۆن لەگەڵ ئاگاییە جیاوازەکان و بیرکردنەوە جیاوازەکاندا هەڵدەکات، دەمەوێ لە رێگاى (رۆمان گارى)یەوە قسەیەک بخەمە سەر ئەوەیە مرۆڤ و بڵێم مرۆڤ هەر تەنها ئەوە نییە، چونکە دەتوانێت زۆر لەوە چاکتر بڵێت! ئەو رستە جوانەى (رۆمان گارى) پێمان دەڵێت مرۆڤ لەوە زێترى لەبار دایە کە دەیخاتە روو، بەڵام من دڵنیام گارى مەبەستى ئەوە نییە، مرۆڤ خۆى بکاتە مانا ء پێوەرى هەموو شتێک، بەڵکو بە نیازى کرانەوە بە رووى جیاوازییەکاندا ئەو رستەیەى هەڵداوە، بەو مانایەش ئەوەیە مرۆڤ، مرۆڤى کراوەیە.
هەمیشە کە قسە لە فیکرەى خۆکوژى دەکرێت، ئەو رستە بە ناوبانگەى فەیلەسوفى ئەڵمانى (شوبنهاوەر) دەڵێنەوە: پیاوى گەورە ئەو کەسەیە کە مردن لە ژیان بە چاکتر دادەنێت. کەچى شوبنهاوەرى لە رادەبەدەر رەشبین، خۆکوژى نەکرد، بەڵام (رۆمان گارى) ئەو رۆماننووسە پڕ لە ئیشکالە، بە ئەسڵ رووسى و بە ناسنامە فەرەنسییەى کە تۆ باسى دەکەیت، خۆ کوژى دەکات، دەیەوێت بەر لە وادەى خۆى و بە ئارەزووى خۆى ژیان جێ بهێلێت، چونکە بڕواى بەوە نییە، پیرى وەک قۆناغێک لە قۆناغەکانى تەمەنى دەربکەوێت، چونکە بە نسبەت ئەو پیرى ریسواترین و ناشیرینترین مۆتەکەیە لە مۆتەکەکانى ژیان، کە بە گشتى هەڕەشە لە ئارامى دەروونى دەکات. ئەو رۆماننووسە هەمیشە وەک کاراکتەرێکى ئیشکالئامێزى نێو رۆمانەکانى خۆى بە ناو و ناونیشانى جیاواز دەنوێنێ، تاکە رۆمانووسێکە کە دوو جاران خەڵاتى گۆنکۆرى فەرەنسى کە گەورەترین خەڵاتى ئەدەبییە لە فەرەنسا و بە هیچ شێوەیەک لە یەکجار زێتر بە هیچ ئەدیبێک نەدراوە، بە دەست بهێنێت، یەکەمیان لە ساڵى 1952 بە ناوى خۆى (رۆمان گارى) لە رێگاى رۆمانى (رەگەکانى ئاسمان) و دووەم جار لە ساڵى 1975 بە ناوى خواستراوى (ئەمیل ئاگار)ەوە و لە رێگاى رۆمانى (ژیان لە پێشمانە). . . رۆمان گارى کۆمەڵێک رۆمانى لە ئاستى هونەرى و مرۆیى و جوانى خستۆتە نێو کتێبخانەکانى دنیاوە و لە ساڵى 1980 بڕیارى ئەوە دەدات بە گوللەیەک ژیانى خۆى کۆتایى پێبهێنێت بۆ ئەوەى لە دواى خۆیدا دەستنووسى رۆمانى (ژیان و مەرگى ئەمیل ئاگار) جێ بهێلێت! کەواتە ژیان و مەرگى ئەمیل ئاگار پێماندەڵێت ئەوەیە مرۆڤ!
بەڵام (مارتا لنیش) پێیوایە تەنها هەڵبژاردنى مردنە وا دەکات جارێکى دیکە وەک خۆمان دووبارە بژینەوە، ئەو هەڵبژاردنە پڕە لە خەون و خەیاڵى جوان و پڕە لە رۆمانسیەت و پڕە لە شیعرییە، دەشێ بەشێک لەو خەون و خەیاڵەى مارتا لنیش ئەو شکۆمەندییە شیعرییەمان بیر بخاتەوە کە نیتشە شانازى پێوە دەکرد، لنیش بەرگەى ئەوە ناگرێت لۆچەکانى رووخسارى ببینێت، دەیەوێت پارێزگارى لەو جوانیەى بکات، وەک چۆن نیتشە بەرگەى ئەوە ناگرێت خەون و خەیاڵەکانى دابەزێتە سەر زەوى، دەیەوێت هەر بەرزە فڕ بێت، لە پشت بڕیارەکەى مارتا لنیش واقیعێکى لۆژیکى ئامادەیە، بەڵام لە پشت بەرزە فڕى نیتشە، واقیعێکى خەیاڵى دەبینرێت، مارتا لنیش لە رێگاى هەنگاونان بۆ ئەودیوو واقیعى لۆژیکى بەرەو رۆمانسیەت و خەیالى شیعرییمان دەکاتەوە، بە هەمان شێوە لە رێگاى بەرزە فڕى و هەنگاونان بەرەو واقیعى خەیاڵى، دەکەوینە بۆشاییەکانى واقیعى لۆژیکییەوە!! بە کورتى دەمەوێت خاڵێکى جێگیر لە نێوان ئەو دوو شێوە لە خەیال و شیعرییەتە دەستنیشان بکەم، ئەویش ئەوەیە: نیتشە لە خەیاڵى شیعرییەوە هەنگاو بەرەو واقیعێک دەهاوێژێت کە واقیعى ئەو نییە، کە دەڵێم واقیعى ئەو نییە دوو نموونەم لە واقیع لەبەر دەستە واقیعى سەردەمى مەسیحیەت و واقیعى سەردەمى فیکرى پۆست مۆدێرنە!! بەڵام لە نێوان واقیعى لۆژیکى لۆچەکانى رووخسارى لنیش و خەیاڵى تەجاوزکردنى ئەو واقیعە، دوو نموونەم لە