ڕامانێك لە فەیسبووك ... بابەعلی بەرزنجی

لە ئێستادا مررۆڤ تا ئەندازەیەكی باش پێشكەوتوەو كۆمەڵێك ئامێر و داهێندراوی گرنگی هێناوەتە كایەوە كە خۆشگوزەرانیی بۆی فەراهەم كردوە،جا هەریەكە لەم داهێنراوانە چاكە و خراپەی خۆی هەیە ئەگەر چی لە بنچینەدا بۆ لایەنە چاكەكە دایهێناون .

ئەگەر وەك نمونەیەك تیشك بخەینە سەر چەك و تەقەمەنیەكان ئەبینین هەردوو جۆرە بەكارهێنانەكە لە خۆ دەگرێت بەو مانایەی كە دەكرێت سودمەند بێت و ئەشكرێت وێرانكەر بێت .
بە هەرحاڵ با لە تەوەری باسەكە دەرنەچین و وەك ئەڵێن بە لاڕێیدا نەبەین كە دەربارەی
"فەیسبووك"ە .
لە ئێستادا كە زۆرێك لە ئێمە جا ئەگەر بە ویستی خۆمان بێت یان بەهەر هۆكارێكی ترو بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە لەم دەڤەرەوە بۆ دەڤەرێكی تر یاخۆ بۆ وڵاتێكی دور كۆچی كردوەو ژیانی تێدا ئەگوزەرێنێت ، بەڵام هەریەكەمان كۆمەڵێك بیرەوەری و حەزو ئارەزوی خۆش یان ناخۆش ، تاڵ یان شیرینی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوەو هاوشێوەی ئەندامانی جەستەی ناتوانیت دەسبەرداریان بێت.
لە ئەدەبیاتی ئەوروپیەكاندا زاراوەیەك هەیە كە كەسێك كاتێك تەمەنی هەڵئەچێت یان لە وڵاتەكەی دور ئەكەوێتەوە پێی ئەڵێن كەسێكی نۆستاڵجیك "NOSTALGIC PERSON"بە واتای "الحنين الى الماضى او الى الوطن ).
ئا لەم گەردونە فراوان و جەنجاڵە دا هەریەك لە ئێمە ناوە ناوە پێویستمان بە وچانێك هەیە بۆ زاخاودانی مێشك و دەروونمان و دوركەوتنەوە لە واقعی ژیانی ڕۆژانەو گەڕانەوە بۆ بیرەوەریەكانمان و بۆ ناو جیهانی ئازیزانمان كە زەمەنێكە ڕۆژگار لێكی دابڕیوین و هەریەكە و لە قوژبنێكی ئەم گەردونە فراوانەدا دەیگوزەرێنین كە وابێ هەرچەندە وەك دەڵێن كە زانست و ئەلیكترۆنیات تام و چێژ و گەرم و گوڕی و بەها كۆمەڵایەتیەكانی ژیانیان نەهێشتوە و ڕۆحیان لە جەستەی دەرهێناوە و لاوازیان كردوە و كاڵیان كردۆتەوە بەڵام ئەمەیان كە مەبەستمانە واتە فەیسبووك بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە هەر خۆی تایبەتە بە پتەوكردن و گرێدانەوەی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و بەیەكگەیاندنەوەی گیانە لێك دابڕاوەكان ، هەر لە بارەی دووربون و دابڕان لە هاوەڵ و دۆست و خۆشەویستان مەولانا جەلالەدینی رۆمی میگویەت "دەبێژێ‌":-

بشنو ئەز نای چون حیكایەت می كونەد

ئەز جودائیها شكایەت می كونەد

مەولەوی لەمەڕ خۆشمان ماچۆ :-

خامە شەق وەردەن دەم مەكردەوە

زار زار مەناڵۆ وە دەم دەردەوە


لە كۆتایدا سڵاو بۆ ئازیزانمان لە دەرەوی وڵات، سڵاو بۆ ئەوانەی كە لێرەن و زەمەنێكە لةيةكتر دورین

Related Articles