ده‌وری حیزبی کوردی له‌ په‌ره‌ پێدانی توند و تیژی دا ..برایم جه‌هانگیری

توند و تیژی له‌ گوتاره‌وه‌ بۆ کردار

 توند و تیژی چ له‌ گوتاردا و چ به‌کرده‌وه‌ که‌ له‌راستیدا ته‌اوکه‌ری یه‌کترین و ده‌سته‌ بران، چ له‌ رابردوو و چ له‌ ئێستا دا له‌ ناو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ دا زیاتر له‌ بڕه‌و دایه‌ که‌ یه‌که‌م هه‌ڵگری ئایینی ئیسلامن و دووهه‌م له‌ رووی پێشکه‌وتنی ئابووری وپێشه‌سازیدا که بێگومان پێشکه‌و‌تنی کۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ دواکه‌وتوون و هێشتا وه‌ک ده‌ڵێن مۆدێرنیته‌ وه‌ک سیسته‌می ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی رووی تێنه‌کردوون.‌توند و تیژی له‌ گوتار و له‌ هه‌لسوکه‌وتدا خه‌سله‌ت ومۆرالێکه‌ که‌ که‌ تاک هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌گه‌ڵی ڕادێ، ئه‌و له‌ ناو بنه‌ماڵه‌ دا یه‌که‌م گه‌رای په‌روه‌رده‌ی له‌ ناو ده‌روونی دا ده‌چێندرێ و پاشان ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ چ به‌ باری ئه‌رینی و چ به‌ باری نه‌رینی دا ده‌گه‌ڵی ده‌ژی و ده‌گه‌ڵی نه‌شو نما ده‌کا و هه‌ڵده‌دا.

 ئیحسان ته‌به‌ری نووسه‌ری ناوداری ئێرانی له‌ کتێبێک دا به‌ نێوی " روخساری مرۆڤێکی شۆڕشگێر" قۆناخی په‌روه‌رده‌ی مرۆڤ به‌ سێ به‌ش ده‌زانێ و قۆناخی هه‌ره‌ هاسان بۆ په‌روه‌رده‌ی مرۆ به‌ قۆناخی هاسان په‌روه‌ر ناوده‌بات که‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ تا مێرمنداڵی درێژه‌ی ده‌بێ.ئه‌و قۆناخه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئیمکانه‌یه‌ که‌ باب و دایک له‌ ناو ماڵ دا ده‌یان هه‌وێ منداڵه‌که‌یان ڕابێنن و په‌روه‌رده‌ی بکه‌ن که‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو دایک و بابێک له‌و بواره‌ دا یه‌ک شێوه‌ی ته‌ربیه‌تی و په‌روه‌رده‌یی هه‌بێ ئه‌وه‌ ده‌توانێ ببێته‌ شیوه‌یه‌کی درو‌ستی په‌روه‌رده‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگا دا و دوارۆژێکی روون بخاته‌ پێش چاوی رۆڵه‌کان.به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی دواکه‌وتوو نه‌ سیسته‌م و‌ نه‌ده‌سه‌ڵات و نه‌ کۆمه‌ڵگاش ئه‌وه‌نده‌ پێشکه‌وتوو نییه‌ که‌ هه‌ست به‌و به‌رپرسایه‌تیه‌ بکات که ئه‌و سه‌رنجه‌ ده‌توانێ له‌‌ دوارۆژ دا ببێته‌ نوخته‌ هومێدی کۆمه‌ڵگایه‌کی سالم و پێگه‌یشتوو که‌ سبه‌ی مندڵه‌کانی خۆمانی تێدا ده‌ژین و ئه‌وانیش هه‌ر ده‌بن به‌ باب و ده‌بێ منداڵ په‌وروه‌رده‌ بکه‌ن و بیخه‌نه‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڵام ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ وه‌ک شتێکی نیسبی نه‌بێ و نادیار نه‌بێ ده‌وری نییه و به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌مێک له‌ ئارادا نیییه‌ که‌ ئاوڕی جیددی له‌و بابه‌ته‌ بداته‌وه‌ و به‌ هێندی بگرێ به‌داخه‌وه‌ له‌و باره‌وه‌ جارێ زۆر کؤڵه‌وارین.