خەیاڵ لە بەر دەستە: (خەیاڵى تەجاوزکردنى واقیعێکى لۆژیکى) و (خەیاڵى کەوتنە نێو بۆشاییەکانى مانا) ئەگەر تەجاوزکردنى واقیعى لۆژیکى خۆ هەڵگرتن بێت، تا دواتر لە داهاتوو وەک خۆت دەربکەویتەوە، ئەوە خەیاڵى جێگیرکردنى مانا، جێگیرکردنى ماناکانى خەیاڵە. . . چونکە ژیان بەردەوامە، بەو مانایەش جێگیرکردنى جوانى لە سبەى، کەوتنە نێو بۆشاییەکانى خەیاڵە، کەوتنە نێو بۆشاییەکانى خەیاڵ، کەوتنە نێو بۆشاییەکانى مانایە! دەمەوێت بڵێم دەشێ (مارتا لنیش) بە خەیاڵ تەجاوزى واقیعە لۆژیکەکەى لۆچەکانى رووخسارى بکات، بەڵام بە کەوتنە نێو بۆشاییەکانى خەیاڵ هیچ مانایەک بۆ رووخسارى جوانى لنیش بوونى لە واقیعى داهاتوودا نییە؟!
پ3* بەگشتى قسەیەک هەیە کە بەچەندان شێوە کراوە دەربارەى ئەرکى بنەڕەتى ئەدەب، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە ئەدەب لە خزمەتى مرۆڤ دا بێت، یان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەدەب یانى ئیشکردن لە جوانکردنى دنیادا، بە بۆچوونى ئێوە ئەم دیدە دیدێکى سروشتى ئەدەبە و هەر تێڕوانینێکى تر بۆ ئەدەب لەدەرەوەى پرۆسەى ئەدەبە؟
عەبدولموتەلیب: ئەگەرچى لەو بارەوە قسەى زۆرم نووسیوەتەوە، بەڵام لێرەدا دەتوانم بڵێم ئەدەب هەموو تێڕوانینە جیاوازەکان و رووە جیاوازەکانى فیکر و حەقیقەت لە خۆ دەگرێت، هەرگیز لە تاکە دید و تێڕوانینێکى دیاریکراو و سنوورداردا گیر ناخوات، بەڵام لە بیرمان نەچێ مەعریفەى ئەدەبى ئامانجى خوێندنەوەى ئەدەبى نییە، بەڵکو مەعریفەى ئەدەبى و ئاگایى ئەدەبى رێگایەکە بۆ گەیشتن بە تەجاوزکردنى ئەو ئاستە ئەدەبییەى کە هەیە، من پێموایە قسەکردن لەبارەى سنوردارکردنى رەگەزە ئەدەبییەکان و بابەت و مانا و ئاسۆیەکى دیاریکراوى بیرکردنەوەى ئەدەبى. . . بەشێکى زۆر لە پەڕگیرى تێدایە، دەشێ ئەو پەڕگیرییە بە تەنگژەى کرانەوە بە رووى دنیا و ئەویدیکە ناو بنێین، هەر لە پەڕگیرى و ئاڕاستەکردنەوەش ئیتر ئەدەب پەیوەندى بە دنیا و ئەویدیکەوە دەپچڕێت، پێویستە ئەدەب بەشێوەیەکى جیاواز بەشدارى لە تێگەیشتنى دنیادا بکات، بەڵام مەرج نییە لە رێگاى حەقیقەت و مەعریفەوە بێت، دەشێ لە رێگا بیرکردنەوەى جیاواز و تێڕوانین و چێژ و جوانییەوە بێت! چونکە ئەدەب چارەسەرى نەزانینمان ناکات، بەڵکو هەمیشە وەک شێوازێکى دیکەى ئەزموونە جیاوازەکان تەماشاى ئەدەب دەکرێت، بەو مانایەش ئەدەب توانایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و جوانى حەقیقەتى بوونەوەرە جیاوازەکانى دیکە. . . ئاسۆکانى ئەدەب و هونەر بەرەو حەقیقەت نامانبات، بەڵکو هەنگاو بەرەو ئاسۆکانى خوێندنەوە و راڤەکردن و خۆشەویستى دەنێت، ئەدەب جوانترین شێوەى پەیوەندیکردنى مرۆیانەیە، بەڵام پەیوەندییەک نا، کە دەیەوێ ملکەچمان بکات، بەڵکو پەیوەندییەک کە بەرەو مەعریفە و حەقیقەتە جیاوازەکان و چێژ و جوانیمان دەکاتەوە. . . ئامانجى ئەدەب دۆزینەوەى بوونى مرۆڤ نییە، دەتوانین بڵێین دۆزینەوەى بوونە جیاوازەکانى مرۆڤ و پەیوەندییە مرۆییەکانە، چونکە مرۆڤ لە گۆڕانى بەردەوامدایە، هەمیشە مرۆڤ لە هەوڵى پەیبردن بە ژیانێکى دیکەدایە، ئیتر ئەو قسەیەى تۆ لە بارەى جوانى و ئەدەبەوە مێژووەکەى بۆ سەرەتاى سەدەى نۆزدە دەگەڕێتەوە، لە سەرەتاى سەدەى نۆزدە بەو لاوە قسەکردن لە سەر جوانى بە شێوەیەکى بەربڵاو هاتە نێو جیهانى ئەدەب و هونەرەوە، ئەوە نووسەرى ئەمریکى (ئادگار ئالان پۆ) بوو، داکۆکى لە هونەر لەپێناو هونەر دەکرد و ئەو فیکرەیەى رەتدەکردەوە کە دەڵێت هونەر تەعبیرکردنە لە خود، هەروەها (بۆدلێر) و (فلۆبیر) پەنجەیان خستە سەر رزگار کردنى هونەر. . .
لە کتێبى (ئەدەب لە خەتەر دایە) تۆدۆرۆف نامەکانى نێوان (جۆرج ساندا) و (فلۆبیر) شیدەکاتەوە و دەڵێت لەو نامانەدا، دوو جۆر لەبیرکردنەوە سەرنجمان رادەکێشێ، یەکەمیان دەیەوێ لە رێگاى ئەدەب و هونەرەوە ئەستۆخوارى ئەخلاقمان بکات، بەڵام دووەم پەیوەستبوونى ئەدەب و هونەر بە حەقیقەت رادەگەیەنێت. چونکە لە نامەکانیدا ساندا بەوە دڵگرانە کە فلۆبیر لە نووسینەکانیدا وەک خۆى دەرناکەوێ، بەڵام فلۆبیر دەیەوێ منى نووسەر و منى دەق لێکجیا بکاتەوە. لەو بارەیەوە ساندا لە نامەیەکدا بۆ فلۆبیر دەڵێ: بوونى تۆ زێتر لە ئەدەبەکەتدایە. . . ئەدەبیش بەڕاى ساندا ئامانجى دۆزینەوەى بوونى مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە فلۆبیر پێى رازى نییە، ساندا لەو بارەوە دەڵێ: من ئەو کەسە ناناسم کە لە نووسینەکانى فلۆبیردا دەردەکەوێت. ئەو قسەکردنەى ساندا لەوێوە دێ کە پێیوایە ئەدەب و هونەر و فەلسەفەیەک نییە لە رۆحماندا بێ و پڕشنگەکانى دەرنەکەوێ! هەڵبەتە (تۆدۆرۆف) لە نامەکانى ساندا ئەوە بەدەست دەهێنێ کە کتێبەکانى فلۆبیر حەقیقەتى تەواو بەدەستەوە نادەن و ساندا لەو بارەوە دەڵێ: من حەز دەکەم مرۆڤ وەک خۆى ببینم، ئەو هاوگونجانەش ئامانجى ئەدەب و هونەرە. . . دواتریش تۆدۆرۆف ئەو جیاوازییەى نێوان فلۆبیر و ساندا شیدەکاتەوە بەوەى کە فلۆبیر لە هەوڵى پەیبردن بە ژیانێکى دیکەدایە، ژیانێک کە لەدواى بوونەوەیە، بەڵام ساندا مەیلى بەرەو چێژى دنیاییەوەیە. ئەو جیاوازییەى نێوان فلۆبیر و ساندا جیاوازییەکى فیکرییە، بەڵام دیدیان بۆ ئەدەب لە بارەى جوانییەوە لێکنزیکە، بەو مانایەى کە ئەدەب ئەوەیە چۆن باشتر لە بوونى مرۆڤ بگەین. کەواتە ئەدەب نوێنەرایەتى بوونى مرۆیى دەکات و مرۆڤایەتیش کۆى دانەر و خوێنەر لەخۆ دەگرێت. لێرەدا ئەوەى ئێمە دەتوانین قسەى لێبکەین ئەوەیە، کە سرووشتى ئەدەب ئەوەیە کە جیاوازى و پڕشنگەکانى مەعریفە و چێژ و جوانى لە رۆحماندا بخەمڵێنێت، سرووشتى ئەدەب و هونەر ئەوەیە چۆن باشتر لە جیاوازەکانى مرۆڤ و گۆڕان بگەین. سرووشتى ئەدەب و هونەر گەیشتنە بەشێوازێکى دیکەى جوانتر لە پەیوەندى بەستن لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دنیا، سرووشتى ئەدەب هەڵنانى مرۆڤە بەرەو مەعریفە و جوانى و گۆڕان، بەرەو کرانەوەو خۆشەویستى ئەویدیکەى جیاواز. . .