 خاڵی گرینی دیکه‌ له‌م نێوه‌ دا ئه‌مه‌یه‌ که‌ به‌و پێیه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان کرد په‌روه‌رده‌ی منداڵ هه‌رچه‌ندی له‌ ناو ماڵدا دروست بێ به‌ڵام کاتێ منداڵ بۆ قوتابخانه‌ له‌ ماڵ دێته‌ ده‌ر و نێوه‌ی زیاتری کاتی ئاکتیوی خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌مێنیته‌وه‌ و ده‌گه‌ڵ منداڵی دیکه‌ له‌ هه‌لسو که‌وت دایه‌ له‌ ئاکام دا ئه‌و په‌روه‌رده‌کردنه‌ جێگا ناگرێ و له‌ جیات ئه‌و، په‌روه‌رده‌ی ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، واته‌ په‌روه‌رده‌ی ناو مه‌دره‌سه‌ و کۆمه‌ڵگا شوێنی راسته‌وخۆ و کاریگه‌رتر له‌سه‌ر ئه‌و منداڵه‌ داده‌نێ و له‌ کۆتایی دا داده‌بینین که‌ کولکتوره‌ گشتیه‌که له‌باری په‌روه‌رده‌وه‌‌ به‌ برێکی که‌م جیاوازی ده‌گه‌ڵ یه‌کتری له‌ ناو کۆمه‌ڵگا دا ده‌چه‌سپێ .

 کام کۆمه‌ڵگا و کام کولتور

 مه‌به‌ستی باسه‌که‌ی من کۆمه‌ڵگای کورده‌واریه‌، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی تا ئێستاش یاسا و رێسا شه‌ڕعیه‌کان تێیدا حاکمن.ئه‌و یاسایانه‌ی‌ له‌ زۆر باره‌وه‌ بۆنه‌ته به‌شێک له‌ ژیانی رۆژانه‌مان و هه‌لسوکه‌تی رۆژانه‌مان، ژن له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ دا به‌توندترین شیوه‌ ده‌درێته‌ به‌ر په‌لاماری فیزیکی و هه‌موو ماف و ئازادیه‌کی هه‌م له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و هه‌م له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگای پیاو سالاره‌وه‌‌ لێ زه‌وت ده‌کرێ، ئه‌و ره‌فتاره‌ له‌ راستیدا‌ یانی سه‌رکوت کردن و خنکاندنی هه‌ست و نه‌ستی نیوه‌ی کۆمه‌ڵ.منداڵ هه‌ر له‌ ماڵ را تا ده‌گاته قوتابخانه‌ وه‌ک بناخه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی سیسته‌ماتیک و مودێرن، له‌گه‌ڵ لێدان و توند و تیژی جه‌سته‌یی به‌ره‌وڕوویه‌.هه‌ر ئه‌و منداڵه‌ به‌و ره‌فتاره‌ توند و تیژه‌ی ده‌گه‌ڵی ده‌کرێ خوو ده‌گرێ و فێر ده‌بێ و سبه‌ی ‌به‌ هه‌مان نه‌فه‌س و به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت گه‌وره‌ده‌بێ و هه‌مان ره‌فتاری باوی ناو کۆمه‌ڵگا له‌ ماڵ و له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌کاته‌ ئاوێزه‌ی گوێی.هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی وه‌ک باقی کۆمه‌ڵگاکانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ببێته‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ ناخی پڕ بێ له‌ قین و بوغز و به‌رامبه‌ر زۆر رووداو و پێشهاتی سیاسیی کۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر جارکاردانه‌وه‌ی پراو پڕ له‌ توند و تیژی له‌ خۆی نیشان بدات.

له‌ کوردستان ئه‌گه‌رچی تا ئێستاش به‌ربه‌ستیکی چڕ و پڕ له‌به‌ر ده‌م ئازادی کار و تێکۆشانی حیزبه‌کاندا هه‌یه‌ به‌ڵام گه‌و‌ره‌ترین رێکخراوی سیاسیی- کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌ر 4 پارچه‌ هه‌ر حیزبه‌کانن.ئه‌وانن که‌ زۆرترین خه‌ڵکیان له‌ ده‌وری خۆیان کۆ کردۆته‌وه‌، ئه‌وانن که‌ زۆرترین گوێگر و بیسه‌ریان هه‌یه‌ و به‌تایبه‌تی به‌ هۆی هه‌بوو نی رادیۆ و تی ڤی له‌ چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ کارتێکه‌ری ئه‌وان له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵ و له‌ سه‌ر خه‌ڵک حاشا هه‌ڵنه‌گره‌.به‌داخه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان ئاوڕی جیددی له‌و بابه‌ته‌ بده‌نه‌وه‌ و هه‌نگاوێکی ئه‌رینی بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زعه‌ هه‌ڵێننه‌وه‌ که‌ ئیدی خه‌رکه‌ی ده‌بێته‌ به‌شێکی جیا نه‌کراوه‌ که‌ کولتوری کوردان، راسته‌و خۆ ناڕاسته‌و خۆ بوون به‌ هۆی زیاتر بوون و ته‌شه‌نه‌ کردنی هه‌رچی زیاتری ئه‌و هه‌ڵسووکه‌ته‌ یه‌کجار پڕ له‌ شووره‌ییه‌ که‌ هه‌ندێ جار قه‌باحه‌ت و حه‌یاچوونیش ناتوانێ وشه‌یه‌کی پڕ به‌ پێست بێ بۆ هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینه‌کان به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتری و به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نه‌ جودابیره‌کان یان به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ پیوه‌ندیداره‌کانی رۆژ.