پ4* گەر ئەدەب بۆ ئەوە بخوڵقێت کە لە خزمەتى مرۆڤدا بێت، ئایا ئێمە تووشى ئیشکالییەت نابین لەبەرامبەر پێناسەى (خزمەتى مرۆڤ)؟ یانى دەمەوێت ئەوەت پێ بڵێم: کە ڕەنگە لاى مرۆڤێکى ڕەشبین یان بەسروشت ڕەشبین خزمەت ئەوەبێت کە پرۆسەى ژیان رەتبکاتەوە؟ بۆیە لێرەدا نوسینى ئەو نوسەرە ڕەشبینە لەخزمەتى مەرگدۆستیدا دەبێت؟ جەوهەرى پرسیارەکە ئەوەیە: بەدەر لە چێژ، ئایا ئەدەبێک کە لە خزمەتى مەرگدۆستى و لە خزمەتى هەڵهاتن لە ژیان و گاڵتەکردن بە پرۆسەى ژیان بێت، تاچەند خزمەتە بەو پێناسەیە کە گەر ڕێبکەوین ئەدەب پێویستە لە خزمەتى جوانترکردنى ژیاندا بێت؟
عەبدولموتەلیب: دووبارە دنیاى ئەدەب و هونەر دنیاى هەمووانە و هەموو ئەوانە لەخۆ دەگرێت کە تۆ بە مەرگدۆستى و هەڵاتن لە ژیان و گاڵتەکردن بە ژیان ناوى دەبەیت. . . دووبارە ئەدەب و هونەر بە هەموو رەهەندە جیاواز و ئاڕاستە جیاواز و ئاستە جیاوازەکانییەوە مرۆڤ دەیخولقێنێت. . . دووبارە تۆدۆرۆف لە کتێبى (ئەدەب لە خەتەر دایە) دەڵێ: کارى ئەدەبى و هونەرى جۆرێکە لە دنیا ناسى. . جۆرێکە لە دەرککردن و تێگەیشتن. . هەڵبەتە (تێگەیشتن) بەو مانایەى کە بریتییە لە توانای دەرککردنی شیمانە وجودییەکانی تاکە کەس لە رەوتی ژیان ء بوونی لە نێو جیهاندا، ئەو بوونەش بە دەربڕینى هایدگەرییانە بوونى مرۆیى دەگرێتەوە، یان واقیعێکى مرۆییانەى هەیە، کەواتە ئەدەب و هونەر، راڤەکردن و تێگەیشتن و خوێندنەوەیەکى دیکەیە بۆ "ئەوەیە مرۆڤ". . .
دەمەوێ بڵێم مرۆڤ و مرۆڤایەتیش لە پرسیارى بەردەوامدا خۆى نوێ دەکاتەوە، جا ئەو پرسیارە بەرەو رووى دنیا بێت، یان بەرەو رووى خودى مرۆڤ، ئەدەب و هونەر لە خزمەتى هەڵدانى پرسیار و هەڵنانى چێژ و جوانیدایە، مرۆڤ و مرۆڤایەتى لە سەر ئاستى هەست، لە سەر ئاستى عەقڵ و لۆژیک و بیرکردنەوە دەشێ لە بارەى هەندێک شتەوە تەبا بکەونەوە، بەڵام لە سەر ئاستى ئەوەى بە (نەست-لاشعور) ناوى دەبەین، هیچ شتێکى هاوبەش بە یەکەوەمان نابەستێتەوە. بە مانایەکى دیکە دەشێ مەسەلە سیاسى و ئابورى و نەتەوەییەکان لە نێوان بەشێکى زۆرى مرۆڤەکان هاوبەش بکەوێتەوە، بەڵام هەموو ئەو شتانەى کە دەکەونە ناخ و قوڵایى دەروونەوە مەسەلەى فەردیین. بە بڕواى ئەدۆنیس هەموو ئەو فیکرە ئامادەکراو و شۆڕشگێر و نیشتمانیانەى کە ئێمە قسەى لێدەکەین بۆ هەمووانە و لاى هەمووان روون و ئاشکرایە. بەڵام کاتێک پرسیار لە خۆمان و لە بوونى خۆمان دەکەین. . کاتێک پرسیار لە چارەنووس و خۆشەویستى و ئازادى و حەقیقەت دەکەین، هەر یەک بەپێى خۆى وەڵامى تایبەت بە خۆى هەیە، هەر لەوێشەوە شتەکان دەگۆڕێن، ئەوەش ئەدەب و هونەرە. . .
پ5* قسەیەک هەیە کە دەڵێن ئەو ئەدیبانەى ناتوانن پرۆژەیەکى ئەدەبى تەواو بکەن، دواجار کۆتایى پرۆژەکە بە خۆکوشتنى نوسەرەکە کۆتایى دێت، یانى دەمەوێت بڵێم ئەمە یانى ئەوەى ئەدیبەکان پەیوەندییەکى زۆر رۆحیان لەگەڵ بەرهەمەکانیاندا هەیە؟
عەبدولموتەلیب: نووسین و خۆکوژى دوو کردەى ئیبداعین، لەوێوە کە بەشێکى گەورە لە نەستى تێدا بەشدارە، لەوێوە کە شێوەیەک لە هەڵچوون دەنوێنێ، لەوێوە کە کردەیەکى تا سەر ئێسقان خودییە، لەوێوە کە ویست و هەڵبژاردنە. . . ئەو قسەیەى تۆ لە بارەى شکسکتخواردنى پرۆژەکان رەنگە کەمتر پەیوەندى بە ئەدەیب و هونەرمەندەوە هەبێت، زۆرتر لەگەڵ سیاسى و بازرگانە گەورەکان و شۆڕشگێرەکان بێتەوە، دەمەوێت بڵێم خۆکوژى نووسەر و هونەرمەندان ئەگەرچى مەرج نییە هیچ ئەرگۆمێنتێکى دیاریکراوى هەبێت، بەڵام دەتوانم بڵێم هێزێکى سەیرى دەروونى و پووچگەرایى و نێرگزییەت و نامۆیى و ترسان لە مردنى لە پشتەوەیە! خۆکوژى خودییە، واتە مەرج نییە هیچ هۆکارێکى بابەتى هەبێت. . . (دۆرکهایم) سۆسیۆلۆژى فەرەنسى لە بارەى خۆکوژییەوە قسە لە هاونەگونجانى تاک و کۆمەڵگا دەکات، بەڵام (فرۆید) وەک شێوەیەک لە پارادۆکسى ویژدانى سەیرى دەکات. . . خۆکوژى شاعیرانى رووس (فلادیمێر مایکۆفسکى) و (یەسنین) لە شۆڕشى بەلشەفیک و ساڵانى 1925 و 1930. . . یان خۆکوژى شاعیرى لوبنانى (خەلیل حاوى) کاتێک ئیسرائیل ساڵى 1982 هەڵیکوتایە سەر لوبنان ئەو دوو رۆژ دواتر هەر لە ماڵەکەى خۆى خۆى کوشت، رۆماننووسى ژاپۆنى (یۆکیو میشیما) خەنجەرێک لە سەر دڵى خۆى دەدات، چونکە نەیویست ملکەچى شارستانیەتى ئەمریکى بێت. . . جگە لەوانە (هیتلەر) گەورەترین سیاسییە، کە بەرگەى شکستخواردنى نەگرت و خۆى کوشت. . . بە کورتى خۆکوژى جگە لە کۆمەڵێک هۆکارى فیکرى و فەلسەفى و دەروونى و عاتفى و کۆمەڵێک هۆکارى نادیاریشى هەیە، بەڵام ئەو خۆکوژییەى تۆ قسەى لێدەکەیت رەمزى شکسکتخواردنى لۆژیکە و یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانیشى هۆکارى سیاسییە، بۆ نموونە دواى سەرکەوتنى شۆڕش لە یەکێتى سۆفییەتى جاران، هەموو خەون و ئاواتەکانى مایکۆفسکى لە ژێر سێبەرى تووندوتیژى و زۆردارى هەرەسى هێنا، بۆیە نائومێد دەبێت و بەرگە ناگرێت و گوللەیەک ئاراستەى مێشکى خۆى دەکات، کەچى رۆماننووس (ستیڤان زیڤایچ) هاوڕێى فرۆید لە بارەى خۆکوشتنى خۆى دەنووسێت و دەڵێت: مرۆڤ کە کز و بێ رەنگ بوو، ژیان هیچ مانایەکى نییە. شاعیر و رۆماننووسى ئیتاڵى چێزارى پاڤێزى خۆکوژى بە پردێکى نهێنى دادەنێت بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، شاعیرى سودانى (عەبدولرەحیم ئەبو زیکرا) کە ساڵى 1989 لە مۆسکۆ لە سەر باڵەخانەى ئەکادیمیاى زانستەکان خۆى هەڵدا خوارەوە، لە قەسیدەیەکدا دەڵێت: لە چاوەکانى تۆدا مردن دەخۆمەوە . . . هەمیشە خۆکوژى لە کردەى شیعرى نزیکە و شاعیران زێتر بە باڵاى هەڵدەدەن و چێژى لێدەبینن. . .
کەواتە خۆکوژى زێتر بە شاعیرانەوە بەندە، وەک شێوەیەک لە نکۆڵیکردن لە زەمەن، وەک هەنگاونان بەرەو ئەبەدییەت! لە لایەکى دیکە جگە لە هۆکارى دیار و نادیار کەرەسەى خۆکوژیش جۆرێک لە هەڵبژاردنى تێدایە، بۆ نموونە هەر یەک لە (جاک لەندەن) و (تۆخۆلسکى) خۆیان لە رێگاى ژەهرەوە کوشت، چێزارى پاڤێزى و ستیڤان زیڤایچ و خێزانەکەى لە رێگاى حەبى نووستنەوە، بەڵام رۆماننوس (فرجینا وولف) لە ترسى شێت بوون خۆى کوشت، نووسەرى ئەرجەنتینى (مارتا لنیش) لە تەمەنى شەست ساڵى خۆى کوشت چونکە بەرگەى لۆچەکانى پیرى نەگرت. . . شاعیرى ژاپۆنى (گۆزۆ-یۆشیماس) دەڵێت (کاواباتا) کە خەڵاتى نۆبلى ئەدەبى بەدەست هێناوە، کاتێک تەمەنى حەفتا ساڵى تەجاوز کرد، لە رێگاى بۆرى گازەوە خۆى کوشت، مردنى ئەو بە نیسبەت ئێمە شۆکێکى گەورە بوو. گۆزۆ دەڵێت پێموایە شتێک لە خەفەت خواردن بۆ ژیانێکى پەرت و تێپەڕ و لە هەمان کاتیشدا تامەزرۆیى بۆ ئەو ژیانە، لە خەیاڵى ئەودا هەر مابوو، رەنگە ئەوە هۆکارى خۆکوژى ئەو بوو بێت. . . شاعیرى رۆمانى (پۆل سیلان و چیرۆکنووسى ئێرانى سادقى هیدایەتى و چیرۆکنووسى کورد سەروەر ئەحمەد و فەیلەسوفى فەرەنسى کامۆ و فروغ. . . ) مەرج نییە هۆکارى زۆر دیاریان بۆ خۆکوشتن هەبێت!!. . . جگە لە هەموو ئەوانە دووبارە قسەیەک دەنووسمەوە و دەڵێم خودکوژى دیاردەیەکى مرۆڤایەتییە بە پێى کەلەپورو ئاستى هوشیارى و جیهانبینى کۆمەڵگا دیدو بۆچوونى جیاواز لەخۆ دەگرێت، لە لایەکى دیکە لەو کۆمەڵگایانەى کە گۆڕانکارییە خێراییەکانى سەردەم بەرێوەیان دەبات، تاک هەست دەکات تواناى ئەوەى نییە، فریاى وەدەستهێنانى ئاوات و خەونەکانى کەوێت، بۆیە بە خۆکوژى هەڵدەسێت. . . بەو مانایە خودکوژى لە یەکەمیاندا وەڵامدانەوەى گۆشەگیرییە و دەکەوێتە ناوەوە، لە دووەمیان وەڵامدانەوەى کرانەوەیە و دەکەوێتە دەرەوە.