 باشووری کوردستان

 له‌ باشووری کوردستان گوتاری توند و تیژ که‌ له‌ راستیدا به‌شێکی دانه‌بڕاوی حکوومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عه‌ڕه‌ب و به‌ تایبه‌تی حکوومه‌تی به‌عسی عێراق بووه‌ و راسته‌و خۆ شوێنی له‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و به‌شه‌ له‌ نیشتمان داناوه‌.هه‌ر وه‌ک له‌ رۆژهه‌ڵاتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ و له‌ باکوور و له‌ رۆژئاواش به‌ هه‌مان شێوه‌.ئه‌وه‌ش شتێکی سروشتیییه‌ که‌ به‌شیک له‌ کولتوری گشتی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی حاکم به‌ شێوه‌ی ئوتوماتیک ده‌خزێته‌ ناو کۆمه‌ڵگا و ئیتر شوێن و کاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر داده‌نی.حکوومه‌تی به‌عث وه‌ک یه‌کێک له‌ دڕنده‌ترین حکوومه‌ته‌کانی سه‌رده‌م ده‌ستی به‌ خوێنی سه‌دان ئینسانی بێتاوان و بێ گوناه سوور بوو، هه‌واڵی کوشتن و بڕێن و ئیعدام کردنی تێکۆشه‌رانی کورد و عه‌ڕه‌ب به‌شێک بوو له‌ خۆراکی ته‌بلیغاتی هه‌م‌ووڕۆژه‌ی ئه‌وریژێمه، حکوومه‌تی به‌عس له‌ رادیۆ و له‌ ته‌له‌ویزیۆن و له‌ رۆژنامه‌کان دا ئیتر گوتاری توند و تیژی گه‌یانده‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی.کاره‌ساتی ئه‌نفال و کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ لووتکه‌ی دڕنده‌یی مرۆڤی سه‌ده‌ی مودێڕن بوو ورده‌ ورده‌ جگه‌ له‌ ترس و خۆڤ نانه‌وه‌ له‌ ناو دڵی کوردانبی باشوور له‌هه‌مان کات له‌ باری ره‌وانییه‌وه‌ مردن و کوشتنی ورده‌ ورده‌ وک شتێکی رۆژانه‌ و باو کرده‌ شتێکی ئاسایی و ئاشنا.

 ئه‌و گوتاره‌ له‌ شه‌ڕی ئێران و عێراق که‌ لای ئێرانیه‌کان به‌ " شه‌ڕی دیفاعی موقه‌ده‌س" و" شه‌ڕی داسه‌پاو" ته‌بلیغی بۆ ده‌کرا و لای عێراقیه‌کانیش به‌ "قادسیه‌ی سه‌دام" ناوبانگی هه‌بوو، گه‌یشته‌ چڵه‌ پۆپه‌.دیاره‌ چه‌ند مانگ پێش شه‌ڕه‌که‌ش ئاغای خومه‌ینی داوا له‌ خه‌ڵکی عێراق ده‌کات که‌ دژی سه‌دامی کافر راپه‌ڕن وئه‌و حکوومه‌ته‌ که‌ دوژمنی دینی ئیسلامه‌ له‌سه‌ر کار لابه‌رن، چ ئێران و چ عێراق له‌و شه‌ڕانه‌ دا له‌ ئه‌ده‌بیاتی هێنده‌ قێزه‌وه‌ن و هێنده‌ سووک و چرووک و مه‌ترسیدار که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت که‌ ئیدی منداڵی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییش خووی پێ گرتبوو و دروشم گوتاره‌کانی ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ دژی به‌شه‌رییه‌یان هه‌ر یه‌که‌وه‌ له‌ وڵاتی خۆی دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌.کارتێکه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌ و ئه‌و ره‌فتاره‌ له‌ باری سایکۆلۆژییه‌وه‌ نه‌ک منداڵانی ناو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی کرده‌ قوربانی به‌ڵکوو گه‌وره‌ بچووکی ناو کۆمه‌ڵگای خسته‌ ژێر کاتێکه‌ری خۆی و به‌شێکی که‌م له‌ رووناکبیرانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌لات نه‌بێ ئه‌وانی دیکه‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆیان هه‌ست به‌و گوتاره‌ تو‌ند و تیژ و مه‌ترسیداره‌ بکه‌ن که‌ چه‌نده‌ شوێنی خه‌راپ له‌ باری ره‌وانیه‌وه‌ له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا داده‌نێ که‌وتنه‌ ژێرکاریگه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی دوو ده‌سه‌لاتی دژ به‌ مرۆڤ و دژی به‌ ئازادی.