پ6*ئەدیبەکان بە گشتى خاوەن چەندان خەسڵەتى تایبەت بەخۆیانن: مرۆڤگەلێکى تەنیان، گۆشەگیرن، یاخیبن، پەراوێزن. . هەستناکەن کۆى ئەم خەسڵەتانە یەکسانە بە هەڵهاتنى ئەدیب؟ یان بە واتایەکى تر هەڵهاتن لە واقیع، هەڵهاتن لە کۆى ئەو حاڵەتە دەروونییانەى لەگەڵیاندا دەژى و رەتیان دەکاتەوە، بەڵام دواجار ئەو ئەدیبانە هەنگاوێکى تریان لە پێشە، ئەویش کۆتاییەکەى بریتییە لە خۆکوشتن، چونکە گەر هەڵهاتنیان لە کۆمەڵگا و واقیع جۆرێک بێت لە شکست ئەوا بەدڵنیاییەوە لە دونیایەکى نمونەیى و خەیاڵیدا قوڵتر تووشى ئەم شکستە دەبنەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەدیبى یاخى و راستەقینە دوا مەنزڵى خۆکوشتنە؟
عەبدولموتەلیب: کارى نووسین پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە خەون و خەیاڵى تاک و ویست و هەڵبژاردنەوە هەیە، ئەدەب و هونەر دەکەوێتە ناخى مرۆڤەوە و تایبەتمەندى خۆى لە نەگوتراوەکان و نەستى مرۆڤەوە بە دەست دەهێنێت، بەو مانایەش دەشێ ئەو قسانەى تۆ بەشێکى زۆرى لە راستى تێدا بێت، بەڵام لە بیرمان نەچێت مرۆڤ هەمیشە بیر لە خەون و دنیاى تایبەت بە خۆى دەکاتەوە، راستە ئەو مەسەلەیە بە ئاستى وەعى و رۆشنبیریى و ئاستى ژیان و دابونەریت و کۆمەڵگاوە بەندە، بەڵام مەرج نییە چوونەوە ناخ و مامەڵەکردنى ورد و هەستیارانە لەگەڵ دەوروبەر هەمیشە بە هەڵاتن لە واقیع دابنرێت، بە بڕواى من بەشێکى زۆرى ئەو هەڵاتن لە واقیعەى تۆ باسى دەکەیت، پەیوەندى بە کاتەوە هەیە، دەمەوێت بڵێم ئەو هەڵاتن لە واقیعەى تۆ ئاماژەى بۆ دەکەیت، راستەوخۆ پەیوەندى بە مسۆگەرکردنى کاتەوە هەیە، ئەدەیبان و هونەرمەندان هەمیشە لە ژیان دوودڵ و نیگەرانن، چونکە هەست بەوە دەکەن وەک پێویست نەیانتوانیوە ناخى خۆیان بخەنە روو، وەک پێویست ئەو کاتەیان لەبەر دەستدا نییە، فریاى هەموو ئیبداعە مرۆییەکان بکەون، ئەدەیبان و هونەرمەندان بەهاى پرۆژەکانیان لە بوونى خۆیاندا دەبیننەوە، وەک چۆن پێش هەڵبژاردن و بڕیاردان لەسەر پرۆژەکانیان دووچارى دوودڵى نیگەرانى زۆر دەبنەوە. . . بە دیوەکەى دیکەش بەشێکى زۆرى دوودڵى و نیگەرانى ئەدەیبان و هونەرمەندان بە هەنگاونان بەرەو ئایندەى نادیارەوە بەندە، چونکە ئایندەى پرۆسەى نووسین، لە خوێندنەوە و جیاوازییەکانى ئەویدیکەى خوێنەردا بوونى خۆى بە دەست دەهێنێت، بەڵام لە بیرمان نەچێت، جورئەتى هەنگاونان بەرەو کارى ئیبداعى وەک یەکێک لە رەگەزە بنەڕەتیەکانى داهێنان دەژمێردرێت، ئەوەى چاو نەترسانە بڕیارى هەنگاونان بەرەو نادیار و بەرەو ئەویدیکەى جیاواز دەدات و سڵ لە هیچ شتێک ناکاتەوە، داهێنەرانن. . . بەو مانایە ئەو پەراوێزخوازییە و هەڵاتنەى تۆ باسى دەکەیت، بۆخۆى دەبێتە ئەزموونێکى ناوەکییانەى بوونى داهێنەرانە، تەنیایى ئەوان و دوورکەوتنەوە لە واقیع دەشێ لە چاوى کۆمەڵگا وەک یاخى بوون، وەک گۆشەگیرى، وەک گەیشتن بە وێرانەیى و کۆتایى بوون دابنرێت، نیتشە لەو بارەوە قسەیەکى جوانى هەیە و دەڵێت ئەوە راستە هیچ هونەرمەندێک ناتوانێت تەحمولى واقیع بکات، بەڵام هیچ هونەرمەندێکیش نییە، واقیع پشتگوێ بخات. . . رەنگە بەو گوتەیەى ئەوە بسەلمێنێت کە داهێنان نە رەتکردنەوەى رەهائامێزى واقیعە و نە قبوڵکردنى رەهائامێزى واقیعە، چونکە هیچ کارێکى ئیبداعى لە دنیادا نییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان واقیع تێیدا ئامادە نەبێت، هەمیشە رەتکردنەوەیەکى رەهائامێزى واقیع، فۆرمێکى رووتى ئەدەبى و هونەریمان پێدەناسێنێت، وەک چۆن هەموو ستایشکردنێکى واقیعى رووت، وەک جۆرێک لە لافلێدان خۆى دەنووسێتەوە. . . بەو مانایەش یاخى بوون لە ئەدەب و هونەردا لە داهێنانى راستەقینەدا خۆى دەبینێتەوە. . . لە مرۆڤى یاخیدا (کامۆ) دەڵێت مرۆڤى یاخى زێتر رووبەڕوو دەبێتەوە، لەوەى نکۆڵى بکات. . .
کەواتە لە بیرمان نەچێت پرۆسەى داهێنان هەمیشە تەجاوزى کۆمەڵگا و زمانى باو تێڕوانینى باو دەکات، داهێنان کردەیەکە جورئەت و خەیاڵ و ئەو دیو زمان رابەرایەتى دەکات، بەشێکى زۆرى نەست دەینووسێتەوە، نیگەرانى سنوورەکانى رەنگ دەکات. کردەى ئیبداعى تەعبیر لەو بۆشایى و وێڵگانە دەکات، کە خەیاڵ رۆناکیان دەکاتەوە، نەست هێلە سەرەکییەکانیان دەنووسێت و نیگەرانى رەنگیان دەکاتەوە، بەو مانایەش دەشێ بڵێین بە گشتى کارى ئەدەب و هونەر، بە گشتى پرۆسەى داهێنان نیگەرانى و ترسى مرۆڤە، لە بۆشاییە مەعریفییەکان! کەواتە مرۆڤ بەردەوام بۆ پڕکردنەوەى ناتەواوییەکانى بوون، پێویستى بە داهێنان هەیە، ئەوەت بیر دەخەمەوە کە مرۆڤ بوونێکى نیگەران و ناتەواوە. . . بەو مانایەش ئێمە لە کارى ئەدەبى و هونەریدا مامەڵە لەگەڵ پرس و نیگەرانییەکانى ناوەوەى خۆمان دەکەین، ئێمە مامەڵە لەگەڵ بۆشاییەکاندا ناکەین، بەڵکو لاپەڕەى نیگەرانییەکانمان و ناتەواییەکانمان هەڵدەدەینەوە، رەنگە ئەو شێوەیە لە دەرککردن لە دید و تێڕوانینى باودا جۆرێک بێت لە یاخى بوون و هەڵاتن لە واقیع! بۆ ئەوەى مرۆڤ لە بۆشاییەکانى ناوەوەى خۆى نەترسێت، دەبێ ئاستى وەعى ئەوەندە بەرز بێت، کە بتوانێت لەگەڵ مەعریفە و بیرکردنەوە و راڤەکردن و تێگەیشتنى سەردەم بژیت، مرۆڤى داهێنەر لە گۆڕانى بەردەوامدایە و بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانى بە ئیحا و ماناى جیاواز پڕ دەکاتەوە.
پ7* "ئاسمان ناوبانگیم لێ زەوت دەکات، ئەویش مەزنترین دەستکەوتە لە دونیادا، بۆیە منیش وەک منداڵێکى سەرکەش بەخشندەییەکانى ترى فڕێدەدەمەوە بە روویدا، هەر بۆیە کۆتایى بەو ژیانەم دێنم دەستەبەرى کردووە بۆم، کە ئەویش مەرگى جوانى نێو مەیدانى جەنگەکانە. هاوکات زۆر دڵخۆشم بەبیرکردنەوە لە گۆڕٍى مەزنى بێ کۆتا". ئەمە لە یەکێک لە نامەکانى هاینریش ڤۆن کلایست-دا هاتووە کە بۆ ئۆرلیکەى خوشکى دەنێرێت، ئەم رەتکردنەوەیە و دواجار خۆکوشتنى کلایست، لەو خاڵەوە سەرچاوە ناگرێت کە مرۆڤ بونەوەرێکە بەشوێن کەماڵبوندا دەگەڕێت هەستدەکات ئەم زەوییە شوێنى ئەو نییە و پێویستە لە دونیایەکى کامڵتردا ژیان بکات؟ یان بە دیوێکى تردا، مرۆڤێکە لە دۆخێکى نائاسایدا کە توڕەیە لە خودا و لە ئاسمان بۆیە ژیان بە ڕەهایى ڕەتدەکاتەوە و چێژ لە گۆڕ دەبینێت؟ دەکرێت پرسیارەکە وەهابکەین: ئاسایى نییە مرۆڤێک سروشتیانە رقى لە ژیان بێت؟
عەبدولموتەلیب: هەنگاونان بەرەو مەرگ وەک نادیارى، وەک ئەوەى هەرگیز لە ژیاندا دەستەبەر ناکرێت، وەک ئەوەى کە ژیان هەمیشە شتێکى کەمە، وەک ممارەسەکردنى حاڵەتێک، کە ژیان پەردەپۆشى دەکات، وەک ئەوەى شوێنێکى دیکە هەیە ژیان ناهێلێ سەردانى بکەین، وەک سێبەرێک کە ژیان دەرفەت نادات لە بەرى بخەوین، وەک ئەوەى هەمیشە مردن سەردەکەوێت، وەک رەهەندە رەهاکان. . . سرووشتییە! سرووشتییە روو لە مردن و پشت لە ژیان، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت مرۆڤ روو لە مەرگ هەنگاو دەنێت. . .