 ئێستاش دروشمه‌ شێتانه‌ و ماخولیانه‌ی دوو رێژیمی ئێران و عێراق له‌ گوێی زۆر که‌سدا ده‌زرینگێته‌وه‌، ئێران به‌ دروشمی رێگای قودس له‌ که‌ربه‌لاوه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێ ده‌ستی به‌ته‌بلیغات کرد و هیچ رۆژێک نه‌بوو له‌ گوتاری رادیۆیی و ته‌له‌ویزیۆنی رسته‌ی " سه‌دامیانی کافر" بۆ ده‌یان جار نه‌ڵێته‌وه‌.جا حکوومتێک له‌ سه‌ر ئه‌ساسی دینی ئیسلام دامه‌زرابێ و به‌رامبه‌ره‌که‌ی به‌ کافر بزانی ئیتر په‌یامی شه‌ڕه‌که‌ زۆر روونه‌، ئه‌ویش به‌و مانایه‌ی سه‌ر وماڵ و ناموووسی به‌رامبه‌ر حه‌ڵاڵ و زه‌ڵاله، بکوژه‌ و ره‌حم مه‌که‌.له‌و لاش حکووومه‌تی سه‌دام به‌ دروشمی" یا بطاڵ القادسیه" به‌رگری له‌ خاک و نیشتمانی عه‌ڕه‌ب بکه‌ن له‌به‌رامبه‌ر فارسی مه‌جووس دا خه‌ڵک و ئه‌رته‌شی خۆی هانده‌دا خۆی هانده‌دا تا سه‌ربازانی ئێرانی که‌ هاتوونه‌ شه‌ڕی قادسیه‌ هه‌ڵدڕ به‌ هه‌ڵدڕکه‌ن و سروودی" یا حو مطبع لو جرینا" سیسارکه‌کان وه‌رن دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌ڵمان دڕێن، رۆژێ ده‌یان جار له‌ رادیۆ ته‌له‌ویزیۆنه‌کانی عێراق ده‌کوترانه‌وه‌.

 ئه‌گه‌رچی پیش شه‌ڕی ئێران وعێراقیش توند و تیژی له‌ عێراق به‌ گشتی و له‌ کوردستان به‌ تایبه‌تی هه‌ر هه‌بوو و شه‌ڕی نێوان لایه‌نه‌کان رۆژ نه‌بوو لێره‌ و له‌وێ گیانی چه‌ند تێکۆشه‌رێکی کورد به‌ ده‌ستی یه‌کتری نه‌ستێنێ به‌ڵام دوای شه‌ڕی ئێران و عێراق و به‌تایبه‌تی دوای نه‌مانی سه‌دام حوسێن که‌ کوردستان که‌وته‌ ده‌ست کورده‌کان ئیتر ئه‌و کارتێکه‌رییه‌ خۆی زیاتر ده‌رخست و له‌ شه‌ڕی نێوان پارتی ویه‌کیه‌تی به‌ ته‌واوی ره‌نگی دایه‌وه‌.له‌و شه‌ڕه‌دا له‌ رادیۆ راگه‌یاندنه‌کان دا به‌ ئه‌ده‌بیاتێکی یه‌کجار دواکه‌وتوو و شه‌رماوی ئه‌ونده‌ بێڕێزی وسووکایه‌تی به‌ یه‌کتری کرا که‌ ته‌نانه‌ت رابردوو و سه‌رکرده‌و شه‌هیدکانی یه‌کتریشیان نه‌پاراست.رادیۆی یه‌کیه‌تی ده‌یان جار وشه‌ی جاشی کوڕی جاشی بۆ بۆ پارتی و بارزانی دووپات ده‌کرده‌وه‌ پارتیش، جاشی 66 ی وه‌بیر یه‌کیه‌تیه‌کان ده‌هیناه‌وه‌ سێ ژه‌مه‌.بێره‌حمی له‌ گوتار دا گه‌یشته‌ کردار و وای لێهات گه‌و‌ره‌ترین تاوانی دژی به‌شه‌ری له‌و شه‌ڕانه‌ دا به‌ ئه‌نجام گه‌یشتن.ئه‌وان ره‌حمیان به‌ ئه‌سیری یه‌کتریش نه‌کرد و به‌ کۆمه‌ڵ ئه‌سیریان ده‌کوشتن که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش که‌س لێی نه‌پرسییه‌وه‌ ‌ئه‌گه‌رچی ده‌بوو دۆسیه‌ی تایبه‌تی بۆ کرابایه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ران و فه‌رمانده‌رانی ئه‌و جنایه‌ته‌ بدرابانه‌ داگا و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کرابا و سزا درابان تا لانی که‌م بۆ دوارۆژمان ببێ به‌ په‌ند.

 شه‌ری براکوژی له‌ باشوور وای لێهات که‌ بوو برینێکی قووڵی سارێژنه‌بوو و کارتێکه‌ری ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ گوتار و کردارییه‌وه‌‌ بۆ ده‌یان ساڵیش له‌ ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ هه‌ر ده‌مێنیته‌وه‌.بیره‌وره‌یه‌ تاڵه‌کانی ئه‌و شه‌ره‌ ره‌نگه‌‌ وه‌ک نموونه‌ له‌ که‌پکی حه‌مه‌دئاغا دا بکرێته‌ سیمبولێک و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ نێوی له‌ بیر که‌س نه‌چێته‌وه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یان لاوی ئه‌و نیشتمه‌نه‌ له‌ هه‌دووک لایه‌نی پارتی ویه‌کیه‌تی له‌ سه‌ر گرتنه‌وه‌ و پاراستنی ئه‌و ته‌پۆڵه‌که‌یه‌ خه‌ڵتانی خوێن کران.

 ئاسه‌واری کاره‌ساتباری ئه‌و شه‌ڕانه‌ ته‌نانه‌ت دوای چه‌ندین ساڵ‌ کوتاییی هاتنی ئه‌و شه‌ره‌ش هه‌ر ده‌بینرێ، ئێستاش کارتێکه‌ری ئه‌و کولتوره‌ قێزه‌ونه‌ هه‌موو تان و پۆی کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه‌.هه‌ر هێنده‌ دوور نه‌ڕۆین، له‌ 17 شوباتی 2011 دا و له‌ شاری سلێمانی ئه‌و کاره‌ساته‌ی روویدا هه‌موو لایه‌ک لێی به‌رپرسیارن ، هه‌ر له‌ نووسه‌ر و رووناکبیر و گوتار بێژانی به‌رده‌رکی سه‌را به‌ فه‌یله‌سووفه‌کانی سلێمانیشه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پارتی و یه‌کیه‌تی و گۆڕان و ئیسلامیه‌کان هاوپشکی ئه‌و تاوانه‌ن که‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵک و لاوانی ئه‌و شاره‌ کرا و له‌ ئاکام دا خوێنی لاوێکی ته‌مه‌ن 13 ساڵان به‌ ناوی رێژوانی تێدا ڕژا.به‌رپرسانی گروپی ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵک که‌ له‌ رۆژی 14 ی مانگ له‌ بانگاوازێک دا به‌ مه‌به‌ستی پشتیوان له‌ شۆڕشی میسر و تونیس بانگاوازی کۆبوونه‌وه‌ و گردبوونه‌وهیان‌ ده‌کرد یه‌که‌م به‌رپرسیاری گۆران و به‌ لاڕیدا چوونی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ن له‌ که‌ له‌ئاکام دا بووه‌ هۆی قوربانی بوونی رێژوانی ته‌مه‌ن 13 ساڵان، سه‌رنج راکێش ئه‌مه‌یه‌ که‌ دوای مه‌رگییئه‌و منداڵه‌ بێتاوانه‌ش تا ئێستاش جار جاره‌ و لێره‌وو له‌وێ هه‌موو لایه‌ک هه‌ر خه‌ریکن خوێن به‌ برینی دایک و بابی رێژوان داده‌که‌ن و به‌ مه‌به‌ستی به‌رژه‌وندی سیاسیی و گروپی و حیزبی هه‌رجاره‌و به‌ جۆرێک که‌ڵک له‌و‌ که‌یسه‌ وه‌رده‌گرن.