بە بڕواى من ئەو فەرهەنگە خۆکوژییەى تۆ (هاینریش ڤۆن کلایست) وەک یەکێک لە شەیدایانى خۆکوژى یاد دەکاتەوە! هاینریش ڤۆن کلایست پێیوایە بیرکردنەوە لە گۆڕدا دڵخۆشى دەکات، چونکە مردن حیکایەتى خۆى هەیە! بۆیە تۆ لە کۆى پرسیارەکانتدا دەتەوێت فەرهەنگێک بۆ حیکایەتەکانى خۆکوژى دابنێیت، ئەگەرچى ئێمە لە نزیکەوە یەکتر ناناسین، بەڵام رەنگە سوور بوونى تۆ لە سەر بەشداریکردنى من لەو فەرهەنگەدا ئەوە بێت، کە من لە شیعرەکانمدا شوبنهاوەرییانە دەڕوانمە ژیان، ئەگەر ئەوە خوێندنەوەى تۆ بێت بۆ شیعرەکانم، ئەوە ئەو حەقیقەتە بە نسبەت من لەوێوە دێت، کە خۆکوژى وەک فیکرەیەکى شیعرى تەماشا دەکەم، دەمەوێت پێت بڵێم من نازانم ژیان چییە، ئەوەى نەزانێ ژیان چییە، ناشزانێ مەرگ چییە! بەڵام زۆر بە کورتى من حەز لە حیکایەتەکانى دواى مردن ناکەم؟! هەمیشە مردن وەک دەقگەرایى تەماشا دەکەم، وەک هەنگاونان بەرەو شیعرییەت، وەک ئەوەى هەر کەس قسەى دڵى خۆى دەکات و کەس قسەى دڵى کەس دووبارە ناکاتەوە، وەک ئەوەى ئامادەیى ئەو دەقە بە بوونى ئەویدیکەى جیاوازەوە بەند بێت. . .
پ8* رۆماننوسی ئیتاڵی چێزارى پاڤێزى خۆکوشتنی خۆی راگەیاند بەوەی کە خۆشترین شتە لە ژیانیدا! ئەم چێژە بۆ رۆمانوسێک کە پێیوایە خۆکوژى خۆشترین شتە، لاى ئێوە کام دەلالەتى تێدا دەبیننەوە؟ یان بەواتایەکى تر ئەزمونێک کە تاقى نەکراوەتەوە چ هۆکارێک وادەکات ئەو دروشمە بەرزکاتەوە کە خۆکوشتن خۆشترین شتە؟ ئایا گەر خۆکوشتن خۆشترین شت بێت، کەوایە ژیان گاڵتەجاڕییە و ناخۆشە؟
عەبدولموتەلیب: ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە کامۆ لە لە کتێبى (مرۆڤى یاخى)دا پێیوایە بۆ ئەوەى بگوترێت ژیان پووچە دەبێ مرۆڤ زیندوو بێت. . . ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە خۆکوشتن لایەنى هوشیارى لە ناو دەبات، لەبەر هەندێ بەشێک لە وجودییەکان رەتى دەکەنەوە. من بڕوام بەوەیە کە ژیان گاڵتەجاڕییەکى بە تامە، بەڵام بۆ خۆکوژى هیچ ناڵێم، لەبەر ئەوەى وەک چۆن حەز لە گێڕانەوەى بەر با ناکەم، زۆر حەز لە شیعرى رۆمانسیش ناکەم، بەڵکو کەمەکێک بە لاى شیعرى ئاڵۆزى مەعریفى دام! بەڵام لە بەر ئەوەى مرۆڤ رزگار بوونى نییە، کەواتە وەک ئیڤان کارامازۆف بیر لەوە دەکەمەوە کە هەموو شتێک رەوایە، دەشێ ئەو لۆژیکە خودگەراییەى ئیڤان کارامازۆف خوێندنەوەیەک بێت بۆ "ئەوەیە مرۆڤ" خوێندنەوەیەکە مادام رزگاربوونى هەمووان ئەستەمە؟!
بە کورتى خۆکوژى بۆ شاعیر و وەرگێر و رۆماننوسی ئیتاڵی (چێزارى پاڤێزى) خۆشترین شتە، چونکە خۆکوژییەکى عاشقانەیە یان جوانترە بڵێم رۆمانسیانە بوو، مردن دێ، بە چاوەکانى تۆوە. . . بینلوبى ئۆدیسیۆس زیاد لە بیست ساڵ چاوەڕوان بوو، بەڵام بینلوبى پاڤێزى نەیتوانى تەنها سێ ساڵان چاوەڕوان بێت! لێرەوە پاڤێزى خۆکوژى وەک پردێک دەبینێ بۆ ئەوەى بە بینولوبییەکەى بڵێت: من هەتا هەتایە چاوەڕێتم؟! حیکایەتى ئەو مردنە، حیکایەتى ئەو چاوەڕوانیەش بخە نێو ئەو فەرهەنگە خۆکوژیەى کە خەریکى دروستى دەکەیت، دڵنیام شیعرێکى رۆمانسى جوانى لێ دێتەوە.
برات: موتەڵیب
هەولێر 13/6/2014
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.