" ئاوێنه‌ :

تۆڕی به‌رگری له‌ماف‌و ئازادییه‌كانی خه‌ڵك له‌سلێمانی له‌14ی‌ شوباتی‌ 2011 له‌ئاگاداری‌ نامه‌یه‌كدا دانیشتوانی‌ سلێمانی‌ ئاگادار كرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێك له‌17ی‌ شوباتدا، به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌ربڕینی‌ پشتیوانی‌ بۆ گه‌لی‌ تونس‌و میسر، دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆرشه‌كه‌یان بۆ روخاندنی‌ سیسته‌می‌ دیكتاتۆری‌ وڵاته‌كانیان."

http://www.awene.com/article/2013/02/17/19371

 دوای ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌ڵگه‌ی هه‌ره‌ به‌رده‌ست و به‌رچاو ئه‌و شه‌ڕ و هه‌رایه‌ بوو که‌ پێش و پاش هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان که‌ له‌ 21/9/2013 به‌ ڕیوه‌ چوو له‌ نێوان هێزه‌ سیاسیه‌کان هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌گه‌رچی راسته‌و خۆش حیزبه‌کان به‌تایبه‌تی لایه‌نێکی دیار هه‌ر چه‌ند مانگ پێشتریش به‌ ده‌ست پێکردنی هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌ زمینه‌ی سووک کردنی ئه‌وان و خۆ به‌ مه‌قبووڵ نیشاندانی له‌ نێو خه‌ڵک دا ساز ده‌کرد به‌ڵام ئیتر له‌ فه‌زای مه‌جازی و تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌تایبه‌تی فه‌یس بووک ، لایه‌نگرانی ئه‌و پارتانه‌ کاڕیکیان پێک کرد کارستان، ئه‌وان له‌جیاتی به‌ جوانی و هه‌یبه‌تی خۆیان و حیزبه‌که‌ی خۆیان هه‌ڵبڵێین "که‌ بۆ یه‌کجار ئه‌وکاره‌یان نه‌کرد"نووکی تیژی هێڕشه‌ سووک و چرووکه‌کانیان به‌رامبه‌ر یه‌کتری راگرتبوو وله‌ هیچ سووکایه‌تی و تۆمه‌ت و درۆ بوختانێکیش نه‌ده‌پرینگانه‌وه‌.بێئه‌خلاقی گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی خۆی.ئه‌وه‌ له‌ حاڵیکدا بوو که‌ جگه‌ له‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ له‌ سلێمانی داوای له‌ لایه‌نگرانی خۆی و پارته‌که‌ی کرد تا ده‌ داوی ئه‌و شه‌ڕه‌ جنیوانه‌ نه‌که‌ون که‌ له‌ ئارا دایه‌ و ته‌نیا ته‌بلیغ بۆ پارتی بکه‌ن وبه‌س، هیچ کام له‌ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ به‌ یه‌ک وشه‌ش داوایان له‌و که‌سانه‌ و له‌ لاینه‌گرانی خۆیان نه‌کرد که‌ واز له‌و شه‌ڕه‌ جنێوه‌ بێنن و به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی ته‌بلیغ بۆ حیزبه‌کانی خۆیان بکه‌ن.هه‌موو له‌ بیرمانه‌ و هه‌موووشمان نیگه‌رانی ئه‌و بارودۆخه‌ بووین که‌ له‌و کاتی دا باڵی به‌سه‌ر ئه‌و فه‌زایه‌ دا کێشابوو و پێمان وابوو هه‌ر ئێستا نا تاوێکی دیکه‌ له‌ یه‌کێک له‌ شاره‌کان به‌ تایبه‌تی سلێمانی که‌ دژایه‌تی یه‌کیه‌تی و گوڕان له‌و په‌ڕی خۆیدا بوو قه‌باحه‌تێک رووده‌دات و دیسانه‌که‌ خوێنده‌ڕژێ و کاره‌سات‌ به‌رۆکمان ده‌گرێ.ئه‌گه‌رچی به‌ خۆشییه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند دیارده‌ی نه‌ زۆر گه‌وره‌ نه‌ زۆر بچووک له‌ قه‌ده‌ر کوردان شتی زۆر قه‌بیح رووی نه‌دا.

 رۆژهه‌ڵاتی کوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌

 

Related Articles